لەسیڤەرەوە بۆ لۆزان کورد لەکوێ بو؟ چیکرد؟
جهعفهر عهلی
2020-08-11   2137
پەیماننامەی سیڤەر “Treaty of Sevres” لە ١٠ی ئابی ١٩٢٠دا، واتە رێک ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا، لە نێوان وڵاتانی سەرکەوتووی جەنگی یەکەمی جیھان و دەوڵەتی عوسمانیدا ئیمزا کرا. بەگوێرەی مادەکانی (٦٤،٦٣،٦٢) لە فەسڵی سێیەم، کە فەسڵێکی تایبەتە و بە ناوی (کوردستان)ەوە تۆمارکراوە، بڕیاری دروستکردنی قەوارەیەکی سەربەخۆی بۆ کوردەکان تێدایە. ئەو کاتەی پەیماننامەی سیڤەر ئیمزا کرا، مستەفا کەمال سەرکردایەتی جەنگی سەربەخۆیی تورکیای دەکرد.
ساڵانی دوای سیڤەر
لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٠دا، وەزارەتی موستەعمەراتی بەریتانیا، فەرمانگەیەکی تایبەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە بە ناوی (فەرمانگەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست) دامەزراند. لەو ئەرکانەش کە بەم فەرمانگەیە سپێردرابوو، بریتیبوو لە ئیدارەدانی کاروباری عێراق و بڕیاردان لە شێوەی حوکمڕانییەکەی.
وینستۆن چەرچڵ، وەزیری موستەعمەراتی بەریتانیا، پلانی چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و رێکخستنی داھاتووی ناوچەکەی دانا. بۆ ئەم مەبەستەش دوو کۆنگرەی بەست: یەکیان لە لەندەن، ئەوی دیکەش لە قاھیرە.
کۆنگرەی لەندەن
لە ١٢ شوباتی ١٩٢١دا بەسترا. ئامانج لەم کۆنگرەیە یەکلاکردنەوەی کێشەکان بوو لەگەڵ کەمالییەکان. ئەم کۆنگرەیە بەھۆی پێداگری (بەکر سامی) نوێنەری ئەنکەرەی سەر بە کەمالییەکان لەسەر رەتکردنەوەی گفتوگۆ بە ئامادەبوونی نوێنەری سوڵتانی عوسمانی، شکستیھێنا. وێڕای سووربوون لەسەر رەتکردنەوەی داوای ھاوپەیمانان، کە پەیماننامەی سیڤەر بکرێتە بنەمایەک بۆ گفتوگۆ.
کۆنگرەی قاھیرە و چارەنووسی کورد
لەم کۆنگرەیەدا (١٢-٢٣ مارس ١٩٢١)، لە کەشێکی نھێنیدا، (٤٠-٥٠) دانیشتن لە ھۆتێل سەمیر ئەمیس لە قاھیرە ئەنجامدرا و (٤٠) شارەزای کاروباری سیاسی، ئیداری، سەربازی، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تیایدا بەشداربوون.
جگە لە چەرچڵ، لورانس، ھیوبرت یۆنگ، خانم گیرترود بێڵ و مەندوبی سامی بریتانیا لە فەلەستین و میسر، چەندین ئەفسەری پلە بەرز، راوێژکار، بەرپرسی سیاسی و سەربازی دیکە تیایدا بەشداربوون. لەسەر ئاستی عێراقیش، جگە لە سێر پیرسی کوکس، مەندوبی سامی بریتانیا لە عێراق، ھەر یەک لە جەعفەر عەسکەری و حەسقیل ساسون، کە یەکەمیان وەزیری بەرگری و ئەوی دیکەشیان وەزیری دارایی بوو لە یەکەم حکومەتی عێراقدا، بەشدار بوون.
کوردەکان دوای ماوەیەکی زۆر نەبێ، ئاگادارنەبوون لەبارەی داھاتووی باشوری کوردستانەوە چی گوتراوە، بەڵام روون بوو، کە مەسەلەی کورد یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی کۆنگرە و عێراقیش بوو. مەسەلەی دووەم، بریتیبوو لە دەست نیشانکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتی قەوارە تازەکە (عێراق) و شێوەی پەیوەندی بە بەریتانیاوە. سەرەنجام فەیسەڵ کوڕی حوسێن بە مەلیکی عێراق دیاریکرا.
بۆچوونەکان لە کۆنگرەی قاھیرە و پەیوەندی بە کوردەوە
یاداشتی فەرمانگەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ لیژنەی سیاسی: "پێویستە ناسنامەی نەتەوەیی کورد لەبەرچاو بگیرێ، ئەو ناوچانەی کە کوردین، پێویستە نەخرێتە ناو ئەو دەوڵەتە عەرەبییەی لە میزۆپۆتامیادا دروست دەکرێت".
بۆچوونی پیرسی کوکس: لە کۆبوونەوەی لیژنەی سیاسیدا لە ١٥ی ئازاری ١٩٢٠، سەبارەت بە یاداشتی فەرمانگەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست قسەیکرد و گوتی: "کوردەکان لە کەرکوک، سلێمانی، ناوچەکانی باکوری موسڵ، کە بەشێکە لە عێراق و جیاناکرێتەوە، زۆرینەن". کوکس، بڕوای وابوو: "کورد توانای حوکمی سەربەخۆی نییە، ئەوان لە ناو خۆیاندا بە جۆرێکی خراپ دابەش بوون، لە رووی ھۆشیاری نەتەوەییەوە ھەژارن".
بۆچوونی ھیوبرت یۆنگ: دژی بۆچوونەکانی کوکس بوو، پێشنیاریکرد: "بەبێ دواکەوتن دەوڵەتێک بۆ کوردەکان دروستبکرێ و بخرێتە ژێر سەرپەرشتی مەندوبی سامی بریتانی و نەکرێتە بەشێک لە عێراق".
(مەیجەر نوئێل)یش پشتگیری لەم بیرۆکەیە کرد.
س.ھـ.لۆنگریک: سەرپەرشتیاری ئیدارەی کەرکوک بوو، وێڕای پشتگیری لە بۆچوونەکانی کوکس، بڕوای وابوو: "کورد بەسەر خێڵی جیا جیادا دابەش بوون، سەرۆکی ناکۆک بە یەک رێبەرایەتیان دەکەن و ھیچ ھۆشیارییەکی نەتەوەییان نییە".
ھەرچی (مس بێڵ)ە، پێیوابوو ئەنجامدانی ھەر سەرکێشییەک لە کوردستان شکستخواردوو دەبێت. ئەو گوتی: "بابەتەکەتان، واتە دامەزراندنی دەوڵەت بۆ کورد، شکستی لە نێوچاواندا نوسراوە، زۆربەی کوردەکان گومان دەکەن، کە پیرۆزن، نیمچە عاقڵمەندن، نیمچە برسین، تەواو بەربەرین، لە کوردستان ھەمووان دژایەتی ھەمووان دەکەن، چۆن دەوڵەتی کوردی دادەمەزرێنن".
وینستۆن چەرچڵ: چەرچڵ، پێیباش بوو، "باشوری کوردستان مافی ئۆتۆنۆمی تەواوی ھەبێت، باشتر دەبێ دەوڵەتێکی نوێ لە نێوان فشارەکانی تورکیا لە دەرەوە و سەرھەڵدانی ھەر جوڵەیەکی عێراقی دوژمنکارانە بەرامبەر بەریتانیا لە ناوەوە، دابمەزرێت". پشتگیری خۆیشی بۆ (ھیوبرت یۆنگ و نوئێل) دەربڕی.
چەرچڵ پێیوابوو: "حکومەتی عێراقی داھاتوو، سوپایەکی عەرەبی لە پشتییەوە دەبێ، خەون و ھیواکانی کورد پشتگوێ دەخات و وەک کەمینەیەک دەیانچەوسێنێتەوە".
ھەروەھا چەرچڵ بڕوای وابوو: "ئەگەر دەرفەت بە کورد نەدرێ بۆ خۆی حوکمی خۆی بکات، بە عێراقی نوێوە بلکێنرێ، ھەر ئەمیرێکی شەریفی، چەندیش دیموکراتخواز بێت، بێلایەن بێت، کاتێک خۆی لە پێگەی ھێزدا دەبینێتەوە، دوور نییە لە بەرامبەر ھیوا نەتەوەییەکانی کورد و بەرژەوەندی کوردەکان وەک کەمینەیەکی ئیتنیکی بوەستێتەوە، بۆیە ھیچ رێگەیەکی دیکە نییە و لە بەرژەوەندی بەریتانیاشە دەوڵەتێکی کوردی Buffer State بکرێتە ھێڵی دابڕینی نێوان عێراق و تورکیا".
سەرەنجامی بۆچوونە جیاوازەکان
لیژنە کۆبوونەوەکەی بە راسپاردەی (ھیوبرت یۆنگ) کۆتایی پێھێنا بە بڕیاری "مانەوەی باشوری کوردستان بە شێوەیەکی جیا لە عێراق".
ھەر یەک لە چەرچڵ، نوئێل، لورانس، کە زۆرینە بوون پشتگیری ئەم پێشنیارەیان کرد، بەڵام پیرسی کوکس و مس بێڵ، دژی وەستانەوە.
دواتر زۆرینە وەک موجامەلەیەک بۆ پیرسی کوکس، مەرجی ئەوەیان سەپاند، کە: "ئەم بڕیارە تا ٣ ساڵ کاری پێناکرێت، تا ئەو کاتەی کوردەکان ئامادە دەبن بۆ دەربڕینی راو بۆچوونیان، ئایا دەیانەوێ ببنە بەشێک لە عێراق، یان نا".
بەگشتی زۆرینە، مەبەستیان بوو باشوری کوردستان بە عێراقەوە نەلکێنرێ و بەرپرسیارێتیەکەشی بخرێتە ئەستۆی مەندوبی سامی بەریتانی، بەڵام سیاسەتی دژ، توانی لە چەند مانگێکی کەمدا، ئەم بڕیارە گرنگە سڕ بکات و پلانەکەی کوکس بێنێتە پێش و جێبەجێی بکات، کە بوو بە سەرچاوەی ژمارەیەکی زۆر لەو کارەساتانەی دواتر کە مێژووی سیاسی عێراق بە خۆیەوە بینی. کوکس بە ھاوکاری مس بێڵ، خاوەنی رۆڵی سەرەکی ئەم بۆچوون و پلانە دۆزەخییە بوون.
راپرسیکردن بۆ فەیسەڵ
لەو راپرسییەی کە بەریتانیا بۆ کردنی فەیسەڵ کوڕی حوسێن، بە مەلیکی عێراق ئەنجامیدا:
خەڵکی سلێمانی بەشداری دەنگدانی نەکرد.
خەڵکی کەرکوک و دەوروبەری دژی فەیسەڵ دەنگیاندا.
ھەولێر و ناوچە کوردنشینەکانی سەر بە موسڵ، بە مەرج دەنگیان بە فەیسەڵدا. خەڵکی ھەولێر لە مەزبەتەکانی دەنگداندا نوسیبوویان: (ئەگەر مادەی ٦٤ی پەیماننامەی سیڤەر جێبەجێکرا، ئەوان لەم بڕیارەیان پەشیمان دەبنەوە).
بانگەوازی بەریتانیا و حکومەتی عێراق
بانگەوازەکەی بەریتانیا و حکومەتی عێراق لە تشرینی دووەمی ١٩٢٢دا، بۆ کورد و کۆمەڵەی گەلان بڵاوکرایەوە.
لە بانگەوازەکەدا بەریتانیا و حکومەتی عێراق، مافی دامەزراندنی حکومەتێکی کوردی لە چوارچێوەی سنوری عێراقدا دەسەلمێنن. داواش دەکەن کوردەکان لە ناو خۆیاندا لەسەر شێوە و سنوری حکومەتەکە رێکبکەون، نوێنەرێکی خاوەن دەسەڵاتیش بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە پەیوەندی ئابووری و سیاسی لەگەڵ بەریتانیا و عێراق، بۆ بەغدا بنێرن.
لەم ماوەیەدا، کورد لە کوێ بوو؟ چیکرد؟
لە ماوەی نێوان سیڤەر و لۆزاندا (١٩٢٠-١٩٢٣)، ئەوەی زیاتر لە گۆڕەپانەکە پێگە و قورسایی جەماوەری ھەبوو، لە پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی دەیتوانی کاریگەری ھەبێت و حیسابی لەسەر دەکرا، بە پلەی یەکەم، شێخ مەحمود، کە تا ساڵی ١٩٢٢ دوورخرابوویەوە بۆ ھیندستان، سمکۆی شکاک و سەید تەھای شەمزینی بوون.
پەیوەندییەکانی شێخ مەحمود و سمکۆ تا کۆتایی ساڵی ١٩٢٢، پەیوەندی دۆستانە و گەرم و گوڕ نەبووە. سمکۆ لە ساڵی ١٩٢٣ و دوای تێکشکاندنی جوڵانەوەکەی پێدەچێ بە ناچاری و لە گەڕان بە دوای شوێنێک بۆ حەوانەوە و لەسەر داوای ئینگلیز و بە رێگەپێدانی ئەوان، بۆ دیدەنی شێخ مەحمود، سەردانی سلێمانی کردبێ. ئامانجی سەردانەکە ھێندەی بەرژەوەندی ئینگلیز ھاندەری بووە، ھێندە بەرژەوەندی و کاری ھاوبەش بۆ مافەکانی کورد و بردنە پێشی مادەکانی تایبەت بە کورد لە پەیماننامەی سیڤەردا، ھاندەری نەبووە. ئینگلیز سمکۆی بۆ ئەوە دەویست، تا لەگەڵ شێخ مەحمود بە یەکەوە بەرە و شەڕی تورکەکان (ئۆزدەمیر) لە رەواندوز ئاراستەیان بکات.
سەبارەت بە سەید تەھای شەمزینیش، ئەو کاتەی شێخ مەحمود دوای ئازادکردنی و گەڕانەوەی لە ھیندستان، قەوارە و چوارچێوەیەکی سیاسی و ئیداری لە سلێمانی دروستکردبوو، سەید تەھا، کە ھەر وەک شێخ مەحمود، پیاوێکی دینی و دەرەبەگێکی گەورەی کورد بوو، لە بری کۆکردنەوەی تواناکان و ھەوڵدان بۆ کاری سیاسی و دیپلۆماسی ھاوبەش، بە ئامانجی بردنەپێشی دۆزی کورد و پێداگیری لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لەسەر جێبەجێکردنی پەیماننامەی سیڤەر، ئەویش لە بری ئەمانە، داوای لە ئینگلیز کردووە، قەوارەیەکی سیاسی لە شێوەی قەوارەکەی سلێمانی، لە رەواندوز و ئامێدی و ئاکرێ، بۆ دابمەزرێنن.
ئەمانە و کۆی ناکۆکییە ناوەکییەکانی نێوان کورد خۆی، ناکۆکی نێوان شێخ مەحمود و منەوەرەکانی ئەو رۆژگارە و ئەوانەی لە ئەستەنبوڵەوە گەڕابوونەوە و رۆژنامەکانی سەردەمی شێخیان بەڕێوەدەبرد، ھەموو ئەمانە وایانکردبوو، ئەو کاتەی بەشێکی گرنگ لە مافەکانی کورد لە بەڵگەنامەیەکی نێودەوڵەتیدا جێگیر دەکرێ، ئەو کاتانەی لە کۆنگرەکاندا گفتوگۆی چڕ و چارەنوسساز سەبارەت بە دۆز و داھاتووی نیشتیمانەکەی دەکرێ، ئەوان لە بری بیرکردنەوە لە بردنەپێشی مەسەلە گەورەکە، مەسەلەی مافی نەتەوەیی و جیابوونەوە لە ژێر سەرپەرشتی بەریتانیا، خەریکی ھەوڵدان بۆ زامنکردنی بەرژەوەندی شەخسی و بنەماڵەیی، بۆ دروستکردنی دیوەخانی سیاسی و ماڵی سیاسی تایبەت بە خۆیان و قوڵکردنەوەی ناکۆکییە ناوەکییەکانیان بوون.
جگە لەمانە، بەشێکی گرنگ لە کوردەکان لەو ماوەیەدا و لە جەنگی سەربەخۆیی تورکیادا (١٩١٩-١٩٢٢)، وەک ھێزێک لە پشتی کۆمەککردن بە مستەفا کەمال ئەتاتورک وەستابوونەوە و ھاوکاری بوون. مستەفا کەمالیان، وەک رزگارکەر و فریادڕەس دەبینی، پێیانوابوو بە سەرکەوتنی ئەتاتورک و کەوتنی دەوڵەتی خەلافەت، لە شەیتانەوە دەچنە باوەشی فریشتە و مافە سیاسی و کەلتورییەکانیان بۆ دەستەبەر دەبێت.
ئیدی سەرەنجام، ئەوەی لە جێبەجێ نەکردنی سیڤەر بەرپرسیارە، بە تەنیا وڵاتانی سەرکەوتووی جەنگی یەکەمی جیھانی و بریتانیا نین. بە دڵنیاییەوە ئەوان بەرپرسیارن و گوناھی گەورەیان دەرھەق بە مافە سیاسی و کەلتورییەکانی گەلی کورد کردووە، بەڵام بەشێکی دیکەی ئەو شکست و دۆڕانە، بەشێکی دیکەی ئەم گوناھە، دەکەوێتە ئەستۆی کورد خۆی و، ئەو ھۆشیارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی، لەبری کارکردن بۆ بردنەپێشی دۆزی کورد و مافەکانی وەک لە سیڤەر و کۆنگرەی قاھیرەدا جەختی لێکرابووەوە، وزە و تواناکانی خۆیان، یان لە پشتیوانی نەیارەکانیاندا بە فیڕۆدا، یان لە ململانێ و پەلاماردان و سوکایەتی بە یەکدی بەتاڵیان کردەوە.
کۆی ئەو ناوانەی لەو رۆژگارەدا دەیانتوانی شتێک بکەن و نەیانکرد، دەیانتوانی جوڵەی سیاسی و دیپلۆماسی باشتر بکەن و نەیانکرد، دەیانتوانی ژێرخانی بوونی دەوڵەتێک دابنێن و پێچەوانەکەیان ھەڵبژارد، بەرپرسیارێتی مێژوویی و ئەخلاقی بەشێک لە نەھامەتییەکانی گەلی کوردیان دەکەوێتە ئەستۆ.
مێژووی ئێمە دوای سەد ساڵی تەواو لە تێپەڕبوون بەسەر پەیماننامەی سیڤەردا، ھێشتا وەکخۆی، لە سەردەمێکی تەواو گۆڕاودا، بە زمانێکی دی و بە مۆدێلێکی دی، مەحکومە بە دووبارەبوونەوەیەکی پڕ لە شەرم.