پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
ئەم گرفتە پێویست بە هیچ پێشەکی و ئەتەکێتی نووسین ناکات...... ماوەیەکە لە کۆمەڵێک دەزگا ومیدیای باشووری کوردستانەوە لێدوان لە چاودێر و شارەزایانەوە بڵاودەکرێتەوە، کە لەوانەیە ئەمساڵ دوو بۆ سێ مووچەی مووچەخۆران بفەوتێت! هەروەک ئەوەی بیدەن بە گوێی خەڵکدا و هاووڵاتی ئامادەبکەن، کە ئەگەر شتێکی وا ڕوویدا ئەوا هەروەک جاران ئاساییە و کەس قسە نەکات و کورد وتەنی "پێمان فێربوون"! جاران حکومەتی کوردستان بوو پاشەکەوت و لێبڕینی مووچە و تەنانەت فەوتانی مووچەشی داهێنا، ئەویش بەپاساوی نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە و بوونی شەڕی تیرۆریستان و مووچەخۆران بەتاڵی ئەزموونیان کرد و تێپەڕی، چونکە هاووڵاتی بەهەرشێوەیەک بێت و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت نەیدەویست فشاری زۆر لە سەر حکومەتی کوردستان زیاد بکات و وای لێبێت گرفتەکە لە گرێژنە دەربچێت و ئەوەی سی ساڵە بنیاتی دەنێین تێکبچێت! بەڵام ئەمجارە پارە لە بەغداوە دێت و نەوتیش دەفرۆشرێت و داهاتی نانەوتیش دەنێردرێت بۆبەغدا، ئەی کەواتە مووچە فەوتان واتای چی؟ ئایا کێ بەرپرسە ئەگەر ئەم تاوانە ڕوویدا، کە ئاواتەخوازم ڕوونەدات؟ بەڵام کورد وتەنی: بەراز کەهێلکەی کرد ئەیکات!
لەگەڵ دنیایەک پێزانین بۆ حکومەتی کوردستان، کە لەچەندین ڕووەوە کاری باشی کردووە و خزمەتی هاووڵاتیان دەکات، بەڵام قسەی پڕوپووچ و بێ واتایە حکومەتی کوردستان هەر وا بەسانایی بچێتە ژێر ئەم بارەوە و ڕازی بێت! هەرگیز نابێت حکومەتی کوردستان، ئیتر هەرئەم کۆنەبێت، یان تازە ئەگەر پێکهات، بەکارێکی ئاوا ڕازی بێت و پێویستە سەرۆک وەزیران و سەرۆکی هەرێم بچنە بەغدا و بەڕوونی پێیان بڵێن، کە لەڕوودانی کاری ئاوادا و فەوتانی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان هەڵوێستمان دەبێت! ئیتر هەڵوێست چی دەبێت، من نازانم ئەوە حکومەتی کوردستان بەرپرسیارە و پێویستە لە ئاست ئەو کارەدا بێت! ئەگەر ناشچن و خۆتان وتەنی "بۆیان ناچەمێنەوە" دەفەرموون دڵسۆز و ئازابن و کەمێک دەست بگرنەوە و خەرجییەکانی خۆتان کەمبکەنەوە و هەر خۆتان مووچە بدەن و بڵێن پارەی بەغدامان ناوێت و مووچەش بکەن بە نیوە و هەناردەکردنی نەوتیش ڕابگرن ، هتد....
ئەگەر ئەوەش ناکەن، فەرموون بڕۆن بۆ بەغدا! نازانم ئەوە بۆ چەند مانگێک دەچێت دەیان کەس و سەدان گوتار و دەیان لێدوانی چاودێران و دۆست و دوژمن پێیان دەڵێن بچنە بەغدا و موجامەلەی درۆ مەکەن و بە ڕوون و بەئاشکرا و بەبەرچاوی خەڵکەوە بڵێن ئێوە چی دەکەن و نیازی چیتانە! ئایا کوردستانیان بە هاووڵاتی پلە دوو دەزانن؟ بە پێچەوانەوە ئەگەر وا ناکەن و هەر بەم شێوەیە ڕازیبن و بتانەوێت لە خۆیەوە بارودۆخ چاکببێت، یان خەڵک خۆی بگونجێنێت، ئەوا لێرەوە کاری هاووڵاتیان و جووڵەی شەقام دەست پێدەکات تا پێتان بڵێن ئێوە دڵسۆزی خاک و نەتەوە نین و بۆ مانەوەی حیزبەکانتان گوێ بەهیچ نادەن! لەگوتارێکی پێشوودا (١) ئاماژەم بە پێدانی کارتی زەرد بۆ یەکێتی و پارتی کرد، ئەگەر ئەم بابەتە هەروا بڕوات و مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان بفەوتێت، ئەوا بێگومان یەکێتی و پارتی شایستەی کارتی سوور دەبن! هیوادارم نەگەینە ئەوەی گوتاری پێدانی کارتی سوور بنووسین.....
(١) کارتی زەرد بۆ یەکێتی و پارتی! ماڵپەڕی ئاوێنە، ٥-٥-٢٠٢٥، بنواڕە لینکی:
https://www.awene.com/article?no=24199&auther=2706