ئەشق لە ژووری هاوسەرگیریدا، سنووری مەعریفەی تەڵعەت تاهیری دیاریكرد

فوئاد سدیق
  2026-11-02   

  لە سەردەمی شاشەدا، پێوەندیی نێوان نووسەر و حەقیقەت بە شێوەیەکی بێدەنگ پێچەوانەبۆتەوە. نووسەر پێشتر دەینووسی بۆ ئەوەی شتێک بزانێت و شتێكیش ببەخشێت، ئێستا زۆرجار دەنووسێت بۆ ئەوەی ببینرێت. گی دیبۆر ساڵی ١٩٦٧ لە (کۆمەڵگای نمایش)دا، كە هێشتا هیچ شاشەیەک نەكەوتبووە گیرفانی هیچ كەسێكەوە، ئەم پێچەوانەبوونەوەی پێشبینی کرد. بە بۆچوونی ئەو، هەرچی پێشتر ڕاستەوخۆ دەژیا، بۆتە نوێنەرایەتی و وێنە. ژیانی کۆمەڵایەتی سەرەتا لە بوونەوە خزییە ناو هەبوون، ئینجا لە هەبوونەوە خزییە ناو دەرکەوتن. ئەوەی ئێمە بە زمانی ڕۆژانە پێی دەڵێین (خۆدەرخستن)، لای دیبۆر ناوی نمایشە. نمایش پێوەندییەکی کۆمەڵایەتییە وێنە نێوەندگیریی تێدا دەکات. لەو پێوەندییەدا بەهای وتە بە ڕاستییەکەی ناپێورێت، بە ژمارەی ئەو چاوانە دەپێورێت کە دەیبینن.

  ئەم دیاردەیە ڕیشەیەکی کۆنتری هەیە. ئەفلاتوون لە (سۆفیست)دا جیاوازیی کرد لە نێوان فەیلەسووف کە بەدوای حەقیقەتدا دەگەڕێت و سۆفیست کە ڕواڵەتی زانین دەفرۆشێت. ئەوەی سۆفیست دەیفرۆشێت مەعریفە نییە، گومانە (دۆکسا)، کە بە جلوبەرگی مەعریفەوە دەردەکەوێت(ئێستاش لەو زەمەنی پووچییەدا دەبینین، دەیان كەس، پرچێكی درێژو ریشێكی پان و سمێڵێكی عەنتیكە بەردەدەنەوە تا خەڵك بە رۆشنبیرو فەیلەسووفیان بزانێ!!). هایدیگەریش لە (بوون و زەمەن)دا ئەم حاڵەتەی بە (قسەی بێبنەما) (Gerede) ناساند، ئەو قسەیەی وا دەزانێت هەموو شتێک تێدەگات، بێ ئەوەی هیچ شتێکی کردبێتە هی خۆی. قسەی بێبنەما لە دەمێکەوە بۆ دەمێکی تر دەگوازرێتەوە و، هێزەکەی لە دووبارەبوونەوە وەردەگرێت، نەک لە ڕاستییەکەیەوە. جیاوازیی بنەڕەتیی نێوان مەعریفە و نمایش لە پێوەندییاندایە بە زەمەنەوە. مەعریفە پێویستی بە هێواشی و تەنیایی و ئامادەیی بۆ هەڵەکردنە. نمایش پێویستی بە خێرایی و چەپڵەیە و، لە هەمووی گرنگتر، پێویستی بەوەیە بەردەوام لە خۆدەرخستندا بێت. لێرەدا ڕازی ئەو ڕووخانانە ئاشکرا دەبێت کە دواجار تووشی خاوەنانی نمایش دەبن. ئەو کەسەی لەسەر چەپڵە دەژی، ناتوانێت دان بە هەڵەدا بنێت، چونکە دانپێدانانی هەڵە بۆ ئەو تەنیا هەڵەیەکی مەعریفی نییە، لەدەستدانی بینەرەکانێتی. بەمشێوەیە نمایش لە ڕووی پێکهاتەوە ئەقڵی نوێ و بیركردنەوەی نوێ دادەخات و، دەیکاتە ئەو جۆرە فیكرەی پۆپەر بە مەترسیدارترینیانی دەزانی، فیكرەیەك کە ناتوانرێت بەدرۆ بخرێتەوە.

  ئەم پێشەكییەی من بۆ خەڵکی ئاسایی نابێتە تۆمەت،چونكە هیچ پێویست ناكات هەموو کۆمەڵگا خەریکی لێکۆڵینەوەی مەعریفی بێت و، سۆز و عاتیفە بەشێکی ڕەوای ژیانی مرۆڤن. تاوانەکە لای ئەو کەسەیە کە دەزانێت ئاستی مەعریفیی بینەرەکەی لاوازە و، لەجیاتی بەرزکردنەوەی، دەیکاتە سەرمایەی خۆی. واتە سۆز لە ئامرازێکی پێوەندییەوە دەگۆڕێت بۆ کاڵایەک. ئەو حوکمانەی تەڵعەت تاهیر لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا لەبارەی ئەشق و هاوسەرگیرییەوە لە دەمی هاتە دەر. مەبەست کەسەکە نییە، مەبەست ئەو شێوازی بیرکردنەوەیە دۆگماو سەقەتەیە کە لەوێدا زۆر بە خراپی خۆی نمایش کرد.

  کارل پۆپەر لە شاکارەکەیدا (کۆمەڵگای کراوە و دوژمنانی)، ساڵی ١٩٤٥، نەیویست ئەفلاتوون و هیگڵ وەک دوو کەس بشکێنێت، بەڵکو ویستی ئەو شێوازی بیرکردنەوەیە هەڵبوەشێنێتەوە کە ڕای خۆی وەک یاسای ڕەهای مێژوو ڕادەگەیەنێت و، دەرگا لە ڕووی ئەگەری هەڵە دادەخات. پۆپەر نیشانی دا مەترسیدارترین هزر ئەو هزرە نییە کە هەڵەیە، بەڵکو ئەو هزرەیە کە بە جۆرێک داڕێژراوە هیچ بەڵگەیەک نەتوانێت هەڵەکەی ئاشکرا بکات. لەم نووسینەشدا بەندە هەمان بۆچوونم هەیەو، ڕووبەڕووی ئەو حوکمە بوومەتەوە کە لە ڕێگەی میدیاوە بە هەڵە و سەقەتی نەوەکانی ئەمڕۆمان پێ گۆش دەكەن، چونکە ئەگەر ئەم نەوەیە چەکداری میتۆدی زانستی نەبن، بەدەست ئەم برادەرانەی ئاشقی سۆشیال میدیان دەکەونە ناو هەڵەی گەورەی چەمکسازییەوە.

    تەڵعەت تاهیر لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا، کاتێک بێژەرەکە ئەو قسە باوەی وەبیر هێنایەوە کە ئەشق دوای هاوسەرگیری دەبێتە کڕینی تەماتە و پەتاتە، نەک هەر پشتگیریی کرد، بەڵکو سێ حوکمی ڕەهای لێ دروست کردو گوتی( هاوسەرگیری ئولفەتە نەک ئەشق، ئەشق تەنیا لە نەگەیشتندا دەبێتە داستان، لە سەرتاپای مێژووی بەشەرییەتدا یەک ڕۆمانی مەزن لەسەر پیرۆزیی ژن و مێردایەتی نییە). پاشان بە دەنگێکی تەحەدداوە گوتی(لە هەموو مێژووی بەشەرییەت یەک ڕۆمانم بۆ بهێنە، ڕۆمانێک خەڵاتی وەرگرتبێت، دوو ملیۆنی لێ فرۆشرابێت، بۆ ٢٠ تا ٣٠ زمان وەرگێڕدرابێت... نەبووە!).

   ئەم ڕستەیە فەرمانێکی گشتگیر بوو لەسەر هەموو کتێبخانەی مرۆڤایەتی و، قسەیەکی لەم جۆرە قەت قەت لە دەمی خوێنەرێکی وریا نایەتە دەر. ئەو ڕۆماننووسانەی خەڵاتی نۆبڵیشیان وەرگرتووە، نەیانتوانیوە و ناشتوانن هەموو ڕۆمانە کۆن و نوێیەکانی جیهان بخوێننەوە، کەچی كەسێك حوكمی وا  بدات مانای ئەوەیە بە درێژایی  3000 ساڵی رابردوو، هەموو رۆمان و ئەدەبیاتی جیهانی خوێندبێتەوە!!، ئەمەش لە موعجیزە موعجیزەترە، چونكە نەك لە توانای هیچ مرۆڤێك نییە، تەنانەت تا كاتی نووسینی ئەم نووسینە رەخنەییەم لە توانای ژیری دەستكردیش دا نییە هەموویانی خوێندبێتەوە. كەواتە بازدان بەسەر کتێبخانەکانی جیهاندا، لە ڕەخنەی زانستیدا نیشانەی مێشكێكی قەپات و داخراوە. پۆپەر پێمان دەڵێت حوکمی گشتگیر هەرگیز بە کۆکردنەوەی نموونە ناسەلمێنرێت، چونكە تەنیا بە یەک نموونەی پێچەوانە دەڕووخێت. هەزار قوی سپی ناتوانن بیسەلمێنن هەموو قوەکان سپین، بەڵام یەک قوی ڕەش بەسە بۆ ڕووخاندنی ئەو حوکمە.* ڕستەی (یەک ڕۆمانی مەزن لەسەر پیرۆزیی هاوسەرگیری نییە) لە ڕووی لۆژیکییەوە هەمان پێکهاتەی هەیە. کەواتە ئەرکی ئێمە هێنانەوەی سەد نموونە نییە، بەڵکو یەک نموونەیە. دواتر دەبینین کتێبخانە پڕە لە قوی ڕەش.

  كاك تەڵعەت خۆی هەستی بە لاوازیی حوکمەکەی کرد، بۆیە پێش ئەوەی هیچ نموونەیەک بێتە ئاراوە، مەرجی خەڵات و دوو ملیۆن دانە فرۆش و وەرگێڕان بۆ 30 زمانی زیاد کرد. لە شپرزەیی خۆیدا لەبیری کرد کە (لاس و غەزال) بۆ چەند زمان وەرگێڕدراوە و چەندی لێ فرۆشراوە!!. ئەم تێکەڵکردنە، تێکەڵکردنی بازاڕە بە حەقیقەت. ئەگەر ژمارەی فرۆش پێوەری ڕاستی بوایە، دەبوو ڕۆمانی سەرشەقام لە (ڕەخنەی ئەقڵی پەتی)ی کانت ڕاستتر بێت. (مەم و زین) و (لاس و غەزال)، کە بە نموونەی هێناوەتەوە، نە خەڵاتیان وەرگرتووە و نە بانگەشەی دوو ملیۆن فرۆشیان بۆ کراوە. ئەو پێوەرەی بۆ بەڵگەی بەرانبەر دادەنرێت، دەبێت بۆ بەڵگەی خۆیشی دابنرێت، ئەگینا ڕەخنە دەبێتە دادگایەک کە دادوەرەکەی خۆی تۆمەتبارە. ئەو چیرۆکانەی لەسەر زاری خەڵک دەمێننەوە، ئەوانەن کە گێڕانەوەیان ئاسانتر بووە، نەک ئەوانەی ڕاستتر و قووڵتر بوون. قووڵترین کەلێنیش لێرەدایە. ئەگەر هەر چیرۆکێکی ئەشقی هاوسەرگیری بهێنینەوە و ئەم برادەرە بڵێت ئەمە ئەشق نییە، ئولفەتە، ئەوا بابەتەکە لە دۆزینەوەیەکەوە بۆ پێناسەیەک دەگۆڕێت. ئەشق بە پێناسە دەکرێتە نەگەیشتن و، دواتر ڕادەگەیەنرێت کە لە گەیشتندا ئەشق نییە. ئەمە دووبارەکردنەوەیەکی بەتاڵە، نەک حەقیقەت. پۆپەر ئەم جۆرە هزرەی بە جەوهەرگەرایی ناساند، کە لە ئەفلاتوونەوە بە میرات ماوەتەوە، پرسیار دەکات جەوهەری ئەشق چییە و، بە فەرمان وەڵامی دەداتەوە.  هەر تیۆرێک هەموو شت لێک بداتەوە و هیچ شتێکیش نەتوانێت بیڕووخێنێت، دڵنیابە هیچ شتێک لێک ناداتەوە.

   ئەو وێناکردنەی ئەو برادەرە كە ئەشقی هاوسەرگیری بە کڕینی تەماتە و پەتاتە وەک نەفرەتێک دەناسێنێت، تەسلیمبوونە بە ڕۆمانسیزمێکی ڕووکەش و دۆڕاو کە توانای بینینی پیرۆزی لەناو سادەییدا لەدەست داوە. ڕۆمانی مەزن ئەو ڕۆمانە نییە کە تەنیا لە جەستەی خوێناوی و سنوورە داخراوەکاندا هەناسە بدات. ڕۆمانی مەزن ئەو دەقەیە بتوانێت شکۆی ڕۆحی مرۆڤ لەناو ژیانی هاوبەشدا بەرجەستە بکات، لە بەردەوامیدا، لە لێبووردەییدا، لە دروستکردنی جیهانێک كە لەناو ماڵ دروستیبكات. ئەمە ڕێک ئەو قۆناخەیە کە کیەرکەگۆر پێیدەڵێت قۆناخی ئەخلاقی، ئەو شوێنەی ئەشق لە هەڵچوونێکی سەرەتاییەوە دەگۆڕێت بۆ بڕیار، بۆ مانەوە لەگەڵ ئەویتردا لەناو تاقیکردنەوەی ڕۆژانەدا.

  شاعیری سۆشیال میدیا  داوای یەک ڕۆمانی کرد. وەڵامەکە یەک ڕۆمان نییە، دەیان ڕۆمانە. یەک کتێب نییە، کتێبخانەیەکی تەواوە کە بە درێژایی  3000  ساڵی رابردوو، لە هەموو زمان و شارستانییەتێکدا، ئەشقی هاوسەرگیریی تێدا نووسراوەتەوە. لێرەدا ناوی هەندێك لەم بەرهەمانە ڕیز دەکەین، بەڵام بەهۆی درێژی نووسینەكەمەوە، ناتوانین ناوەرۆكی ئەم هەموو بەرهەمە گرانبەهایانە بخەینە روو، بۆیە ناوەرۆكی بەرهەمەكان بۆ خۆوێنەران و بۆ كاك تەڵعەت تاهیر جێ دەهێلم، مەگەر ناچارم بكەن، جارێكی دیكە دێمەوەو شیكارییەكی زانستییان بۆ دەكەم. زیاتر مەبەستم ئەوەیە خوێنەر خۆی ئەم بەرهەمانە بخوێنێتەوەو ئەوكات دەزانێت  ئەو حوکمەی ئەو برادەرە كە دەڵێت (نەبووە) لەسەر چ بۆشاییەکی خوێندنەوە وەستاوە!!.

   مرۆڤ هێشتا ڕۆمانی نەناسیبوو، ئەشقی هاوسەرگیریی کردبووە داستان. (ئۆدیسە)ی هۆمێرۆس سەرتاپای گەڕانەوەی پیاوێکە بۆ ژنەکەی. ئۆدیسیۆس نەمریی کالیپسۆ ڕەت دەکاتەوە و پێنێلۆپیی فانی هەڵدەبژێرێت، کە پیر دەبێت و دەمرێت، بەڵام ئەوی دەوێت. نیشانەی ناسینەوەی نهێنیی نێوانیشیان تەختێکە لە قەدی دارزەیتوونێکی زیندووی ڕەگداکوتاو داتاشراوە. ئیوریپیدیس لە (ئەلکێستیس)دا ژنێک نیشان دەدات کە لە جیاتی مێردەکەی بە پیری مەرگەوە دەچێت. ئۆڤید لە (مەسخەکان)دا ژن و مێردێکی پیر و هەژار، فیلێمۆن و باوکیس، دەکاتە دوو دار کە قەدیان تێکئاڵاوە. لە ڕۆژهەڵاتیش، ڤالمیکی (ڕامایانا)ی لەسەر وەفای ڕاما و سیتا بونیاد نا و، (مەهابهاراتا) چیرۆکی ساڤیتری دەگێڕێتەوە، ئەو ژنەی بە زیرەکی و خۆڕاگری گیانی مێردەکەی لە خوای مەرگ دەسەنێتەوە. لە کتێبە پیرۆزەکانیشدا (گۆرانیی گۆرانییەکان) و (کتێبی ڕووت) هەن. نیزامیی گەنجەوی لە (خوسرەو و شیرین)دا لووتکەی تراژیدیاکەی خستە دوای هاوسەرگیری، کاتێک شیرین لەسەر گۆڕی مێردەکەی گیان دەبەخشێت.

    كاكی برا یەک ڕۆمان نا، من دەیان ڕۆمانت بۆ دەهێنمەوە. (دەستگیرانەکان)ی ئەلێساندرۆ مانزۆنی، کە ئیتاڵییەکان بە گەورەترین ڕۆمانی زمانەکەیان دەزانن. (شانازی و پێشداوەری) و (ڕازیکردن)ی جەین ئۆستن، (جەین ئەیر)ی شارلۆت برۆنتێ، (دەیڤید کۆپەرفیڵد)ی چارلز دیکنز، (جەنگ و ئاشتی) و (ئانا کارێنینا) و (بەختەوەریی خێزان)ی تۆڵستۆی، (دوور لە قەرەباڵغیی شێتانە)ی تۆماس هاردی، (میدڵمارچ)ی جۆرج ئێلیۆت، کە ڕاپرسییەکی جیهانیی ڕەخنەگران ساڵی ٢٠١٥ بە گەورەترین ڕۆمانی بەریتانی هەڵیبژارد، (کریستین لاڤرانسداتەر)ی سیگرید ئوندسێت، براوەی نۆبڵی ١٩٢٨، (زەوییە باشەکە)ی پێرل باک، (شارۆچکەکەمان)ی تۆرنتۆن وایڵدەر،(گۆشەی ئارامی) و (پەڕینەوە بۆ ئاسایش)ی واڵاس ستێگنەر، (وانەکانی هەناسەدان)ی ئان تایلەر، (خۆشەویستی لە سەردەمی کۆلێرادا)ی گابریێل گارسیا مارکیز، (گیلیاد)ی مارلین ڕۆبنسن، (هانا کۆلتەر)ی وێندڵ بێری، (هاوناو)ی جوومپا لاهیری. لە ئەدەبی چینیشدا (شەش یادداشتی ژیانێکی سەرگەردان)ی شێن فو، کە یادەوەرینامەی ئەشقی خۆیەتی بۆ ژنەکەی، یوون.

   ئەوەی شارەزای ئەدەبیاتی جیهانی بێت، ئەم پۆلینكردنەی لا سەیر نابێت، بەڵام وەڵامێكی كەمەرشكێنن بۆ ئەو لێدوانەی تەڵعەت تاهیر. تۆڵستۆی لە کۆتایی (جەنگ و ئاشتی)دا، دوای هەموو ئەو جەنگ و ئاگر و مەرگە، شاکارە مەزنەکەی بە ماڵی ناتاشا و پیێر دادەخات. واتە گەورەترین ڕۆمانی ڕووسی لە ژووری هاوسەرگیریدا دەحەسێتەوە، نەک لە مەیدانی جەنگدا. هاردی لە (دوور لە قەرەباڵغیی شێتانە)دا ڕاشکاوانە دەڵێت ئەو ئەشقەی لە هاوڕێیەتی و ڕەنجی هاوبەشەوە دەڕوێت، تاکە ئەشقێکە بە قەد مەرگ بەهێز بێت. ئەمە ڕێک ئەو ئولفەتەیە کە کاک تەڵعەت بە نزم و بچووكی دەزانێت. شارلۆت برۆنتێش دوا بەشی (جەین ئەیر)ی بە ڕستەیەکی بەناوبانگ دەست پێ کرد (خوێنەر، شووم پێ کرد)، ئینجا دە ساڵ ژیانی هاوسەرگیری دەگێڕێتەوە و، بە تەواوترین بەختەوەریی چیرۆکەکەی دەزانێت.ئەمەی باسم كرد،سەرەتا ئەفسانەو ئینجا رۆمان بوون،ئەی شیعرو شانۆ؟!.(چیرۆکی زستان)ی شکسپیر، (چیرۆکی فرانکلین) لە (چیرۆکەکانی کانتەربەری)ی چۆسەر، (ئێپیسەلامیۆن)ی ئێدمۆند سپێنسەر، کە بۆ شەوی بووکێنیی خۆی نووسی، (بەهەشتی ونبوو)ی جۆن میلتۆن، کە لە بەرگی چوارەمدا ستایشی ئەشقی هاوسەرگیری دەکات، (ماڵئاوایی، قەدەغەکردنی شین)ی جۆن دەن، کە ئەشقی هاوسەرگیری بە دوو قاچی پەرگار دەچوێنێت و، قاچی جێگیر بە وەفاکەی بازنەکە تەواو دەکات، (بۆ مێردە ئازیز و خۆشەویستەکەم)ی ئان برادستریت، (جۆن ئەندەرسن، ئازیزەکەم)ی ڕۆبێرت بێرنز، شیعری ژنێکی پیر بۆ مێردە پیرەکەی، (یەڤگێنی ئۆنێگین)ی پوشکین. لووتکەی پوشکین پێچەوانەی لێدوانەكەی تەڵعەت ە، ئەو پیاوەی تاتیانا لە گەنجیدا شێتانە خۆشی دەویست، دوای ساڵانێک دەگەڕێتەوە و ئەشقی خۆی پێشکەش دەکات. تاتیانا دان بەوەدا دەنێت هێشتا خۆشی دەوێت، کەچی ڕەتی دەکاتەوە، ئێستا هی کەسێکی ترم و هەتاهەتایە بۆی وەفادار دەبم. پوشکین ئەشقی ناکامی لە بەرانبەر وەفای هاوسەرگیریدا دانا و، وەفای هەڵبژارد. ئەمەش  بەشێك بوون لە شیعرو شانۆ. ئێستا با بێینە سەر هزر و فەلسەفە.  (ئەخلاقی نیکۆماخۆس)ی ئەرستۆ، کە لە بەرگی هەشتەمدا پێوەندیی ژن و مێرد بە جۆرێک لە دۆستایەتیی باڵا دەناسێنێت، (لەبارەی هاوسەرگیرییەوە)ی مۆسۆنیۆس ڕووفۆسی ڕەواقی، (ئامۆژگارییەکانی هاوسەرگیری) و (گفتوگۆ لەبارەی ئەشقەوە)ی پلووتارک، (کتێبی ئادابی نیکاح) لە (إحیاء علوم الدین)ی غەزالی، (فەلسەفەی ماف)ی هیگڵ، کە هاوسەرگیری بە ئەشقی ئەخلاقیی هۆشیار دەناسێنێت و، دوو کەس ئازادیی خۆیان لە یەکێتییەکی بەرزتردا دەدۆزنەوە، نەک لەدەستی بدەن. سێ کتێبی کیەرکەگۆر، (یان ئەمە یان ئەوە)، بە تایبەتیش(ڕەوایی جوانیناسانەی هاوسەرگیری)، (قۆناخەکانی ڕێگای ژیان) و (کارەکانی ئەشق)، ئینجا (نامەکان بۆ شاعیرێکی گەنج)ی ڕاینەر ماریا ڕیلکەی شاعیر، (من و تۆ)ی مارتن بووبەر، (وەفای داهێنەرانە)ی گابریێل مارسێل، (وتاری بووکێنی لە زیندانەوە)ی دیتریش بۆنهۆفەر، (چوار ئەشقەکە) و (خەمێکی بینراو)ی سی. ئێس. لویس، (هونەری خۆشەویستی)ی ئێریک فرۆم، (گەڕان بەدوای بەختەوەریدا)ی ستانلی کاڤێڵ، (ستایشی ئەشق)ی ئالان بادیۆ.

    لەم کتێبخانە هزری و فەلسەفییەدا سێ وتە ئەوەندە ڕوونن هیچ پێویستیان بە لێکدانەوە نییە. دادوەر ڤیلهێلم، لە (یان ئەمە یان ئەوە)ی کیەرکەگۆردا، دەڵێت ئەشقی ڕۆمانسی تەنیا لە چرکەساتدا دەژی، بەڵام ئەشقی هاوسەرگیری مێژووی هەیە. هونەر بە ئاسانی ساتێک وێنا دەکات، بەڵام بەردەوامی بە قورسی وێنا دەکات. کەواتە ئەوەی ئەدەب کەمتر وێنای کردبێت، بەڵگەی کەمبەهایی نییە، بەڵگەی سنووری ئامرازەکانی ئەدەبە. بۆنهۆفەر لە زیندانی نازییەکانەوە، لە ڕۆژی بووکێنیی دوو هاوڕێیدا، بۆی نووسیبوون ئەشقی ئێوە ناسکە و لە ڕۆژە سەختەکاندا دەلەرزێت، بەڵام پەیمانی هاوسەرگیرییەکەتان وەک قەڵایەک دەیپارێزێت تا دووبارە گەش ببێتەوە. واتە هاوسەرگیری گۆڕی ئەشق نییە، قەڵای ئەشقە. ڕیلکەش هاوسەرگیریی باڵای بەوە ناساند کە هەریەک لە دوو هاوسەرەکە ببێتە پاسەوانی تەنیایی ئەویتر. ئەمە ئەشقێکە نە ئەویتر قووت دەدات و نە لێی دوور دەکەوێتەوە، ئاستێکە ئەشقی ناکام هەرگیز پێی ناگات، چونکە هەرگیز تاقی نەکراوەتەوە. زانستی دەماریش، لە توێژینەوەکانی ئەسێڤێدۆ و ئارۆندا، دەریخستووە ئەوەی لە پێوەندیی درێژخایەندا دادەبەزێت دڵەڕاوکێی سەرەتاییە، نەک ئەشق خۆی.

  لێرەوە  با بۆ ساتێک ئەو پێوەرە بازاڕییانە وەربگرین کە كاك تەڵعەت كردوویەتی بە سەنگی مەحەك. (زەوییە باشەکە)ی پێرل باک خەڵاتی پولیتزەری وەرگرت، بە ملیۆنان دانەی لێ فرۆشرا، بۆ دەیان زمان وەرگێڕدرا و، بەشێک بوو لەو بەرهەمانەی نووسەرەکەی بەهۆیەوە بوو بە براوەی نۆبڵ. ناوەڕۆکەکەشی هاوسەرگیریی وانگ لۆنگ و ئۆلانەیە لەناو برسێتی و کۆچ و کاری زەویدا. (خۆشەویستی لە سەردەمی کۆلێرادا) براوەی نۆبڵە و بە دەیان زمان دەخوێنرێتەوە. (جەنگ و ئاشتی) و (جەین ئەیر) و (شانازی و پێشداوەری) لە تەواوی وڵاتان بڵاو بوونەتەوە. (پێغەمبەر)ی جوبران خەلیل جوبران، کە بەشێکی بە ناوی (لەبارەی هاوسەرگیرییەوە) تێدایە، بۆ زیاتر لە سەد زمان وەرگێڕدراوە و یەکێکە لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی سەدەی بیستەم.

مەم و زین

  قایمترین کۆڵەکەی ئەو برادەرەنموونەی (مەم و زین و لاس و غەزال) بوو. بەڵام ئەحمەدی خانی لە ساڵی ١٦٩٢دا داستانی (مەم و زین)ی وەک یاسایەک لەبارەی سروشتی ئەشقەوە نەنووسی، بەڵکو وەک ئاوێنەیەکی سیاسی و فەلسەفی بەرهەمی هێنا. لە پێشەکییەکەیدا بە ئاشکرا خەمی پەرتبوونی کورد دەخوات و، دەپرسێت بۆچی ئەم نەتەوەیە سەرەڕای ئازایەتی، لە نێوان ڕۆم و عەجەمدا بێ سەروەری ماوەتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، جیابوونەوەی مەم و زین هێمای کوردستانی دابەشکراوە و،(بەکۆ) هێمای ئەو دووبەرەکییەیە کە ڕێ لە یەکگرتن دەگرێت. کەواتە ناکامی لێرەدا بەڵگەی ئەوە نییە کە ئەشق تەنیا لە نەگەیشتندا دەژی، بەڵکو تاوانە، ئەنجامی ستەمی میر و فێڵی بەکۆیە. خانی دەڵێت جیهانێک ڕێ لە یەکگرتنی دوو دڵ بگرێت، هەمان جیهانە کە ڕێ لە یەکگرتنی نەتەوەیەک دەگرێت. کاتێک بەکۆ دەکوژرێت و لە پاڵ گۆڕی دوو دڵدارەکە دەنێژرێت، دڕکێک لە گۆڕەکەیەوە دەڕوێت و ڕەگ لە نێوانیاندا دادەکوتێت، ئەمەش هێمای ئەو دووبەرەکییەیە كە  دوای مەرگیش دەستبەرداری جیاکردنەوە نابێت. کەواتە دڕکی بەکۆ ستایشی نەگەیشتن نییە، بەڵکو تۆمەتنامەیەکە دژی ئەو دووبەرەکییەی ئەشقی کوشت و، تەنانەت لە گۆڕیشدا واز لە جیاکردنەوە ناهێنێت.  لێرەوە جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان (مەم و زین) و (تریستان)دا دەردەکەوێت. لە تریستاندا بەربەست لە ناخی ئەشقەوە دێت و دڵدارەکان پێویستیان بە دوورییە. لە مەم و زیندا بەربەست لە دەرەوە سەپێنراوە و، هیچ کامیان حەزیان لە دووری نییە. یەکەمیان ئەشقێکی نەخۆشە کە نەگەیشتن هەڵدەبژێرێت، دووەمیان ئەشقێکی تەندروستە کە نەگەیشتنی بەسەردا سەپێنراوە. مەم و زین ئەگەر ڕێیان لێ نەگیرابایە، ڕاستەوخۆ دەچوونە ژووری هاوسەرگیرییەوە. خانی وەک سۆفییەکیش داستانەکە بە یەکبوون لە جیهانی هەتاهەتاییدا دەبەستێتەوە، واتە یەکگرتن کۆتایی ڕاستەقینەی چیرۆکەکەیە، نەک جیابوونەوە. خوێندنەوەی ئەم شاکارە وەک ستایشی دابڕان، گەورەترین دەقی هۆشیاریی نەتەوەیی کورد دادەبەزێنێت بۆ لاوانەوەیەکی بێ ڕەگ.

ئولفەت

   تەڵعەت تاهیر ئولفەتی وەک پلەیەکی نزم بەکار هێنا، وەک ئەوەی ئەشق بمرێت و خوو جێگەی بگرێتەوە. بەڵام ئەم وشەیە لە ڕەگی ئیئتیلافەوە هاتووە، واتە یەکگرتنی دوو ڕۆح بە جۆرێک کە نامۆیی لە نێوانیاندا نامێنێت. قورئان لە سوورەتی ئەنفالدا ئولفەتی بە کارێک ناساندووە کە ئەگەر هەموو گەنجینەکانی زەوی خەرج بکرێن، ناتوانن دروستی بکەن، تەنیا خودا دڵەکان بەیەکەوە دەبەستێت. کەواتە ئولفەت لە زمانی سرووش - وەحی پلەیەکە لە سەرووی تواناکانی مرۆڤەوە، نەک لە خوارەوە. لە سوورەتی ڕۆم – الروم- یشدا پێوەندیی ژن و مێرد بە سێ وشەی باڵا دەناسێنرێت، ئارامی و خۆشەویستی و بەزەیی: ﴿وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِّتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ﴾. غەزالی لە (إحیاء علوم الدین)دا کتێبێکی تەواوی بۆ ئادابی ئولفەت تەرخان کرد و، بە بەرهەمی ڕەوشتی جوانی دانا.

  لێرەدا ئایرۆنییەکی(پێچەوانەییەكی)مێژوویی هەیە کە ئەو برادەرە ئاگای لێ نییە. ئیبن سینا لە (القانون)دا ئەو ئەشقە بێ ئۆقرە و ناکامەی كاك تەڵعەت ستایشی دەکات، بە نەخۆشییەکی وەسوەسەیی نزیک لە مالیخۆلیا ناساند و چارەسەری بۆ نووسی. واتە کەلەپووری ئێمە خۆی جیاوازیی کردووە لە نێوان گڕێک کە دەسووتێنێت و ئولفەتێک کە گەرم دەکاتەوە. یەکەمیان نیشانەی نەخۆشییە، دووەمیان نیشانەی تەندروستیی ڕۆحە. دەروونزانیی هاوچەرخیش، لە تیۆریی پێوەستبوونی جۆن بۆڵبیدا، هەمان شت دەڵێت، ئەوانەی پێوەستبوونێکی نائارامیان هەیە، بەرەو دراما و دابڕان ڕادەکێشرێن و، ئارامی وەک بێڕەنگی هەست پێ دەکەن. تێزی ئەشقی ناکام، بێ ئەوەی بزانێت، نائارامیی دەروونی وەک ئەشق و، برینی کراوە وەک شاکار بە کۆمەڵگا دەفرۆشێتەوە. لە ناخیشدا نەرجسییە، ئەشق لە ئەویترەوە دەگوازێتەوە بۆ خود، لەو کەسەی خۆشم دەوێت بۆ ئەو هەستەی من هەمە.

  هایدیگەر لە (بونیادنان، نیشتەجێبوون، بیرکردنەوە)دا نیشانی دا کە نیشتەجێبوون لە ڕەگە کۆنەکەیدا واتای مانەوە لە ئاشتیدا و پاراستنی ئەو شتەیە کە خۆشمان دەوێت. ئولفەت نیشتەجێبوونی ئەشقە، ئەو ساتەیە کە ئەشق لە گەشتیارەوە دەبێتە خاوەن ماڵ. ئەشقی ناکام هەمیشە لە ڕێگادایە و هەرگیز ناگات، بۆیە هەرگیز تاقی ناکرێتەوە. ئولفەت ئەو ئەشقەیە کە ڕۆژانە تاقی دەکرێتەوە، لە نەخۆشی و پیری و هەڵە و لێبووردندا، لە هەموویاندا هەر دەمێنێتەوە. بەم مانایە، بە زمانی پۆپەر، ئولفەت تاکە ئەشقێکە دەکرێت بەدرۆ بخرێتەوە، کەچی بەدرۆ نەخراوەتەوە.

  ئەشقی ناکام ئەشقی داخراوە، چارەنووس ڕێی لێ دەگرێت و، دڵدار لە هەڵبژاردن ڕزگاری دەبێت. ئەشقی هاوسەرگیری ئەشقی کراوەیە، هیچ چارەنووسێک ناتوانێت بیپارێزێت، تەنیا ئیرادەی دوو کەس کە هەموو بەیانییەک یەکتر هەڵدەبژێرنەوە. ئەمە ئاسانتر نییە، قورسترە، لەبەر ئەوەی قورسترە، مەزنترە.

   ئەو تەماتەیەی شاعیر بە نیشانەی مەرگی ئەشق دەزانێت، لە دەستی دوو کەسدا کە نیو سەدەیە پێکەوە بازاڕ دەکەن، تەنیا تەماتە نییە. هەمان ئەو کردارەیە کە ئۆدیسیۆس بە تاشینی تەختەکەی لە قەدی دارزەیتوونەکەدا کردی، ڕەگداکوتانی ئەشق لەناو زەویی ژیاندا. ئەدەب ڕەگی کەمتر لە گەڵا وێنا کردووە، بەڵام ئەوە ڕەگەکەیە دارەکەی ڕاگرتووە. ئولفەت گۆڕستانی ئەشق نییە، ئەو ماڵەیە کە ئەشق دوای هەموو ماندووبوونێكی لێی دەحەسێتەوە. ئێستا پرسیارەکە ئەوە نییە ئایا ئەو ڕۆمانە هەیە یان نا.ئەو کتێبخانەی لەسەرەوە كتێبەكانمان ناو هێنا وەڵامی پرسیارەكەی دایەوە. پرسیاری ڕاستەقینە ئەمەیە، شاعیرێک کە بە دەنگی تەحەددا گوتی (لە هەموو مێژووی بەشەرییەتدا یەک ڕۆمانم بۆ بهێنە)، ئایا تەنانەت یەکێک لەم رۆمان و شیعرو شانۆنامەو فەلسەفانەی خوێندۆتەوە؟ ئەگەر نەیخوێندۆتەوە، چۆن حوکمی لەسەر کتێبخانەیەک دا کە هێشتا دەرگاکەی نەکردۆتەوە.

   پۆپەر فێری کردین دانپێدانانی هەڵە شکست نییە، بەڵکو تاکە دەرگایە بەرەو مەعریفە. ئەو زانایەی دەڵێت (هەڵە بووم)، لە هەڵەکەی گەورەتر دەبێت. ئەوەی ناتوانێت دان بە راستییەكان بنێت، لە هەڵەکەیدا دەمێنێتەوەو دەكەوێتە ناو بازنەیەكی داخراوەوە. نمایش وەک لە سەرەتادا گوتمان، ناتوانێت پاشەکشە بکات، چونکە پاشەکشە بۆ ئەو لەدەستدانی بینەرە. ئەپیکۆرس لە مێژە هۆشداریی داوە کە ڕاوکردنی ناوبانگ سەرچاوەی ونکردنی ئارامی و حەقیقەتە. شیعر لە بێدەنگی و ڕاماندا گەشە دەکات، نەک لەناو ژاوەژاوی ڕووناکیی شاشەکاندا. سۆشیال میدیا دەتوانێت ناوبانگ بەرهەم بهێنێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت شاعیرێکی حەقیقی دروست بکات.

   بەڵێ شاعیری سۆشیال میدیا، لە ئاسمانی ئەدەبدا بەدوای یەک قوی ڕەشدا دەگەڕا، بەڵام ئەوەتا بردمانە سەر دەریاچەیەك ئێستا پڕە لە قوی ڕەش. ئەو بە دەنگی بەرز گوتی (نەبووە). کتێبخانەی مرۆڤایەتی بە هەزاران لاپەڕە وەڵامی دایەوە،هەبووەو هەیە و دەشمێنێت. ئەوەی نەبووە، تەنیا نەخوێندنەوەی تۆ بوو.

ـــــــــــــــــــ

* قو (Swan) باڵندەیەکی ئاوییە، گەورە و ملدرێژ، لە خێزانی مراوی و قازە و لەسەر دەریاچە و ڕووبارەکان دەژی. بۆ چەندین سەدە ئەوروپییەکان تەنیا قوی سپییان بینیبوو، بۆیە دڵنیا ببوون کە هەموو قوەکان سپین. تەنانەت لە لاتینیدا قوی ڕەش پەندێک بوو بۆ شتێکی مەحاڵ. ساڵی ١٦٩٧، گەڕیدەی هۆڵەندی ڤیلێم دی ڤلامینگ لە ڕۆژئاوای ئوسترالیا قوی ڕەشی ڕاستەقینەی دۆزییەوە و، حوکمێکی هەزار ساڵە بە یەک بینین ڕووخا. پۆپەر ئەم نموونەیەی کرد بە بنەمای تیۆریی بەدرۆخستنەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە ئاسمانی عێراق و سووریادا مانۆڕی هێرشکردنە سەر ئێران ئەنجام دەدەن
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکلایدەکاتەوە: ڕێبوار تەها بەپێی یاسا کاروباری پارێزگا بەڕێوەدەبات
په‌روین بوڵدان: شوێنه‌ نوێیه‌كه‌ی ئۆجه‌لان هه‌ر له‌ناو زیندانی ئیمرالیدایه‌
هومام حەمودی: هەر شەڕێکی داهاتوو لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا بێ سنوور دەبێت و سەرجەم هێزەکانی موقاوەمە تێیدا بەشدار دەبن
گەڕان بە دوای ھیچدا؛ ئەفسانەیەک لەسەر خاوەندارێتی ژیانت 
تۆڕی گازی کۆرمۆر گەیەنرایە دهۆک و هەناردەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆریی هەرێمەوە بۆ نیو ملیۆن بەرمیل بەرزبووەوە
موحسین رەزایی ناوەڕۆکی کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەی لەگەڵ سعوودیە، تورکیا و پاکستان ئاشکرا دەکات؛ جەخت لە دروستکردنی چوارچێوەیەکی ئەمنیی هەرێمی دەکرێتەوە
​لە ئەڵمانیا و ئیسپانیاوە تا ژاپۆن و کەنەدا؛ مەرج و ڕێکارە نوێیەکانی وەرگرتنی ڤیزای کار لە جیهاندا
ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و گه‌یاندن: تۆڕی كۆڕه‌ك تیلیكۆم له‌ 14 پارێزگا راگیرا
عراقچی: دانوستان له‌گه‌ڵ نێوه‌ندگیره‌ قه‌ته‌رییه‌كان به‌رده‌وامه‌و هێشتا نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ ئه‌نجامی كۆتایی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×