یەکێک لەو چەمکانەی کە نوسەر و توێژەرانی کورد بە ئاگایی بێت یان بە نائاگایی بۆ دۆخی کورد بەکاری دێنن، جیاوازی نەکردنە لەنێوان چەمکی داگیرکەر و ژێردەستە. مانای ژێردەستە چییە؟ ئایا بەڕاستی کورد ژێر دەستەیە و داگیرکەرانی کوردستانیش سەردەستەن؟
دیارە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا سەپاندنی هەژموون واتە سەپاندنی بەها، زمان، کولتوور و مۆدێلی ژیانی لایەنی لاواز، بە جۆرێک لایەنی ژێردەستە هیچ بژاردەیەکی نەمێنێت بێجگە لە خۆبەدەستەوەدان و خۆگونجاندن، بەمانای ئینتەگراسیۆن یان ئینتەگرێیشن (Integration). لێرەدا ئەگەر داگیرکراو باوەڕ بەوە بێنێت کە چارەنووسی لەگەڵ داگیرکەر دایە و دۆخی ژێردەستەیی دۆخێکی سروشتی و حەتمییە، یان بە کورتی دەوڵەتی نەتەوەیی ڕەتدەکەنەوە، ئەوە لە قۆناغی داگیکراوی دەردەچێت بۆ قۆناغی ژێردەستەیی. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا کورد باوەڕی بەو ژێردەستەییە هێناوە؟ ئەو دۆخەی کە بەسەریدا هاتووە بە سروشتی دەزانێت و بەتەواوەتی و ڕەهایی خۆی ڕادەست کردووە؟
بەر لەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە بدەینەوە، ئایا جیاوازی هەیە لەنێوان داگیرکاری (Occupation) و سەردەستی (Hegemony)؟ بەبۆچوونی خۆم و لە ئەنجامی بەراوردکاریم بۆ دۆخی کورد، لە ڕوانگەی ئەو تیۆرییانەی لەو بوارەدا شڕۆڤە کراون؛ جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەنێوان هەردوو چەمکی داگیرکەر و سەردەست، بەتایبەتیش لە ئەدەبیاتی پۆست کۆلۆنیالیزمدا. لەو ئەدەبیاتەدا جیاوازییەکە زیاتر پەیوەندی بە شێوازی سەپاندنی دەستەڵاتەوە هەیە. داگیرکەر زیاتر پشت بە هێزی ڕەق دەبەستێت، کە خۆی لە بەکارهێنانی سوپا، زەبروزەنگ، یاسا و داگیرکاری فیزیکی و جوگرافی دەبەستێت. بەڵام سەردەست، زیاتر پشت بە هێزی نەرم دەبەستێت، بەمانای هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی گشتی، سەپاندنی کولتوور و ئایدیۆلۆژیا و ڕازیبوونێکی سایکۆلۆژیانەی ژێردەستە بە کولتوور و ئایدیۆلۆژیای سەردەستە، کە بۆی هەیە قۆناغی دوای داگیرکاری بێت. واتە داگیرکراوەکان تا لەقۆناغی داگیرکراویدا بن، مانەوەیان مسۆگەرترە تا لە قۆناغی ژێردەستەییدا. ئەوەی زیاتر هەستی بەو جیاکارییە کردووە ئەنتۆنیۆ گرامشییە. گرامشی دەستەڵات دابەش دەکات بۆ دوو چەمکی سەرەکی. یەکەمییان سەپاندن (Domination)، کە لە ڕێگەی دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی دەوڵەتەوە بەڕێوە دەبرێت، بەتایبەتیش سوپا و پۆلیس و دادگاکان. چەندی چەمکی هەژموونە، لە ڕێگەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بەدەست دێت، کە بریتین لە (قوتابخانە، مزگەوت/ کڵێسا، میدیا و کولتوور). لە ڕوانگەی ئەودا لێرە دەستەڵات دەبێتە "سەردەست" چونکە وای لە خەڵک کردووە بە ئارەزووی خۆیان بەبێ هێزی سەربازی باڵادەستیی (ئەوی دیکە) قبوڵ بکەن.
بۆ سەلماندنی ئەو ڕوانگەیە، ڕایەکی لەو جۆرە هەیە لەلایەن دوو مێژوونووسی هیندی گایاتری سپیڤاک و ڕاناجیت گوها پشتڕاست کراوتەوە، کە پێیان وایە بریتانیا لە هیندستان داگیرکەر بوو، دەستەڵاتیشی هەبوو، بەڵام سەردەست نەبوو، بەمانای ئەوەی بەریتانیا نەیتوانی سەردەستی ڕۆحی و کولتووری بەسەر هیندییەکاندا بسەپێنێت. ئەمەش مانای وایە داگیرکەر هەمیشە جیاوازە لە سەردەست، یان دەتوانین بڵێین داگیرکەر قۆناغێک لەپێش سەردەستەوەیە. ئەگەر داگیرکەر توانی سەردەستیی ڕۆحی و کولتووریی بەسەر داگیکراودا بسەپێنێت، ئەوە داگیرکراو دەبێتە ژێردەستە و دەچێتە قۆناغی دووەم. بەڵام تا ئەو ئاستەی کە نەتەوەی داگیرکراو خۆی ڕادەست نەکات، خۆی نەگونجێنێت (ئینتەگرێیت) نەکات لەگەڵ داگیرکەر، ئەوە هێشتا ئەو نەتەوەیە نەبووە بە نەتەوەیەکی ژێردەستە. فرانس فانۆنیش پشتگیری لەو بۆچوونە دەکات. ئەو لە کتێبی "پێست ڕەشەکان، ماسکە سپییەکان" دا، لەڕوانگەیەکی دەروونییەوە ئەو جیاوازییە ڕوون دکاتەوە. ئەو پێی وایە کەی داگیرکراو بە سووک و بێبەها تەماشای زمان و کولتووری خۆی کرد، مانای وایە هەوڵ دەدات وەکو داگیرکەرەکەی لێ بێت، واتە ماسکە سپییەکە بپۆشێت، لەوانەیە لەباشوور و ڕۆژئاڤای کوردستان پێوەری ماسکە سپییەکە ببێت بە دشداشە و عەگال. واتە کەی داگیرکراوی کورد دشداشەی پۆشی، ئەوە جۆرێک بێت لە خۆبەدەستەوەدان و داگیرکەر وەکو سەردەستی ڕۆحی و دەروونی تەماشا بکات، یان هەست بەخۆی نەکات، کە ئەو نەک هەر داگیرکراوە، بەڵکو جڵەوی ڕووبەڕووبوونەوەشی لەدەستداوە. کەواتە لێرەدا لە ڕوانگەی فانۆنەوە مەترسیدارترین قۆناغ، قۆناغی دووەمە، کە قۆناغی ژێردەستەییە، قۆناغی لەدەستدانی هەژموون، یان قۆناغی سڕینەوەی سیما تایبەتەکان و خۆڕادەستکردنی تەواوەتی بە داگیرکەر و بوون بە ژێردەست. بەڵام ئێدوارد سەعید لەو بارەیەوە نەیپێکاوە. ئەو پێی وایە کۆلۆنیالیزم توانیویەتی ڕۆژهەڵات، بەتایبەتیش دونیای عەرەبی لەڕووی کولتووری و رۆحییەوە داگیر بکات، بەڵام لە واقیعدا کۆلۆنیالزم بەتەواوەتی شکستی هێناوە لەوەی نەتەوەی عەرەب داگیر و دەستەمۆ بکات، دوای ئەوەی وڵاتانی عەرەبی بەجێهێشتن. دەتوانین بڵێین کۆلۆنیالیزم وڵاتانی دونیای سێیەم و عەرەبیی لە دۆخێکی نزیک لە دۆخی فەوزا و گەڕەلاوژێدا بەجێهێشتن، بەڵام نەیتوانی بەها و نۆڕمە ڕۆژئاواییەکان بسەپێنێت، کە لە پێشەوەی هەموویانەوە بنەماکانی دیمکوراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئاشتی و پێکەوە ژیانن.
کەواتە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکە، ئایا کورد ژێردەستەیە؟ بەمانایەکی دیکە، ئایا داگیرکەر توانیویەتی زمان و کولتوور و مۆدێلی ژیانی خۆی بەسەر نەتەوەی کورددا بسەپێنێت؟ لە ڕاستیدا ئەو وەڵامە زۆر ئاڵۆزە. لەوانەشە بۆ هەر بەشێکی داگیرکراوی کوردستان پێویستمان بە وەڵامێکی جیاواز هەبێت، هەرچەندە بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین لە وەڵامدا بڵێین نەخێر کورد ژێردەستە نییە، با بەشێک لەکوردیش بە تەواوی کەوتبێتە ژێر هەژموونی داگیرکەر و بەهاو نۆڕمەکانی داگیرکەری قبوڵکردبن. داگیرکەری عەرەب، تورک و فارس، ئەگەر بە شێوەیەکی ڕێژەییش، لەژێر هەژموونی سیاسەتی ڕاگواستن و لەیەکدابڕین و قەدەغەکردنی زمان و کولتووری کوردەواری توانیبێتی بەشێک لەکورد ژێردەستە بکات، بەڵام تا ئێستاش زۆرینەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە بەرگرییەکی هەمیشەییدا بوون و ڕازینەبوون ژێردەستە بن. داگیرکراوە، ڕاستە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە پڕۆسەی خۆگونجاندن و ئینتەگراسیۆن (Integration) بباتە پێشەوە. لێرەدا تێبینییەکی زۆر گرنگیش هەیە شایەنی ئاماژە پێکردنە، ئەویش ئەگەر کوردێک هەبێت پێی وابێت داگیرنەکراوە، ئەوە بە دڵنیایی نەک هەر قۆناغی داگیرکران و قۆناغی ژێردەستەییشی پەڕاندووە، بەڵکو ئەو لە قۆناغی کۆتاییدا دەژیێت و بەتەواوەتی لە قالب و بچمی داگیرکەردا تواوەتەوە و هەموو سیماکانی کوردبوونی خۆی لەدەست داون.
لێرەدا پرسیارێکی دیکەی جیددی دێتە پێشەوە، ئەویش پڕۆسەی ئینتەرگراسیۆنی بەڕێز ئۆجەلانە. ئایا مەبەست لە چەمکی ئینتەگراسیۆن هەمان ئەو پڕۆسەی ئینتەگرێیشنی وڵاتانی ڕۆژئاوایە بۆ پەنابەران؟ وەڵامی ئەو پرسیارە دەخەمە ئەڵقەی داهاتوو.