یەکێک لە کێشەکانی مێژووی ئێمە ئەوەیە، تا مەترسییەکان نەبن بە راستییەک و نەگاتە سەر سفرەی نانخواردنەکانمان، بیر لە کارەسات و رووداوی دوای مەترسییەکان ناکەینەوە.
تا منداڵەکانمان نەبنە قوربانی کەمتەرخەمییەکانی هاتووچۆ، بیر لە چاککردنی رێگەکان و دروستکردنی هێڵێکی پەڕینەوە لەبەردەم قوتابخانەکان ناکەینەوە، تا لافاو راماننەماڵێ، بیرمان بۆ باشکردنی رێڕەوەکانی دەرچوونی باراناو ناچێت، تا وشکەساڵی نەمانخکێنێ، بیر لە دروستکردنی دوو بەنداو ناکەینەوە، تا تەقینەوەکان روونەدەن، بیر لە مەترسی تیرۆر ناکەینەوە، تا پێشمەرگەکانیش شەهید نەبن، بیرمان بۆ فشەڵی سەنگەرەکانی رووبەڕووبوونەوە و دامەزراوەی سەربازی ناچێت. هەرچەندە دەسەڵاتی کوردی دوای ئەوانەش هەر بە رێگە دروستەکەدا بیرناکاتەوە. خودایە ئەوە چ عەقڵێکە ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبات خودا!
راستییەکەی سیاسییەکانی ئێمە هەر بیر نەکەنەوە باشترە، چونکە کاتێک بیر دەکەنەوە ئەوەی هەیە خراپتری دەکەن. تۆ دیقەت بدە لە ماوەی تەنیا (١٠) رۆژدا، (٢٢) پێشمەرگە و (٣) هاوڵاتی مەدەنی بە هۆی خەمساردی و بێباکی پاڵەوانە کارتۆنییەکانی سەر شاشەی تیڤییەکان دەبنە قوربانی دەستی تیرۆر، کەچی بێ شەرمانە بە هەمان نەغمەی خێڵەکییانە و بە قاتێکی عەسکەری توتوکراوی راقییەوە لە شاشەکانەوە وەک قارەمان دەردەکەون و بارەگاکانیش بەیاننامە لە دوای بەیاننامە بڵاودەکەنەوە، لە کاتێکدا دەبێ بزانن، ئەگەر بە تەنیشت داعشەوە شتێک هەبێ بۆ ئیدانەکردن دەبێ ئەو بارەگا و قارەمانە کارتۆنییانە بن، کە هێزی چەکداریان کردووە بە خزمەتکاری بنەماڵە و حیزب و سەرۆک.
گوێمان لەم کۆمیدیا گاڵتەجاڕییە بوو، کاتێک (مەنسوری کوڕی مەسعود بارزانی) گووتی: لەسەر داوای (جەنابی سەرۆک)، واتە باوکی، هاتووینەتە گوندی (خدر جیجە)، لە کاتێکدا باوکی نەک لە هەرێم، لە عیراقیشدا هیچ پۆستێکی فەرمی و یاسایی نییە. لەوەش ناشیرینتر وەزیری پێشمەرگە، کە هی یەکێتییە، نە خۆی، نە حیزبەکەی، تەواوی حیزبەکانی دیکەیش قسەیەکیان لەبارەی بڕیارەکانی (سەرۆک) و پرسیارێکیان لەبارەی بڕیار و فرمانە نایاساییەکانییەوە نییە! پەرلەمانیش، باڵاترین دامەزراوەی تەشریع و چاودێری، پرسیارێک ناکات بە کام یاسا و بە چ مافێک سەرۆکی حیزب ئەرک بە هێزی پێشمەرگە دەسپێرێت و فرمانی جوڵەی سەربازی دەدات.
لە زۆنەکەی دیکەش، بافڵ تاڵەبانی، بە پاساوی بوونی مافیا، نەک هەر بڕیارە جوڵە بە هێزی سەربازی بەرەو گەرمیان بکات، هەڕەشەی ئەوەش دەکات هەر مامۆستاو دکتۆرێکی زانکۆ خۆپێشاندەران بە نەهاتوو ئەژمار بکات، دەبێ پێش خوێندکارەکە خۆی بچێتە ماڵەوە (بێگومان ئەوە پشتیوانی خۆپێشاندەر نییە، بەڵکو سوکایەتی زیاترە بە دامەزراوەی زانکۆیی، بەر لە مامۆستاش بە خوێندکار).
ئەگەر دەڵێی ئەم هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و زانکۆیە موڵکی حیزب و سیاسییەکانە، دەڵێن نەخێر نیشتیمانییە… ئاخر لە کوێی ئەم دونیایەدا، هێزی نیشتیمانی فرمان لە سەرۆکی حیزب وەردەگرێت، سەرۆکی حیزب و لە سەرۆکیش زۆر بچووکتر چۆن بخوازێ ئاوا یاری بە زانکۆ و دامەزراوەی زانکۆیی دەکات.
بیریشمان نەچێت، کاکە حەمەش لە گوڵەخانەوە ئامادەیی دەربڕیوە بە خۆی و هێزەکەیەوە، کە هی شەخسی خۆی و حیزبەکەیەتی و هەندێجار مانۆڕی سەربازیش ئەنجام دەدات، بچێ لەو دەوروبەری شاخی قەرەچوغ و دەشتی قەراجە تیرۆریستان تەفروتونا بکات! دەی ئەویش مافی خۆیەتی، بۆ سەرۆکی پارتی و یەکێتی و سیاسییەکانی دیکەش، لیوا و فەوجی تایبەت و شەخسیان هەبێت بۆ ئەو نەیبێت. پیاو هەق بڵێ خۆ ئەگەر بە پێشمەرگایەتی و شاخەو شاخیش بێت، لە زۆربەی ئەوانەی لیوا و فەوجی شەخسیان هەیە ماندووتر بووە و فیشەکی تەقاندووە.
خودایە لەبەردەم چ عەقڵێکی وێرانکەر، چ ماکینەیەکی گەورەی نمایش، چ دروشمگەلێکی ساختە و چ کارخانەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەڵوەشانداین.