کورتکردنەوەگەری

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2026-03-05     131

لەمیانەی کارکردم لەسەر توێژینەوەیەک کە پەیوەندی بە ناسنامەوە هەیە، کتێبی شوناس و توندوتیژی (Identity and Violence, the Illusion of Destiny) م دەخوێندەوە، کە بیرمەند و فەیلسەف و ئابووریناسی هیندستان ئامارتیا سین (Amartya Sen) نوسیویەتی. لە خوێندنەوەی کتێبەکەدا بەسەر چەمکی بچووککردنەوە یان "کورتکردنەوەگەری" (Reductionism)دا کەوتم؛ کە یەکێکە لە چەمکە هەرە گرنگەکانی بواری فەلسەفە، زانست و کۆمەڵناسیی. چەمکەکە بە کورتی؛ بریتییە لەو ڕێبازە فیکرییەی، کە هەوڵ دەدات دیاردەیەکی ئاڵۆز کورت بکاتەوە بۆ تەنها یەک ڕەهەند، یان بۆ سادەترین پێکهاتەکانی. وەک ئەوەی بڵێت "هەموو ئەم شتە گەورەیە، لە ڕاستیدا هیچ نیە بێجگە لەم پارچە بچووکە".

چەمکەکە لە بنەڕەتدا تەنها یەک کەس خاوەنی نییە، چونکە ڕێبازێکی گشتییە، بەڵام لە مێژووی زانستدا لەلایەن فەیلەسوفی فەڕەنسی ڕێنێ دیکارت (René Descartes) وەک باوکی ئەم ڕێبازە دەبیندرێت. ئەو پێی وابوو جیهان وەک کاتژمێرێک وایە، ئەگەر بتەوێت لێی تێبگەیت، دەبێت پارچە پارچەی بکەیت و لە پارچە بچووکەکانی بکۆڵیتەوە. لە کۆمەڵناسیشدا توێژینەوە دەبەستێتەوە بە دوو ئاستی درشت (Macro) و ورد (Micro) بەپێی پێویستی و کێشە و ئامانجی توێژینەوەکان. لەو بارەیەوە، ئەمارتیا سین یەکێکە لەو کەسانەی لە بواری ناسنامەدا زۆر بە توندی ڕەخنەی لەو چەمکە گرتووە. لە فیزیا و کیمیادا ئەو چەمکە زۆر باوە، کە هەموو ماددەیەک کورت دەکاتەوە بۆ گەرد و ئەتۆم. مەبەست لێرەدا تێگەیشتنە لە گشت لە ڕێگەی بەشەکانەوە، بۆ نموونە دەروونناسی کورت دەکرێتەوە بۆ بایۆلۆژی، بایۆلۆژیش کورتدەکرێتەوە بۆ کیمیا و کیمیاش بۆ فیزیا. لە سیاسەتیشدا مەبەست لەو چەمکە سادەکردنەوەی کێشەکانە. بەمانای هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ نموونە کورتبکەینەوە بۆ "ئایین"؛ بەڵام ئابووری، مێژوو و جوگرافیا و تاد، پشتگوێ بخەین و نرخیان بۆ دانەنێین.

لە بواری ناسنامەشدا بەپێی تێڕوانینی ئەمارتیا سین؛ وەک ئەوە وایە مرۆڤ کورت بکەینەوە بۆ تەنها یەک ناسنامە؛ لە کاتێکدا مرۆڤ بۆخۆی بوونەوەرێکی زۆر ئاڵۆز و فرەڕەهەندە. بۆ نموونە کاتێک دەڵێین "ئەو کەسە تەنها موسوڵمانە"، یان تەنها کوردە، ئەوا دەرزەنێک تایبەتمەندیی دیکەی ئەو مرۆڤە وەکو (باوک، برا، پزیشک، وەرزشوان، هاندەری هونەر، یان هونەرمەند، یان هەڵگری هەر پیشەیەکی دیاریکراو) پشتگوێبخەین و کورتی بکەینەوە لەیەک ڕەهەند. ئەم جۆرە کورتکردنەوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان وەک ڕۆبۆت ببیندرێن و ئاسانتر شەڕیان لەگەڵدا بکرێت. لەو بارەیەشەوە مرۆڤی کورد گەورەترین باجی داوە، بەهۆی ئەوەی داگیرکەر هەرگیز وکو مرۆڤێکی فرەڕەهەند لە کوردی نەڕوانیوە، بەرژەوەندیشی لەوەدا بووە هەمیشە وەک ناپاک مامەڵەی لەگەڵدا بکات و لە "چەمکی ناپاکیدا" کورتی بکاتەوە، لەکاتێکدا هەرگیز پرس بە مرۆڤی کورد نەکراوە داخۆ دەیەوێت هاوڵاتی ئەو وڵاتانە بێت کە کوردستانی بەسەردا دابەش کراوە، یان سەربەخۆ. لێرەدا هەڵوێستێکی عومەر موختارم بیر هاتەوە کە بە دیل دەگیرێت. لە فیلمەکەیدا؛ ئەفسەرێکی ئیتاڵیی لە عومەر موختار دەپرسێت، تۆ ناپاکیت کردووە، ئەویش پێی دەڵێت یەک بەڵگەم بۆ بێنن واژۆم کردبێت و پێچەوانەی ئەو بەڵگەیە هەنگاوێکم نابێت. بەهەزاران کورد لە زیندانەکانی داگیرکەردا بە تۆمەتی ناپاکی لە دەوڵەت و دەستەڵاتی داگیرکەر لە سێدارەدراون بێ ئەوەی یەک بەڵگەیان لەدەستبووبێت ناپاکییەکەیان بسەلمێنێت.

لەو بارەیەوە نموونە زۆرن، یەکێک لەو نموونانەی کە دیاردەیەکی هاوچەرخە و پەیوەندی بە سیاسەت و کۆمەڵگەوە هەیە، ئەویش کێشەی پەنابەرانە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا. لێرەدا هەندێک میدیا و ڕەوتی سیاسی، پەنابەرەکان وەک "ژمارە" دەبینن یان وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی، کە بۆی هەیە هەندێک جار ڕاستیشی تیابێت، بەڵام زۆربەی جار لەپێناو ئامانجی دیکە مۆبیلیزە دەکرێت. بەشێوەیەکی گشتی هەموو مێژووی پەنابەران، ئازارەکانی، خەونەکانی و داهێنانەکانی کورت دەکەنەوە بۆ وشەی "پەنابەر". کە مرۆڤ کورت دەکرێتەوە بۆ "پۆلێنێکی وشک"، ئیدی هاوسۆزیی مرۆیی بەرامبەر ئەو پەنابەرە نامێنێت، چونکە تۆ چیدیکە مرۆڤێک نابینیت، بەڵکو تەنها ناونیشانێکی بێ گیان دەبینێت. هەر ئەو هۆکارەشە وایکردووە ئەمارتیا سین لەو زاراوەیە بترسێت، چونکە کورتکردنەوەگەری وەک چاوبەستن (Blindfold) وایە. کاتێک مرۆڤێک کورت دەکەینەوە بۆ تەنها "ئایینەکەی" (ئەو تەنها کافرێکە یان تەنها ئێزدییەکە، یان موسوڵمانێکە یان بێباوەڕێکە. یان کە کورتی دەکەینەوە بۆ تەنها نەتەوەکەی، ئەو تەنها "کوردێکە"، یان "عەرەبێکە"، یان تەنها "فارسێکە". لەو حاڵەتەشدا ڕێگە خۆشدەکەین بۆ توندوتیژی، چونکە کوشتنی کەسێک کە تەنها نەیارێکی ئایینییە، سەکولارە یان نەیارێکی نەژادییە، ئاسانترە لە مرۆڤێک کە باوکیشە یان هەژارە و باوەڕی بە داهاتوو هەیە، کەسێکە بەهۆی هەڕەشە لەسەر ژیانی ماڵ و حاڵی خۆی بەجێهێشتووە. لەو بارەیەوە ئایدیۆلۆژیستەکان هەمیشە مرۆڤ کورت دەکەنەوە لە جیاوازییەکەیدا. بۆ نموونە توندرەوەکان موسوڵمان بن یان سەر بە ئایینەکانی دیکە، مرۆڤێک کە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای ئەواندا کۆک نەبێت، ئیدی بێ چەندوچوون کافرە و مەترسییە لەسەر پلان و دونیابینی ئەوان.

ئەنجامگیری

کورتکردنەوە وەک مایکرۆسکۆپ وایە؛ ڕەنگە بۆ بینینی وردەکارییەکان باش بێت، بەڵام ئەگەر بەو مایکرۆسکۆپە سەیری جیهان بکەین، وێنە گەورەکە ون دەکەین. لەو بارەیەوە ئەمارتیا سین دەڵێت؛ "کورتکردنەوەی مرۆڤ بۆ یەک ناسنامە، گەورەترین جەورە بەرامبەر مرۆڤایەتی بکرێت، چونکە مرۆڤ "کۆمەڵێک ناسنامەیە"، نەک تەنها یەک دانە. کەواتە کورتکردنەوەگەری وەک سڕینەوەی هەموو ڕەهەندەکانی دیکەی مرۆڤ و هێشتنەوەی تەنها بۆ یەک دانە، سنووربەزاندنێکی مەترسیدارە بۆ پاوانی مرۆڤەکان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×