بانگەشەی دروست

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2025-09-27     263

پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

ئێستا پێش هەڵبژاردنەکانی عێراقە و هەموو لایەنەکان هەوڵی زیاتر دەدەن لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگی هاووڵاتیان، ئیتر چەندین ڕێگەی یاسایی دەگرنە بەر بۆ ڕاکێشانی دەنگدەران بۆلای خۆیان. بەدڵنیاییەوە چەندین ڕێگەی نایاساییش هەن، کە دوور نییە بەکاری بهێنن، وەک دەسەڵات، یان پارە، یان هتد.

هەڵبەت ئەوەی لە باشووری کوردستانیش دەگوزەرێت هەر بەهەمان عەقڵیەتە و لەوەی ناوچەکانی عێراق باشتر نییە، چونکە لەدواییدا ئامانج وەرگرتنی دەسەڵاتە لە پێناو حیزبدا! بەهەرحاڵ، بانگەشەدەکەن بیکەن، بەڵام بزانن چی دەکەن و بەبڕوای من بانگەشە و ئەوپارە زۆرەی تێیدا خەرج دەکرێت ناتوانێت بۆچوونی یەک هاووڵاتی بگۆڕێت، چونکە دەرکەوت ئەوەی کە پارە زۆرتر خەرجدەکات دەنگی کەمتر دەکات، کە ئەگەر بە گوێرەی بانگەشەبووایە دەبوو بە پێچەوانەوە بووایە! چۆن دەنگی دەنگدەر بەدەست دێنیت بە بەڵێنی ناڕاست و درۆی زەق، یان بە چاوسوورکردنەوە و لێپرسینەوە؟ ئا لەم ساتەدا لە شاری سلێمانی دەیان لادیوار بە ئاسن و چینکۆ دروستکراون  و ئامادەن بۆ هەڵواسینی وێنەو بەڵینە نادروستەکان و پاش هەڵبژاردنیش ئیتر ئەم هەموو خەرجییە زۆرە کەس نازانێت چی بەسەردێت! خۆتان ئەزیەت مەدەن بەم شێوەیە هاووڵاتی ناخەڵەتێت و ئاسنی سارد دەکوتن، ئێوە ئەگەر ڕاست دەکەن و دەتانەوێت دەنگەکانتان زیاد بکەن، ئەمانە بکەن:

-خۆگردەکانی شاخی گۆیژەتان هەر داگیرکرد و حسابتان بۆ بیروڕا و هەست و خۆشەویستی خەڵک نەکرد، هەی سۆشیال دیموکرات! ئێ هیچ نەبووایە بتان کردایە بە مۆزەخانەیەکی سەردەمیانە و مۆزەخانەی سلێمانیتان لەو بێ جێگەییە ڕزگار بکردایە لەبری ئەو هەموو تەلار وخانووانەی، کە سبەینێ پڕ دەبێت لەکەسانی ناکورد!

-هەرشتێک بۆ خوا و بۆ سڕینەوەی هەندێک لە گوناحەکانی دایک و باوکتان، ناتوانن مزگەوتێک بەناوی باوکتانەوە دروستبکەن، یان نەخۆشخانەیەک بەناوی دایکتانەوە بنیاتبنێن ! هەرهیچ نەبێت دەیان کەس کە نوێژیان تێدا دەکرد نزایەکیان بۆ دەکردن، یان دەیان نەخۆش و لەش بەبار دەپاڕانەوە کە لەباوانتان خۆشبێت! بڕواناکەم ئەگەر خوێندنگەیەکتان دروستبکردایە قوتابیان سوپاسگوزار نەبوونایە و پەروەردەی شاریش بەناوی خۆتانەوە دەیکردەوە و ئاهەنگی بۆ ساز دەکردن، ئەوەشتان نەکردووە!

-نەتان دەتوانی شاری سلێمانی لەو کەنارگیرییە ڕزگار بکەن و واز لەم ڕواڵەتە سەربازییانە بێنن کە خەڵکی سلێمانی بێزاربووە لێیان ! خەڵکی شار شانۆی دەوێت، کتێبخانەی دەوێت، مۆزەخانەی دەوێت، گەڕانەوەی بیرەوەری جوانی کۆنی شاری دەوێت، نەک چایخانە و باڕ و تەلاری زیاتر!

ئەمانە کارن بۆ ڕاکێشانی هاووڵاتی تا دەنگت پێ بدات، هەرچی ئەوانەی ئێوە دەیکەن هیچی لە کردەیەکی پارە بەخشینەوە بە ڕێگەی نادروست و جۆراو جۆر و لە ژێر ناوی جیاوازدا نەبێت، هیچی تر نییە! نازانم کە پارە هێندە زۆرە و لێتان زیادە بۆ شەقامەکانی پێ قیرتاوناکەن؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ئەردۆغان یاسای چارەسەری پرسی کوردی واژۆ کرد و بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
هەڕەشەی لادانی فالح فەیاز لە پۆستی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکرێت
کێشانی هێڵێک دژی ئەردۆغان، پەیامی نەتانیاهۆ لەپشت هێرشە نهێنییەکەی سوریاوە
قالیباف سەردانی عێراق دەکات: دۆسیەی ئەمنی، نەوتی گەروی هورمز و چارەنووسی چەکی دەرەوەی دەوڵەت لەسەر مێزی دانوستانە
​"تۆ بێڕێز و ساختەیت".. ترەمپ لە کۆشکی سپی و لە بەردەم منداڵێکدا لە پەیامنێرێکی CNN تووڕە دەبێت
عەلی زەیدی: دەستبردن بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبردنە بۆ ئاسایشی عێراق
جێگری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە: ئێران لەبیانوو دەگەڕێت 
کەتیبەکانی حزبوڵا مەرجەکانی بۆ دەستبەرداربوون لە چەک دیاری دەکات و هۆشداری دەداتە سەرۆک وەزیرانی عێراق
ئاژانسی وزەی ئەتۆم دۆزینەوەی هەزاران کیلۆگرام ماددەی ئەتۆمی لە سووریا ڕاگەیاند
عامری داوای دوورکەوتنەوە لە وتاری گرژ دەکات و دەڵێت: شەرعییەتی چەک بەندە بە بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×