بەشی دوەم
ئەمریکاو ئێران لەبەردەم پرسی تەوافوق لە عیراقدا
دوای پرۆسەی ئازادی، پرسی هەوڵدان بۆ بەیەکەوە ژیان و رێکخستنەوەی ژیانی سیاسی لە عیراق، بو بە بەشێکی گرنگ لە گوتاری نە تەنها ئەمریکا و ئێران، بەڵکو تەواوی نوخبەی سیاسی و دینی عیراقیش. لە ئاستی تیۆری و گوتاردا، هەموان لە خەمی دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی سیاسی و بەڕێوەبردندا بون تا بتوانن کۆی پێکهاتە و تائیفە جیاوازەکانی عیراق بە پاراستنی مافەکانیانەوە لە ناودا جێگە بکەنەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی جەوهەری گوتارەکە، لە تیۆرەوە نەبو بە پراکتیک، یان نەیدەتوانی گوزارشت لەو رۆحی ڕق و تۆڵە شاراوەیە بکات، کە لە ناوەوەی بەشێکی گرنگ لە نوخبەی سیاسی و دینی، لە ناخی بەشێک لە پێکهاتە و تائیفەکانی عیراق بە نهێنی بە دوای شمشێری خوێناوی مێژودا دەگەڕا، یان هەر لە بنەڕەتدا خودی گوتارەکە بۆ خۆئامادەکردن و گەڕان بە دوای باشترین دەرفەت و پشتیوانییەوە بو بۆ تۆڵەکردنەوە، ئیدی سەرەنجام کۆی ناکۆکییەکان، تەواوی بەریەککەوتنەکان، بەریەککەوتنی ئەمریکا و ئێران، گروپە چەکدارو میلیشیا عیراقییەکان لەگەڵ ئەمریکا، سوننە و شیعە، بەغدا و هەولێر، بەریەککەوتنی بەرژەوەندی و ئەجێندای سیاسی وڵاتانی کەنداو و تورکیا لە ڕێی پشتیوانیان بۆ سوننە و تورکمان و تەنانەت گروپە ئایدیۆلۆژییە توندڕەوەکانیش، لەگەڵ ئێران، هەمو ئەمانە یەک شت خۆراکی پێدەبەخشین و بەردەوام وزەی نوێی پێدەدان، ئەویش ئەو گیانی ڕق و تۆڵە مێژوییە بو، کە لە رۆحی نوخبەی سیاسی و دینی عیراقیدا زیندو دەژیا. ئەم ڕقە مێژوییە لە دورترین گۆشەکانی دونیاشدا بە دوای کۆمەک و پشتیوانی تازەدا دەگەڕا، کۆمەک و پشتیوانی بۆ بەهێزکردنی پایە و بنەماکانی دەوڵەت نا، بۆ دروستکردنی دامەزراوەی نیشتیمانی نا، بەڵکو بۆ بەهێزکردنی گروپێکی تائیفی لەسەر حیسابی گروپێکی دی، بە ئامانجی بێهێزکردن، تەنانەت پاکتاوکردنی نەیارە مێژوییەکانیش.
سەرەنجام هەموان خەریکی ئامادەکاری بۆ بەریەککەوتن و سەرکەوتن بەسەر ئەویدیکەدا بون، هەموان خەریکی تیژکردنەوەی نوکی شمشێرەکانیان بون تا تۆڵەی مێژویی خۆیان لە گروپ و کەرتەکانی دیکە وەرگرنەوە، کەس خەمی سەقامگیری عیراقی بۆ عیراقییەکان نەبو، کەس بە دوای دامەزراندنەوە و دروستکردنەوەی دەوڵەت لەسەر بنەڕەتی دەوڵەتی هاوڵاتی و پرەنسیپی هاونیشتیمانیبون نەبو، هەموان سەقامگیری و ئارامی وڵاتیان لە دەرکردنی نەیارەکانیان لە پرۆسەی سیاسی، یان لانیکەم لە لاوازکردنی ئەویدیکەدا دەبینی. هەموان لە دۆخی دروستبونی مەترسی بۆ سەر جۆری بیرکردنەوە و نەخشە و پلانی ستراتیژی و سیاسییان لە عیراق، بێ هیچ دودڵییەک ئامادەبون هەر رێگە و شێوازێکی نادیموکراتی و دژ بە پرەنسیپ و بەهاکانی مافی مرۆڤ بگرنەبەر. کورت و پوخت، کتێبی (میر)ی مەکیاڤیللی لەسەر مێزی کۆی سیاسی و سیاسییە دینییەکانی عیراق، نە تەنها زیندو دەژیا، بەڵکو قسەی لەگەڵ ناخی پڕ لە تاریکی هەموان دەکرد.
ئەمریکا لە دیدی تایبەتی خۆی و بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە، جوڵەی سیاسی، دیپلۆماسی و سەربازی لە گۆڕەپانەکەدا دەکرد. ئێران، تورکیا، وڵاتانی کەنداو و کۆی تائیفە و نەتەوە و هێزە سیاسییەکانی ناوەوەی عیراقیش بە هەمانشێوە سەیری یارییە سیاسییەکەیان دەکرد. ئیدی عیراق بە تەنها گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی مێژویی نێوان تائیفە و خانە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی ناوەوەی وڵاتەکە نەبو، بەڵکو مەیدانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش بو. واتە جوگرافیایەک بە کۆی ناکۆکییە مێژوییەکانییەوە کەوتەوە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی تازەوە، تاقیکردنەوەیەک کۆی لایەنە عیراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان تیایدا بە دوای سەرخستنی مۆدێلی بەڕێوەبردن و سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دڵخوازی خۆیاندا دەگەڕان، هەموان خەمی نوسینەوەی سەرکەوتنی خۆیان بو، نەک دەوڵەت و گەلانی عیراق، چونکە هەر لە بنچینەدا پرەنسیپی ناسنامەی عیراقیبون و نیشتیمانیبون نەبوە بەشێک لە کاری سیاسی هیچ یەکێک لە لایەنە ناکۆکەکانی ناوەوە و دەرەوەی عیراق. ئەمریکا ئەجێندای تایبەتی خۆی هەبو، سەرکەوتن بۆ ئەو بریتیبو لە سەپاندنی دیموکراسییەت لە رێی هێزەوە، گەمارۆدان و خنکاندنی زیاتری ئێران لە ڕێی جوگرافیای عیراقەوە. دیموکراسییەت لە وڵاتێکدا، کە خاوەنی تاکە هێزێکی سیاسی دیموکرات نییە، هێزێکی سیاسی لە عیراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە نادۆزیتەوە بە کردەوە کار بۆ پەروەردەی سیاسی و دیموکراسی ئەندام و کادیرانی خۆیشی بکات، چجای ببنە هێزی پێشەنگ لە گەشەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و بەیەکەوە ژیان. ستراتیژی ئێران بریتیبو لە شکستپێهێنانی ئەجێندای ئەمریکی و هاوپەیمانەکانی، هەرچی زیاتر دورخستنەوەی مەترسییەکانی ئەمریکا لە سنورەکانی، وێڕای ڕەنگکردنی عیراق بە ڕەنگی ئایدیۆلۆژیای شیعەگەرێتی و فراوانکردنی هەڵمەتی سیاسەتی تەشەیوع، واتە گواستنەوەی ئایدیۆلۆژیای ژێر عەمامەی مەلا سیاسییەکانی تاران بۆ بەغدا و مسۆگەرکردنی دانیشتنی سێبەرە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکانی لەسەر کورسی دەسەڵات. ئەجێندای عەرەبی سوننە و تورکمانیش هەرچی زیاتر ڕو لە تورکیا و وڵاتانی کەنداو بو، تەنانەت تورکیا بە خەونی مێژویی میساقی میللییەوە، هەمیشە وەک بابەتێکی ستراتیژی سەیری پرسی چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوکی کردوە. پرسی ڕاپرسی لەم شارەدا، کە ماددەیەکی دەستورییە، سەبارەت بە تورکیا هێڵی سور بوە و (ئەحمەد داود ئۆغلو) بە ڕونی لە کتێبەکەیدا (العمق الاستراتیجی، موقع ترکیا ودورها فی الساحة الدولیة) ئەم مەترسی و دیدەی دەوڵەتی تورکیای سەبارەت بەم پرسە خستوەتەڕو. دۆخی کورد و هێزە سیاسییەکانی کوردیش هەر وەک مێژوی ڕابردو دابەشی سەر ئەجێندا و سیاسەتی پایتەختەکانی وڵاتانی دراوسێ، ئەنکەرە و تاران بوە.
دەوڵەتانی گەورەی دونیا، وڵاتانی ناوچەیی و کەنداو، خەریکی یاریکردن بەپێی ویستی سیاسی و ستراتیژی خۆیان بون، خەریکی هاوپەیمانی و بەشینەوەی چەک و پارە و تەنانەت دروستکردن و ناردنی گروپی چەکداریش بون بۆ ناو عیراق بە ئامانجی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان و سەرکەوتن بەسەر نەیارە مێژوییەکانیاندا. تەواوی ئەو ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەش لە ڕێی جوڵە بە کارتی سیاسی، تائیفی، مەزهەبی و نەتەوەیی لە ناو خاکی عیراقدا ئەنجام دەدرا. دەتوانین بڵێین، هیچ یەکێک لە لایەن و گروپەکانی ململانێ و ناکۆکی، چ لایەن و گروپەکانی ناوەوەی عیراق، چ لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، هەڵگری خەمی نیشتیمانی و دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی، سیاسی و کۆمەڵایەتی هاوبەش نەبون بۆ عیراق، هیچیان بە دوای چارەسەر و دۆزینەوەی ڕیشەی کێشە مێژویەکانی گەلانی عیراقەوە نەبون، بۆیە ئەوەی عیراق لە سەرەتای دروستبونییەوە بە دەستییەوە دەناڵێنێت، ئێستایش و دوای سەد ساڵ لەو مێژوە لە فۆرم و شێوەی دیکەدا بە دەست هەمان ئەو گرفت و ناکۆکییە مێژویی و کۆمەڵایەتییانەوە گیرۆدەیە، ئەوەیە کە کێشەی قوڵی لەگەڵ دیموکراسی، تێگەیشتن لە جیاوازی و دواتریش دیموکراسییەتی تەوافوقی هەیە، ناتوانێ چیتر بارمتەی مێژو نەبێت و تەپ و تۆزی ڕابردو بە خاتری بونیادنانی عیراقێکی ئارام بۆ هەموان، تێپەڕێنێت.
عیراقی دوای بەعس، لەسەر بنەمای تەوافوق بونیادنرایەوە، نە ئەمریکا و نە ئێران، نە نوخبەی سیاسی عیراقی و هێزە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە نەیانتوانی ئەم بنەمای تەوافوقە لە تیۆرەوە بگۆڕن بۆ بەشێک لە هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی پێکهاتە جیاوازەکانی عیراق، نە توانیان پرسی نیشتیمانیبون و ستراتیژی نیشتیمانی و کۆبونەوەی هەموان لە دەوری ناسنامەیەکی نیشتیمانی هاوبەشدا بکەنە پرسێکی دیموکراسی، ئەخلاقی، نیشتیمانی و هەموان لە یەک چوارچێوەی نیشتیمانیدا کۆبکاتەوە. ئەم بناغەی تەوافوقە لە دامەزراندنی ئەنجومەنی حوکمی عیراقەوە لە (١٢ تەمموزی ٢٠٠٣) دانرا و دواتریش لە کابینەکانی حوکمڕانیدا درێژەی پێدرا. بەڵام کۆی ئەزمونی نزیک بە بیست ساڵی رابردو، پەیامێکی کە ڕون و ئاشکرا بە هەموانی گەیاند، بریتیبو لەوەی پرسی دیموکراسییەتی تەوافوقی لە وڵاتێکی نادیموکرات و لە ژێر ڕەحمەتی هەڕەشەی بەردەوامی وڵاتانی ناوچەیی و گروپە چەکدارە نادەوڵەتییەکانی ناوەوە، هەرگیز ناتوانێت سەرکەوتو بێت. بۆیە ئێستا قسە لەبارەی فۆرمێکی دیکە و نمونەیەکی دیکەی دیموکراسی دەکرێت، تایبەت لەلایەن موقتەدا سەدر و گروپەکەیەوە، ئەویش دیموکراسییەتی زۆرینەی سیاسی، یان وەک سەدر ناوی ناوە "زۆرینەی نیشتیمانییە".