ڕووداو ئەوەیە، کە ڕوودەدات، یان ڕوویداوە. هیچ گرفتێک لە خودی ڕووداودا نییە، ئەوەی گرفت بۆ ڕووداو دروست دەکات کارەکتەرەکانی ناو ڕووداو و بەشدار لە ڕووداوەکانن، ئەوانەی دواتر حیکایەتەکانی دەگێڕنەوە، یان دەینووسنەوە.
ئاساییە بۆ ڕووداوێکی دیاریکراو، چیرۆک و گێڕانەوەی جیاواز، سەرنج و هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی جیاواز هەبێت، بەڵام نائاساییە خودی ڕووداوەکە لە سیاقی مێژوویی خۆی دەربکرێت و لە چوارچێوەی ستایشدا بخرێتە بازنەی بەرژەوەندی کارەکتەرێک، یان بنەماڵە و حیزبێکی سیاسی. باری سەرنجی جیاواز لەبارەی ڕووداوەکان کارێکی نۆرماڵ و دروستی ناو مێژووە، بەڵام باری سەرنجێک لە فیکر، لێکدانەوە و خوێندنەوەی بابەتی و زانستییەوە سەرچاوەی گرتبێت، نەک مەیل و ئارەزووی شەخسی و دەسەڵاتی زۆنی حیزبی.
هەموو ڕووداوێکی مێژوویی دەرەنجامی کارلێکی نێوان مرۆڤ و ژینگەکەیەتی. مرۆڤ لە دەرەوەی کات و شوێنی ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەیدا لەوە بچووکتر و بێ دەسەڵاتتر دەبێت توانای بەرهەمهێنانی ڕووداوێکی بچووک و دەستکاریکردنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی قۆناغێک، یان ڕووبەرێکی جوگرافی و کۆمەڵایەتی بچووکیشی هەبێت.
ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکانی ئێمە، تەنیا ڕووە فرەڕەهەندەکەی ڕووداو نادیدە ناگرن، بەڵکو زۆربەی کات لەگەڵ دیوە سیاسییەکەیدا کاردەکەن. لە ماوەی زیادتر لە سی ساڵی ڕابردوو، بەشی هەرە گەورەی قورسایی ئەم ناوەندانە لەسەر دیوە سیاسییەکەی ڕووداو و مێژوو بووە، ئەو دیوەی لە هەر جێگەیەکیدا وشەیەک، ڕستەیەک، پەرەگرافێک، چووبێتەوە نێو ماڵی فیگەرێک، خێزانێک، بنەماڵە و حیزبێکی سیاسییەوە، هەوڵدراوە بەگوێرەی خواستی دڵ و ئاراستەی بیرکردنەوەی ڕەنگی زۆن و مەیلی سیاسی بنووسرێتەوە. مێژوو وەک سیاسەت و لە ڕەهەندە سیاسییەکەیەوە، چ لە ناوەندە ئەکادیمییەکان، چ لە گێڕانەوەی پڕ لە چیرۆکی ڕتوشکراو و ناڕاستی سیاسییەکانی شاخدا، بووەتە فۆرمێکی بێزارکەر لە تۆمارکردنی حیکایەت و هۆنینەوە و نووسینەوەی ڕووداو. لەم فۆرمی نووسین و حیکایەتخوانییەدا، ئێمە بە هیچ جۆرێک لەبەردەم نووسینەوەی بابەتیانەی ڕووداو و مامەڵەی زانستیدا نەوەستاوین لەگەڵ زانستی مێژوودا.
ئێمە ئێستا لە کوردستان لەبەردەم مامەڵەی زانستی لەگەڵ ڕووداودا نین، بەڵکو ڕووداو بە ناوی زانستەوە دەکرێت بە ڕستەی ڕەنگاوڕەنگ و وەک میدالیای شەرەف و قارەمانێتی بە ملی سیاسی و خێزانی سیاسی و حیزبدا دەکرێت. ئەم دۆخە کاتێک مەترسیدارتر دەبێت، کە زانکۆ لەبەردەم خواستی ئەم مەیل و دیدە سیاسییەدا بچووک دەبێتەوە، لەبری وەزیفەی زانست، خەریکی خزمەتی دەسەڵاتی حیزبی و قوڵترکردنەوەی برینەکانی مێژوو دەبێت، دەبێتە بەشێک لە دابەشکاری و تۆمارکردنی ڕووداو و گێڕانەوەی مێژوو بەپێی بەرژەوەندی و ئاراستەی سیاسی.
لەدوای ڕاپەڕینەوە، توێژینەوەیەکی زانستی نادۆزیتەوە پەیوەندی بە ڕووداوەکانی ڕاپەڕین و کارەکتەرەکانییەوە هەبێت، هەولێر و دهۆک لەگەڵ سلێمانی لەسەر یەک سفرەی نیشتیمانی کۆبکاتەوە. کێشە لەوەدا نییە بۆچوون و دیدی زانستی جیاواز هەبێت، بەڵکو لەوەدایە زانست دەبەنەوە ماڵی سەرۆک و خێزان و حیزبی سیاسی. بە مانا ڕووداوەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێمە، بە ڕاپەڕینیشەوە، لەبەردەم لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی جیاوازدا نین، بەڵکو لەبەردەم مەترسی ڕەنگکردن و داپۆشیندان بە ڕەنگی نازانستی، ڕەنگێک خزمەت بە هەر شتێک دەکات جگە لە زانست و میتۆدی زانستی لە گێڕانەوە و نووسیندا.
کاتێک بابەتی توێژینەوە پەیوەندی بە بیۆگرافیای فیگەرێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، عەشیرەت، یان شار و حیزبێکی سیاسییەوە دەبێت، ئیدی گێڕانەوە و فۆرمی داڕشتنەوەی چیرۆکەکان بە هەموو هێزیانەوە بەرەو ستایش دەبرێن، ستایشی سەرۆک، خێزان و حیزبی سیاسی، تا ئاستی بینین و بچووککردنەوەی خودی ڕووداو لە کەسایەتی و بوونی ئەودا. ئەو لەوێدا تەنیا وەک کەسایەتییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نابینرێت، بەڵکو هەر خۆی دەبێتە کۆی حیکایەتەکە و تەواوی ڕووداوەکەش. ئەم نەخۆشی مێژووە، ئەم بەڵای گێڕانەوە و نووسینە، هیچ ناکات، جگە لە کارکردن لە ناو وەهمدا، وەهمێک لە سەرەتاوە تا کۆتا، دەگەڕێت بۆ فووکردن بە جەستەی کارەکتەرێک و پێشاندانی وەک قارەمان، وە سیمبول و ڕۆحی نەتەوەیی. لێرەدا ستایش تەنیا خاڵێک و ئامانجێک نییە، بەڵکو دەبێتە تەواوی خاڵەکان و ئامانجەکەش. ئامانج لە توێژینەوە قسەکردن نییە لە بابەتێکی زانستی، توێژینەوەش بۆ ئەوە نییە میتۆد و ڕەنگی ئەکادیمیبوون تۆخ بکاتەوە و ڕێز بۆ زانست بگێڕێتەوە، هێندەی گەڕان و سەرقاڵبوونە بە دوای دۆزینەوەی ڕەنگاوڕەنگترین وشە و مانا بۆ ستایش، تا ڕادەی خاڵیکردنەوەی ڕووداو و مێژوو لە هەر مانایەکی زانستی و گۆڕینی بۆ بابەتێکی ستایشی ڕووت. ئیدی زانست بنەما و سەنتەر نییە، کرۆکی بابەتەکە و پنتی سەرەکی قسەکردن نییە، بەڵکو پەراوێزێکە و لە ڕێی ئەوەوە قسە لە شتێکی دی دەکرێت، زانست تەنیا بیانوو و پاساوێکە بۆ گووتنی شتی دی، بۆ کردنەوەی دەرگایەکی فراوانتر بەسەر بابەتێکی دیکەدا، کە دەشێ هەموو شتێک بێت جگە لە خودی زانست خۆی.
ڕاپەڕینی ١٩٩١ ڕووداو بوو، ڕووداوێکی گرنگی نێو مێژووی هاوچەرخی ئێمە بوو. ئەگەر بمانەوێت ئەم ڕووداوە بە هەموو دیوە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکانییەوە بخەینە بەر باس، دەبێ بەسەر ڕەهەندی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و تەنانەت سایکۆلۆژی جیا جیادا بکرێینەوە. هیچ توێژەرێک هێزی ئەوەی نابێت بە تەنیا لە ڕەهەندە سیاسییەکەیەوە ماف بە ڕووداوێکی گرنگی لە چەشنی ڕاپەڕین بدات، هیچ نووسین و گێڕانەوەیەکیش توانای تێپەڕاندنی حیکایەتی نازانستی نابێت، ئەگەر نووسینەوەی حیکایەتە جیاوازەکان لەبەردەم بابەتیبوون و هەڵسەنگاندن و ڕەخنەی بابەتیدا ڕاماننەگرێت.
ئێمەی کورد، لە شاخ و بەر لە ڕاپەڕین، بە درێژایی سی ساڵی ڕابردووش لە شاردا، بەردەوامین لە دابەشکارییەکی کوشندەی ڕووداو، دەیان چیرۆکی هاوبەشمان پارچە پارچە کردووە، دەیان حیکایەتی سەرکەوتن و تراژیدی هاوبەشمان هەیە، بەڵام مێژوویەکی زانستی هاوبەشمان نییە. شتێک دەنووسینەوە بە ناوی مێژوو، بەڵام لە ڕاستیدا بەشێکی گەورەی ئەوەی دەینووسینەوە مێژوو نییە، بەڵکو دووبارەکردنەوەی بێ پرسیاری ڕەخنەیی ئەوانیدی، ڕازیکردنی دەرەوەی خۆمان و کۆمەڵێک چیرۆک و گێڕانەوەی نازانستییە. ئەگەر بڕیار بێت مێژوو بنووسینەوە، ئەگەر بڕیار بێت قسەیەکمان لەبارەی ڕاپەڕین وەک ڕووداوێک هەبێت، دەبێت بەر لەوەی ستایش دامانپۆشێت، ئاوڕێک بەسەر زانستدا بدەینەوە و ئەو ڕاستییە فەرامۆش نەکەین، ئەوەی دەتوانێت ئێمە و دونیاش بگۆڕێت زانستە، نەک ستایش و زمانی ستایشی.
زیادتر لە سی ساڵە ناوەندەکانی دەسەڵاتی حیزبی لە کوردستان یادی ڕاپەڕین پیرۆز دەکەن، بەڵام هیچیان توانای تێپەڕاندنی سنورە تابۆکراوەکان و پیرۆزییەکانی حیزبییان نەبووە، هیچیان ئامادەیی ئەوەیان تێدا نەبووە ئەم یادە لە ماڵی ڕزیو و داخراوی حیزب ئازاد بکەن و لەبری ڕەنگکردنی بە ڕەنگی حیزب، بیگۆڕن بۆ مانا ڕاستەقینەکەی خۆی، بۆ ڕۆژێک بۆ نیشتیمان.