(3)
لە تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزمدا گوتمان بە ڕەهایی ناکرێت بیکەین بە چوارچێوەیەک بۆ دۆخی کورد و بکرێت بە پاساو بۆ داگریکەرانی ئەوڕۆی کوردستان. ئەوەی داگیرکەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەو سەد ساڵەی ڕابردوودا دژ بە نەتەوەی کورد کردوویانە، ڕووی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوایان سەد قات سپی کردۆتەوە، هەر بۆیەشە بێشکچی دەڵێت بەکۆلۆنیکردنی کوردستان زۆر خراپتر و وێرانکەرترە لە کۆلۆنیالیزمی کلاسیکی ڕۆژئاوایی.
بێجگە لە تیۆری دوای کۆلۆنیالیزم، تیۆرییەکی دیکەمان هەیە، کە زۆر نزیکە لە دۆخی کوردستان، بەناوی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی. لەوانەیە لە ڕواڵەتدا ئەم تیۆرییە گونجاوترینییان بێت بۆ دۆخی کوردستان، کە لەلایەن مایکل هێختەر (Michael Hechter) داهێندراوە. پوختەی تیۆرییەکە پەیوەندی بە دۆخی ڕەشپێستەکانی ئەمریکاوە هەیە، کە پێی وایە مەرج نییە کۆلۆنیالیزم هەمیشە لەلایەن زلهێزێکەوە بێت و وڵاتێکی دیکە داگیر بکات، یان هێزێکی دەریایی وەکو (فەرەنسا و بەریتانیا) لە دوورەوە بێت و وڵاتێک داگیر بکات. بەڵکو دەکرێت لەناوخۆی یەک دەوڵەتدا کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت و دان بە ئەندامێتیدا نرابێت، بەڵام لەناو ئەو دەوڵەتەدا نەتەوە یان گروپێکی مرۆیی باڵادەست هەژموونی تەواوی بەسەر بڕیارەکانی دەوڵەت و ئابووری و سیاسەت و سوپادا هەیە و کەمایتییەکی نەتەوەیی دەخاتە پەراوێزێکی تەواوەوە و وەکو کۆلۆنیکراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.
لە بنەڕەتدا ئەو تیۆرییە بۆ شیکردنەوەی پێوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ناوچە پێشکەوتوو و دواکەوتووەکاندا لەناوخۆی یەک وڵات کاری تێدا کراوە. بەڵام دواتر لە ساڵانی 1960 و 1970 لە ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرفراوان کاری لەسەر کراوە و پەرەی پێدراوە، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لەسەر دۆخی ڕەشپێستەکان (ئەفریقیی – ئەمریکییەکان) جێبەجێ بکرێت. تیۆرییەکە لەلایەن ڕەوتێکی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان و ناسیۆنالیستە رەشپێستەکانی وەکو (مالکۆلم ئێکس، ستۆکلی کارلمایک و هیووی نیوتن) پەرەی پێدراوە، پاشانیش کۆمەڵناسی ناسراو ڕۆبەرت بلۆنەر کاری لەسەر کراوە. ئامانج لە بەکارهێنانی ئەم تیۆرییە و پەرەپێدانی بۆ ئەوەبوو بە دونیا بڵێن "دۆخی ڕەشپێستەکان لە ئەمریکا تەنها کێشەی "ڕەگەزپەرستی تاکەکەسی، یان کەمینەیەک کە کاتی دەوێت خۆی بگونجێنێت و تێکەڵ ببێت نییە، بەڵکو دۆخێکی کۆلۆنیالیستانەیە لەناوخۆی یەک سنووردا.
کێشەی بنەڕەتی ئەو ئەرگومێنتانەی کە بە دۆخی ڕەشپێستەکانەوە دەیبەستنەوە، لەگەڵ فۆرمی کۆلۆنیالیزمی کلاسیکدا یەک ناگرنەوە. ڕەوشی ڕەشپێستەکان لە گەڕەکە پەراوێزخراوەکانی شارەکانی ئەمریکا؛ تەنانەت لەگەڵ ئەو گیتۆیانەی جووەکانی ئەڵمانیای نازیش جیاوازن، چونکە گیتۆکانی جووەکان لە ئەڵمانیا پلان بۆداڕێژراو بوون و بەداری زۆر جووەکانی ناو شارەکان کۆکرانەوە و خزێندرانە ناو ئەو کەمپ و گەڕەکانەی کە بە تایبەتی بۆ جووەکان ڕێکخرابوون، دەتوانین بڵێین ئەو گەڕەکانە هاوشێوەی ئەو کەمپە زۆرەملێیانە بوون کە لە باشووری کوردستان، لە دوای نسکۆی 1974 دروستکران و دەوڵەتی عێراق ناوی لێنان کۆمەڵگەی هاوچەرخ (مجمعات عصریة). بەڵام ئایا هاوشێوەن لەگەڵ پێوەندی وڵاتێکی کۆلۆنیستی وەکو بەریتانیا کە بە سوپایەکی بەهێزەوە بار و بارگەی خۆی لە هیندستان داکوتابوو؟ بەدڵنیایی دۆخەکان تەواو لەیەکدی جیاوازن. جیاوازییەکەش زۆر گەورەیە.
ئەفریقییە ئەمریکییەکان بەبێ چەندوچوون هاوڵاتی ئەمریکین و هەڵگری ڕەگەزنامە و هاووڵاتینامەی ئەمریکین. بەپێی ئەرگومێنتی ئەو تیۆریستانە ئەوەی هەیە و نییە؛ تەنها لەڕووی ئابوورییەوە جیاکارییان لەگەڵدا دەکرێت و لەخوارەوەی هەڕەمی ئابووریدا دەهێڵرێنەوە. هەروەها لەناو گەڕەکی ڕەشپێستەکانەوە دامەزراوەکانی وەکو پۆلیس، قوتابخانەکان و بازرگانییەکان لەلایەن هاوڵاتییانی سپیپێستەوە بەڕێوە دەبرێن، کە لەوانەیە جڤاکی سپیپێستیش ئەرگومێنتی خۆیان هەبن بۆ وەها دۆخێک، جگە لەوەی کە ئەمە یەک وڵاتە و لەوانەیە بە سەدان ڕەشپێستیش لە دامەرزاوەکانی دیکەی ناو گەڕەکە سپیپێستەکانەوە هەبن. ئەوە ڕاستە کە جۆری کارەکان جیاوازن، سپیپێستەکان وەکو کۆلۆنیالست لە پۆلیس و قوتابخانەکان و پڕۆژە بازرگانییەکان کار دەکەن، بەڵام رەشپێستەکان وەکو کرێکار، شوفێر و باخچەوان و پاککەرەوە کار دەکەن. وێڕای ئەوەی مێژووی رەشپێستەکان مێژووێکی هێندە زاڵمانە بووە، کۆسپەکان بە سیستماتیک کراون؛ ڕەشپێستەکان بۆ چەندین سەدە بێبەشکراون لە خوێندن و خاوەندارێتی زەوی و وەرگرتنی قەرزی بانک، لە وەها حاڵەتتێکیشدا پێشکەوتنی زانستی بۆ نەوەکانی داهاتوش قوڕس دەبێت.
هەروەها بیرمەندی فەڕەنسی فرانتر فانۆن لە کتێبی پێستی رەش و ماسکی سپی؛ پێی وایە داگیرکەر هەوڵ دەدات مرۆڤی چەوساوە هێندە تێکبشکێنێت، تا بۆخۆی باوەڕ بەوە دێنێت کە لە سپیپێستەکە کەمترە و ناتوانێت پێشبکەوێت. ئەمە سروشتی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان نییە، بەڵکو دەرەنجامی ئەو زەبرە دەروونییە مێژووییەیە کە دووچاری بووە و دەتوانین ناوی بنێین "مرۆڤی هەموارکراو". لەڕووێکی دیکەشەوە لەوانەیە هەمان حاڵەت لە دەڤەرێکی دیکە و لە وڵاتێکی دیکە جیاواز بێت. کاتێک گەڕەکێک دەرفەتی کاری تێدا کەم دەبێت و هەژار دەبن، ئەو گەڕەکە رەشپێست بن یان سپیپێست وەک گەڕەکە هەژارەکانی ئێرلەندا یان ڕووسیا، یان هەر نەتەوەیەکی دیکە؛ ئەوە پەیوەندی بە سروشتی ڕەگەزەکەوە نییە، بەڵکو دەکەونە ژێر کاریگەری ژینگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە. بەوجۆرەش، دەکرێت کولتوور و مێژوی ڕەشپێستەکان بشوێنێدرێت بە بیانۆی ئەوەی هەستی بەرگریان لاواز بێت. لە هەموو حاڵەتەکاندا داواکاریی ڕەشپێستەکان، داواکاریی مەدەنین و باشکردنی دۆخی گشتی ڕەشپێستەکانە. دەکرێت لەڕووی قانونییەوە کێشەی ئەوتۆیان نەبێت. بەڵام ئایا دەکرێت وەها تیۆرییەک لەسەر دۆخی کوردستان جێبەجێ بکرێت، کە لە کۆمەڵێک ڕووەوە جیاوازە و کورد نەتەوەیەکی پەرش و بڵاوی ناو وڵاتێک نین، بەڵکو خاک و دیمۆگرافیا و جوگرافیای خۆیان هەیە، دەتوانین دۆخەکە لەو چەند خاڵەی خوارەوە چڕ بکەینەوە:
نەبوونی جوگرافیایەکی جیاواز یان کۆلۆنیکراو بۆ ڕەشپێستەکان. لە کۆلۆنیالیزمی کلاسیکدا، هێزێکی دەرەکی پەلاماری دەوڵەتێک یان هەرێمێک، یا جوگرافیایەکی دیاریکراو دەدات بەمەبەستی دەستگرتن بەسەر ئابووری و دۆخی سیاسی ئەو وڵاتە یان ئەو هەرێمە. هەندێک جاریش کولتوور و دونبیابینی خۆی بەسەر داگیرکراودا دەسەپێنێت، وەک نموونەی بەریتانییەکان لە هیندستان و فەرەنسییەکان لە جەزائیر، هەروەها وەک ئەوەی تورک و عەرەب و فارسیش دژ بە کورد کردوویانە و دەیکەن.
لە بەرامبەردا دۆخی ڕەشپێستەکان زۆر جیاوازە. لەلایەک رەشپێستەکان جوگرافیایەکی دیاریکراویان نەبووە و لەگەڵ سپیپێستەکان لە هەمان جوگرافیادا بەیەکەوە ژیاون. ڕاستە گەڕەکی جیاواز هەبوون و هەن، بەڵام ئەو گەڕەکانە لەسەر بنەمای جیاکاری دروست نەبوون وەکو گیتۆی جووەکانی ئەڵمانیا و کۆکردنەوەیان لە گەڕەکە تایبەتەکان. بەوجۆرە دۆخی رەشپێستەکان وەکو هی جووەکان نەبووە بۆ ئەوەی بە زۆر لەو گیتۆیانەدا بئاخنرێن. بۆیە کێشەی ڕەشپێستەکان زیاتر سەلماندنی مافی هاوڵاتیبوون بووە نەک ڕزگارکردنی خاکێکی داگیرکراو، وەکو ئەو دۆخەی کە کوردی تێدا دەژین.
خاڵێکی دیکە، کە دەتوانین ناوی بنێین "خەونی وشتر". لایەنگرە توندڕەوەکانی بیرۆکەی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی لە نموونەی (بزووتنەوەی بڵنگە ڕەشەکان) دەیانگوت ئەگەر ئێمە کۆلۆنی بین، کەواتە چارەسەر "یاسای مافە مەدەنییەکان" نییە، بەڵکو ڕزگاری نیشتمانی و جیابوونەوەی ڕەشپێستەکانە لە ئەمریکا. ئەم جۆرە داواکارییەش لەڕووی کردەییەوە لەمەحاڵ مەحاڵترە و وەکو خەونی وشتر وایە، چونکە خاکێکی دیاریکراو بە ڕەشپێستەکان لە ئەمریکادا نییە و لەهەموو ناوچەیەک و شار و شارۆچکەیەک بڵاو بوونەتەوە، ئەگەر لەهەندێک شوێنیش زۆرینە بن، چ جای ئەوەی کە زۆربەی ڕەشپێستەکان خۆیان ئەو جۆرە داواکارییەیان نەبووە.
ئەو داتایانەی لەبەردەست دان بەتایبەتیش نوسینگەی سەرژمێری ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە فەرمیترین سەرچاوەیە بۆ داتا دیموگرافییەکان (دانیشتوانناسی)، لە داتای میسیسپیی، لویسیانا و جۆرجیا، ڕێژەی دانیشتوانی ڕەشپێست بە تەواوی هاوتای ئەو ژمارانەیە: میسیسپیی نزیکەی ٪38، لویسیانا و جۆرجیا نزیکەی ٪33 ێن. بۆیە لە ویلایەتە یەگرتووەکان هیچ ویلایەتێک نییە بەتەواوی یان بە یاسا تایبەت بێت بە ڕەشپێستەکان یان بە سپیپێستەکان، بەڵکو لە هەموو ویلایەتەکان تێکەڵەیەک لە ڕەگەز و نەتەوە جیاوازەکان هەن، بێجگە لە واشنتن دی سی، کە پێتەختی ئەمریکایە و هەرێمێکی فیدرالییە، لە ڕابردوودا زۆرینەی دانیشتوانەکەی ڕەشپێستبوون، بەڵام ئێستا ڕێژەکەیان دابەزیوە بۆ نزیکەی٪41.
کەواتە ئایا ئەو تیۆرییە (کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی) گونجاوە بۆ دۆخی کوردستان؟ چونکە ئەو تیۆرییە زیاتر لەسەر پێسترەشەکان جێبەجێکراوە و بەمانای کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی هاتووە، پێویستە توێژەرانی کورد خۆیان لەو جۆرە چوارچێوە تیۆرییەش بپارێزن. لەڕاستیدا پرسی کورد پرسێکی داگیرکاری ناوخۆیی نییە، بەڵکو هەرێمییە و ڕەهەندی نێودەوڵەتی هەن. هەر ئەو رەهەندانەشن کە وای لە ئیسماعیل بێشکچی کردووە کوردستان بە خراپتر لە کۆلۆنییەکی نێودوڵەتی هەژمار بکات و بە وردەکاری لەسەری بوەستێت.
تا ئەوڕۆکەش کورد نەیتوانیوە گوتارێکی زاڵ دروست بکات و خۆی وەکو بە کۆلۆنیکراو بخاتە سەر شانۆ و داگیرکەران لەوە تێبگەن کە ئەوان داگیرکەرن، نەک کوردستان خاکی باب و باپیریان بێت و بەشێک بێت لەو وڵاتانەی کە بەسەریاندا دابەش کراوە. تا ئێستا ئەو دەستەبژێرە سیاسییە نەیتوانیوە تەنانەت سوود لەو هەموو تاوانانەش وەربگرێت کە دژ بە کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان ئەنجام دراون و ڕەفتارێکی کۆلۆنیالستانەی داگیرکەرانەی بی فرت و فێڵ بووە. جینۆساید و تاوانەکانی جەنگ بەشێکن لەو تاوانە نێودەوڵەتییانەی کە دەستەبژێری سیاسی کورد دەیتوانی سودێکی گەورە لە پێناو دروستکردنی گوتارێکی زاڵ لەناوەندە نێودەوڵەتییەکان دروست بکات، تێیان بگەیەنێت کە کورد لەبەردەم هەرەشەی لەناوچوون دایە. تا ئێستاکەش، کورد بۆخۆی و بەدەستی خۆی پرسی خۆی وەکو پرسێکی ناوخۆیی هەژمار دەکات، چ بە گوتار بێت، یان بە کردار. بوونی سوپایەک لە بەرپرسانی کورد لە بەغدا بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە دەستەبژێری سیاسی کورد لەڕووی کردەییەوە خۆی بە داگیرکراو نازانێت، وێڕای ئەوەی کە رۆژانە مامەڵەی بیانی لەگەڵ کورددا دەکرێت، لە باشوور پرۆسەی تەعریب هەمیشە بەردەوام بووە و نەوەستاوە. هەموو ئەو تاوانانەمان بینین چۆن سوپا و خێڵە عەرەبەکان لە سوریا مەمەڵەیان لەگەڵ هاوڵاتییانی کوردی ڕۆژئاڤای کوردستان دەکرد. کۆلۆنیالیزمی تورکی و ئێرانیش لەبەرچاوی هەمووان دیارە چۆن دەستیان ناوەتە قوڕگی کوردستانی ژێردەستی خۆیان و وەکو کابووس چۆکییان داداوەتە سەر سینەی کورد و کوردستان.