نامەیەک بۆ نێچیرڤان بارزانی/ سەرۆکی هەرێمی کوردستان

جه‌عفه‌ر عه‌لی
  2019-11-08     1737
سڵاو،
هەمووان دەزانن کێشەی تورکیا لەگەڵ کوردە، نەک پەکەکە، بەڵام تۆ نا!
کێشەی تورکیا لەگەڵ کورد سەبارەت بە دەسەڵاتی سیاسی، هێندەی کێشەی فیکری سیاسییە، هێندە کێشەیەکی سیاسی رووت نییە. ئەوەی لە ئاستی سیاسەتی فەرمی دەوڵەتیدا لە تورکیا هەیە، کێشەی فاشیزمە، فاشیزمێک کە بە هەموو ئامراز و تەکنۆلۆژیا هاوچەرخ و پێشکەوتووەکانی بەردەستی خەریکی دروستکردن و بەرهەمهێنانی نەوەیەکی نوێی راسیستە لە تورکیا، نەوەیەک کە دوا جار، نە تەنها رقی سیاسی لە پەکەکەیە، بەڵکو رقی نەژادی لە کوردیشە وەک بوونێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

تۆ دەزانی کێشەی فاشیزم چییە، بریتییە لەو دونیابینییە فیکری و سیاسییەی کە توانای بە یەکەوەژیان و ژیانکردن لەگەڵ ئەوانیدیکەیدا نییە، ناتوانێت ئەوانیدی بە ناسنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاوازی خۆیان قبوڵ بکات. لەوەش ترسناکتر ئەوەیە، کاتێک جیاوازییەکان قبوڵ ناکات، خەریکی پێشاندانیشیانە وەک مەترسی، بۆ ئەمەش لەسەر هەر سێ ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی بە هەموو میکانیزمەکانی بەردەستی کار دەکات. فاشیزم هەر هێندەی زەحمەتە، کە تۆ وەک مەترسی پێشانبدات، دوای ئەوە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی لە ئاستی ناوەکی و دەرەکی بۆ لەناوبردنت کۆدەکاتەوە. گرفتی گەورەی تورکیا هەر ئەوەیە، فاشیزم ئەو هێڵە فیکرییە ترسناکەیە، کە سیاسەتی فەرمی دەوڵەتی لەسەر بیناکراوە. لێرەوە هەرچی وەک ئەو جوڵە نەکات، سیاسەت نەکات، بیرنەکاتەوە، دەچێتە نێو بازنەی مەترسی بۆ سەر دەوڵەت، سەرەنجام مەترسییە وەهمییەکان لە وێنەی تیرۆر و تیرۆریست پێشانی ناوەوە و دەرەوە دەدرێن.

ئەوەی ئەمڕۆ، ئەردۆغان دەرهەق بە کورد و لە ژێر تایتڵی لەناوبردنی تیرۆر (کە مەبەستی کوردە) ئەنجامی دەدات، ئەوەی هێندەی قوتابییەکی ئاسایی لە مێژووی سیاسی تورکیای هاوچەرخ بە ئاگا بێت، دەزانێت کە ئەم تایتڵە جگە لە درۆ، جگە لە دیماگۆگیەتی سیاسی، شتێکی دیکە نییە. شەڕی دەوڵەتی تورکیا لە جەوهەردا، شەڕی دژ بە هێزێکی دیاریکراو و حیزبێکی سیاسی کوردی نییە، بەڵکو شەڕی دژ بە بوون و ناسنامەی نەتەوەیەکە، کە دەخوازێ ئازاد بژی و وەک مرۆڤ ژیان بکات.

ئەو کاتەی عەبدولحەمیدی دووەم لە ناوەڕاستی دەیەی کۆتایی سەدەی نۆزدەدا، لە رێی لەشکری حەمیدییەوە، کەوتە قڕکردنی ئەرمەنییەکان، نە پەکەکەی کوردی و نە ئەرمەنەکان حیزبێکی لە وێنەی پەکەکەیان هەبوو. ئەو کاتەی سێکوچکەی پان-تورکیزم، جەمال و ئەنوەر و تەڵعەت، کەوتنە پەلاماردانی هەر جۆرێک لە ئازادی ئەوانیدی و هەموو جوڵەیەکی سیاسی و کەلتوری کوردی، نەک پەکەکە بوونی نەبوو، هێشتا ئۆجالانیش لە دایک نەبوو بوو. کاتێکیش زیاتر لە ملیۆنێک ئەرمەنی لە ساڵانی ١٩١٥-١٩١٦دا لەلایەن هەمان ئەو سێکوچکەی تاوانەوە جینۆساید کران، دیسان نە پەکەکە و نە حیزبی لە وێنەی پەکەکە، بوونی نەبوو.

ئەزبەنی، تۆ دەزانی لە جەنگی سەربەخۆییدا، کورد هاوکاری مستەفا کەمال، دامەزرێنەری دەوڵەتی تورکیای نوێ بوون، بەڵام دواتر بە دەستور زمان و بوونی کوردی قەدەغە کرد، شێخی پیرانی کوشت، ئیحسان نوری دەربەدەری تاران و سەید رەزا و دەیان هەزاران کوردی دیکەی لە زێدی خۆیان بە هەمان پاساوی ئێستای ئەردۆغان، مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی و ئەمنی دەوڵەت، بە زۆرەملێ راگواست و کۆمەڵکوژ کرد. دڵنیام ئەوە دەزانی، کە ئەو کات، نە پەکەکە، نە پەیەدە، نە یەپەگە، نە یەپەژە و نە هەسەدەش، بوونیان نەبوو.
     
ئەگەر کەمێک خۆت ماندوو بکەیت و چاوێک بە نێو لاپەڕەکانی مێژووی سیاسی دوای ئەتاتورکیشدا بگێڕیت، باشتر تێدەگەی، کە پەلامار و بێ رێزی ئینینو، بایار، گورسیل، ئیڤرین، ئۆزاڵ،  دیمیریل، ئەجەوید، چیللەر، یەڵماز و ئەربەکان، تا بە ئەردۆغان دەگات، بەرامبەر بە کورد و ناسنامەی سیاسی و کەلتوری کوردی، لە ناوەرۆکدا پەیوەندی بە بوونی پەکەکەوە نییە، تایبەت کە پەکەکە لە بەشێکی گرنگی ئەو مێژووە دوور و درێژەدا، هەر بوونی نەبووە. کێشەی بنەڕەتی تورکیا، کێشەی نەبوونی دیموکراسییە. ئاخر فاشیزم و دیموکراسی کوجا مەڕحەبا، لەو شوێنەی دیموکراسی هەبێت، فاشیزم ناژی، لەو جێگەیەش، کە فاشیزم هەبێ، هەر قسەیەک لە دیموکراسی لەو  بەتاڵییە سیاسی و مەعریفییەوە دێت، کە پێیوایە لە کوێ هەڵبژاردن هەبوو، لەوێدا دیموکراسی بوونی هەیە.
     
ئەزبەنی، ئەگەر ئەو قسەیەی بەڕێزتان پەسەند بکەین، کە "تورکیا کێشەی لەگەڵ پەکەکەدا هەیە، نەک کورد". دەبێ بەپێی هەمان میتۆدی خۆت بۆ تەفسیر و لێکدانەوەی مێژوو، ئەوەش قبوڵ بکەیت، کە سەدام و ئەسەدی باوک و کوڕ، رەزاشا و حەمەی کوڕی، خومەینی و خامەنەئی، واتە بەعسی سوریا و عیراق، کۆماری ئیسلامی ئێران، کێشەیەکیان لەگەڵ بوونی کورد نەبووە و نییە، ئەوەی لە رابردوودا هەبووە و لە ئێستاشدا هەیە، بریتییە لە کێشە لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئەو بەشە جیاوازانەی کوردستان، نەک خودی کورد. هەر لێرەوەش گوتاری هەر حیزبێکی سیاسی کوردی لە نوێنەرایەتیکردنی گەلی کورد لە هەر بەشێکی کوردستاندا، دەبێتە درۆیەکی گەورە. خۆشت دەزانی کەس هێندەی حیزبەکەی تۆ شانازی بەم گوتاری نوێنەرایەتیکردنەوە ناکات.
     
هەر بە گوێرەی ئەو میتۆدەی بەڕێزتان، دەبێ بەعسی سوریا کێشەی لەگەڵ حیزبەکەی حەمید دەروێشدا هەبووبێت، بۆیە هاوڵاتیانی کوردی چوارچێوەی دەسەڵاتی بەعسی سوریایی لە ناسنامە و هەموو ماف و ئیمتیازێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێبەش کردبوو، دەبێ بەعسی عیراقی کێشەی لەگەڵ پارتی، واتە لەگەڵ حیزبەکەی باپیر و باوک و مامتدا بووبێ، بۆیە بارزانییەکانی کۆمەڵکوژ کرد، یان کێشەی لەگەڵ یەکێتی و تاڵەبانیدا هەبوو، بۆیە لە ساڵانی ١٩٨٧-١٩٨٨دا دەیان هەزار خێزانی کوردی بە زۆرەملێ راگواست و ئەنفال و ژەهربارانی کردن.
     
ئەزبەنی، ئەوە چ عەقڵێکە، چ لۆژیکێکە، چ تیۆرەیەکی خوێندنەوە و تەفسیرکردنی رووداو و مێژووە، وا دەکات کۆنگرێسی ئەمریکی لە دووری هەزاران میلەوە، ناوەندە گرنگەکانی وەک ناتۆ و پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، ئەکادیمی و هونەرمەندان و تەنانەت رایگشتیش، ئەو راستییە ببینن، کە ئەوەی تورکیا دەیکات لە هێرش و پەلاماردان، دژی خودی کوردە، پێچەوانەی پرەنسیپە سەرەتاییەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤە، دژی ئازادی و بوون و ناسنامەی کوردە، نەک پەکەکە، کەچی تۆ ئەو راستییە زۆر سادەیە نەبینیت!
     
لە کۆتاییدا، هیوادەخوازم هەر وەک ئێستا شاد بژی، بەڵام ئەگەر رووداو و مێژوو بەمجۆرە تەفسیر دەکەیت، هەرگیز تەمەنت بەشی ئەوە نەکات، رۆژێک لە رۆژان، یاداشت و بیرەوەرییەکانت تۆمار بکەیت، لەبەر ئەوە نا، کە پێمخۆش نەبێ تێر تەمەن بیت، بەڵکو لەبەر ئەوەی شتێکمان بۆ تۆمار نەکەیت، کە مێژوو و میتۆدی مێژوویی تیایدا شەرمەزار بێت.   
                                                                                                  
                                                                                           

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×