دیموکراسییەتی تەوافوقی، شکستی ئەزمونی عیراق

جه‌عفه‌ر عه‌لی
  2022-02-15     580

بەشی سێیەم

سەردەمی ئێستا بەسەردەمی دیموکراسی دەناسرێت، یان لانیکەم وا دەردەکەوێت کە سەردەم و قۆناغی مێژوویی دیموکراسییە. ئەگەر بەراوردی ئێستای سیستمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دونیا بە ٥٠ ساڵ پێش ئێستا بکەین، دەبینین ژمارەیان بەردەوام لە هەڵکشاندایە. ئەمڕۆ سیستمە سیاسییەکانی دونیا، چەندیش لە یەکدی جیاواز بن، بەڵام خۆیان بە دیموکراسی پێناسە دەکەن، واتە دەیانەوێت دیموکراسییەت وەک ئامرازێک بۆ ڕەوایەتیدان بە ژیانی سیاسی نوێ بەکاربهێنن. ئەگەر نوێبوونەوە، نوێکردنەوەی سیستم و چەسپاندنی یاسا بنەمایەکی دیموکراسیانەی هەبێت دەبێتە هەنگاوێکی باش، بەڵام ڕوونە کارەکە هەمیشە بەمجۆرە نییە. لە یۆنانی کۆنەوە بۆ ئێستا، بەشێکی گرنگ لە بیرمەندانی فیکری سیاسی، ڕەخنەیان ئاراستەی تیۆرەی دیموکراسی و مومارەسەی دیموکراسییەت کردووە. راستە ئەمڕۆ ژمارەیەکی گەورەی وڵاتان دیموکراسین، بەڵام مێژووی دامەزراوە سیاسییەکانیان ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە تا چەند هەنگاو و ڕێوشوێنە دیموکراسییەکانیان فشەڵ و لەرزۆکن. مێژووی ئەوروپای سەدەی بیست پێیگووتین، کە دیموکراسییەت فۆرمێکی حوکمڕانی قورسە، چ لە سەرەتا و هاتنیدا، چ لە بونیادنان و داڕشتنەوەیدا، بەجۆرێک فاشیزم، نازیزم و ستالینیزم، خەریک بوو ئەم فۆرمی حوکمڕانییە لە ڕیشەوە دەربهێنن. دیموکراسییەت لە منداڵدانی ململانێ کۆمەڵایەتییەکانەوە هاتووەتەدەر و زۆرجاریش لە ناو ئەو ململانێیانەدا خودی دیموکراسیەت خۆی بووەتە قوربانی. 
   مێژووی عیراق، مێژووی ململانێی نادیموکراسییانەیە، مێژووی خوێن و شمشێر و برینە. دوای پرۆسەی ئازادیش، نە نوخبەی سیاسی، نە هێزە سیاسییەکان، توانای تێپەڕاندنی ئەم بۆنی خوێن و مێژووی برینەیان پێشاننەدا، بۆیە تا ئێستا عیراق گیرۆدەی برینەکانی ڕابردوویەتی و لە بازنەی ئەو مێژووەدا دەخولێتەوە. 
   ئەزموونی عیراقی دوای بەعس، ئەزموونی تەوافوقییە، بەبێ بوونی هۆشیاری دیموکراسی، ئەزموونێکە لە ڕووی تیۆرییەوە لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەیەکەوە ژیان دامەزراوە، بەڵام نەک ڕێز لەو جیاوازییانە نەگیراوە، بەڵکو هەوڵ بۆ پشتگوێخستنی ئەو میکانیزم و بنەما سیاسی و کولتورییانەش دراوە، کە سەرزەمینی بەیەکەوە ژیان پێویستی پێیەتی. دیموکراسییەتی تەوافوقی، بریتی نییە لە تیۆرەیەکی ڕووت و فڕێدانی دروشم، بەڵکو دەبێ لە واقیعی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا پراکتیزە بکرێت. نوخبەیەک کە نەتوانێ دیموکراسییانە بیربکاتەوە، هێزە سیاسییەکانیش ناتوانن هێزی دیموکرات بن، بۆیە نە نوخبەکە و نە هێزە سیاسییەکانیش ئومێدی بیناکردنی کۆمەڵگەی دیموکراسییان لەسەر بینا ناکرێت. سیاسییەک نەتوانێ دیموکراتخواز بێت، ناشتوانێ لەگەڵ تەوافوقدا بە ئارامی بژیت. نوخبەی سیاسی عیراق و هێزە سیاسییەکانی بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەو مەرجە دیموکراسییەت و دیموکراسییەتی تەوافوقییان قبوڵە، کە بۆ ئەبەد هەر خۆیان دەسەڵاتدار و بڕیار بە دەست بن، خۆیان مەرجەع و ناوەند و سەنتەری یەکەم و دوا بڕیار بن. واتە پێشمەرجی کۆی نوخبە و هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی عیراق بۆ دیموکراسییەتی تەوافوقی، لە ڕووی پراکتیکییەوە سەپاندنی هەژموونی نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەیەکی تر، تائیفەیەک بەسەر تائیفەیەکی تر، ئایدیۆلۆژیا و ستراتیژێکە بەسەر ڕوانین و دونیابینییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیکەدا. 
   مەرج نییە ئەوەی لە سویسرا و کەنەدا و بەلجیکا و زۆر دەوڵەتی دیکەی دونیادا سەرکەوتنی بە دەستهێناوە، لێرەش بە هەمان ئەندازە سەرکەوتوو بێت. دیموکراسییەتی تەوافوقی بەرهەمی داننان بە فرەیی کۆمەڵگەیە، هەندێجاریش رێگەچارەیەکە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانێکی سیاسی، تا هەموو تواناکان بەیەکەوە، نیشتیمان و دامەزراوە دەستورییەکانی نیشتیمان لە مەترسی بپارێزن، هەر وەک ئەوەی لە گەرمەی قەیرانی (سکانداڵی واتەرگێت) لە ئەمریکا پێشنیارکرا. 
   عیراق، کۆمەڵگەیەکی فرەییە، بە هۆی ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکیش هێزی لە ڕیشەهەڵکێشانی ئەم فرەییەی نابێت، بۆیە دەبێت مامەڵەی دروست و هاوچەرخانەی لەگەڵدا بکرێت. لە کۆمەڵگەی فرەییدا، خودی پێکهاتە و سروشتی کۆمەڵگەکە خۆی قەیرانێکە، چارەسەرکردنی قەیرانێکی وەهاش پێویستی بە دۆزینەوەی دەرچەیەکی دیموکراسییانە هەیە بۆ بەیەکەوە ژیان، ئیدی ئەو چارەسەرە لە ژێر ناونیشانی دیموکراسییەتی تەوافوقی، یان فیدراسیۆنی فراوان، یان هەر ناونیشانێکی دیکەدا بێت بایەخێکی ئەوتۆی نابێت، بەڵکو گرنگ خودی چارەسەرە دیموکراسییەکەیە. کێشەی عیراق ئەوەیە، بە هۆی فرەییبوونی کۆمەڵگەکەیەوە، دەشێ دیموکراسییەتی تەوافوقی هەنگاوێک بێت بەرەو باشتر و خێراتر چارەسەرکردنی قەیرانە مێژووییەکانی، بەڵام گرفتە بونیادییەکە لێرەوە دەست پێدەکات، نوخبەی سیاسی و هێزە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە، نە دەتوانن دیموکراسی بن، نە دەتوانن بە تەوافوق بەیەکەوە بژین. نزیک بە دوو دەیەی دەسەڵات لە بەغدا، ئەگەرچی هێزی لە تەوافوقەوە وەرگرتووە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع، بە پلەی ئیمتیاز دەسەڵاتێکی نادیموکرات و ناتەوافوقی بووە. دەسەڵاتێک بووە، ئەگەر قاچەکانی لە ناو تیۆرەی تەوافوقیشدا بووبێ، سەری لە ناو ستەمکاری زۆرینەی تائیفیدا نغرۆ بووە. 
   مۆدێلی دیموکراسییەتی تەوافوقی لە عیراقدا، مۆدێلێکی تایبەت بەخۆیەتی. مۆدێلێک نییە لە مێژووی سیاسی و ئەزموونی دەوڵەتان و گەلانی دیکەوە وەرگیرابێت. مۆدێلێکە دەشێ بە مۆدێلی دیموکراسییەتی تەوافوقی شکستخواردووی وڵاتانی وەک لوبنان و قوبروسی بەر لە دوو کەرتبوون بەراورد بکرێت. لوبنان وڵاتێکی فرەییە، بۆ چارەسەرکردنی فرەییەکەی جومگەکانی دەسەڵات و سەرۆکایەتییەکانی وڵاتیان بەسەر پێکهاتە ئایینی و تائیفییە جیاوازەکاندا دابەش کردووە، بەڵام تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت، تەوافوق، نەک نەبووە هۆی تێپەڕاندنی گرفتەکانی، بەڵکو کردوویەتی بە وڵاتێکی پڕ لە قەیرانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری قورس. قوبروس دوای ڕزگاربوونی لە ژێر سێبەری تاجی کۆلۆنیالیزمی بریتانیا، لەسەر بنەمای تەوافوق، بەڕێوەبردنی وڵات لە نێوان هەر دوو پێکهاتە نەتەوەییە سەرەکییەکە، یۆنانی و تورک، داڕێژرا، بەڵام سەرەنجامی تەوافوق بەرەو دوو کەرتبوون و دابەشبوونی وڵاتەکە هەنگاوی نا. وەک چۆن هۆکاری تەواوی شکستی دیموکراسییەتی تەوافوقی لە لوبنان و قوبروس، بە تەنها بریتی نییە لە دیوی ناوەوەی کۆمەڵگەی فرەیی ئەو وڵاتانە و نادیموکراسیبوونی نوخبەی سیاسی، بەڵکو هۆکارگەلێکی دیکەیش هەبوون کە لە دەرەوەی سنورەکانی ئەو وڵاتانەوە وەک بەشێک لە شکست پێهێنانی پرسە دیموکراسییەکە ڕۆڵی بینیوە، بەڵام ڕۆڵی دەرەوەی سنورەکان، بەبێ کۆمەکی ناوەوە، ڕۆڵێکی بێکاریگەر و تەواو بێهێز دەبوو. ئەوە ناوەوەیە، نوخبەی سیاسی و هێزە سیاسییەکانی ناوەوەی وڵاتن ناتوانن دیموکرات بن، بە تەوافوق و بەیەکەوە بژین. لە عیراقیشدا هەمان ئەو گرفتانە بوونیان هەیە، گرفتی ئامادەنەبوونی نوخبەی سیاسی و هێزە سیاسییەکان بۆ ژیانێکی تەوافوقی، تەوافوقێک، کە مافی کۆی کەرتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تێدا رێزلێگیراو و پارێزراو بێت. ڕاستە لە عیراق دەستورێکی تەوافوقی بوونی هەیە، دەستورێک تا ڕادەیەک ماف و ئازادی بۆ تەواوی پێکهاتەکانی عیراق دابینکردووە، بەڵام کاتێک نوخبەی دەسەڵات و هێزە سیاسییە تائیفییەکان ناتوانن ئەم ماددانەی دەستور لەسەر کاغەزەوە بگوازنەوە بۆ ناو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی پلوڕاڵی عیراقدا، ئیدی لێرەوە گرفتەکان رۆژ بە رۆژ زەقتر و گەورەتر دەردەکەون. لە عیراقدا تەوافوق بوو بە بنەمای پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستە باڵاکان، بەڵام ئەوەی کە هەرگیز دروستنەبوو ژیانی بەیەکەوەیی و تەوافوقی بوو. لە عیراقی تەوافوقیدا، هەمووان، کۆی نوخبەی سیاسی، تەواوی هێزە سیساییەکان، تەنها بیریان لای یەک ئەجێندا و ستراتیژی دیاریکراو بوو، ئەویش ستراتیژی سەپاندنی ویست و خواستی نەتەوەیەک، تائیفەیەک، گروپێک، بەسەر نەتەوە و تائیفە و گروپێکی دیکەدا بوو، تایبەت ئەو تائیفە و گروپانەی نەیاری زۆرینەی سیاسی و تائیفی بوون. 
   هەموو ئەمانە پێماندەڵێن، لە دوای کەوتنی بەعسەوە، نوخبەی سیاسی عیراق لە ڕێی چەندین کابینەی جیاوازەوە لە شکستێکەوە بەرەو شکستێکی دیکەمان دەبەن. ئەزموونی شکستی هیچ کابینەیەک، هیچ ناکۆکی و ناتەباییەکی تائیفی و نەتەوەیی، هەنگاوێکی دڵخۆشکەری بەرەو پێداچوونەوە و سەرخستنی پرسی دیموکراسییەتی تەوافوقی بۆ هاوڵاتیانی عیراق لە ئایندەدا پێنەبووە. دوای شکستی دیموکراسییەتی تەوافوقی، ئێستا موقتەدا سەدر وەک لایەنی یەکەمی براوەی هەڵبژاردنی ١٠ تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، خەریکی هەوڵدانە بەرەو کردنەوەی فۆرمێکی دیکە لە دیموکراسی، کە ناوی ناوە (زۆرینەی نیشتیمانی). پرسیار ئەوەیە ئایا پرسی گۆڕینی فۆرمی دیموکراسییەتی تەوافوقی بە دیموکراسییەتی زۆرینەی نیشتیمانی، دەتوانێ چارەسەرێک بێت بۆ ساڕێژی برینە مێژووییەکان، دەتوانێ سەرکەوتوو بێت، دەتوانێ شتێکی گرنگ بە قازانجی پرسی دیموکراسی و سەقامگیری ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عیراق بگۆڕێت. بێگومان دەبێ بە گومانێکی زۆر و بە پارێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دروشم و چەمکانە بکرێت، کە سەدر ڕۆژانە فڕێیاندەداتە ناو گۆڕەپانی سیاسی عیراقییەوە.
    سەدر، داوای دیموکراسییەتی زۆرینەی نیشتیمانی دەکات، بەڵام تەواو ڕوون نییە مەبەستی لەو فۆرمە لە دیموکراسییەت چییە. ئایا مەبەستی پێکهێنانی زۆرینەیەکی پەرلەمانی و پەراوێزخستنی نەیارەکانییەتی، یان گەرەکییەتی هەمووان ملکەچی ویستی سیاسی و گوتاری پڕ لە ڕاڕایی سیاسی خۆی بکات. گوتاری سیاسی سەدر و سەدرییەکان جێگیرییەکی سیاسی ئەوتۆی پێوە دیار نییە تا ئومێدی نیشتیمانی لەسەر هەڵبچنرێت. ئەوەی تا ئێستا زۆر بە ڕوونی گوتوویەتی، ئەوەیە کە نابێ نوری مالیکی بەشێک لەو حکومەتە بێت کە ئەو، واتە سەدر پێکیدەهێنێت. سەدر جگە لە مالیکی، ڤیتۆی لەسەر هیچ سیاسییەکی دیکەی عیراقی نییە، واتە زۆرینەی نیشتیمانی لای سەدر، جگە لە دوورخستنەوەی مالیکی لە بەشداری کابینەی داهاتوو و وەرگرتنی هیچ پۆستێکی باڵا، هیچی دیکە نییە. 
   ئایا ئەوەی سەدر داوای دەکات دیموکراسییەتی زۆرینەی نیشتیمانییە، یان هەمان تەوافوقەکەی پێشترە و ناونیشانەکەی گۆڕیوە. دیموکراسییەتی زۆرینە، بەشداری زۆرینەی ڕەهای گروپە سیاسییەکان نییە لە دەسەڵات، بەڵکو پێکهێنانی حکومەتە لەلایەن زۆرینەیەکی سیاسییەوە و لە بەرامبەریشدا ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز دروست دەبێت، بەڵام سەدر نە توانای کۆکردنەوەی ئەو زۆرینە پەرلەمانییەی هەیە، نە لە بەرژەوەندی ئەودا دەبێت ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز و کاریگەر، خاوەن میلیشیای چەکداری پشتئەسوور بە ئێران لە گۆڕەپانەکەدا وەک مەترسی لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندییە سیاسییەکانی بوونی هەبێت. بۆیە هەوڵی زۆر دەدات تا بەشێک لە هاوپەیمانەکانی مالیکی لە هاوپەیمانێتی (چوارچێوەی هەماهەنگی) دەربهێنێت و بیانکات بە بەشێک لە هاوپەیمانێتییەکەی خۆی و حکومەتە چاوەڕوانکراوەکەی. 
   کێشەی کۆی نوخبەی سیاسی لە عیراق، ئەوەیە توانای بونیادنانی فۆرمێک لە ڕێکخستنی سیاسییان نییە، کە ڕۆڵی شایستە بە خۆیان بە تەواوی تائیفەکان لە ژیانی نیشتیمانیدا بدات. سەقامگیری کۆمەڵگە فرەییەکان بە تەنها لە ژێر هەڕەشەی مەسەلەی تائیفیدا نین، بەڵکو شکستی دامەزراوە نیشتیمانییەکانیشە، کە ناتوانێت ڕاستگۆیانە دان بە دابەشبوونەکەدا بنێت و بەرژەوەندییە تائیفییەکان بە باشی مامەڵە بکات. واتە ئەوەی پێویستە ڕاست بکرێتەوە ڕەفتاری سیاسی نوخبەیە، نەک شتێکی دی. ئەوەی بە پلەی یەکەم لە عیراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە شکستی خواردووە، ئەو نوخبە سیاسییەیە کە تا ڕادەیەکی گەورە ڕەوایەتی مێژوویی بەسەر ڕەوایەتی عەقڵانیدا زاڵ کردووە. ڕابردوو بووەتە ئەو بنەما مێژوویی و سیاسییەی ڕەوایەتی ئامادەبوونی لە ئێستادا پێدەدات. بەبێ پێداچوونەوە بەم تێگەیشتن و ئاوڕدانەوە ترسناکە بۆ ڕابردوو، بەبێ جێهێشتنی ئەو مێژووە و کرانەوە بەسەر ئێستادا، بەبێ خۆ ڕزگارکردن لەو بە بارمتەگرتنەی مێژوو، دەرفەتەکانی ژیان لەبەردەم دیموکراسییەت لەم وڵاتەدا رۆژ بە رۆژ بچووکتر و داخراوتر دەبن، کاتێکیش دیموکراسییەت بوونی نابێت، ئیدی قسەکردن لە فۆرمەکانی دیموکراسی، تەوافوقی بێت، یان زۆرینەی نیشتیمانی، وەک ئەوە وایە هەوڵدەیت لە وشکانیدا مەلە بکەیت.  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×