بینیتان دەوڵەت چەند گرنگە!

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2025-05-19     290

پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

کێ بڕوای دەکرد کە سەرۆکی گەورەترین و بەهێزترین دەوڵەتی ئێستای ئەم گێتییە لەگەڵ کەسێکی توندڕەوی دژە مرۆڤایەتی زۆر بە ئاسانی کۆببێتەوە و پاشانیش بە سەرۆکێکی سەرنجڕاکێس ناوی بهێنێت! بەڵام بەبڕوای من زۆر چاوەڕوانکراو بوو و زۆر ئاسایشە سبەینێ لەگەڵ سەرۆکی ئەفغانستانیش کۆبێتەوە و باسی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانیان بکەن و دەیان کۆمپانیای وڵاتە گەورەکان وەبەرهێنان لەو سەرچاوە سروشتییە شاراوە گرنگەی وڵاتی تاڵیبان ئەنجام بدەن.

کورد لەمانەو لە دەیان ڕوودای تری مێژوو وانە وەرناگرێت و هەموو جارێک دێتەوە سەر"بای بەڕەکۆن" و وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت و بەچەند قسەیەک میللەتی کورد لە خشتە دەبەن، کە لە ڕاستیدا لێپرسراوانی کوردن فریو دەدرێن، بەڵام "دارەکە لەسەری میللەتدا دەشکێتەوە" و دێینەوە خاڵی سفر.

کاتێک لە دوای ڕاپەڕینەوە دەمان گوت (وەک  هاوبیرانی پاسۆک) فریاکەون و با دەوڵەتی سەربەخۆ  دروست بکەین و کەس بەکەس نییە و یەکێتی سۆڤێت بوو بە دەپارچەوە و ئێستا ئێران و تورکیا دەستیان نەهاتۆتە ناو باشووری کوردستان و چاو ساغیان زۆر کەمە، گاڵتەیان پێدەکردین و دەیان وت "ئەوە خەوە و نایەتەدی" و گوایە یەکێتی و پارتی سیاسەت دەکەن و پاشان دەرکەوت چی دەکەن و چییان کرد! دوای ساڵی ٢٠٠٣ عێراقی عەرەبی وێران و سەرگەردان و بێ سەرو بەر بوو، وتمان فرسەتە، وتیان نا با عێراق بنیاتبنێینەوە و پاشان بە سیاسەت مافەکانمان وەردەگرین، ئای لە و "خەوە حوشتریەش"! لەساڵی ٢٠١٧ دوایین فرسەت بوو، کەچی دیسانەوە ناکۆکی و فرە کوێخای و خۆ بەزلزانین بەرانبەر یەکتر نیوەی خاکی باشووری کوردستانیشمان لەدەستدا، کە ئێستا سیاسییەکانی باشوور بەتەمان بە سیاسەت و بە ماددەی ١٤٠ وەریبگرنەوە، "نەیخۆی تاڵە"!

ئاشتی بە هێز دەکرێت و هەرگیز کەسی بێ هێز ئاشتی پێ بەرهەم نایەت. سەرۆکی گەورەترین وڵاتی ئەم جیهانە لە ئێستادا وا دەڵێت، ئێستا سیاسییەکانی باشوور دەڵێن نا وانییە دەکرێت بە سیاسەت کارەکان بکرێت، بەڵی هاوڕێیان ئەمە دەیان جارە ئەمە دەڵێینەوە دروست وایە، ئاشتی بەشەڕ بەرقەرار نابێت، بەڵام دەبێت هێزت هەبێت تا بتوانیت بە سیاسەت ئاشتی دامەزرێنیت، ئەگەر بەهێز نەبیت، کێ گوێت لێدەگرێت و حساب بۆ قسەو کردارت دەکات!

ئەمەی ئێمەومانان لەئێستادا دەینووسین و دەریدەبڕین، بەبڕوای من هیچ شتێک ناگۆڕێت و دامەزراندنی دەوڵەت بۆ ماوەیەکی دوور لە کوردستان دوورکەوتۆتەوە، ئەگەر دونیا بەم شێوەیەی ئێستا بێت و گۆڕانکاری گەورە ڕوونەدات، چونکە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی هەردوو حیزبی دەسەڵات وا تێکیان داوە هاتنەوە سەر ڕێگەی ڕاست زۆر زەحمەتە و چەندین ساڵی دەوێت!

کوردان بیرتان بێتەوە تا نەبن بە دەوڵەت هەموو کات لەدوای دواوە دەبن و هەمیشە وەک شەڕکەری ئازا سەیرتان دەکەن!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×