پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
شارستانیە کۆنەکان هەر لە میسری و ڕوم و گریک و ساسانی و میدی و هتد، تا شارستانیە تازەکانی وەک هیندی و ئەوروپی و ڕووسی و هتد. هەریەکەیان چەندین شوێنەوار و هێمای گرنگ و بەناوبانگیان بۆ دوای خۆیان جێهێشتووە، کە پاش سەدان ساڵ تا ئەم ساتەش جێ دەستیان ماوەو دیارە و شانازییە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان و بۆ مرۆڤایەتیش بەگشتی. بۆنموونە هەرەمەکانی جیزەی میسر دەگەڕێنەوە بۆ نزیکەی ٤٠٠٠ ساڵ پێش زاین و سەردەمی فەرمانڕەوایی فیرعەونەکان بووە، یان کۆلسیۆم و تاقەکەی ڕۆما لە ئیتالیا، کە دەگەڕیتەوە بۆ سەدەی یەکەمی زاین، کە بەنزیکەی جێگەی ٦٥ هەزار بینەری هەبووە و تائێستاش بەشێکی ماوە! لە شارستانییە تازەکانیش هەر دوور نەڕۆین ئەوە کۆشکی تاج محەل لە هیندوستان کە لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی مەغۆلیدا لەلایەن پاشا جیهانگیری لە سەدەی حەڤدەدا بۆ گۆڕی هاوسەرەکەی ( مومتاز محەل) دروستکراوە و تائەمڕۆ ساڵانە ٨ بۆ ٩ ملیۆن کەس سەردانی دەکەن و تائێستاش جێگەی سەرسوڕمانی گەشتیارانە، کە چۆن تەلارسازی هیندی و مەغۆلی و ئیسلامی و فارسی و عوسمانی تێکەڵکراوە و ئەو کۆشکە نایابەی لێدروستکراوە! وەرنەوە بۆ ئەم تورکیایە، بەڵام سەدەی چوارەمی زاینی کە پاشا قوستەنتینی گەورە فەرمانی کرد کەنێسەی ئایا سۆفیا دروستبکرێت و پاشان کرا بە مزگەوت و پاشان بە مۆزەخانەو دیسانەوە بۆ جاری دووەم کرایەوە بە مزگەوت، و تائێستاش هێمای ئەستەنبوڵە و ساڵانە سەدان هەزار گەشتیار سەردانی دەکەن، ئیتر کەنێسە، یان مۆزەخانە، یان مزگەوت بێت! نزیکتر باس بکەین بورجی ئیفڵ لە شاری پاریسی وڵاتی فەڕەنسا، کە بۆ یادی سەد ساڵەی شۆڕشی فەڕەنسی دروستکراوەو و ساڵی ١٨٨٩ کراوەتەوە و هێمای شاری پاریسە و بگرە هەموو فەڕەنساشە!
ئەمانە تەنیا چەند نموونەیەکی ساکار و بەناوبانگن کە پاش نەمانی شارستانیەتێک، یان هەر هیچ نەبێت سەردەمێک لە حوکمڕانی دەسەڵاتدارێکەوە ماون و ئێستا بوونەتە هێماو ناونیشانی وڵاتێک، یان میللەتێک ، یان نەتەوەیەک، یان سەردەمێک.
وردە وردە خلبینەوە بۆ سەردەمی سی ساڵ دەسەڵاتداری کورد لە هەرێمی کوردستان ( باشووری کوردستان) و پێکەوە بگەڕێین و کنە وپشکنینێک بکەین و بزانین لەشارێک، یان لە شارەدێیەک، یان لە گوندێک هێمایەک دروستکراوە کە بۆ سەد ساڵی تر بمێنێتەوە؟ پێویستە بەویژدانەوە بگەڕێین و سەیربکەین و بزانین هەیە یان نییە؟ بێگومان خۆتان باش دەزانن باسی تەلاری بیست و سی نهۆمی ناکەین و ئەوانە سی ساڵی تر دەبێت بیانڕووخێنین نەک پاش سەد ساڵی تر خەڵک بێن بۆ سەردانیکردنیان!
لەوانەیە هەندێک پێیان وابێت سی ساڵ زۆر کەمە بۆ کارێکی وا کە بکرێت و بمێنێتەوە، بەڵام بۆ زانیاری ئەو بەڕێزانە تاوەری ئیفڵ تەنیا دووساڵ و دوو مانگ و پێنج ڕۆژی پێچووە لە دەستبەکارکردنەوە تا کردنەوەی! کەواتە دروستکردنی هێمایەکی نیشتمانی مەرج نییە پەنجا ساڵی بوێت تا بێتە بەرهەم! هەندێکی تر لەوانەیە بڵێن پارە بۆ مووچە نییە ئیتر بۆ ئەوشتانە چۆن بەردەست دەبێت؟ دروست وایە پارە بۆ مووچە نییە، بەڵام کۆشک دروست دەکەن تەنیا بۆ کۆبوونەوەی حیزبی، یان تەلاری سی نهۆمی دروست دەکەن بۆ پارە پەیداکردن، یان پارە هەیە بۆ ڕیزبوونی دەیان تڕومبێڵی کۆتا مۆدێل بە دوای بەرپرسێکەوە، یان بەرواردی هۆڵی کۆبوونەوەی وەزیرەکانی ئەم حکومەتی هەرێمە لەگەڵ نووسینگەی هێلکەیی ئەمریکا بکە و خۆت بڕیاربدە! ئیتر باسی زۆر شوێنی تر ناکەم کە وەزیرەکان شانیان بەریەکدەکەوێت کاتێک کۆدەبنەوە و گفتوگۆدەکەن!
بەبڕوای من گرفتەکە نەشوێنە، نە پارەیە، نەکاتە، بەڵکو ئیرادە و خۆ بەدەوڵەتمەدار زانینە، کە بەداخەوە تا ئەم ساتەش ئەم بەڕێزانەی کە سی ساڵە حوکمداری باشووری کوردستان دەکەن نەبوون بە دەوڵەتمەدار و نەنیازیشیان هەیە ببن، ئیتر نازانم کەی دەبن؟ ئایا دەبن؟
باشە سبەی دووسبەی خۆ ئەمانە نامێنن و خۆریان ئاوا دەبێت، هەر وایە شارستانییەت دەسووڕێتەوە و هەندێک لەناو دەچن و بە شارستانی تازە جێگەیان دەگیرێتەوە، ئیتر باش بن، یان خراپ! ئەی بیر ناکەنەوە بڵێن چیمان بەهێشتووە تا گەلەکەمان شانازیمان پێوە بکەن؟ یان ئەوەیە بەخەیاڵیاندا نایەت و باکیان نییە! ئەگەر باکتان هەیە و دڵسۆزن، خۆ ئێشتا کات ماوە لەوانەیە هەندێک کاتتان بەدەستەوە مابێت هەوڵبدەن هێمایەک، یان شتێک دروستبکەن و بەجێیبهێڵن، کە پاش سەد ساڵی تر بڵێن ئەمە هی ئەو سەردەمەیە! بۆتان ئاسان بکەم، بیر لەمانە بکەنەوە: بۆنموونە مۆزەخانەیەکی نیشتمانی کوردستانی کە مێژووی کوردستان بگێڕێتەوە نەک هی حیزب، یان نەخۆشخانەیەک کە گشت بەرپرسان لەوێ چارەسەر وەربگرن، یان لەسەر شاخی کۆڕەک ڕووانگەی گەردوونناسی دروستبکەنەوە، تا کەمێک لەسەر ئەم زەوییە دووربکەوینەوە و سەرقاڵی ئاسمان بین، یان شانۆیەکی نیشتیمانی کە بۆسەدەی بیست و یەک ببێت و چیرۆکەکانی ئەنفالی تێدا نمایش بکرێت، یان کتێبخانەیەک کە سەرچاوەنەبێت دەربارەی کورد و کوردستان لێی نەبێت، یان......