لە نازیزمەوە بۆ بەعسیزم و لە هۆلۆکۆستەوە بۆ هەڵەبجە

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2026-03-16     136

نازیزم (Nazism)، کە ئێستا بووە بە چەمێکیک بۆ کۆمەلێک مانا، کورتکراوەی دەستەواژەی ئەڵمانی (Nationalsozialismus)؛ کە بە کوردی دەبێتە سۆسیالیزمی نیشتمانی یان نەتەوەیی (National Socialism). بنەچەی ناوەکە دەگەڕێتەوە بۆ پارتی کرێکارانی سۆسیالیستی نیشتمانی ئەڵمانییا "Nationalsozialistische Deutsche Arbeiterpartei" (NSDAP). ئینجا وشەی نازی (Nazi) لە چوار پیتی یەکەمی وشەی (National) وەرگیراوە، کە لە ئەڵمانیدا بە "ناتسی" گۆ دەکرێت. واتە ناوی حیزبەکەیە بووە بە سیمبۆڵی ئایدیۆلۆژیایەکی نامرۆڤانە.

ئایدیۆلۆژیای ئەو حیزبە سیاسییە کە ئەدۆلف هیتلەر سەرۆکایەتی دەکرد و سیستمێکی فیکری توندڕەو بوو، لەسەر چەند بنەمایەک دامەزرابوو، لەوانەش:

ڕەگەزپەرستی: باوەڕیان وابوو "ڕەگەزی ئاری" (Aryans)، لە سەرووی هەموو ڕەگەزەکانی دیکەوەیە.

نەتەوەپەرستی توندڕەو: لە پێشینەدانانی بەرژەوەندی نەتەوەی ئەڵمان بەسەر هەموو شتێکدا.

دیکتاتۆرییەت: بڕوابوون بە بنەمای (Führerprinzip)، یان "پێڕەوی سەرکردە"، کە تێیدا هەموو دەستەڵاتەکان لە دەستی ئەدۆلف هیتلەردا بوون.

دژایەتی دیموکراسی: نازییەکان پێیان وابوو دیموکراسی دەبێتە هۆی لاوازکردنی دەوڵەت و دەبێت خۆی لێ دوور بگرن.

سەرهەڵدانی ئەو حیزبە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی دوای جەنگی یەکەمی جیهان لە ئەڵمانیا، دوای ئەوەی ئەڵمانەکان لەو شەڕە جیهانییەدا هەڕەسییان هێنا و هاوپەیمانەکان قەرەبووکردنەوەیەکی زۆرییان بەسەردا سەپاندن. ئەڵمانیا لەدوای شەڕ بە دۆخێکی ئابووری زۆر سەختدا تێپەڕ دەبوو، ئەمەش ڕاستەوخۆ لەدوای جەنگ بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەو بزووتنەوە ئایدیۆلۆژیستە. لە 1933 لەڕێی هەڵبژاردنەوە ئەو حیزبە دەستەڵاتی گرتە دەست و تا 1945، لە دوای جەنگ هەڵوەشایەوە و چالاکییەکانی قەدەغە کران.

بەعسیزم، لەو شێوەگرتنەی نازیزم زۆر نزیکە. بەعسیزم (Ba'athism)، کە لە وشەی (البعث)ی عەرەبییەوە هاتووە بە واتای "ژیانەوە"، یان هەستانەوە. بزووتنەوەی بەعسیزم بەچەند قۆناغێک لە شامەوە سەر دەردێنێت. سەرەتا دوو گروپ بوون؛ یەکەمیان "پارتی بەعسی عەرەبی" (حزب البعث العربي)، کە لە 7ی نیسانی 1947 لە شامەوە لە بنەڕەتدا لەلایەن سێ کەسەوە دامەزرا، کە بریتیبوون لە: (1) میشیل عەفلەق، کە بە ئایین مەسیحی بوو. (2) سەڵاحەددین بێتار (سلاح الدین بیطار)، کە بە ئایین موسوڵمان بوو. هەروەها (3) زەکی ئەرسۆزی، کەسایەتییەکی عەلەوی بوو، ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکی هەبوو لە دارشتنی بیرۆکەی نەتەوەپەرستی.

 لەگەڵ پارتی عەرەبی سیسیالیست (حزب العربي الاشتراکي) کە لەلایەن ئەکرەم حۆرانی (اکرم الحوراني) کە بە ئایین موسوڵمان بوو، دامەزرا. دوایی ئەو دوو حیزبە لە 1952 یەکییان گرت و بوون بە "پارتی بەعسی عەرەبیی سۆسیالیست" (حزب البعث العربي الاشتراکي). ئەوان دەیانویست ئایدیۆلۆژیایەک دروست بکەن، کە عەرەبەکان لەسەر بنەمای "زمان" و "مێژوو" یەکبخەن، نەک لەسەر بنەمای ئایین، بەڵام ئەوەیان نەدەشاردەوە کە ئیسلامیش پەیامێکە ڕۆحی نەتەوەی عەرەب دەپارێزێت.

ئایدیۆلۆژیا و دروشمە سەرکییەکانی بەعسیزم

دروشمە سەرەکییەکەی بەعسیزم بریتی بوو لە "ئوممەتێکی عەرەبی یەکگرتوو، خاوەن پەیامێکی نەمر" (أمة عربیة واحدة، ذات رسالة خالیدة). ئەم دروشمە ئایدیۆلۆژییە لەسەر سێ پایەی سەرەکی بیناکرابوو کە بریتیبوون لە:

یەکێتی (الوحدة): ئامانجی یەکخستنی هەموو نیشتمانی عەرەبی بوو کە خۆی لە 21 وڵاتی بەناو عەرەبی دەنواند و دەیانویست لە یەک دەوڵەتدا کۆیان بکاتەوە. بۆیە دەڵێم (بەناو عەرەبی) چونکە ئێستا وشیارییەکی زۆر لەلایەن خەڵکی ڕەسەنی هەندێک لەو وڵاتانە دروست بووە و پێیان وایە لە بنەڕەتدا ئەو وڵاتانە عەرەبیی نین. لەوانەش مۆرۆکۆ (مەغریب) و جەزائیر و تونس و لیبیا، تەنانەت میسریش.

ئازادی (الحریة): مەبەست لێی ڕزگاربوون بوو لە کۆلۆنیالیزم (استعمار) و ئیمپریالیزم (الامبرلیالیة) و لە دەستوەردانی دەرەکی. ئەو ئازادییە لێرەدا بەهیچ جۆرێک پەیوەندی بە ئازادییەکانی مرۆڤ و ئازادی تاکەوە نییە.

سۆسیالیزم (الاشتراکیة): جۆرێکە لە سۆسیالیزمی نەتەوەیی، کە ئامانجی گەشەپێدانی ئابووری عەرەبە، زیاتر لەژێر کاریگەری سۆسیالیزمی یەکێتی سۆڤییەتدا بوو بەڵام بەمۆرکێکی عەرەبی.

بنەما فیکرییەکانی بەعس و جێبەجێکردنی

بەعسیزم سەرەتا وەک بزووتنەوەکی ڕۆشنبیری دەستی بەکارەکانی کرد. دوایی کە لە سوریا و عێراق گەیشتنە دەستەڵات، بووە سیستمێکی ڕەهای تۆتالیتێر، کە خۆی لە (دیکتاتۆرییەتێکی رەهادا) دەبینییەوە. بنەما کردەییەکانی بریتیبوون لە:

نەتەوەپەرستییەکی توندڕەو: بەعسیزم پێی وابوو هەر نەتەوەیەکی دیکە لەسەر خاکی عەرەب بژییەت، دەبێت بتوێتەوە و بکرێت بە عەرەب لەڕێی پڕۆسەی تەعریبەوە. لە باشترین حاڵەتدا وەکو میوان تەماشا دەکران. میوانیش دەبێت پابەندی یاسا و رێساکانی خاوەن ماڵ بێت. هەڵبەت لەڕوانگەی ئەوانەوە تا چیاکانی زاگرۆس بەشێکە لە نیشتمانی عەرەب.

کولتووری عەرەب: پێی وابوو عروبەی بەعس ڕەگەزپەرستیی نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای کولتوورەوە دامەزراوە و هەرچی لە نیشتمانی عەرەب بژییەت، هەڵگری کۆد و بنەماکانی ئەو کولتوورەیە، کە ئایینی ئیسلام بەشێکی بنەرەتییە لەو کولتوورە. بۆیە میشێل عەفلەق هەمیشە دژ بە هەر جموجۆڵێکی پێچەوانەی مەسیحییەکان بوو و پێی وابوو ئیسلامی ڕۆحی نەتەوەیە و نابێت دژی بوەستنەوە.

دژایەتیکردنی فرەیی: بەعس ڕێگەی بە دروستکردنی هیچ حیزب و بزووتنەوەیەکی دیکە نەدەدا، خۆی بە حیزبی ڕێبەر (الحزب القائد) هەژمار دەکرد، حیزبێک کە ڕێبەرێتی دەوڵەت و کۆمەڵگە دەکات.

بە سەربازکردنی کۆمەڵگە: کۆمەڵگە لەسەر بنەمای سەربازیکردن دادەمەزرێت. هەموو تاکێک دەبێت هەمیشە سەرباز بێت و لەسەر بنەمای سەربازبوون، واتە باوەربوون بەوەی هەموو تاکێک سەربازێکی ئامادەیە بۆ ڕزگارکردنی نیشتمانی عەرەبی.

جیاوازیی نێوان هەردوو بەعسی عێراقی و سوریا

لە 1966 ئەو دوو حیزبە بوون بە دوو بەشەوە. بەعسی عێراق بە سەرکردایەتی سەددام حوسێن و بەعسی سوریا بە سەرکردایەتی حافیز ئەسەد بوونە دوژمنی سەرسەخت و باوکوژەی یەکدی، بەهەمان ناو و دروشمەوە. دەکرێت ڕەهەندی مەزهەبی لەو دوژمنایەتییەدا هەبێت، بەوەی بەعسییەکانی عێراق بۆ دواجار بەتەواوەتی عەرەبە سوننیەکانی عێراق نوێنەرایەتییان دەکرد. بەڵام بەعسی سوریا عەلەویەکانی سوریا نوێنەرایەتییان دەکرد.

بەراوردکاری نێون بەعسیزم و نازیزم

بەعسیزم

نازیزم

بەراورد

نەتەوەی عەرەب

ڕەگەزی ئاری

بنەمای نەتەوەیی باڵا

یەک سەرکردە سەدام/ ئەسەد

یەک سەرکردە (هیتلەر)

سەرکردەی ڕێبەر

ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە؛ سێکوچکەی بەعس؛ تەعریب و تەبعیس و تەرحیل.

هەوڵدان بۆ خنکاندنی کورد بە گازی ژەهراوی بەڵام لە کەشوهەوایەکی کراوەدا.

هۆلۆکۆست؛ خنکاندنی ملیۆنەها جوو بە گازی ژەهراوی لە ژوورە داخراوەکاندا

جینۆساید

سۆسیالیزمی کولتووری

سۆسیالیزمی ڕەگەزی

سۆسیالیزم

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×