قسەیەک لەبارەی شێخی سیاسی

جه‌عفه‌ر عه‌لی
  2021-01-13     846

لەماوەی رابردودا، تەکیەی قادری کەسنەزانی لەشاری سلێمانی، قسەو باسی زۆری لەبارەوە کرا، زۆرترین سەردانی سیاسییەکان و چاوی سۆشیال-میدیا لەسەر شێخی نوێ، نەهرۆ کەسنەزانی بو.

ئەمڕۆ لەم تەکیەیەدا پیاوێکی هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا رێبەرو مورشیدی باڵای تەریقەتە. لە سەرۆک کۆمارەوە تا هاوسەرۆکانی یەکێتی سەردانی دەکەن، خۆیشی لە هەولێرو پیرمام لە جوڵەی سیاسیدایەو سەردانی خێزانی سیاسی بارزانی و دەسەڵاتی یەکەمی کوردستان دەکات.

لەبارەگای تەریقەتەوە لەسلێمانی پێشوازی لەمیوانەکانی دەکات، وەک پیاوی تەبایی، ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەیەکەوە ژیان و رێککەوتن، قسە بۆ ئامادەبوان دەکات، رێنوێنیان دەکات و مژدەیان پێدەدات. ئەو نایەوێ و پێناچێ بەوەش رازیبێت بەتەنیا وەک شێخێکی تەریقەت دەرکەوێ، بەڵکو گەرەکییەتی لەتونێڵی تەریقەتەوە بپەڕێتەوە بۆ ناو دونیای سیاسی. هەرچەندە  پێشتریش چوەتە ناو ململانێ و کێبڕکێی هەڵبژاردنی عێراق و ویستویەتی وەک لیستێکی پەرلەمانی و قەوارەیەکی سیاسی لەگۆڕەپانەکەدا وەک سیاسییەک دەرکەوێ و بناسرێت، بەڵام نە چانس یاوەری بو، نە کەشف و کەرامات فریای کەوت تا لەئامانجە سیاسییەکەی نزیکی بخاتەوە.

دوای مردنی شێخ محەمەدی باوکی و دانیشتنی لەسەر کورسی باڵای شێخی باوک و وەرگرتنی گۆچانەکەی، دەیەوێ بە رێگەیەکی خێراتر بە ئامانجە کۆنەکەی بگات. ئەمجارەیان وەک کەسی یەکەم و رێبەری باڵای تەریقەت، لەڕێی سودوەرگرتن لە سەرمایەی رەمزی دینییەوە دەیەوێت وەک یاریکەرو ژمارەیەکی سیاسی گەورەو حیساب بۆکراو، هەم لە مەیدانەکەدا دەرکەوێ، هەم بە ئامانج و خەونە سیاسی و شەخسییەکانی شاد بێت.

لەگەڵ دانیشتنی لەسەر کورسی باڵای تەریقەت، هەنگاوی یەکەمی بۆ ناو دونیای خەونە سیاسییەکانی لە رێی کردنەوەی دەرگای تەکیەی قادری کەسنەزانییەوە بۆ سیاسییەکانی سلێمانی و لەدەرگادانی سیاسییەکانی هەولێر دەستی پێکرد. وێڕای هەوڵدان بۆ نمایشی دەسەڵات و پێگەی جەماوەری، کاتێک لەبونی کەرەنتینەو قەدەغەی هاتوچۆدا، سنورەکانی پارێزبەندی تەندروستی و رێنماییەکانی خۆپارێزی حکومەت دەشکێنێ و لەبارەگاکەیەوە پێشوازی لەو موریدو دەروێشانە دەکات، کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەوەی هەرێمدا رویان لە تەکیەکەی دەکرد. 

سەردان و پێشوازییەکانی شێخی کوڕ، یان شێخی نوێ، بەتەنیا رواڵەتی و کۆمەڵایەتی نین، بەڵکو بەرگی سیاسەتیان پۆشیوەو هەوڵێکە بۆ بەکارهێنانی پێگەو کورسی دینی بۆ دانیشتن لەسەر کورسی سیاسەت. ئەم مۆدێلی ئاوێتەکردنی تەریقەت بە سیاسەت، نە بۆ ئێمە شتێکی تازەیە، نە بۆ گەلانی ناوچەکەو دونیا. تەریقەت و مەزهەب و دین، جگە لەکورد، لە تورکیا، سعودیە، لیبیا، جەزائیر، ئێران، ئیسرائیل، عێراق و تەنانەت لە ئەوروپاشدا، رۆڵی لەسیاسەت و ململانێی سیاسی و پێکهێنانی نەتەوەو بونیادنانی دەوڵەتیشدا بینیوە. ئەوەی شێخ نەهرۆ دەیکات، نە شتێکی تازەیە، نە ئەزمونێکی تاقینەکراوەیە. ئەگەر شتێکی نوێ لەم دونیابینییەی شێخ نەهرۆدا هەبێت، هەر ئەوەیە کە ئەزمونێکی کۆن لە دونیایەکی نوێدا تاقیدەکاتەوەو بە ئامرازو کەرەستەو عەقڵی رابردو، ئێستا دەخوێنێتەوە، تۆینبی گوتەنی، هەڵگرتنی شەرابێکی نوێ لە شوشەیەکی کۆندا، کە سەرەنجام دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە شەراب و شوشەکەش، چونکە شوشە کۆنەکە بەرگەی گەنینی شەرابە نوێکە ناگرێت و دەشکێت. بۆ ئەوەی شەراب و شوشەکەش پارێزراو بمێنن، دەبێ شەرابی نوێ لەشوشەی نوێدا هەڵبگیرێت. کۆمەڵگەو ژیانی نوێ، بە عەقڵ و فیکری نوێ مامەڵە بکرێت. ئەوەی شێخ نەهرۆ دەخوازێ لە دونیای سیاسی و کۆمەڵایەتیدا تاقیبکاتەوە، پارادۆکسی هەڵگرتنی شەرابە نوێکەیە لە شوشەی کۆندا.

سیاسەت بە کەشف و کەرامات، پێشنیازی مەراسیمی سازکردنی چلە، بە زنجیرو شیرو زەرگ لەخۆدان و توانەوە لەبونی خاڵقدا ناکرێت، سیاسەت نابێت قاچەکانمان لەسەر زەمینەوە بگوازێتەوە بۆ ئاسمان. سیاسەت، ئارێنت گوتەنی، واتە ئازادی. لەیاساو دیسپلین و پرەنسیپەکانی تەریقەت و دەروێشیشدا چەمانەوە هەیە، بەڵام ئازادی نا.

مرۆڤ کاتێک دەچێتە جیهانی دەروێشییەوە و حاڵ دەگرێت، وەک بونێک وجودی نامێنێ، کاتێکیش تۆ وەک بونێک بەرەو ونبون چویت، ئەو کات ئازادیشت دۆڕاندوە، بۆیە گەڕان بە دوای خەونە سیاسییەکان لە سەردەم و رۆژگارێکی نوێدا، بە کەرەستەو ئامرازی کۆن ناکرێت. دەتوانی بە رێگەی کۆن ئەڵقە بازنەییەکانی زیکری تەریقەت و دەروێشانە گەرم و بەتینتر بکەی، بەڵام ناتوانیت کۆمەڵگە ببەیتەوە، دەتوانی وابکەی ژمارەیەک، بگرە هەزاران لە موریدو پەیڕەوان و دەروێشەکانت بۆ دەست ماچکردن تا سەر ئەژنۆ بنوشتێنیتەوە، بەڵام ناتوانیت لە پێش کۆمەڵگەوە بڕۆیت.

ئەوەی شێخ نەهرۆ و هەر شێخێکی دیکە گرنگە بیزانێت، ئەوەیە کە ئەم کەرەستە کۆنانەی بەردەستیان بۆ بیناکردن و هێنانەدی خەون و ئامانجی تازە لە سەردەمێکی گۆڕاو و نوێدا، گونجاو نین. دونیای ئاڵۆزو پێشکەوتوی ئەمڕۆ بە کەشف و کەرامات و زیکرو حاڵی دەروێشانە ناخوێنرێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×