پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
دروستە ئەمجارەش سەرکەوتوونەبووین و کەوتنێکی خراپ و لێدانێکی قورس دووچاری نەتەوەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بووەوە، بەڵام خۆ یەکەمجار و دواجاریش نابێت! وەک گوتراوە" ئەولێدانەی نەتکوژێت بەهێزت دەکات" کە هیوادارم کورد وانەی باشی لێوەربگرێت، هەرچەندە زۆر گەشبیننیم کە نەتەوەی کورد وانەکانی ڕابردوو بەباشی بخوێنێتەوە و پێشبینی بۆ دواڕۆژ بکات! لەکاتێکدا جەستەی ڕۆژئاوا بەدەستی نەوەی شەمشەمەکوێرەکانی مێژوو لەت لەت دەبێت و ئەو هەڵوێستە دووژمنکارانەی هۆزە عەرەبەکانی کە چەندین ساڵە هێزە شۆڕشگێڕەکانی کورد دەیانپارێزن لە پشتەوە خەنجەری ژەهراویی دەوەشێنن، لەکاتێکدا کە هەموو وڵاتانی بەناو دیمۆکراسی و پارێزەرانی مافی مرۆڤ بەبێ شەرمانە ئاگاداری ئەو هێرشە ناڕەواو بەربەریانەن و کەڕولاڵ و کوێرن، بەڵام شەڕڤان ورە بەرنادات و سوورە لەسەر پاراستنی ناوچەکانیان و هەرهیچ نەبێت هەوڵی وەستاندن و خۆڕاگری دەدەن لەبەرانبەر هێرشی داعشی کۆن و تازە، لەبەرانبەر پلانداڕێژیی مامۆستاکانی شەرع و کردەوە تیرۆریستیەکانی سووپا وەحشییەکەی سووریا.
ئای کەگران و بەئازارە کەوتنی ئەمجارە، دڵ و دەروون شێواوە و سەر بەئازارە....
پارچەیەکی وڵاتەکەم خوێنی لێدەچۆڕێت و سیانەکەی تریش بریندار و پەشۆکاون....
شازدەی سێ بوو کیمیاباران کراین، شازدەی ئۆکتۆبەر بوو پشتمان شکا، ئەوە شازدەی یەکە و پارچەیەکی جەستەمان لەت لەتە، ئای کە ڕقم لە شازدەی مانگە......
کوردان فێرن و ڕاهاتوون لەگەڵ کەوتن و شکست، بەڵام داخم بۆ ئەوەیە کە "ناکرێت دووجار لەهەمان کونەوە مارانگازبیت"! ئایا ئەمە دوا کەوتن دەبێت؟ بێگومان نەخێر چونکە ئەم ڕۆحی خۆبەزلزانینە بەرانبەر یەکتر و خۆبەکەمگرتن لەبەرانبەر دوژمن هەر بەردەوامە، ئیتر چۆن تووشی شکستی یەک لەدوای یەک نابینەوە؟
کات کاتی شیوەن و کوڕوزانەوە و پاڕانەوە نییە... ئەوە بارێکی قورس و کەمەرشکێنەو تووشبووین و کەوتووین، بەڵام هەر ماوین و بەردەوامین لە خۆئامادەکردن بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆ، سبەینی بێت یان بیست ساڵی تر....
کات کاتی ئەوەیە کە د.شەریف لە گوتارەکەیدا ئاماژەیپێداوە و لەگەڵ خاڵ بەخاڵیدا هاوڕام(١) بۆیە دووبارەی قسەکانی ئەو ناکەمەوە و بەڵکو زیاتر دەڵێم و بەبڕوای من هێزە کوردییەکان پێویستە خۆیان بۆ شەڕی پارتیزانی و لەناوبردنی یەکەیەکەی سووپا عەرەبییەکەی شەرع و باوکی شەرع ئامادەبکەن، زۆر لەسەرخۆ و بەهێمنی.. وابزانن ئەمە ساڵی ١٩٧٦ی باشووری کوردستانە و هەستنەوە و دەستپێبکەن، بەڵام توخوا ئەمجارە دووشتتان لەبیر بێت: یەکەم، بڕوانەکردن بە عەرەب و دووەم، ئامانجتان دروستکردنی دەوڵەتی کوردی بێت و بەشتی کەمتری وەک ئۆتۆنۆمی ڕازی مەبن! پێویستە ئەمجارە دەست لەهیچ دوژمنێک نەپارێزن و کەس بەدیل نەگرن، تا ئاوا نەبن بە ئەرک بەسەرتانەوە... قسە لەئێمەوە وەربگرن نەک لە کتێبەوە، گوتراوە " قسەی دەردەدارێک لە قسەی سەد حەکیم باشترە"....
هاوڕێیان پارساڵ بوو، لەکاتێکدا زۆرینەی نووسەران بڕوایان وابوو کە ڕۆژئاوا زۆر باشترە لە باشووری کوردستان و دواڕۆژ بۆ ئەوێ دەبێت، ئاماژەمدابوو کە ڕۆژئاوا دواڕۆژی نابێت، سەیری گوتارەکەم بکە (٢)... ئێستا کاتی گلەی نییە لە خوشک وبراکانمان و جەنەراڵە بریندارەکەی وڵات، کە زۆر زیاتر لە توانای خۆیان کردووە و پێویستە پشتوپەنایان بین و هەرشتێکمان پێ بکرێت بۆیان بکەین و وانەش لەم شکستە وەربگرین.. گوتەکانم بۆ یەکێتی و پارتییە، ئایا ئێوە وانە وەردەگرن؟ کەی تێدەگەن کە ئەوانەی پێیان دەڵێن برا، هەرگیز برا نین؟ تکایە ئاوڕبدەنەوە بۆ برا کوردەکانتان و دەستی یەکتربگرن تا لە دواڕۆژدا ناچارنەبن ماچی دەستی دوژمن ماچ بکەن! بۆ دەبێت هەمیشە هەلی سەرکەوتن بدەین بەدوژمنان و بەشی شکست بۆ خۆمان مسۆگەربکەین؟
پەراوێزەکان:
(١) https://www.awene.com/article?no=27102&auther=1251
(٢) https://www.awene.com/article?no=24109&auther=2706