هەم ئاغا زەلیل، هەم کۆیلە
جهعفهر عهلی
2019-06-20   1614
(١)
شەڕی هەموو حیزبە سیاسیەکانی کوردستان، کارکردنە بە ئاراستەی هەمان ئەو رستە پڕ بەهایەی، کە جۆرج ئۆروێل لەرۆمانی ١٩٨٤دا نوسیوویەتی:
"خەڵک لە ماهیەت و بوونی خۆیان بەتاڵ بکرێنەوە، بەسەر خۆیاندا سەربکەون و رێبەری گەورەیان خۆش بوێت".
ئێستا بەشێکی گرنگی شەڕەکە رێک ئەوەیە:
"چۆن میللەتێک لە بوون و ماهیەتی خۆی بەتاڵ دەکەیتەوە، چۆن رازیکردن بە ملکەچی و، چەمانەوە لە بەرپێی سەرۆکی زیندوو، چەند سەرسەرییەکی دەسەڵاتدار، دەکەیتە ستراتیژ، چۆن حەشاماتێک، ئاپۆرایەک لە خەڵک، لە ژێر گوشار، یان بە خواستی خۆیان و بە هۆکاری لە ناوەوە وێرانبوونیان، لە وێنەی ئەڵقەی زیکری دەروێشیدا، بە دەوری مەزاری سەرۆکی لە دونیا دەرچوو دەخولێنیتەوە".
گەورەترین ئامانجی حیزبی سیاسی لە کوردستان، پرۆسەیەکە، کە من ناوی دەنێم، (پرۆسەی لە خودخستن)، کە بریتییە لە پرۆسەی داماڵینی مرۆڤ لە بەها مرۆییە راستەقینەکانی، لە بوون و ئازادی خۆی. تا ئەم پرۆسەیە بێ کێشەتر بچێتە پێش، مەترسی لە خودخستنی ئەوانیدیش، گەورەتر دەبێ. ئەمە پرۆسەیە، پرۆسەی کاڵکردنەوەو نەهێشتنی پرسیار، پرۆسەی لە کارخستنی بیرکردنەوە، پرۆسەی نەزۆککردنی رەخنەی جدیی و بیرکردنەوەی رەخنەیی. پرۆسەیەکە لە هەوڵی دروستکردنەوەی دونیای دەرەوەی خۆیدایە، لە وێنەی خۆی، لە هەوڵی وەکیەککردن و چوونیەککردندایە، چوونیەکی لە فۆرمی لە (منچوون)، لە (تۆچوون)، لە (ئەوچوون)، پرۆسەی لە هەموو شتچوون، لە خۆت نەبێ، پرۆسەی داماڵین و رووتکردنەوە.
ئەگەر حیزب بەم هەموو بەتاڵییەی خۆیەوە، بەم هەموو غیابی مەعریفەوە، بەم هەموو شەق و شڕی و لەرزۆکییەی کە تێیدا دەژی، لە رێی بەتاڵکردنەوەی هەرچی زیاتری ئەوانیدی، خەریکی سەرخستن و چەسپاندنی پرۆسەی بە پیرۆزکردنی حیزب، بنەماڵە، خێزانی سیاسی، سەرۆک بێت، ئێمەیش بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پشتی ئەم بەتاڵییە سیاسی و مەعریفییە کوشندەیە وەستاوینەتەوەو، خەریکی کۆمەککردن بە بەهێزکردنی پێگە و ماناکانی ئەم پیرۆزیانەین. کاتێکیش پیرۆزییەکان دەبنە بەشێکی گرنگ و سەرەکی بیرکردنەوەو روانینمان، ئیدی شتێک نامێنێ بە ناوی بوون و شوناسێکی ئازاد، بە ناوی رەخنە و بیرکردنەوەی رەخنەیی، چونکە لە بنەڕەتدا ئێمە لەبەردەم پیرۆزییەکدا وەستاوین، تا ئاستی لە دەستدانی هۆشیاری و بیرکردنەوەمان، سەرسامی بوونەوەرێک، سیمبولێکین، لە نێو بازنەی تەقدیسدا، بوونەوەرێک، کە ئەگەر سەرتاپای نغرۆی پۆخڵی و ناشیرینی بێت، هێشتا توانای بینینی گەردێک لەم پۆخڵی و ناشیرینییەمان نابێت، لەبەر ئەوەنا کە نابینین، "دەبینین بەڵام کوێرین"، ترسناکترین کەسانێکیش، ساراماگۆ گووتەنی: " ئەوانەن، کە دەبینن، بەڵام کوێرن".
(٢)
ساڵانی رابردوو، کاتێک کەس و کاری قوتابی بۆ هەواڵپرسی منداڵەکەیان سەردانی قوتابخانەیان دەکرد، ئەم قسە قۆڕەیان بە ستافی ئیداری و مامۆستاکانی قوتابخانە دەگووت: "گۆشتی بۆ ئێوە و ئێسقانی بۆ ئێمە". هەر بە راستیش ئەوسا قوتابخانە لە قەسابخانە و ئێستایش لە زیندانێکی موحتەرەم دەچێت. حیزبی کوردی لەم قسە بێمانایەی ئەوساشی تێپەڕاندووە، چونکە حیزب: "بە تەنها قەپگرتن لە گۆشتەکە وازناهێنێ، خەریکی شکاندنی ئێسقانەکەشە".
ئەم پرۆسە ترسناکە لە کوردستان، بە هەموو هێزییەوە خەریکی خوڵقاندنی دونیایەکە، کە هەموو شتێک تیایدا بە رەهایی بەپێی دونیابینی سیاسییەک، گروپێک، حیزبێک، دابەش دەکرێت، دونیایەک ئەگەر لە سنور و بازنەی دابەشکارییەکانی (من)دا بێدەنگ و ئاقڵ دانەنیشی، مسۆگەر شەیتانێکی مەلعونی.
لەم دونیا تاریک و داخراوەدا، جگە لە (من و تۆ، ئێمەو ئەوان، سپی و رەش، روناکی و تاریکی، بەهەشتی و شەیتانی...)، دونیایەکی دی، بوونێکی دی، رووبەرێکی دیکە بۆ بوون و ژیان و بیرکردنەوە، بوونی نییە. یان لەگەڵ منی و لە ناو دونیای پاکی و بێگەردی و روناکی و بەهەشتیدایت، یان لە دەرەوەی بازنە موقەدەسەکەی مندا بوونێکی شەیتانیت و لە ناو جیهانی تاریکی و دۆزەخیدا، مەشقی بێبەهاکردنی هەموو شتێک دەکەیت. روونیشە ئەم دابەشکارییە بەرەو کام ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتی پەلکێشمان دەکات، ئامانج هەمان رستەکەی ئۆروێلە، " لەماهیەتی خۆمان بەتاڵ بکرێینەوەو رێبەری گەورەمان خۆش بوێت".
خۆشویستن و چەمانەوەش لەبەردەم رێبەری پیرۆزدا پەیوەست نییە بە بوون و ئامادەیی فیزیکیانەی ئەو لە ژیاندا، بەڵکو پەیوەستە بە بوون و ئامادەیی رەمزی و سیمبولیانەی ئەو لە نێو رۆحی هەر یەکێکماندا. لێرەوە گرنگ ئەوە نییە، رێبەری گەورە ئامادەیی فیزیکی دەبێ یان نا، گرنگ ئەوەیە ئەو پرۆسەیەی لە نێو دونیای سیاسی و سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژییەوە خەریکی دروستکردنەوەمانە، ئامادەی کردووین بۆ ئەمجۆرە لە پیرۆزکردن و خۆشەویستییە، خۆشەویستییەک کە لە دەرەوەی ژیان و تەمەن و ئامادەیی فیزیکیدایە، خۆشەویستی لە ژیان و دوای دەرچوون لە ژیان، خۆشەویستی و پیرۆزی ئەبەدی.
هەمووان بە دەیان پاساوی بێمانا و ناعەقڵانی، خەریکی کۆمەککردن بەم پرۆسەیەین، خەریکی کارکردن لە شێواندن و هەڵوەشاندنەوەی زیاتری خۆمان و دروستکردنی منێکی زەلیل، تۆیەکی زەلیل، ئەوێکی زەلیلداین، سەرەنجامیش کۆمەڵگە و میللەتێکی زەلیل. هەم ئاغا زەلیل، هەم کۆیلە.