بۆچی بارەگاکانی حیزب دەکرێنە ئامانج؟

جه‌عفه‌ر عه‌لی
  2020-12-08     710
ئەوە روونە، کە دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستان لە ژێر دەستی (پارتی و یەکێتی)دایە. ئەم دوو ھێزە سیاسییە کۆنتڕۆڵی ھەموو شتێکی سەرزەوی و ژێر زەوی و تەنانەت ئاسمانی کوردستانیشیان کردووە، بەڵام ھێزەکانی دیکەیش لە بەھێزکردنی باسکی ستەمکاری پارتی و یەکێتیدا، بێگوناھ نین. 
   ئەگەر پارتی و یەکێتی ستەمیان کردبێ، ھێزەکانی دی یان بە تەنیشت کورسی ستەمکارییەوە بە دیار پۆستی مردوو، بێدەنگ دانیشتوون، یان کراون بە شاگرد و دەرگاوانی رۆحی ئەو سیستەمە نادیموکرات و نانیشتیمانییەی، کە شوێنێکی ساغ لە عەقڵ و جەستەیدا نەماوە. زۆربەی ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، بوون بە بەشێک لە ھەتوان بۆ شاردنەوەی ئەم برین و نەخۆشییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئیدارییانەی، کە ئەم دوو ھێزە لە مێژووی سی ساڵی رابردوو لە کوردستاندا خوڵقاندوویانە، شاردنەوەیەک، کە ھێندەی پارتی و یەکێتی، ئەم ھێزانە دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و نیشتیمانی و سیاسییەوە. 
    کاتێک خەڵک بارەگاکانی پارتی و یەکێتی وەک دوو ھێزی ھەژمونگەرا بەسەر کۆی جومگەکانی ژیان و سیاسەت لە کوردستان دەکاتە ئامانج، ئەوان وەک بەرپرسیاری یەکەمی ھەڵوەشانی کۆمەڵگە و داڕوخانی دۆخە گشتییەکە دەبینن. دیدگاکەش تەواو راست و دروستە، چونکە دەزگاکانی دەرەوەی حیزب و ئەوەی پێیدەگوترێ (حکومەت)، کراسێکی دوو رەنگی چڵکنی بەر ئەم دوو ھێزە سیاسییەن، نیوەی زەرد و نیوەکەی دیکەی سەوز . ئەوانیدی چ گۆڕان، کە ئێستا و چ کۆمەڵ و یەکگرتوو، چ ھێزەکانی دیکەیش، کە پێشتر بە تەنیشت پارتی و یەکێتییەوە بەشداری دەزگاکانی حوکمڕانی بوون، بەشێکی گرنگ لەو ھۆکارانەن، لەلایەکەوە تەمەنی ستەمکارییان لە کوردستان درێژتر کردووەتەوە، لەلایەکی دی، راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ، وێنە ناشیرینەکانی دەسەڵاتیان ھێندەی لە توانایاندابووە، نە بۆ خەڵکی کوردستان، نە بۆ ئەندام و دەنگدەرانی خۆیان، بە ئەندازەی پێویست و بە قەبارەی رۆحی ستەمکارییەکە، رونکردۆتەوە، بۆیە خەڵک لە ئەوانیش بێزار و ناڕازییە. سەرکردایەتی سیاسی ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، پێویستە لەوە تێبگەن، کە ئەم بێزاری و ناڕازیبوونە لە ئێستادا بەشێکە لە پێکھاتەی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی خۆپێشاندەران و لە بۆشاییەوە نەھاتووە. ئەمە بێزارییە لە ناشیرینی سیاسەتی حیزبی، لە نەبوونی روئیای روونی سەرکردایەتی سیاسی، لە قێزەونبوون و بێزراوبوونی حیزب خۆی. ھەر ئەم ناڕازیبوونەشە وایکردووە کاتێک کۆمەڵ و یەکگرتوو لە دەرەوەی بەشداری پێکھێنانی ئەم کابینەیەی حکومەتیشدان، بەڵام خەڵک جیاوازی لە نێوان بارەگاکانی ئەوان و پارتی و یەکێتی و گۆڕاندا ناکات و وەکیەک گڕ لە باڵایان بەردەدات.
   بڕیارەکان لە ھەرێمی کوردستان، چەندیش چارەنوسساز بن، بڕیاری بیرلێکراوە و نیشتیمانی نین، بڕیارەکان ئەگەرچی بە ژیان و ئایندەی کۆی گشتی خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوە پەیوەندیدارن، بەڵام لە ناوەند و سەنتەری بڕیاری نیشتیمانییەوە نایەن، بەڵکو لە بارەگاکانی حیزب و دیوەخانی بنەماڵەوە دێن، بۆ نمونە، لە گرێبەستی پەنجا ساڵی و دەیان رێکەوتنی شاراوە و نھێنی دیکەدا، نەک خەڵکی کوردستان، بەڵکو ئەو ھێزانەش تەواو لە وردەکارییەکانی ئاگادار نین، کە بە تەنیشت پارتییەوە چ لە رابردوو، چ لە ئێستادا، لە پێکھێنانی حکومەتدا بەشدارن. چ ریسواییەکی سیاسییە تۆ وەزیری دارایی بیت، ئاگاداری وردەکاری گرێبەستەکان و داھاتی گشتی نەبیت، تۆ وەزیری پێشمەرگە بیت، بەڵام دەسەڵاتت بەسەر گەنجێکی تفەنگ بە دەستی زێرەڤانی و چەکدارێکی بەردەم بارەگایەکی زەردەوە نەبێت!
    نیشتیمان و چارەنوسی نیشتیمان، لە ژێردەستی حیزب و بنەماڵەدایە، ئەوانن بڕیار لە مامەڵەکردن بە سامانێکەوە دەدەن، کە تەنیا ھی ئەوان نییە، بەڵکو کۆی ھاوڵاتیانی کوردستان بە نەوەکانی ئایندەشەوە خاوەنین. کاتێک ھاونیشتیمانیان بە ھۆی ئەم سیاسەتەوە بەشی ھەرە گرنگی تەمەن و ژیانیان نە تەنیا دەکەوێتە بەردەم سەختی و قورساییەکی گەورەوە، بەڵکو دەبێت بە تراژیدیایەکی راستەقینە، ئەمڕۆیان لە دوێنێ خراپتر و سبەینێشیان لە ئەمڕۆ خراپتر دەبینن، ئیدی سەرەنجام چاویان، بیرکردنەوەیان دەچێتە سەر ئەو ناوەندانەی بڕیار و وەک ھۆکاری سەرەکی ئەم دۆزەخەی دەبینن، کە بە ناوی ژیانەوە بۆیان دروستکردوون. ھەموو رۆژێک ژیان لەگەڵ کارەسات، لەگەڵ تراژیدیا، دۆخێکە ھیچ چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی، ھیچ نەوەیەک و ھیچ مرۆڤێکی بە ئاگا لە دونیادا، ناتوانێت بێ بینینی ئاسۆیەکی روون، تا ئەبەد لەگەڵیدا بژی. بۆیە بارەگاکان وەک ناوەندی خوڵقاندنی ئەم کارەساتەی ناویان ناوە ژیان دەبنە شوێنێک بۆ پەلاماردان و ھێرش. پەلامار و ھێرشەکانیش وەک پەیامێکی راستەقینە بۆ بنەماڵە دەسەڵاتدار و پشتیوانەکانیان دەنێرن، کە ئیدی مرۆڤ ناتوانێت بە سوپاس بژی. ژیانمان بگۆڕن، رێز لە کەرامەتی مرۆییمان بگرن، دەستدرێژی مەکەنە سەر ژیان و ئازادیمان، سوپاسەکان بۆ خۆتان. 
   بارەگا لێرەدا، بریتی نییە لە چوار دیوار و بنمیچێکی بێ رۆح و گیان، بەڵکو بریتییە لەو ناوەندە رەمزییەی، رۆژانە وێنەی ستەمەکانی دەسەڵات دەنوێنێتەوە، ناوەندێکە ھەرچی زیاتر خەریکی بەرھەمھێنانی ملکەچی و قوتابخانەی بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگەیە، بۆیە لە رێی تێکشکاندنی ئەوەوە، ئەو رۆحی غرور و ئیگۆ سیاسییە ناشیرینەش تێکدەشکێنرێ، کە بوونەوەرەکانی ناو بارەگاکان نایانەوێت بیبینن، یان دەیبینن و خۆیانی لێ گێل دەکەن. 
   بارەگای حیزب لە کوردستان دەستی لە ناو ھەموو پنتەکانی ژیانی ھاوڵاتیاندایە، لە گەورە و بچوکی ژیانی سیاسی، ئابوری، ئیداری ئەم ھەرێمە، لە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی سەرەتاییەوە تا بە بەڕێوەبەری ناحیە و پۆلیس و نەخۆشخانە و سەرۆکی زانکۆکان دەگات، بڕیار دەدات. بارەگا نەک تەنیا پۆست و پلەکان دابەش دەکات، بەڵکو مرۆڤەکانیش پۆلێن دەکات، پێماندەڵێت، کێ نیشتیمانپەروەرە و کێ خائین، کێ فریشتەیە و کێ شەیتان، کێ مرۆڤی پلە یەک و کێش پلە دوو و سێ و چوار... ئەگەر ئەمە ئیشی بارەگا بێت، لە راستیدا ئەوە بارەگایەکی حیزبی ئاسایی نییە، کە خەریکی کاری سیاسی و رێکخستنی حیزبی بێت، بەڵکو سەنتەری چەوساندنەوە و ھەڵوەشانی کۆمەڵگە و بەشینەوەی ستەمکارییە. ناوەندێکە دەستی لە نێو کۆی ئەو نەھامەتی و بێ رێزییە دایە کە دەرھەق بە مرۆڤی ئێمە دەکرێت. ئیدی ئێستا دەبێ ھێزە سیاسییەکان، تایبەت پارتی و یەکێتی تێبگەن بۆچی بارەگاکانیان دەکرێنە ئامانج.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×