پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
لەبەرئەوەی کوردستانم لە یەکێتی و پارتی خۆشتر دەوێت، بۆیە ناچاربووم ئەم گوتارە بنووسم! ئەم ناونیشانە واتای ئەوەنییە، کە سبەی دووسبەی کارتی سووری بەدوادا دێت و ئیتر کار لەکار دەترازێت! لەزۆرینەی کاتدا کارتی زەرد هەرگیز کارتی سووری بەدوادا نایەت، ئەگەر یاریزانەکە بەخۆیدا بچێتەوە و شتێک نەکات لە دەرەوەی یاسا و ڕێسای یاریەکە بێت.
ئەم باشووری وڵاتەی ئێمە، کە بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵە کورد خۆی حوکمداریی دەکات، ئیتر بە هەر جۆرێک و شێوازێک بووبێت و تا چەند لێی ڕازی بووبین، ئەوا لە لایەن بەرپرسانی یەکێتی و پارتییەوە کە لەلوتکەی دەسەڵاتدا بوون حوکمداریی کراوەو بەواتایەکی تر یەکێتی و پارتی دەسەڵاتداربوون، کە بەداخەوە دەوڵەتمەدار نەبوون!(١).
هەرگیز نامەوێت کارو چالاکی باشترکردنی ژیانی خەڵکی کوردستان و بەرەوپێشچوون و گەشەکردنی شارەکان و کارە خزمەتگوزارییەکانی، کە بۆ ئەم دەڤەرە ئەنجامدراوە بەکەم بگرم، کاری دابینکردنی ئاسایش و سەلامەتی بۆ هاووڵاتیان و بیناسازی و ڕێگەوبان و فڕۆکەخانەکان و هێڵەکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێت چەند بوارێکن کاری باشیان تێدا کراوە و پێشکەوتن دەبینرێت، هەرچەندە زۆربەیان حکومەت نەیکردوون! ئەگەر لەدەرەوە بنواڕیتە بواری سیاسی و پڕۆتۆکۆلی پێشوازی لەمیوانان و بەڕێکردنیان ئەوا حکومەتی کوردستان وەک حکومەتی وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن دارایی بەهێز مامەڵەی کردووە و وادەکات! ئەمە کارێکی خراپ نییە و دڵخۆشکەرە ئەگەر ڕووکەش نەبێت و بەڕاستی وا بێت و دواڕۆژی کوردستان ڕووناک بێت! بەبڕوای من دواڕۆژی ڕووناک تەنیا سەربەخۆییە، ئەگینا هیچ پاشەڕۆژێکی ڕووناکی تر بۆ کوردستان نییە!
دەبێت بڵێم لە کوردستان خۆئەگەر بوارە ناکاراکان باس بکەین ئەوە یەکجار زۆرترن و ئەم حکومەتی باشووری کوردستانە کەمتەرخەمی و قۆرخکاریی و گەندەڵی زۆری تێدایە و هەر وەزیرەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران خۆیان باسی دەکەن و دەڵێن لە هەوڵداین بۆ بنەبڕکردنی ، یان هەر هیچ نەبێت کەمکردنەوەی!
هەڵبەت گوتارەکەم بۆ ئەوە نییە ئەوەی لەوە وپێش ئاماژەی پێدراوە دووبارە بکەمەوە، هەروەها نەک بۆ ئەوەی باس لە چارەسەرەکان بکەم ، یان ڕێنمایی بخەمە بەردەستی ئەم لێپرسراو و ئەو لێپرسراو، یان قسەی کۆن بگێڕمەوە، ئەمانە هەموویمان نووسیوە، نەک هەر من بە دەیان دڵسۆزی ئەم وڵاتە سەرگەردانە و ئەو کەسانەی تەنیا پێکەوە دەمانەوێت وڵات بنیات بنێین و کوردستانمان خۆشدەوێت، نەک هەرێمێکی پڕ لە بینا و ئۆتۆمبیلی گرانبەها و هاووڵاتییانێکی لەرزۆکی بێ دید و بێ بیر و بێ هزر و بێ ستراتیج!
ئەی کەواتە دەبێت باس لە چی بکەین؟
دروست وایە، کارێکی قورسە ئەگەر ئێمە نەمانەوێت باس لەوشتانە بکەین، ئەی دەبێت قسە لەچی بکەین؟ گوتار بۆئەوەیە کە مرۆڤێک بیروبۆچوونی خۆی بخاتە بەردەم خوێنەران و بەرچاوڕوونیان پێبدات و یارمەتی تێگەیشتن لە بابەتێک بدات.
من نامەوێت باس لەوە بکەم کە یەکێتی و پارتی کام زیانی گەورەیان لە کورد داوە، چونکە لەگوتارێکی پێشوومدا باسم کردووە (٢) ، بەڵکو ئێستا کاتی ئەوەیە ئەم دوو حیزبە تێبگەن کە خەڵک خۆی باش دەزانێت بۆ جووڵەیەک ناکات و سیستەمێکی گەندەڵ بگۆڕێت، یان هەر نەبێت زلەیەکی لێبدات! کورد چاری ناچارە دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەم دوو حیزبە بکات، چونکە لەوانەیە هەر جووڵەیەک بەرانبەر ئەم حیزب، یان هەردووک حیزب، ڕەوشەکە بەجۆرێک بگۆڕێت کە ببنە هۆکاری هەڵوەشاندن و تێکچوونی ئەم هەرێمەی کە دڵمان پێی خۆشە و لەسایەیدا دەمانەوێت بە سەربەرزی و بەئاسوودەیی بژین! دەبێت لێپرسراوانی ئەم دوو حیزبە باش بزانن و گوێبگرن لە خەڵک وکارە هەڵەکان دووبارەنەکەنەوە، ئەگینا گەلی کورد لە باشووری کوردستان دەتوانێت بجووڵێت!
تکایە بەرپرسانی کوردستان دڵتان بەوە خۆش نەبێت و بڵێن، کوردستان بەراورد دەکەین لەگەڵ ئیمارات و وەک ئەوێ دەبین! ئەم بابەتە پێویستی بە کەمێک ڕوونکردنەوەی زیاتر هەیە تا بابەتەکە وەک خۆی بگات و کەس نان و پیازی پێوە نەخوات! بەکورتی نەکوردستان ئیماراتە و نە کورد دەبێت بە عەرەب و نە لێپرسراوانی ئەملاو ئەولاش وەک یەکن! بزانە جیاوازییەکان زۆر زۆرن، کوردستان وڵات نییە، کە بەداخەوە ئەم دوو حیزبە بەرپرسن لە نەبوونی دەوڵەت و بگرە هەردوو حیزب کوردیان ئاوا سووک کرد کە چاوەڕێی کەسێکبن لە بەغداوە تا پارەیان بۆ بنێرێت، دڵسۆزیی لێپرسراوانی ئیمارات بۆ وڵاتەکەیان زۆر باشترە وەک لە لێپرسراوانی کوردستان! بەڵام لەمانە گرنگتر ئەوەیە کە میللەتی کورد هەرگیز نابێت بە میللەتی عەرەب. بە ڕوونی واتە، سروشتی کورد وایە کە هەمیشە حەزی بەگۆڕانە و زیندووە، چاوەڕێ مەکە هەروا بەئاسانی مل بدات و هیچ بابەتێک بێ گفتوگۆ تێپەڕێنێت! لەوانەیە بڵێن ئەوەتا چەندین ساڵە ملی داوە و هەرچی پێدەکرێت و بەسەریدا دێت قسە ناکات! ئەم بابەتە وا نییە، بەشێکیم لەسەرەوە ڕوونکردەوە، بەشەکی تریشی خۆ چەندین کۆبوونەوەی ناڕازێتی و خۆپیشاندان و تەنانەت توندوتیژیش ڕوویانداوە، کە بەداخەوە قوربانی زۆریشی لێکەوتۆتەوە! باشترین و تازەترین نموونەش جوتیارانی کوردی شاری کەرکوکن کە هەرگیز واز لەزەوی و زاریان ناهێنن و ئامادەن لەپێناویدا بمرن، کە لەمەشدا بەداخەوە حکومەتی هەرێم زۆر خەمساردە! ناوچەی کەرکوک وەک لە دەستووردا هاتووە دەکەوێتە ناوچە چی ناکۆکەکان( بێگومان مەبەست لە ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمە) لەوشوێنانەدا هەروەک چۆن سوپای عێراقی لێیە دەبوو پێشمەرگەش هەبێت، ئەی کوان؟ هەروەک دەبوو کاتی واژۆکردنی ڕێکەوتنی کۆمپانیای نەوتی باکوور لەگەڵ کۆمپانیای بریتیش پێتڕۆلیۆم سەبارەت بە کێڵگەکانی نەوتی شاری کەرکوک ئامادەبووایە، ئەی کوان؟
کەواتە میللەتی کورد و کوردستانیان بەگشتی بەئاسانی بێ دەنگ ناکرێن و ئاواتەکانیان ژێرگڵ ناخرێت! بازیاتر ڕوون بین، ئەگەر دەسەڵاتدارانی کوردستان بیانەوێت وەک سیستەمی حوکمی ئیمارات لە کوردستان بەرپابکەن، لەوبڕوایەدام سەرکەوتوونابێت، لەوانەیە ئێستا لە بەشی ژێردەسەڵاتی پارتی شتێک لەو بابەتە هەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکێتی ئەوە سەرناگرێت و خەڵکی ڕەدی دەکەنەوە! قسە لێرەیە کە دەسەڵاتدارانی پارتی هەڵەدەکەن ئەگەر وابیربکەنەوە تا سەر هەر دەبێت لەدەسەڵاتدابن، ئەگەر باشیشبن و ئەگەر گەندەڵیش نەهێڵن، کە پێم وایە زۆر سەختە بتوانن ئەوە بکەن! ئەمە واتای ئەوە نییە، کە نابێت یان دژی ئەوە بین کە بارزانییەکان حوکم بکەن و ئەوە بۆ سی ساڵ دەچێت لە لوتکەی دەسەڵاتدان، بەڵام بۆخۆیان باش نییە وا بیربکەنەوە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە ئەوان حیزبیان هەیە و حیزبەکەیان دیمۆکراسیانە بیر دەکاتەوە، کەواتە چۆن دەبێت وەک ئیماراتێکی بێ حیزب بیربکەنەوە! ئیمارات حیزبی نییە و بنەماڵەیەکی تایبەت حوکم دەکەن و تەواو، لە کوردستان وا نییە هەر پارتی خۆی ئیمانی بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەیە و حیزبێکی دیمۆکراسییە، چۆن دەبێت بەهەمان شێوەی وڵاتێکی وەک بەحرەین بیر بکاتەوە! یان یەکێتی کە خۆی بە حیزبێکی سۆشیاڵ دیمۆکرات دەزانێت، کەچی بیەوێت دەسەڵاتێک، یان حکومەتێکی هاوشێوەی قەتەر لەکوردستان دروستبکات، ئەمە واتای چی ؟ بەکوردی لەم باشووری کوردستانە ، پێویستە گەنجێکی دڵسۆزی خاوەن بیر و هۆش و نیشتیمانپەروەر، کە لە مێشکیدا ئامانجی ئەوە بێت بگاتە دەسەڵات و خزمەت بکات ڕێگەی هەبێت و ڕێگری لێنەکرێت، یان سیستەمەکە ودەسەڵاتدارییەکە وا نەکات کە ئەوگەنجە بیر لەوەنەکاتەوە، کە ئەوە بەدروستی بارودۆخی ئێستای ئەم هەرێمەیە.
گەنجێکی کورد یان کوردستانی دەبێت بەدووری نەزانێت سبەینی ببێت بە سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە، ئایا یەکێتی و پارتی ئەمەیان ڕەخساندووە؟ دروستە بە زارەکی هەرگیز ناڵێن دژی ئەوەین و هەمیشە جەخت لەوەدەکەنەوە کەپێویستە حکومەت فرەیی بێت و حیزب دوورکەوێتەوە لە حکومەت و تاک ئازادبێت، کە ڕێک بەپێچەوانەوەیە، ئەوەی حکوم دەکات لێپرسراوانی حیزبن نەک وەزیرەکانی حکومەت و تاکیش هیوابڕاوبووە! مێژووی دەسەڵاتداری دەیان ساڵی ڕابردوو، بەداخەوە ئەوەی سەلماندووە، کە ئەم دوو حیزبە زۆر دوورن لەو بیرکردنەوەیە و هەرگیز وا بیرناکەنەوە، کە نیشتمانسازی ئەنجامبدەن! ئەوەشمان لەبیر بێت، کە حیزبەکانی تریش زۆر نزیکن لەهەمان بیرکردنەوە و زۆربەشیان بەهەمان عەقڵیەتی بنەماڵەیی و لانەدان لەو ڕێچکەیە ملی ڕێگەیان گرتووە!
بەبۆچوونی من ئەم دوو حیزبە ناتوانن بگٶڕێن و بچنە سەر ڕێگەی دەسەڵاتی دیمۆکراسی و مافی هاووڵاتیان و زەمینە سازی بۆ وڵاتسازی بکەن، بەڵکو هەرئاوا دەمێننەوە و بەبڕوای خۆیان ئەوان لەلوتکەدان و خەڵکیش دەنگی پێداون! قسەکەیان دروستە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان هێناوە و بۆیە ئێستا لە دەسەڵاتدان، بەڵام ژمارەی دەنگەکانیان ساڵ لەدوای ساڵ کەمتر دەبێت و لەلایەکی تریشەوە گەندەڵیان پێ چارەسەرناکرێت چونکە بیرکردنەوەیان لەپێناو حیزبە نەک کوردستان، بچووکترین نموونەی بەردەست لە مانگی دەی ٢٠٢٤ وە هەڵبژاردن کراوە ئەوە مانگی پێنجی ٢٠٢٥ ئێشتا حکومەتی کوردستان پێکنەهێنراوە و پەڕلەمان کارا نییە، ئەگەر کەسانێک لە دڵسۆزی و خەمخۆری کوردبوونایە ئاوا ڕەفتاریان دەکرد؟ ئەمە بارودۆخی ئەوەیە کە کورد ئاوا بجوڵێتەوە، ناوچەکە بووە بەئاگر کەچی ئەم بەرپرسانە باکیان نییە! دەبوو پێش پێنج مانگ حکومەت دروستبووایە و ئێستا لە لوتکەی چالاکیدا بووایە.
کەواتە زۆر دڵنیا بن کە لە ئێستاوە تا ساڵێکی تریش بزانن ئەم دوو حیزبە بەخۆیاندا دەچنەوە، یان نا، بە دڵنیاییەوە نایکەن! ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دووری نێوان بەرپرسانی ئەم دوو حیزبە لەگەڵ خەڵک گەورەتر دەبێت...
ئەگەر دەسەڵاتداران دڵسۆز بوونایە، ئایا زانکۆ حکومییەکانیان ئاوا وێراندەکرد و دەیان زانکۆی سەر بە هەردوو حیزب لەوپەڕی باشیدان و بەردەوام زانکۆی تازە دادەمەزرێنن! دەیان نەخۆشخانەی ئەهلی لەکار و پێشکەوتندان و نەخۆشخانە حکومییەکان بەرەڵڵا کراون و نازانم حکومەت چۆن شەرم ناکات بڵێت من خاوەنی ئەونەخۆشخانانەم! بارودۆخی خوێندن و خوێندنگە هەر باس مەکە ، بنواڕن و سەرنجبدەن بزانن دەیان گوتار لەسەر ئەم بابەتە نووسراوە، کێ باسی کرد و کێ هات بڵێت بابەقسەی دوو کەسی دڵسۆز بکەین! ڕۆژانە لەکەناڵەمیدیاییەکانی هەردوو حیزبەوە باس لە خراپی بەنزین و ئۆتۆمۆبیل و نەخۆشخانە و قوتابخانەو زانکۆ و بارودۆخی پێشمەرگە و هتد دەکرێت، وەک ئەوەی کە خەڵک هۆکاری ئەوانە بێت! کەرتی نەوت و بواری پیشەسازی زۆر بە خوارو خێچی و ناڕوونی و نادروستی و نازانستی بەڕێوەدەچن! ئەی کەواتە گەنج و هاووڵاتی بەگشتی چی بکەن! هەروا دابنیشن و سەیربکەن، یان خۆیان بخۆنەوە، یان نووسەرەکان هەربنووسن و کەس نەڵێت ڕاست دەکەن، ئائەمەیە کە لێی دەترسم و یەکێتی و پارتی گاڵتەیان لێدێت و فشەیان پێیدێت!
ئەو هێزە دڵسۆزەی کەپشتوپەنای کوردە و بۆ کاتی تەنگانە لەئامادەباشیدان هێزی پێشمەرگە، ئەویشتان چەند کەرت کردووە، چۆن ئاوا پارێزگاری لە کوردستان دەکرێت، ئێوە تەنانەت پێشمەرگەشتان بەهەڵە پێگەیاندووە و دوورتان خستوونەتەوە لە وڵاتپارێزی و کردوتانن بە پارێزەری حیزب و مقەڕە بێ ڕۆحەکانتان!
گەنج بێزاربووە لەوەی کە دەبێت هەتا ماوە هەر چاوەڕێی دەستی "کاکەکان" بێت و ئەم هەر پلە دوو بێت، سیسەتەم چۆن وادەبێت و بەڕێوەدەچێت! ئایا دەرهەق بەم هەموو نایاسایی و دەرچوون لە ڕێنمایی ناو "یاریگاکە" ، پێویست نییە خەڵک کارتی زەرد بە یەکێتی و پارتی بدات؟
پەراوێزەکان:
(١) ئیبراهیم محەمەد جەزا، دەسەڵاتداری و دەوڵەتداری، ماڵپەڕی ئاوێنە، ٨-١١-٢٠٢٣، بنواڕە لینکی:
https://www.awene.com/article?no=20792&auther=2706
(٢)ئیبراهیم محەمەد جەزا، ئایا دەتوانن قەرەبووی ئەم زیانانە بکەنەوە؟ ماڵپەڕی ئاوێنە، ٤-٧-٢٠٢٤، بنواڕە لینکی:
https://www.awene.com/article?no=21413&auther=2706