گوتارە قسە و بەرنامەی هەڵبژاردنەکان لە ئەمەریکا لە کاتی دەنگدان و ڕکابەری بۆ بڕواپێهێنانی دەنگدەری زۆرتر گەرم و تووند و لەزەت بەخشیش دەبێت. لەم چەند ساڵەی دوایی لەزۆربەی هەڵبژاردنەکاندا وشەی "سۆسیالیزم و چەپڕەویی و چەپڕەوی سەرشێت و تووندڕەو" بەکاردەهێنرێت. ئەم دەستەواژانە پتر لەلایەن کۆمارییەکانەوە وەکو تۆمەت و تاوانبارکردن دژی حزبی دیموکرات و بێلایەن و میانڕەوەکان بەکاردەهێنرێت، کە قسە لەسەر بژێوی دەنگدەر و بیمەی تەندروستی و بەرنامەی خوێندن و قەرز و داهات و بەرزی نرخ و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکەن.
ئەمڕۆ ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ وتارێکم بەناوی " ئەمەریکییەکان لەکۆتایدا ئەوە بەدەست دەهێنن کە چاودێری تەندروستیی دادپەروەرانە و یەکسان نییە بە سۆسیالیزم" خوێندەوە، کە (دان پێری) لە ویک نیوز نووسیویەتی. لەم وتارەدا قسە لەسەر بەرنامەی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی بیمەی تەندروستی دەکات. نووسەرەکە دەڵێت "هەموو ئابوورییەکی پێشکەوتوو لە جیهان گرەنتییەکی بنەڕەتی بۆ چاودێری تەندروستی بۆ هاووڵاتیانی خۆی دابین دەکات، لەکاتێکدا ئەمەریکییەکان خەریکی قسەکردنن و باوەڕیان بەوە کردووە، کە ئەم ڕێکخستنە تەواو ئاساییە و بە جۆرێک لە "کۆمۆنیزم" دادەنرێت". بەپێی ڕاپرسییەکان ٪ ٨٢ دەنگدەران داوا لەکاندێدەکان دەکەن چارەسەری نرخ و تێچووی چاودێری تەندروستی بکەن. لەم میانەدا دیموکراتەکان بەراورد بە کۆمارییەکان دوو بەیەکن. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن پارە و خەرجی بیمەی تەندروستی و پارەی پزیشک، دەبێتە وێرانکەری دارایی خانەوادە و خاپووریان دەکات.
بەکارهێنان و بەراوردی جیاوازیی و بەرنامەکانی بیمەی تەندروستی بە "دادپەروەریی و یەکسانی و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم" بەشێکە لە ئایدیۆلۆژیای ئەو ڕکابەرانەی لە دیدگای جیاوازەوە لەنێو ئەمەریکا دەیانەوێت سیستەمی سەرمایەداری بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و داهات و قازانجی کۆمپانیاکان و نەریتی باوی وڵاتەکە بپارێزن و بەکاربهێنن و لەم ڕێگەیەشەوە زۆرترین دەنگدەر بۆ خۆیان ڕابکێشن.
(دان پێری) دەنووسێت "لەمێژە ئەم شتانە وەکو ستەمکاری سۆسیالیستی وێنا دەکرێت، ئەم دۆخە کاریکاتێرییە سیستەمێک دەپارێزێت، کە سوود بە بیمەدەران و بەرهەمهێنەرانی دەرمان و پاڵپشتیکەرانیان دەگەیەنێت". "کۆمیدیترین شت بەستنەوەی بیمەی تەندروستییە بە دامەزراندنەوە، ئەمە وەکو ئەوە وایە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەت بە یاریگای تێنسەوە ببەستییەوە، کە هیچ پەیوەندییەکی لۆژیکی لەنێوانیان نییە".
بەکردەوە سیستەمی تەندروستی بارێکی قورسی لەسەر شانی تاک و هاووڵاتی دروستکردووە، بەتایبەتی ئەوانەی کار دەکەن و باج دەدەن و دەبێت بیمەی تەندروستی بکڕن، سەرباری تێچووی دەرمان و پزیشک، بۆتە وێرانکەری داهات و دارایی خانەوادەکان. مەبەستم ئەوانەیە کە کار دەکەن. لەڕاستیدا دیموکراتەکان ساڵانێکە دەیانەوێت هاوکاری ئەو خێزانانە بکەن، کە داهاتیان لە ئاستی پێویست کەمترە، بەمەش دەیانەوێت سوود لەبیمەی تەندروستی سۆشیال دیموکراتەکانی ئەوروپا وەربگرن و بەرانبەر ئەوەش کۆمارییەکان ئەم بیرۆکانە بە سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم و چەپڕەویی دەبەستنەوە و وەکو هەڵە و مەترسیش ناوی دەبەن. بۆیە لەکاتی دەنگدان و ڕکابەری هەڵبژاردن بەردەوام کۆمارییەکان دەیانەوێت دیموکراتەکان بە "کۆمۆنیزم کە لە ئەمەریکا بڤە و قەدەغەیە تۆمەتبار بکەن"، یان ئەمە دەبەستنەوە بە "زاراوەی سۆسیالیزم" مەبەست لێی ڕەتکردنەوەی بەرنامەی (میدیکێری ئۆبامایە) کە پێیان وایە ئەم بەرنامەیە هاوکارییەکی زۆری بێ بەرانبەری کۆمەڵگەی ڕەشپێست و کۆچبەرەکان و خاوەنی داهاتی کەم لە نێو ئەمەریکا دەکات. دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین هەنووکە ئیدارەی ترەمپ بە ملیۆنان دۆلار بۆ دەرکردنی کۆچبەری نایاسایی لە وڵاتەکەی بەکار دەهێنێت.
لەکردەوەدا ململانێیەکە تووندە و دەرخەری سیستەمی سەرمایەدارییە، کە ئەم وڵاتە کۆمپانییە مەزنەکان کاریگەری زۆریان لەسەر سیاسەت و هەڵبژاردن هەیە، بۆیە دەوڵەت و ئەوانەی لە هەڵبژاردنەکان دەبەنەوە دەیانەوێت قازانج و بەرژەوەندی کۆمپانیا و بەرهەمهێنەرانی دەرمان بپارێزن.
بەرپرسێکی باڵای بواری تەندروستی دەڵێت " ئەمەریکا هەرگیز نابێتە وڵاتێکی سۆسیالیستی، بەرنامەی چاودێری تەندروستی سۆسیالیستەکان لەماوەی دە ساڵدا پێویستی بە ٤٧.٤١ ترلیۆن دۆلارە. لەهەمان کاتدا (پۆڵ کرۆگمان)ی ئابووریناس دەڵێت "زۆربەی چاودێری تەندروستی لە ئەمەریکا هەنووکە سۆسیالیستییە، چونکە ڕۆڵی حکوومەت ئەوەندە گەورەیە و چاودێری تەندروستی دەکات، بۆیە باشترە وەکو سۆسیالیزمێکی تایبەتمەند وەسف بکرێت".
دکتۆر (جاسۆن ماکلرگ) لە ساتل لەنامەیەکدا دەنووسێت " هێشتا خەڵکێک پێیان وایە ئەمەریکا باشترین سیستەمی چاودێری تەندروستی هەیە، بەڵام سیستەمەکە ئاڵۆز و پارچەپارچە و بێزارکەرە. بۆیە داوا دەکەم سەرکردەکانمان ترس بەلاوە بنێن و سیستەمی دارایی چاودێری تەندروستی بەشێوەیەکی ڕیشەیی بگۆڕن بەرەو سیستەمێکی دیکە تا هاوکاری منداڵەکانمان و داهاتوومان بکات. زۆر تووڕە دەبم، کە نەخۆشەکەم دەڵێت کۆمپانیای بیمەکەم پارەی ئەو دەرمانانەم نادات بۆیە ناتوانم بیکڕم".
ئێستا تێ دەگەین کە ناکۆکی و بەکارهێنانی زاراوەکان و کێشەی بیمەی تەندروستی و سیستەمی چاودێری تەندروستی و ئیدارەی دەوڵەت و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی دەرمان و تێچووی پزیشک و داهاتی تاکی ئەمەریکی و ئایدیۆلۆژیای سیاسی و ململانێی حزبەکان و بەرنامەی کاندێدەکان چ کێشەیەکی گەورەیە و لایەنە سیاسییەکان چۆن لە هەڵبژاردن ئەم بوارە بەشێوەیەکی کارا بەکاردەهێنن. لەبیری نەکەین باجە گەورەکە دەکەوێتە سەر شانی هاووڵاتی و حکوومەتیش ئیدارەی ڕێکخستنی باج و سیستەمی چاودێری دەکات.