سەرۆکایەتییەک بێ کۆدەنگی؛ هەڕاجکردنی پێگەی کورد لە بەغدا

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2026-04-12     177

ئەوەی دوێنێ لە پەرلەمانی عێراق ڕوویدا و دەنگدان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار بەبێ هیچ ڕێککەوتنی لایەنە کوردییەکان بەڕێوەچوو، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دەستەبژێری سیاسی کورد نەک هەر ڕوئیایەکی ستراتیژییان بۆ داهاتووی هەرێم پێ نییە، بەڵکو خەریکی یارییەکی سیاسیی ناشرینن کە هیچ کەڕامەتێکی سیاسیی و دیپلۆماسییان بۆ کورد نەهێشتۆتەوە.

من وەکو بنەما دژی ئەوەم نەتەوەیەکی داگیرکراو بچێت لە پێتەختی داگیرکەر سیاسەت بکات، مەگەر لە پێناو خزمەتکردنی نیشتمانە داگیرکراوەکەی نەبێت، وەکو بنەمایەکی ستراتێژی. مێژوو سەلماندوویەتی هیچ نەتەوەیەکی داگیرکراو نەیتوانیوە لە پێتەختی داگیرکەرەکەیدا سیاسەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ بکات. لە کاتێکدا بەغدا دەیان مادەی دەستووری پەیوەست بە مافەکانی کورد پشتگوێ دەخات جێبەجێیان ناکات، بەغدایەک کە خاوەنی بریاردانی چەندین کەیسی جینۆسایدی نەتەوەیەکە، بەڵام ئامادە نییە بەقەد داوەموویەکیش خزمەت بەو کەیسە بکات، نوێنەرانی کورد ساڵانێکە ئەوەیان سەلماندووە کە ئەوان تەنها بۆ پۆست و پلەو پایە لە بەغدان و ڕکابەری دەکەن.

با لەو نێوەندەدا، پرسیارێک لە خۆمان بکەیت؛ ئەو پۆستانە چەند خزمەتییان بە نەتەوە و نیشتمان و هەرێمی کوردستان کردووە؟ ئەوە سێیەم جارە دوای سەرۆکایەتی مام جەلال، پۆستی سەرۆکی عێراق بۆ کورد بڕوات، چ جوانییەک و سەرکەوتنێک و قازانجێکی بە کورد بەخشیوە، بێجگە لە بەردەوامبوونی شەرعییەتێکی بەخۆرایی بەو دەوڵەتە میلیشیاییە؟ لە کاتێکدا بەغدا دەیان ماددەی دەستووریی پەیوەست بە مافەکانی کورد پشتگوێ دەخات و جێبەجێیان ناکات، نوێنەرانی کورد تەنها بۆ پۆست و پلەوپایە ڕکابەری دەکەن.

ئەوەی تا ئەوڕۆ دەگوزەرێت، پێمان دەڵێت کورد لە بەغدا هیچ ڕوئیایەکی سیاسی و ستراتیژی بۆ نەتەوەکەی پێنییە و کەوتۆتە داوی پاشکۆیەتی سیاسیی نەتەوەی داگیرکەر. ئەم پەرەتوازەییەی کورد لە بەغدا، نیشانەی نەبوونی ناوەندێکی بڕیاری نیشتمانییە. کاتێک هێزە سیاسییەکان نەتوانن ناوماڵی کورد ڕێک بخەن و بەبێ کۆدەنگی دەچنە بەردەم پەرلەمانێک کە ئەقڵییەتی شۆفێنی تیایدا شەپۆڵ دەدات و باڵادەستە، سیاسییەکانی کورد لە بەغدا کراون بە کەرەستەیەک بۆ جێبەجێکردنی ئەژەندای هێزە میلیشیاویەکان.

هەرچەندە لێتان ناشارمەوە؛ ساڵانێکە پێم وایە پڕۆسەی سیاسی چۆن لە عێراق کۆتایی هاتووە، ئاواش لە هەرێمی کوردستان هیچ پڕۆسەیەکی سیاسی لە گۆڕێدا نییە و هیچ هەنگاوێکی ئەرێنیش لەو دۆخە سیاسییە چاوەڕوان ناکرێت، لەگەڵ ئەوەش کاتی ئەوە بەسەرچووە بپرسین؛ تاکەی بەرژەوەندییە حیزبییەکان و پۆستە بێدەستەڵاتەکانی بەغدا لەسەر حیسابی کەڕامەتی سیاسی و مافە دەستوورییەکانی کورد دەکرێن بە لەکەیەکی ڕەش بە نێوچاوانی کوردەوە؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×