نوسینێکم لە وێبسایتێکی عەرەبی بەرچاو کەوت بە ناونیشانی "کوردستان ئاوڕ لە کێشە پێکهاتەییەکانی خۆی ناداتەوە؛ بی حکومەت، بێ پەرلەمان، بێ دامەزراوەی کۆکەرەوە"، لە نوسینی سامان نوح؛ موچڕکێک بەلەشم داهات. قسەی برادەرێکم بیر کەوتەوە، لە وتراێکی دەنگیدا دەڵێت "با عەرەب فێری کوردی نەبن، چونکە نهێنییەکانمان دەزانن"، منیش پێم گوت، هاوڕێ، نهێنییەکانمان هان لەناو میدیای عەرەبی، ببون بە بنشتە خۆشەی نەدیتەکانی بەغدا. تۆ باسی چی دەکەیت. ئینجا کاک سامان بەردەوام دەبێت و دەڵێت "ساڵانێکە کوردستان وازی لە کێشە بنەڕتییە گەورەکانی خۆی هێناوە، واشپێدەچێ، وازهێنانێکی ئەبەدی بێت لە چاوەڕوانی چارەنوسێکی نادیار و دەیەوێت لە دەرەوە بێت"، جاوەرە شەرم دانەگرێت. خۆ ڕاست دەکات، نەتەوەیەک تەنها لە باشووری نیشتمانە دابەشکراوەکەی؛ بە زیاتر لە 200 هەزار قوربانی، بە تۆڕێک لە دوژمنی هەرێمی و داگیرکراو لەلایەن چواردەوڵەتی بێ ویژدان و جینۆسایدکار، تۆش بتوانی لە پێتەختی دگیرکەردا سازش بۆ هەجەر و گوجەرەکانی دگیرکەر بکەیت، بەڵام لەناو ماڵی خۆتدا لەسەر چەند دەستەڵاتێکی وەهمی، وەهمی بە مانای هێشتا جڵەوی تۆ بەدەست داگیرکەرەوەیە، بکەویتە مشتومڕ و خۆت بیر بچێت، جێگای شەرمە، بەو پاشۆڵە داڕماوە خۆتان و نەتەوەکەتان ببەنە ناو مێژوو.
بۆچی لە چاوەڕوانی گۆدۆدا؟
ناونیشانەکە ناوی شانۆنامەیەکە، لەلایەن نوسەری ئێرلەندی ساموێل بێکێت نوسراوە، یەکێکە لە دیارترین بەرهەمە بێ واتاکان و لە دەقە شانۆییە بێ ماناکان. پوختەی دەقەکە دەربارەی دوو کەسایەتییە بە ناوەکانی ڤلادیمێر و ئێستراگۆن، لە تەنیشت درەختێکی وشکهەڵاتوودا وەستاون، چاوەڕوانی کەسێک دەکەن بەناوی (گۆدۆ)، بەڵام گۆدۆ هەرگیز نایەت.
وەکو خەون بیرم دێت، کە دوای نسکۆی 1975 ئاوارە بووین بۆ ئێران، لە ئۆردوگایەک گیرساینەوە بەناوی (بەهرام)، لە نزیک ئەحواز. من ئەو کاتە هەشت نۆ ساڵێک دەبووم. ئێوارەیەک لەگەڵ هاوڕێیەکم یاریمان دەکرد، قەڵەباڵغییەکم بینی، ئێمەش بەرەو قەڵەباڵغییەکە ڕۆیشتین. خەڵکێکی زۆر دەورەی سەکۆیەکییان دابوو، دوو کەسیش لەسەر سەکۆکە وەستابوون، یەکێکییان لەسەرچۆک خۆی نوشتانبووەوە و دەموچاوی و دەستەکانی بەرەو ئاسمان بەرز کردبوونەوە و هاواری دەکرد (گۆدۆ گۆدۆ) چاوەڕوانی تۆین. کەسەکەی دیکەش لەپێوە ڕووی لە ئاسمان بوو و بەبێ دەنگی و چاوەکانی ئەبڵەق بوون و وەک بتێک وەستابوو. لەوساتەوە (لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا) لە یادەوەری من جێگیر بوو و بوو بە پرسیار و دەبێت گۆدۆ کێ بێت.
دوای ساڵانێک لە ئاوارەیی و ئەوشار و ئەوشار، زانیم مەبەست و پەیامی سەرەکی ئەو چاوەڕوانییە، بیرۆکەیەکی فەلسەفی قوڵە. بیرۆکەکە چەند سەرەدەردییەکمان بۆ دەگێڕێتەوە، لەوانەش:
بێواتایی ژیان. هەموومان دەزانین ژیان ڕاستە پڕە لە یادەوەری، بەڵام خودی ژیان بریتییە لە ئێستا، دێت و دەڕوات، بەو هۆیەشەوە پڕە لە چاوەڕوانی، بۆ شتێک کە ڕەنگە هەرگیز ڕوونەدات. مرۆڤەکان هەمیشە هەوڵ دەدەن مانا بۆ ژیان بدۆزنەوە، بەڵام گەردوون بێدەنگە و هیچ وەڵامێک ناداتەوە. ئێوەی سەرکردە چاوەڕوانی چین، داگیرکەر بتانکات بە شا. مەگەر شاعیر ناڵێت "نایکەمە سەر خۆم بەدەستی موددەعی تاجی شەهی؛ قەت بە ئەمری دوژمنانم نامەوێت فەرمانڕەهی). ئێوەی سەرکردە کە شتێکتان لێ دەرچووە، بەهۆی ئەو نەتەوە پەرێشانەوە شتێکن و دوژمن نرخ و بەهایەکتان بۆ دادنێت. ئەگەر هەر خۆتان و ماڵباتتان بن، لە پێتەختی ئەوانیش بن، گوللـەیەکیش بە ئێوەی دابڕاو و بێ نەتەوە سەرف ناکات.
گۆدۆ کێیە؟ ڕوماننوسەکە (بێکێت) بە مەبەست هیچ پێناسەیەکی ڕوون و ئاشکرای بۆ گۆدۆ دانەناوە، بۆ ئەوەی هەر خوێنەرێک یان بینەرێک بەپێی تێگەیشتنی خۆی شیکردنەوەی بۆ بکات. گۆدۆ دەکرێت هێما و سیمبۆڵێک بێت. دەکرێت (خودا) یان (ڕزگارکەرێک) بێت و لە چاوەڕوانی هێزێکی غەیبیدا بێت، ڕۆژێک بێت و لە ڕەنج و ئازارەکان ڕزگارمان بکات. دەکرێت دیاکۆیەک بێت، خێڵە وێڵ و دوژمندارەکان کۆبکاتەوە و ئیمپراتۆرییەک دروست بکات و کۆتایی بە ئاوارەییمان بێنێت. دەکرێت هیوایەک یان ئامانجێک بێت، یەکگرتن و سەروەری نەتەوەییمان بۆ بێنێت و گۆڕانکاری لە ژیانی پڕ لە چەرمەسەریماندا بکات، کە ساڵانێکی درێژە (موچە) ی لێکردووین بەو کابووسەی نە دێت و نە نایەت. بۆیە، ڕۆژانە لەڕاکردنداین بۆ داهاتوویەک، هەر نایەت. نوێنەر دەنێرین بۆ بەغدا و (موچەمان) بۆ ڕێک بخەن، بەڵام هەر ناگەن. نەدیارە بێنەوە و نەدیارە بگەن. خۆ لە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی ماددەی (140)دا هەر بگەڕێ. ئەویان گۆدۆیەکی دیکەیە و باسکردنی بووە بە عەیبە.
پڕوپوچی و کات، خاڵێکی دیکەن لەو چاوەڕوانییەدا. بەرپرسەکان بۆ ئەوەی کات بکوژن و هەست بە بێزاری و پڕوپوچی نەکەین (ماڵیان ئاوا)، لە میدیادا دەردەکەون، باس لە کۆبوونەوەی لوتکە دەکەن لە داهاتوویەکی نزیکدا، هەر ڕێک (فلادیمێر و ئێستراگۆنن). ئینجا میدیاکار دەپرسێت، ئەرێ بەڕاست، کەی بڕیارە کۆببننەوە؟ پەیامنێریش دەڵێت؛ هێشتا دیاری نەکراوە، دەکرێت سبەی بێت، یان هەفتەی داهاتوو، چونکە دووبەیانی پشووە و سێبەیانیش هەینی. ئەوجارە بە ئومێدەوە پاڵدەدەینەوە و نەجار بنوە ئەوجار خوا یەکە و دەرگەی هەزار. لە هەفتەی داهاتوو یەکێک لە تارانە و ئەویدیکەش لە بەغدا، بێکەسیش لەوساتەوە 27 ساڵە لە چاوەڕوانی گۆدۆدا، هەر دەڵێت:
(گوناهم چی بوو بەو دەردەت بردم
بۆ چی بە ناحەق وا سووکت کردم)
ترس لە بێ تۆیی، لە تەنهایی، لە دوژمن، وا لە (فلادیمێر و ئێستراگۆن) دەکات ماوە ماوە لەیەکدی بێزار بن و باس لە جیابوونەوە بکەن، ئەویان دەڵێت لیستی مووچە بە سەربەخۆیی دەنێرین بۆ بەغدا، ئەویدیکەش دەزانێت هەر وائاسان نییە، بێ دەنگ و قڕوقپی لێدەکات. هەرچەندە خۆیان جیان، یەکێک لەو زۆنە و ئەوی دیکەش لەو زۆنە، لەگەڵ ئەەوەش خەڵکی بووە بە جیسکەکەی حەیاس، نە ئەوەتا واز لەیەکدی بێنن، نە ئەوەتاش بتوانن بەیەکەوە کۆببنەوە و وەکو هەموو دەولەتمەدارانی دونیا و وەکو یەکێک لەو سیستمە پێشکەوتو و پاشکەوتتوەکانی دونیا، کۆ ببنەوە. ئاخر منێک کە هەموو ژیانم لە ئاوارەییدا بووە، ناوێرم سەرم بڵند بکەم، نەبادا جارێکی دیکە، گۆدۆ نەیەت و لە دەست داگیرکەری خوێنڕێژ ئاوارەی ئێران ببمەوە.
پوختەی قسان، لە چاوەڕوانی گۆدۆدا، ئەو پانتاییە پڕ لە ئومێدەیە ڕۆژێک بێت و سەردارەکان ببن بە مرۆڤی هاوچەرخ، واز لە داگیرکەر بێنن. پێکەوە مشوورێکی خەڵکی خۆیان بخۆن و دڵنیابن لەوەی گۆدۆ هەر نایەت. تەمەن وادەڕوات و ئێمەش بەر لە ئێوە. لە خەفەتی ئێوە سەر دەنێینەوە، دڵنیابن ئەگەر دە ساڵێکیش زیاتر لە ئێمە بژین، ئێوش هەر بەدواماندا دێن و گۆدۆش هەر نایەت و خۆمان خۆمان ڕزگار نەکەین، کەس ڕزگارمان ناکات.