چیرۆکەکانی سلێمان ھەڵشۆیی!

جه‌عفه‌ر عه‌لی
  2020-12-22   

   سەرەتا دەمەوێ بڵێم، شتێک کە لە چیرۆک و کەیسی سلێماندا، بوونی نییە، ئەوەیە کە پێیدەڵێن ھەستکردن بە شۆک! واتە چیرۆکە راستەقینەکەی سلێمان، چیرۆکێک نییە لە بەردەم شۆکێکی گەورەدا رامانبگرێت. 
   ئێمە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆڤید ١٩دا لە بەردەم ئاماری ژمارەی توشبووان و مردووانی ئەمریکا و دۆخی ھەندێ لە وڵاتانی ئەوروپادا، شۆک دەبووین. دواتریش لە بەردەم توشبوونی بۆ نمونە ١٠ کەس و مردنی تەنیا یەک کەس لە ھەرێمی کوردستاندا بەم ڤایرۆسە، ھەر شۆک دەبووین. ئەم شۆک بوونە پەیوەندی بە نوێبوونی ڤایرۆسەکە و نەناسینی، ھەروەھا بە ژمارەکانەوە بوو، واتە کۆی پرۆسەکە: ڤایرۆسەکە، لوغزی بڵاوبوونەوەی، ژمارەی توشبووان و مردووان، لێکەوتە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی، مەترسییەکانی بۆ سەر ھەر یەکێکمان، سەرجەمیان کۆی سیستەمە سیاسییەکانی دونیا و مرۆڤایەتییان بە ئێمەشەوە توشی شۆکێکی گەورە کرد. 
   واتە شۆکبوون تا رادەیەکی زۆر پەیوەندی بە رووداو، فۆرمی رووداو، قەبارە و کاریگەری رووداوەوە ھەیە، کە تا چەند دەبێتە مایەی دروستبوون و پێشاندانی شتێکی تازە، لانیکەم لەمڕووەوە تازە، کە مرۆڤ لە ماوەی ژیانی خۆیدا رووداوی ھاوشێوە، یان نزیک لەوەی نەبینیبێت. 
   چیرۆکەکەی سلێمان، وەک باس دەکرێ، بریتییە لە سەودا و مامەڵە لە پێناوی بەدەستھێنانی قازانجدا. ئەگەر دیوێکی دیکەیشی ھەبێت، بریتییە لە فریودان و خەڵەتاندن لە نێو پرۆسەی سەودا و مامەڵەکەدا. بۆ ھەمووانیش ئەوە روونە، وەکچۆن لە مامەڵەدا قازانج بە ئامانج دەگیرێ، دەشێ زەرەریشی تیا بێت. لەوەی سلێمان ھەڵشۆییدا ھەمووان زەرەرمەندن، ھەم لایەنی یەکەم، کە سلێمان ھەڵشۆییە و لایەنە سەرەکییەکەیە، ھەم لایەنی دووەم، کە کۆی ئەو ھاوڵاتیانەن بە خواستی خۆیان و بەبێ زۆرلێکردن چوونەتە ناو مامەڵە لەگەڵ سلێماندا و ئامانجیشیان بەدەستھێنانی قازانج بووە. واتە لەم بابەتەدا، وەکچۆن شۆکبوون نییە، ستەم و زۆریش بوونی نییە. 
   ئێمە لە چیرۆکی سلێماندا لەبەردەم شۆکێکدا نین، چونکە نە سەرەتای چیرۆکێکی نوێیە و نە کۆتا چیرۆکی لەمجۆرەش دەبێت. لە کوردستاندا، دەیان چیرۆکی وەک چیرۆکەکەی سلێمان، یان ھاوشێوەی ئەم چیرۆکە لە چەق و سەنتەری شارە گەورەکاندا روویانداوە، بەڵام ھیچیان بە ئەندازەی ئەم دواچیرۆکە نەیخستینە بەردەم شۆکی ساختە و نێگەتیڤەوە، شۆکێک، نە لە جێگەی خۆیدایە و نە دیوێکی پۆزەتیڤی ھەیە. 
   چیرۆکی سلێمان، خەڵکی کوردستانی بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە، کردۆتە بەشێک لە رووداوێکی پەراوێزی و بینراو، دەیان فرسەخ لە جەوھەری خۆمان و لە کێشە بنەڕەتییەکانمان دووریخستینەوە. لەوەدا میدیا و سۆشیال میدیاش، تایبەت ئەوانەی موڵکی حیزب و دەسەڵاتن، بەشێوەیەکی مەبەستدار و بەرنامە بۆ داڕێژراو، رۆڵێکی تەواو نێگەتیڤییان لە پەخشکردن و بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکەدا بینیوە. چیرۆکەکەیان لەوە دەرکردووە بە تەنیا وەک ھەواڵێکی میدیایی مامەڵە بکرێت، کردوویانە بە کەرەستەیەکی گەورەی میدیایی و بۆ مەبەستی شاراوەی خۆیان وەبەرھێنانی تێدا دەکەن. ئەمەو وێڕای بوونی دەیان کەیسی گەورە و ئابڕووبەرانە، کە بە بەرچاوی خودی ئەم میدیا حیزبی و شەخسییانەوە روویانداوە، بەڵام لە رووبەری میدیایی ئەواندا، بەھای ئەوەی نابێ جێگەی ھەواڵێکی ناسەرەکیش داگیربکات، ئەوە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، دەیان رووداوی لە شێوەی ئەوەی سلێمان و بگرە گەورەتریش لە کوردستاندا روویانداوە، بەڵام بۆچی ئەوەی سلێمان بەم ئەندازەیە دەبێتە جێگە بایەخ و بەو خێراییە بڵاودەبێتەوە. ئایا ئەمە پەیوەندی بە دۆخی سیاسی و ئابوری ھەرێمەوە ھەیە، یان ھۆی شاراوە و نەبینراو لە پشتی ئەم مامەڵە میدیاییەدا ھەیە و تا ئێستا ئاشکرا روخساریان دەرنەکەوتووە. 
   نایشارمەوە ئەوەی لەم چیرۆکەی سلێماندا، منی خستە بەردەم شۆکبوونەوە، ئەم بایەخ پێدانە و گەورەکردنی قەبارەی چیرۆکەکەیە. ئەمڕۆ بەشێکی گرنگی خەڵکی ئێمە لە نەخوێندەوارەوە تا سەنتەری زانکۆکان، خەریکی یەک فۆرم و یەک جۆر لە بیرکردنەوە و روانینن، ئەویش بریتییە لە چیرۆکەکەی سلێمان ھەڵشۆیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
بۆ وەزیری پەروەردە بەڕێز ئالان حەمەسەعید: سەیری ئەم هەڵە زۆر زەقەی کتێبە تازەکەی زانستی پۆلی شەشی بنەڕەتی بکە
بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ئه‌مریكا سزای گوله‌بارانكردنی كه‌سێك به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ په‌خش ده‌كرێت
وتاربێژی نوێژی هەینی نەجەف داوا لە حکومەتی عێراق دەکات مووچەی فەرمانبەران بە دۆلار دابەش بکات
پارێزگاری حه‌سه‌كه‌ داوا له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كات خۆیان له‌ توندوتیژی به‌دوربگرن
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی بڕیارێكی زه‌یدی ده‌كات
لە گرژییەكانی شاری حەسەكەدا ژمارەیەك هاووڵاتیی كورد بریندار بوون
ناڤی پیلای، ژنه‌ دادوه‌ری ئه‌فریقای باشور خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2026 بەدەستهێنا
"شەپۆلێکی باران و هەورە بروسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە"
جێگری وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا: هیوادارم گوشاره‌ ئابورییه‌كانمان ببنه‌ مایه‌ی روخانی رژێمی ئێران
ئابووریناسێک هۆشداری دەدات: خەرجکردنی مووچە بە دۆلار سیستمی کاش و سەربەخۆیی نەقدی عێراق تێکدەدات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×