پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
سەرەتا:
هەر لەم ماوەیەی پێشوودا چەند گوتارێکم سەبارەت بە خوێندن و فێرکردن لە زانکۆی سلێمانی بڵاوبووەتەوە (٤، ٣، ٢، ١). گوتارەکان زیاتر سەبارەت بە بایکۆت و چۆڵبوونی هۆڵەکانی خوێندن و کاری سەرۆکایەتی زانکۆ لەو ساتە گرنگانەدا و گرنگی نەدان بە نووسین و نووسەران بوون. هەڵبەت تا ئەم ساتەش یەکێک لە زانکۆ سەبارەت بەو گوتارانە هیچ قسەیەکیان نەکردووە، هەر ئەوەش چاوەڕوانکراو بوو، و لە داهاتووشدا چاوەڕێی هیچیان لێناکەم! لەوانەیە یەکێک بڵێت، ئەی بۆچی دەنووسیت؟ بۆ مێژوو دەنووسم تا دەرونم ئارام بێت و نەوەکانی دواییش بزانن کە کەسانی وەک بەندە هەبوون و قسەیان کردووە، بەڵام دەزگایەکی وەک زانکۆش هەر وەک هەموو شتێکی ئەم وڵاتە هێند خراپ بووە، هێند حیزبەکان دەستیان خستۆتە بینەقاقای و سڕیانکردووە، کە چاوەڕێی هیچیان لێناکرێت! لەبیرتان نەچێت ئەم گوتارەش هەر سەبارەت بە فێرکردنە لەم زانکۆیە، کە زانکۆی سلێمانییە!
فێرکردن لە زانکۆی سلێمانی:
بێگومان چەندانی وەک ئێمەومانان هەن کە دڵیان ژان دەکات کاتێک لە سێمیستەری (وەرزی) یەکەمی ئەم ساڵی خوێندنەدا( ٢٠٢٤-٢٠٢٥) تەنیا شەش وانە گوتراوەتەوە و وەرزی خوێندنیش تەواو بوو و تاقیکردنەوەش ئەنجامدرا و زۆرینەش لە خوێندکاران دەرچوون! ئەگەر کەسانێک نەزانن وەرزی خوێندن چییە، ئەوە بۆ ئەو بەڕێزانە : سیمیستەر بریتییە وەرزی خوێندن و مەبەست لە وەرزی یەکەم کە مانگی نۆ دەستپێدەکات بۆ سێ مانگ و نیو بەردەوام دەبێت و پاشان دوو هەفتە تاقیکردنەوەکان دەکرێت و ئینجا پشوویەکی کورت و دوای ئەوە سیمیستەری دووەم دەستپێدەکات و تا کۆتایی مانگی پێنج بەردەوام دەبێت.
ئێستا سەرنجتاندا کە لەوسێ مانگ و نیوە ( کە دەبێت بە گوێرەی پێواژۆی بۆڵۆنیا سیازدە هەفتە خوێندن هەبێت و پاشان تاقیکردنەوەکان لە دووهەفتەدا ئەنجام بدرێت)، واتە لە سیمیستەری یەکەمدا تەنیا شەش هەفتە لە سیازدە هەفتە خوێندراوە، نزیکەی نیوەی وەرزەکە! لەکاتێکدا زانکۆکانی تری حکومەتی کوردستان لە هەولێر و دهۆک وانەکانی خۆیان بەتەواوی خوێندووە و ئەوە باسی زانکۆ ناحکومییەکانیش هەر مەکە، کە ماوەکەی خۆیان بە وردی و دروستی تەواوکردووە. ئەمەم بۆ باسکردن تا بزانن و ئاگاداربن، کە سەرۆکایەتی زانکۆ چەند خراپ مامەڵەی لەگەڵ فێرکردن کردووە و بێ باکانە ڕەنجی زۆربەی مامۆستایانی دڵسۆزی ئەم زانکۆیەی بەخەسارداوە! باشە سەرۆکایەتی زانکۆ و ڕاگرەکان ناپرسن و نابینن کە لە وەرزێکی خوێندندا تەنیا نیوەی وانەکان وتراوەتەوە و کەچی گوتەیەکیان نییە و ناڵێن ئێمە زۆر دواکەوتووین و خوێندکارانمان زۆر زیاندمەند بوون! بەڵکو بە پێچەوانەوە دێن دەڵێن زانکۆی سلێمانی هەر یەکەمە و لە پێشەوەیە لە ڕووی توێژینەوە و وۆرشۆپ و سێمینار و بەهیچ شێوەیەک باسی فێرکردن ناکەن، وەک ئەوەی فێرکردنی خوێندکارانی بەرایی و خوێندنی باڵاش هێند گرنگ نەبێت و خۆیان وتەنی هەردەڕوات و هیچ گرفتێک نییە!
هاوار بەماڵم، لەکوێوە دەستپێبکەین و باسی چیتان بۆبکەم! خۆزگەم بەخۆتان، کە لە دەرەوەی ئەم دەزگا "ناوی زل و دێی وێرانەن" و ئاگاداری وردەکارییەکان نین و وەک ئێمەی مامۆستایانی ماندوو سەرتان پێوەی نایەشێت و دڵتان پێوەی ناشکێت!
چۆن خەفەت نەخۆم، کە ساڵ دەڕوات و ساڵ دێت و ئەم پرسە ناکرێتە پرسی سەرەکی بەرپرسانی زانکۆی سلێمانی و گوێ ناگرن تا ڕێگە چارەی گونجاو پێکەوە بدۆزینەوە و لەم چەقبەستووییە ڕزگارمان ببێت! یەکەم کاری زانکۆ بریتییە لە فێرکردن، واتە خوێندکاران بۆ هەر وەرزێکی خوێندن پرۆگرامێک دانراوەو پێویستە بە وردی و دروستی تەواوبکرێت و خوێندکار کاتێک وەرزەکە تەواو دەکات فێربووبێت و سوودی وەرگرتبێت و مامۆستاش ئاسوودە بێت کە توانیویەتی خزمەت بکات و نامەکەی بگەیەنێت.
یەکەم:
کاتێک ئەم دەزگایە لە ڕانکینی سەرئاستی زانکۆکاندا پلەی باش بەدەست دێنێت، ئەوا زۆرینەی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مامۆستا دڵسۆز و بەئەمەکانەی بەردەوام توێژینەوە دەکەن و لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکاندا بڵاویدەکەنەوە و ئاستی زانستی زانکۆی سلێمانی بەرز دەکەنەوە و بەرپرسان خۆیانی پێوە هەڵدەکێشن، ئەمەش لەکاتێکدا پارەی نزیکەی بیست مانگی کرێی وانەی زیادەی مامۆستایان نەدراوە و سەرۆکایەتی زانکۆ هەر باسی ناکات! لەکاتێکدا دەیان ئامێری گرانبەها و بەسوود لە زانکۆدا هەن و کار ناکەن و ئاوڕێک لە چاککردنەوەی ئەم ئامێرانە نادەنەوە و بگرە هەر کەس بەخەیاڵیدا نایەت! ئەزانن بۆچی؟ چونکە بەبێ ئەو ئامێرانەش کار ڕۆیشتووە، مامۆستا ناچارە نموونەکانی توێژینەوەکەی خۆی بۆ دەرەوەی وڵات بنێرێت و دەبێت پارەی شیکارییەکانیشی لە گیرفانی خۆی بدات! ئەوە هەر باس مەکە، کە مامۆستایان و خوێندکاران هاوکارن لە پاککردنەوەی کۆلێجەکەیاندا. بەڵی، منیش دەزانم لە ژاپۆن مامۆستایان و خوێندکاران خۆیان ئەوکارە دەکەن، بەڵام تکایە کەئەم حاڵەت لە ژاپۆن وەرگرت و دەتەوێت وەک ئەوان بیت، لە شتەکانیتریشدا وەک ئەوانبن، نەک هەر لەوەی کە خۆت دەتەوێت!
دووەم:
بەهەرحاڵ، ئەوەی ڕۆی ڕۆی، من ئێستا شین بۆ وەرزی داهاتوو دەکەم، دەزانم بە هۆکاری پشووەکانی مانگی ئازارەوە چەندین وانەی تریش دەفەوتێت و هەر وەک وەرزی یەکەم دەبێت! جا بۆیە لەڕێگەی ئەم گوتارەوە داواکارم سەرۆکایەتی زانکۆ بڕیاری تۆکمە بدات بۆ ئامادەبوونی خوێندکاران و بەهیچ شێوەیەک بەشە ناوخۆییەکان چۆڵ نەکرێت و مامۆستایان پابەندبن بە گوتنەوەی وانەکان، ئەگەر خوێندکاریش ئامادەنەبێت. ئەگەر ئەمە نەکرێت بەڕاستی زۆر شەرمە بۆ مامۆستایان قبووڵی بکەن و هەڵوێست وەرنەگرن، ئیتر ناکرێت ئاوا سووکایەتی بە فێرکردن و مامۆستایان و خوێندکاران لە دەزگایەکی وەک زانکۆی سلێمانیدا بکرێت و چاوبنوقێنین!
سێیەم:
ئەمەلەلایەک و لەلایەکی تریشەوە، با بەرپرسانی زانکۆ هێندە خەمساردی نەنوێنن و چیتر چاوەڕێی دەیان توێژینەوە نەبن بڵاوببێتەوە، پاش ئەوەی ئەو پۆلە لە مامۆستایانی شارەزا و بەئەزموون و دڵسۆز و لەخۆبوردوو و ماندوونەناس بەفەرمانێکی کتوپڕ شەش جیلیان لێ خانەنشین کردن، کە زۆرینەی زۆریان لە سەرتۆپەکانی زانست و فێرکردن و توێژەر و لوتکەی ئەدەب و دڵسۆزیی بوون، بەڕاستی بە دوورکەوتنەوەی ئەو بەڕێزانە لێدانێکی گەورە لە ئاستی زانستی زانکۆکان دەکەوێت، بەتایبەتی زانکۆی سلێمانی! بزانن لەچەند ساڵی داهاتوودا ، ئەگەر زانکۆ هەروا بڕوات، چ کارەساتێک دەخولقێت! کارەسات لە فێرکردن و ڕاگرتنی ئاستی بەرزی زانست لەناو زانکۆدا، کارەساتی لەدەستدانی کۆمەڵێک لە کەسانی زانا و بەتوانا کە هەرگیز کەمتەرخەم نەبوون لە پێشکەشکردنی دڵسۆزی و خەمخۆری و گوێنەدان بە فەوتاندنی مووچە و شایستە داراییەکانی تریان! ڕاستە ئەم جیلە تازانە هەندێکیان توێژەری باشن و بڵاوکراوەکانیان زۆرباشن، بەڵام لەبیرتان نەچێت زانکۆ کاری یەکەمی فێرکردن و ئاگاداربوونە لە خوێندکاران... نابێت بە بیانووی جیاوازەوە خوێندکاران وەلابخرێن و هەموو ئاوات و ئامانجێک تەنیا دەرچوون بێت و وەرگرتنی بروانامە بێت، کە بەداخەوە ئێستا بەتەواوی زانکۆ حکومییەکان بەرەو ئەوە دەڕوات و ڕۆیشتووە! مامۆستایانیش تەنیا خۆیان بە ئامادەکردن و نووسینی توێژینەوە وە ببەستنەوە، ئەمەش زیاتر لەپێناو بەرزکردنەوەی پلەی زانستیدا بێت، نەک پێشخستن و گەشەی زانستی و خۆفێرکردن بێت!
چوارەم:
زۆر سەیرە لێپرسراوانی زانکۆ هەربەزوویی شتیان بیر دەچێتەوە، ڕۆژی چوارشەممە ١٢-٢-٢٠٢٥ ڕێوڕەسمێکی سەرپێی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی خانەنشینی زانکۆی سلێمانی سازکراو دەستان خۆشبێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بووە لەئاست ئەو ماندووبوونەی مامۆستایاندا نەبووەو نەک مامۆستایانی دڵخۆش نەکرد بەڵکو کۆڵێک خەفەتی تری دانێ! سەیرە ئێشتا بەفەرمی ئەو ماندوونەناسانە خانەنشین نەبوون و زۆریان ئێشتا مامەڵەکانیان لە کۆلێجەکانیان دەرنەچووە، نازناوی زانستییان لێبکەیتەوە و هەر وەک ئەوەی ئەمانە چەند ڕۆژێک بێت خزمەت بکەن، کە هەیانە زیاتر لە ٣٠ ساڵە بەبەردەوامی و بێ دابڕان خزمەت دەکەن و تائێستاش دەیان مووچە و سەدان هەزار دینارییان لە مافی ڕەوای خۆیان فەوتاوە و کەسیشیان بەتەمای یەک دیناری نین، کەچی زانکۆ بەخەیاڵیشیدا نایەت و تەنانەت ناوهێنانیان وەک پڕۆفیسۆر و دکتۆر بەزۆر بزانن!
کۆتا وشە:
ئێمەی مامۆستایانی ئەم زانکۆیە سوێندمان خواردووە، کە تابتوانین دڵسۆز و ڕاست و هاوکاربین لەگەڵ خوێندکارانماندا و هیچ کەمتەرخەمییەک لە فێرکردنیاندا پیشان نەدەین و ئەو بەرپرسیارێتییەی سەرشانمان بەدروستی ئەنجام بدەین. هەروەها بەناوی سەرجەم مامۆستایانی زانکۆی سلێمانییەوە داوای لێبووردن لەو هاوڕێ و هاوپیشە دڵسۆزانەی وڵات دەکەین، هیوادارین هیچ دڵتەنگ نەبن لە وەی لە وڕێوڕەسمەدا ڕوویدا و پێتان دەڵێین ئێوە خۆتان خاوەنی زانکۆن و هەرکاتێک دێنە زانکۆ شوێنتان لای سەرەوەیە و هەمیشە گەورەی ئێمەن و خوای گەورە بتانپارێزێت.
پەراوێزەکان:
١- زانکۆی سلێمانی و خوێندن! ، ماڵپەڕی ئاوێنە، ١٦-٩-٢٠٢٤، بنواڕە لینکی:
https://www.awene.com/article?no=22592&auther=2706
٢- خوێندنەوە و نووسین، ماڵپەڕی ئاوێنە، ٣١-٧-٢٠٢٤، بنواڕە لینکی:
https://www.awene.com/detail?article=112096
٣-بایکۆت و فێرکردن، ماڵپەڕی ئاوێنە، ١٦-١٠-٢٠٢٣، بنوارە لینکی: http://https://www.awene.com/article?no=20726&auther=2706
٤-لەزانکۆی سلێمانی چی دەگوزەرێت؟ ماڵپەڕی ئاوێنە، ٢٧-٩-٢٠٢٣، بنواڕە لینکی: https://www.awene.com/article?no=20676&auther=2706