ئەی لەئێستا بەدوا بەچی موچە ئەدەن؟

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2020-10-05     714
دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە چەند ساڵە نەیانتوانییەوە ژێر خانێکی ئابووری باش بنیات بنێن بۆ کوردوستان، وەک ئەوەی تەنها بۆ گیرفان پرکدن و بەرێکردن بێت هەر یەکیان هاتە سەر تەختی دەسەڵات خۆی پێ قەبەترو گەورەتر کرد، لەسەرەتای دروستبوونی حکومەتی هەرێمەوە دامو دەزگایەکی حیزبی گەورە خنرایە نێو جومگەکانی دەسەڵاتەوە، بێ بەرنامەی لە بەرێوەبردن حیز حیزبێنەوە و خزم خزمێنەوە بەرژەوەندی خوازی بووە بناغەی ئەم حکومەتە، دامەزراندنی بەلێشاو کارێکی وای کرد هەموو سێکتەرەکانی ژیانی ئیفلیج کرد لەکوردوستان، ئەوەی زەوی هەبوو دەیکێڵا هێنایان کردیانە پێشمەرگە و زەویەکەیان کردە فیلا بۆ رابواردنی شەوانیان، ئەوەی ناوی کارگە بوو وێرانکرا و ئاودیو کرا ، هەر لە سەرەتاوە وەک بێگانە لە کوردوستانیان روانی تا بەم رۆژەیان گەیاند.

ئەوەی رۆشت گوزەشت، ئێستا دەبێت چی بکەین بۆ داهاتو؟ هەموو میللەتانی جیهانی لەبیری ئایندەدان بۆ نەوەکا نیان،  ئەوە تەنها کوردە لەبێبەرنامەی و بێ پلانی خۆی سەرقاڵ کردووە بەمێژووەوە، کام مێژووش دەگێرنەوە ئەوەی روی راستەقیەنەیان بۆ خەڵک بەیان دەکات و تێمان دەگەیەنێت ئەمانە ئەمە بوون بۆ ئێستاش ئاوان.

دەبێت چەند  پرسیارێک لەدەسەڵاتداران بکرێت، تا کەی پشت بەبەغداد دەبەستن بۆ پێدانی مووچە؟ تا کەی نەوت تاکە سەرچاوە بێت بۆ داهات؟ تا کەی حکومەت سەرقاڵی گیرفان پرکردنی حیزبەکان بێت و خۆی هەر لەئیفلاسیدا بیخولێنێتەوە؟ ئایا سەرۆکی کابینەکان چۆن لەحکومرانی دەروانن کە بەو شێوەیە دەیبەن بەرێوە، گریمان پارەی بەغداد نەما چی دەکەن؟ گریمان نەوت زیاتر هاتە خوارەوە چی دەکەن؟ ئەوەی دەمێنێتەو دەیبەن و خەڵک دەدەنە دەست قەدەر یا پێکەوە خۆتان دەخنکێنن لەگەڵ میللەتا؟ 

حوکمرانی بەمشێوەی ئێستا داهاتوی ترسناکتر دروست دەکات، وێرانی زیاتر دەخوڵقێنێت، دەی ئێمە وامان بیستوە (کوردایەتی‌و مەردایەتی) دەبێت کەی ئەمە ببینین لەم حوکمرانانە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×