ڕۆژنامەگەری لە جیهانی گەشەکردووی دیموکراسی، نەک کۆمەڵگە داخراوە سەرکووتکراوە، ملکەچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆسەپێنی تاکڕەوی دیکتاتۆری، کاریگەری ڕاستەوخۆی هەر تەنیا لەسەر تاک نییە، بەڵکو ڕەخنە دەگرێت و شیکاری لۆژیکی بابەتەکان دەکات و دەسەڵات و حکوومەتەکان دەوەستێنێت، گۆڕان لە سیاسەت و ئابووری و کەلتوور دروست دەکات و وەکو هێز هەواڵ و زانیاریی دەگوازێتەوە و کۆمەڵگەکان دەهەژێنێت. هەموو کەسێک و کەناڵێک و گروپێک ناتوانن ببنە پێشەنگ و جیهانهەژێن و سەرچاوە و هێز بۆ گؤڕان و جێگۆڕکێکی بەرپرسەکان، یان بنەماکانی دەسەڵات. لەنێو چەندین هەزار دەزگا و کەسەکان، تەنیا چەند کەسێک دەبنە خودانی وشەی بەهێزی کاریگەریی بیناکەر و کاریگەر. لەنێو لەشکری ڕۆژنامەنووسان تەنیا چەند کەسێک دەبنە ڕۆژنامەنووسی ڕچەشکێن و خودان تایبەتمەندی و قسەی خۆی.
لە هەرێمی کوردستان، کە ژمارەی میدیا و ڕۆژنامە و چاپکراوەکان لە بینەر و خوێنەرەکانی زیاترە، میدیا ئازادن لەدامەزراندن و هەڵبژاردنی ناو و ڕێبازی کارکردن، بەتایبەتیش لە کەناڵە ئاسمانییەکان و تەلەڤیزیۆنەکان دەرفەت و زەمینەیەکی یەکجار زۆر بۆ دەرکەوتنی هەندێک کەس ڕەخساوە، یان ڕەخسێنراوە، یاسا ڕێگر نییە لەوەرگرتنی مۆڵەت و چاپکردن و دامەزراندنی دەزگای ڕاگەیاندن.
لەتەک فراوانبوونی کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، شاشەکانی تی ڤی وەکو شانۆ هێشتا بەجۆشن، بۆ خۆدەرخستن و تاودانی ئەسپەشەلەی لەڕی بێ زین و تەدارەکی هەندێک، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە، بێژەرەکان، نەک ڕۆژنامەنووسەکان توانایان هەیە بە دەنگی بەرز هاوار بکەن، خۆیان بە خەزێنەی زانیاریی و هەواڵ و بابەت بزانن، گیرفان و تەلەفۆن و پەیوەندییەکانیان لە سۆشیال میدیا بکەنە سەرچاوە بۆ هەموو زانیارییەک، خۆشیان بەدەنگی بەرز و ئاشکرا و لەبەردەم هەزارەها کەس بەشانازییەوە بێژن "هات.. هات.. من هاتم، هەواڵ تەنیا بۆ مۆبایلەکەی من هات، تەنیا ناوی کونسلخانە و بەرپرسەکانیش دەهێنێت، کە هەواڵیان بۆ ناردووە". ئەمەش وەکو ئەوە وایە ڕاستەوخۆ هەواڵی بۆ هاتبێت و ئەویش بێ فلتەر و خوێندنەوە و لێکدانەوە و پشکنین و بەراوردی زانیارییەکان و لێکدانەوە ژینگە و زەمینەی ئەم بابەتانەی لەنێو هەواڵەکە هەیە و بێ ڕەچاوکردنی سیاسەتی دەزگاکەی، قسە بۆ بینەرانی دەکات. ئەمە دیاردەیەکە تەنیا لەنێو کوردە حەیاتەکە وەکو "شانازیی و قارەمانیەتی و باڵادەستی و نێوبانگ" ئاماژەی پێ دەکرێت. چۆن هەواڵ و زانیاریی بەم شێوەیە وەکو ئەوەی نانی گەرم لە فڕنی دەربهێنیی و بیدەتیە کڕیارەکانت. تەنیا ڕەچاو نۆرە و تەمەن و توانا و پێگەی کۆمەڵایەتی کڕیارەکەشی نەکات.
دەپرسم ئەرک و کاری ڕۆژنامەنووس، هەمان ئەرک و کاری بێژەرەکانە، یان بەپێچەوانەوە بێژەر ئەرکی لەنێو شاشەدا چییە، هەمان ئەرکی ڕۆژنامەنووسە، کە ڕاپۆرت ئامادە دەکات، لەپشت شاشە لەنێو جەنگێکی هەقیقییە و بەدوای نهێنییەکان و بنکۆڵی زانیارییەکان دەگەڕێت و ڕاوی گەندەڵی و پووچی دەسەڵات و زولم و یاساشکێنی و تاد دەکات؟.
ئایا بێژەری هەواڵ هەقایتخوانە، یان ڕێسا و شێوازی تایبەتمەندی هەیە و دەبێت پێڕەوی سروشتی پیشەکەی بکات؟ ئایا هەمان ئەرکی ڕۆژنامەنووسێکی هەیە، کە بەرنامەیەکی تایبەت پێشکەش دەکات؟ یان شێوە و ئەرک و پەیامی بەرنامەی هەواڵ، هەمان شتە و یەکسانە بە بەرنامە تەلەڤیزۆنییەکانی دیکە؟
ئایا بێژەر دەتوانێت لەکاتی پێشکەشکردنی هەواڵ لەشێوە و نێوەڕۆک و زانیارییەکانی نێو هەواڵە نووسراوەکانی بەرانبەری دەرچێت و شت لەگیرفانی خۆی دەربهێنیت و شت بهۆنێتەوە و وەکو ئەوەی ئەکتەری سەر شانۆ بێت، جووڵە بکات، دەنگ هەڵبڕێت، بەناوی خۆی ئاخاوتن بکات و جاروباریش هەر بۆخۆشی گاڵتەئامێزانە نووکتەمان بۆ بگێڕێتەوە و خۆی وەکو "دەسەڵاتدارێکی هەرە بەهێزی نێو هەواڵەکان وەسف بکات، خۆی ستایشی خۆی بکات، خۆی بانگەشە بۆ ناوی خۆی و کەسایەتی خۆی بکات، باسکردنی خودی کەسی و تایبەت و خۆویستی خۆی پتر بێت، لە باسکردنی زانیارییەکانی نێو هەواڵەکان و بابەتە گشتییەکان". کەئەمەش بەکردەوە خۆ بەگەورە زانترە لەو کەناڵەی کاری تێدا دەکات، بڕوا ناکەم هیچ کەناڵێکی پرۆفیشنالی ڕۆژنامەوانی ڕێگەی بە کەسەکان بدات، خۆیان لە خودی کەناڵەکە بەگەورەتر و بەهێزتر و کاریگەرتر وەسف بکەن.
دەپرسم لە جیهانێکی پووکاوەی بێ متمانەدا ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک، یان بێژەرێک و نووسەرێک نەتوانن (کەناسێک بێ گەسک بکەن و گەسکی بکەن)، چۆن دەتوانێت مووچەخۆرێک نەک وەزیر و گزیر و دەسەڵاتدارێکی خودان دەسەڵات سزا بدەن و بیانگۆڕن و کورسیسازیان بکەن، یان کورسیسزیان بکەن. دەپرسم ئەگەر نەتوانن ئەمە بکەن، چۆن چاوڕوویان دەبێت، هێندە بەزەقی لەجیاتی (کاتباشی)، ڕێکوڕەوان (خۆباشی و خودنمایشی) پێشکەشی بینەرەکانیان بکەن و هاوار بکەن (هاتم، بە دوو لۆری هەواڵ هاتم، بەس گوێم لێبگرن، ئەوەتا هاتم). لێرەدا ئەم جۆرە بێژەرانە هەموو شتێک دەخەنە دواوەی دواوە و تەنیا باسی خۆیان لەنێو هەواڵ و شاشەدا دەکەن و خۆیان دەبنە ئامانج، ئەمەش جۆرێکە لە گەمژەیی کەناڵەکان بە پلەیەکی نزمیش بەها و جێگایان لەنێو هەواڵەکاندا بۆ دانانرێت، ئەمە دەردی خۆدەرخستن و دەردی گەورەبوون و زلبوونە.
بێزارییەکی یەکجار زۆر، گەمژەییەکی فراوان و بێ سنوور، چەواشەکارییەکی ترسناک لەنێو میدیای کوردی هەیە، لەپێناو (کوشتنی هەواڵ و چەواشەکردنی هاووڵاتی و مژولکردنیان بە هیچ، بێژەرەکان دەکەنە کۆمیدیکارێکی خەمناک، دەیانکەنە گاڵەتەچی و نووکتەچی و ... تاد). هەندێک تەنیا خۆیان دەردەخەن، خۆیان بە سوپەرمانی هەواڵ و زانیارییەکان دادەنێن و شەرمیش ناکەن، کە هیچ هەواڵێکیان ڕاست و دروست دەرناچێت!!.
پوختەی قسە:
یەکەم: ئایا دەزگای ڕاگەیاندن و کەناڵەکان بەرپرس و خاوەنی هەواڵ و زانیارییەکانن، یان بێژەر و ڕۆژنامەنووسەکان؟. چونکە خاوەندارێتی و بەرپرسیاریەتی لەبەردەم یاسا دەبێت هاوسەنگ و ڕوون و ئاشکرا بێت.
دووەم: بۆچی کەناڵ و دەزگاکان بە خۆشحاڵییەوە ڕێگە بە کارمەندەکانیان دەدەن، خۆیان وەکو داهێنەری هەواڵ و دۆزەرەوەی زانیارییەکان و زمانحاڵی دەزگاکان نمایش بکەن؟ لەکاتێکدا ئەمانە بۆ دەزگاکان حیساب دەکرێت، نەک کەسەکان.
سێیەم: لەبەرچی ڕاگەیاندنی کوردی جیاوازی لەنێوان بەرنامەی کۆمیدیی و گاڵتەئامێز و بەرنامەی هەواڵی جددیی ناکەن؟
چوارەم: پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن خاوەندارێتی (هەواڵ و زانیاریی و بابەت و کێشەکان قسە لەسەر کراوەکان) بکەن، ئەو کات ڕۆژنامەنووس و بێژەر لەبەرنامەی هەواڵدا، ئەرکیان گواستنەوە و خوێندنەوە و داڕشتنی هەواڵی نووسراوە، نەک دەست بە دیالۆگ و پرسیار و وەڵام و هوشداریی و هاوار هاوار و من منۆکێ و ئەز و ئەز دەبێژم بکەن.
پێنجەم: هەندێک بێژەر لەکردەوەدا وەکو ئەوەی شانۆکار، نمایشکەر بن، دەیانەوێت کەشێکی گاڵتەئامێز دروست بکەن، کە بەکردەوە ئەم شێوزە دوور لەئەرک و پەیامی هەواڵ، بەڵکوو شێوە و فۆرمی بەرنامەی کۆمیدیان لەخۆگرتووە.
شەشەم: کە سەرنج دەدەیت، ئەم جۆرە هەواڵبێژە، دەیانەوێت بە بینەرەکانیان بڵێن (من خودی هەواڵم، من کارەکتەری نێو هەواڵم، خۆم سوپەرمانی نێو هەواڵم، کەچی بێ ئەوەی شەرم بیگرێت، هیچ لە هەواڵەکانی وەکو سیاسییەکان ڕاست و دروست دەرناچێت، بە شانازیشەوە بەردەوام دەبێت، لە سەر شێوازی درۆسازیی و خودسازی).