داکۆکی لە پیرۆزی، یان جەهل بە پیرۆزی

جه‌عفه‌ر عه‌لی
  2021-12-19     928

كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە کۆنەوە بۆ ئەمڕۆ پڕیەتی لە پیرۆزی. لە هەر رۆژگارو زەمەنێکی مێژوییدا گروپە کۆمەڵایەتییەکان لەبەردەم جۆرێک لە پیرۆزیدا وەستاون، هەندێ لەو پیرۆزییانە میتافیزیک و هەندێکیشیان دروستکراوی عەقڵ و فۆرمی هۆشیاری مرۆڤ خۆی و بیرکردنەوەی زەمینی بون.

شتێک کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە کۆنەوە بۆ ئێستا نەیتوانیوە لە دەرەوەیدا ژیان بکات، پیرۆزییە، جا ئەو پیرۆزییانە میتافیزیک، یان ماددی و مرۆڤکرد بن. مرۆڤ و پیرۆزی دوانەیەکی تەواوکەری یەکدین و یەکیان ئەویدی تێر دەکات. مرۆڤ بۆشایی رۆحی هەیە، عەقڵ توانای وەڵامی پرسیارە زۆرەکانی پێ نییە، زانست بە هەمو پێشکەوتن و داهێنانەکانیشییەوە، لانیکەم تا ئێستا هێزی دۆزینەوەو پەیبردن بە کۆی نهێنییەکانی ناو سروشت و گەردون و بونی نەبوە، هەمو ئەمانە کۆمەڵگەی مرۆییان خستوەتە بەردەم گەڕان بە دوای وەرگرتن و دۆزینەوەی وەڵام لە شوێنی دیکە، شوێنێک کە سەرفکردنی هێزی بیرکردنەوەی بچوک و سادەی پێویستە و هیچی دی. شوێنێک بەرگی پیرۆزی بکەیتە بەرو لەبەردەمیدا بچەمیتەوە، نزا بکەیت و بپاڕێیتەوە. لەوە ئاسانتر چییە مرۆڤ بۆ هەمو ئاواتەکانی سەر بە ماڵی پیرۆزییەکدا بکات و بکەوێتە سەرئەژنۆ، خۆی بە قەدەری چارەنوسێکی حەتمی بسپێرێ و لە ژێر باری حەتمییەتی مێژوییدا ئارام بگرێت.

مەبەست لە پیرۆزی تەنیا پیرۆزی دینی نییە، بەڵکو پیرۆزی نادینی و ماددیشە، تەنیا مەبەست پیرۆزی نامێژویی نییە، بەڵکو پیرۆزی مێژوییشە. ئەو مرۆڤ و گروپانەی ئاڵودەی پیرۆزین، لە هەر شوێنێک وشەیەک، بڕگەیەک، رستەیەک لەم تێکست و ئایدیۆلۆژیا پیرۆزەیان قسەی لەبارەوە بکرێ، بۆچونێکی جیاوازتری لەبارەوە بگوترێ، یان رەخنە بکرێ، ئەوان وەک نوێنەری ئەم پیرۆزییانە، بە زمانی داخراوی پیرۆزی نە تەنیا وەڵام دەدەنەوە، بەڵکو هەڕەشە دەکەن و هەوڵی سڕینەوەی فیزیکیش دەدەن. ئاڵودەبون بە پیرۆزی واتە داگیرکردنی بیرکردنەوە، کۆنتڕۆڵی دەستەجەمعی، سنوردارکردن و بچوککردنەوەی بینین و روانین، تەلبەندکردن و قفڵکردنی رەخنە و پرسیار، کەمترین ماندوبون بۆ دۆزینەوەی خۆت، پەیوەندی نێوان خۆت و پیرۆزییەکان، پرسیاری بنەڕەتی لە بونی خۆت لە بونی پیرۆزی.

لە دونیای ئەمڕۆدا، قسە لەبارەی ژیری دەستکرد و داپۆشینی ژیان و بازاڕ و جوڵەکانی ژیان بە تەکنۆلۆژیا و کۆمپیوتەر و ئامێری زیرەک و بە ئۆتۆماتیکبونی کاری کۆمپانیاو ناوەندە پیشەسازی و بازرگانی و بانکییەکان دەکرێت، یوڤاڵ نوح هەراری بە رونی ئەو نمونە و لێکدانەوەمان بۆ داهاتو بۆ روندەکاتەوە و وێنەیەکی ئەو دونیا بە ئامێربوەمان پێشاندەدات، بەڵام هێشتا ئەم دونیایەش، وەک دونیای پێش خۆی، لە فۆرم و ليکدانەوەی دیکەدا ئاوێزانی پیرۆزییە، یان هێشتا بەشێکی ژیان و سیاسەت و کۆمەڵگە لە ماڵی پیرۆزییەکانەوە گوتار ئاراستەی کۆمەڵگە دەکەن.

جگە لە کۆی دەسەڵاتەکانی خیلافەت، تێکڕای سوڵتان و پاشاکان لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا (لە رۆژئاوا تا دوای رێنیسانس و سەردەمی رۆشنگەری)، دواتریش لە دروستکردنی دەوڵەتی نوێ لە رۆژهەڵات، تورکیا، عیراق، ئێران، سوریا، میرو سوڵتان و پاشاکانی کەنداو، هەمو ئەمانە لە ژێر عەبای پیرۆزییەوە بەشێکی گرنگ لە جەنگەکانی خۆیان، چ بۆ پاکتاوی حیسابە نەژادی، مەزهەبی و سیاسییەکانی خۆیان لە ناوەوە، یان رو بە نەیارانی دەرەوە، لە رێی هێز وەرگرتن لە پیرۆزییەوە درێژە پێداوە. جەنگە گەورەکانی دونیا، ئەگەر جەنگی دینیش نەبوبن، لە دەرەوەی دین بۆ پیرۆزییەک دەگەڕان و بەرگێکی دیکەی پیرۆزییان بە بەردا دەکرا.

لە سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەوروپادا، پاپا و کەنیسە، واتە گوتاری پیرۆزی دینی، پاپا و قشە و کەنیسەی پیرۆز، کۆی کایەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییان داپۆشیبو، هەمو جوڵەیەکی مرۆڤ و مێژو لە ماڵی پیرۆزییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرا و لێکدەدرایەوە، ژیان پڕ کرابو لە داخران و سنور و سانسۆر، دەسەڵاتی دینی تەواوی کایەکانی ژیان و ئازادی مرۆڤەکانی لە مەنگەنەی هەژمونی رێبەرانی دینی کاسۆلیکی دابو. لۆتەر هات بە ناوی گەڕانەوەی پیرۆزی و شکۆ بۆ دینی مەسیحی، شەڕی ئەم پیرۆزییەی رۆمای ناوەندی کاسۆلیکی کرد، بەڵام شەڕی جەوهەری پیرۆزی نا، چونکە لەگەڵ لۆتەر دین دابەشکردنێکی نوێی وەرگرت و فۆرمێکی دیکەی پیرۆزی لە دایک بو، واتە پیرۆزی لە کاسۆلیکییەتەوە بۆ کاسۆلیکی و پرۆتستانتی دابەش بو. کۆی شەڕە خوێناوییەکانی موسڵمانان لە ناو خۆیاندا، هەمویان بە ناوی پیرۆزی دینەوە بون، حوسێن بە ناوی پیرۆزییەوە کوژرا، حەللاج تەکفیر کراو پارچە پارچە کرا، ئیبنولموقەفەع سوتێنرا، ئەبو عەلای موعەری و ئەبوبەکری رازی و زۆری دیکەیش بە دژە دین و زەندیق تۆمەتبار کران. ئەوروپاییەکان لە سەدەی حەڤدەدا جەنگی ٣٠ ساڵەیان بە ناوی دین و پیرۆزییەوە کرد، ئەگەرچی دواتر پاڵنەرو ئەنجامەکانی گۆڕان. لە سەدەی بیستیشدا، نازییەکان بە دوای پیرۆزییەکانی گەلی ئەڵمانیا، بڵندی رەگەزی ئەڵمانی، خوێنی پاکی ئەڵمانی و کۆکردنەوەی شکۆی ئەڵمانیای تێکشکێنراوەوە بون لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا، ئیتاڵیای مۆسۆلینی هێزی لە گەڕانەوە بۆ پیرۆزی، مەزنێتی و نەمری رۆمانی وەردەگرت، ئەتاتورک و تیۆریسینەکانی پانتورکیزم، نەژادی تورک و پیرۆزی تورکایەتیان وەک موقەدەسێک پێشاندەدا، تا رادەی ئەوەی پێغەمبەری موسڵمانانیان وەک تورک دەناساند، تیۆریسین و دامەزرێنەری حیزبی بەعس، میشێل عەفلەق، عروبە و نەتەوەی عەرەبی وەک بونێکی پیرۆز و نەمر لە نێو ژیاری ئیسلام و دونیادا دەبینی، واتە نازیزم و فاشیزم و تەنانەت زۆرجار ناسیۆنالیزمیش هەر بە ناوی پیرۆزییەوە جەنگەکانی خۆیان کردوە.

بۆ زۆرینەی رەهای مرۆڤەکان و گروپەکانی جەنگ، گرنگ نەبوە ریشەی پیرۆزی چییە، سەرچاوە تیۆرییەکانی کامانەن، میکانیزمەکانی کارکردنی چین، فۆرم و تایبەتمەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە چ دونیابینی و سیستمێکی فیکری و فەلسەفین، ئەوەی گرنگە هەر ئەوەیە بێ ئەوەی لە وردەکارییەکان بڕوانی، بێ ئەوەی قوڵایی فیکری و تیۆری پیرۆزی ئاشنا بیت، بێ ئەوەی ریشەکانی سیستمی بیرکردنەوەی پیرۆزی و پایەکانی بزانیت، گرنگ ئەوەیە بێ هەمو ئەمانە ببیتە جەنگاوەری پیرۆزییەک و پەنجەکانت بە خوێنی جەنگاوەری سەنگەرێکی دیکەی پیرۆزی سور بکەیت. بەڵاو ئافاتی پیرۆزی هەر ئەوەیە کاتێک دەبێتە جۆرێک لە ڤایرۆس و بە جەستەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەدا بڵاودەبێتەوە. لە کۆمەڵگەی نەریتی و داخراودا، هیچ ڤایرۆسێک بە ئەندازەی ڤایرۆسی پیرۆزی توانای خێرا بڵاوبونەوەی نییە. سەدان کتێبی فیکری و فەلسەفی قوڵ، سەدان کتێبی زانستی و رەخنەیی، سەدان بابەتی فیزیا و پزیشکی و گەردونناسی، هێزی ئەوەیان نابێت هێندەی چەند رستەیەکی سادە و عادەتی ئایدیۆلۆژیستێکی دینی، گروپە کۆمەڵایەتییەکان بخاتە جۆش و سەرزەمینی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی ناوەوەیان بلەرزێنێ.

كێشەی پیرۆزی، کێشەی تاکبینی، تاکڕوانین و تاکخوێندنەوەیە. دونیا و کۆی جوڵەکانی گەردون لەوپەڕی جەمسەری باکورییەوە بۆ باشوری، بە یەک فۆرم و یەک دید و یەک سیستمی عەقڵی لێکدەدرێتەوە، سیستمێک کە پیرۆزی و میتافیزیکا لە بەری پێیەوە تا تەوقی سەری جڵەو و کۆنتڕۆڵی کردوە. واتە تۆ دیدگایەکی فیکری ئامادەکراوت لە گیرفاندا، بۆ هەر روداوێک، ئیدی ئەم روداوە سروشتی، یان مرۆڤکرد بێت، لە ئەمریکا و ئەوروپا، یان رۆژهەڵات رویدابێت، لە رێی ئەم تێکستە ئامادەیەی ناو گیرفانتەوە بۆ هۆکاری روداوەکە و ئەنجامەکەشی دەگەڕێیت، لەوەش زیاتر باوەڕت بە هیچ دید و لێکدانەوەیەکی جیاواز نییە.

پیرۆزییەکان بۆیە کاریگەرن چونکە هەڵگری مژدەن، مژدەی هێنانی دونیایەکی باشتر، بەهەشت، ئازادی، یەکسانی و دادی کۆمەڵایەتی، پاراستنی کولتورو رەسەنایەتی نەژاد و نەتەوەو مەزنێتی دەوڵەت.

هەر ئاراستەیەکی فیکری سیاسی و فەلسەفی لە مێژودا لە ژێر باڵی پیرۆزییەکەوە جەنگەکانی خۆی بەرپاکردوە، خوێنی رشتوە، دونیای بەسەر تاریکی و روناکی، دۆزەخ و بەهەشتدا، پۆلێن کردوە. لە نێو پۆلێنبەندییەکەدا هەمیشە خۆیان و لایەنگرانیان سەر بە دونیا روناک و بەهەشتییەکە بون، ئەوانیدیکەش دۆزەخی. ئەم پۆلێنکردنە بە شێوە و میتۆد و فۆرمی جیاواز لە دەوڵەتشارەکانی یۆنانەوە بۆ ئەمڕۆ درێژەی هەیە. یەکێک بە ناوی هاوزێد، ئەویدی بە ناوی دین و مەزهەب، یەکێک بە ناوی شەڕ و بەرژەوەندی چینێکی کۆمەڵایەتی و ئەویدیش بە ناوی رەگەز و خوێنی پاکەوە تەنزیری بۆ ئەم پۆلێن و گروپبەندییە کۆمەڵایەتییە کردوە.

لە هەمو مێژودا چەندیش تەنزیر و پشتیوانی لە تیۆرەیەکی دیاریکراو کرابێت، تەنانەت ئەگەر ئەم تیۆرەیە گۆڕابێت بۆ دەسەڵاتی سیاسیش، هێشتا کەسێک، هێزێک، دەسەڵاتێکی سیاسی لەسەر ئەم روی زەمینە نادۆزیتەوە توانای ئەوەی بوبێت کۆی گروپە کۆمەڵایەتییەکان لە یەک ئاستی ژیان و گوزەرانی یەکساندا رابگرێ و کۆتایی بە پۆلێنبەندی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری نێوان مرۆڤ و گروپ و خانە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بهێنێت، نە دەوڵەتی دینی توانیویەتی کارێکی لەمجۆرە بکات، نە دەوڵەتی سیکیولار، نە کۆمۆنیزم توانی بیکات، نە سەرمایەداری و لیبرالیزم. ئەم گەڕان و هەوڵدانە بۆ بەدیهێنانی یەکسانی و بنبڕکردن و نەهێشتنی جیاوازی نێوان مرۆڤەکان و گروپە کۆمەڵایەتییەکان، لە بڕوای مندا دور نییە تا ئەبەد وەک خەون و خەیاڵێکی ناواقیعی مرۆڤەکان بمێنێتەوە و هیچی دی. قسەی من پشتیوانی لە بونی جیاوازی و پۆلێنبەندی نێوان مرۆڤەکان نییە لە ژێر هەر پاساو و بیانویەکی تیۆری و فیکری و بایۆلۆژیدا بێت، بەڵکو قسەیە لەبارەی ئەو مێژوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی مرۆڤایەتی بڕیویەتی و کۆی تیۆرەکانی یەکسانی و نەهێشتنی جیاوازی کۆمەڵایەتی و ئابوری بەر دیواری ئەستوری شکست کەوتون. گومان لەوەدا نییە هەموان، لانیکەم زۆرینەی رەهای مرۆڤایەتی خەون بەم دونیا یەکسانەوە دەبینن، حەزیش دەکەن ئەم دونیایە لە خەیاڵ و یۆتۆپیاوە ببێ بە راستییەکی بەرجەستەبو، بەڵام نە فۆرمی دادپەروەری کۆمارەکەی ئەفڵاتون، نە یۆتۆپیاکەی تۆماس مۆر و نە مەدینە فازیلەکەی ئەبو نەسڕی فارابی ناتوانن لە تیۆرەوە بپەڕنەوە بۆ واقیع و بگۆڕێن بۆ راستییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژیان و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.

لە مێژوی تازەشدا، قاعیدە، داعش، بەرەی نوسرە، بۆکۆحەرام و زۆر گروپی ئایدیۆلۆژی دیکەیش لە ژێر عەبای پیرۆزی دینیدا، خێڵەکانی هۆتۆ و تۆتسی لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردو لە رواندا لەژێر ناوی پیرۆزی و مێنتاڵیتی خێڵ و خورافەی پۆلێنکردندا، سەدان تاوانی نامرۆڤانەی دژبە هەر بەهاو پرەنسیپێکی ئینسانی و ئەخلاقییان ئەنجامدا.

پیرۆزی وەک ئەو دڵۆپە ئاوەی ناو شوشەیەکی بچکۆلەی دەرمان وایە، هەر کاتێک توانیت بە سرنجێک چەند دڵۆپێکی بکەیتە جەستە و مێشکی کەسێکەوە ئیدی ئەو سەرەتا ترسناک و تاریکە دەست پێدەکات، کە تا کۆتایی جگە لە تاوانی نامرۆییانەی گەورە، جگە لە مەرگ و خوێن، جگە لە رەشکردنی مێژو و دونیا، جگە لە تاریکی و بەرهەمهێنانی مرۆڤی تاریک، شتێکی دیکەی لێ سەوز نابێت. تاکە رێگەش بۆ دەربازبون لەم سێبەرە قورس و تاریکییە ئایدیۆلۆژییە، هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن و پێناسەکردنەوەی پیرۆزی، تێگەیشتنێک توانای ئەوەی هەبێت لە نێوان پیرۆزی و جەهل بە پیرۆزیدا جیاوازییەک دابنێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×