ئەم بتانە کەی دێنەگۆ؟

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2026-01-24     403

پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

ئایا کات لەم کاتەی ئێستا ناخۆشتر هەیە بۆ کوردانی خۆرئاوا!  دروستە کوردانی هەموو دونیا دڵ بەئازار و بەرێشانن و چیان لەدەستبێت کەمتەرخەمی ناکەن، بەڵام هەموو باشووری کوردستان بێتەسەرشەقام هێندەی ئەوە کاریگەری نابێت، کە کەسانی سەرئاستی جیهان دوو قسە بکەن، یان دوو هەڵوێست بنوێنن!

ڕووی قسەکانم لە د.لەتیف و د،بەرهەم دەکەم، کە بەڕاستی کەمتەرخەمن و نەمان دی کارێک بکەن دڵخۆشکەر بێت!

کەی دێنەقسە کاتێک کوردانی کۆبانێ کۆمەڵکوژکران!

کاتێک دێنەقسە، کە خوشک وبراکانمان لە خۆرئاوا لەبرسا مردن و لە سەرمادا ڕەقبوونەوە!

ئێوە پۆستتان بۆچییە، ئەگەر نەتوانن کارێک بکەن!

جیهان چاوەڕێی چیتان لێبکات، کە ئاوا لەگەڵ میللەتی خۆتان مامەڵەبکەن؟

ئایا ناتوانن واز لە پۆستەکانتان بێنن و بیکەنە قوربانی هەڵوێستێکتان؟ یان هەروەک هەڵوێستی برادەرەکەتان لە شازدەی ئابدا ببێتە پەڵەیەکی ڕەش بەناوچەوانتانەوە!

ترسی ئەوەتان هەیە تۆمەتبارتان بکەن، کە مایلی هاووڵاتیانی خۆتانن و بە ڕەگەزپەرست ناوتان ببەن! ئەگەر وانییە، ئەی بۆ هەڵوێستان نییە؟

ئێوە دەتوانن هەر لەڕووی مرۆڤایەتییەوە هەنگاوبنێن و بڵێن ئەگەر ئەو کارە نادادپەروەریانە نەوەستێت واز لە پۆستەکانمان دێنین! پۆستتان بۆچییە، کە ئێوە شەرمەزاری لای هاووڵاتیان و لای مێژووبن!

د.بەرهەم هەرئێستا دەتوانێت سواری ئۆتۆمبیل ببێت و بڕوات بۆ کۆبانێ و بەدەستی خۆی ئەو گەمارۆ نامرۆڤانەیەی سووپای عەرەبی بشکێنێت، ئەوە هەڵوێستی مێژووییە. د.لەتیف دەتوانێت قسە لەگەڵ شەرع بکات و بڵێت ئەوە یەک فڕۆکە هاوکاری دەنێرم. دەتوانیت یان ناتوانیت؟

ئەی بۆ نایکەیت؟

ئەی بۆ ناجووڵێن؟

ئەی بۆ قسە ناکەن؟

ئەی بۆ ویژدانتان ناجووڵێت و زمانتان گۆناکات؟

بۆهەردووکتان ... هەمووڕۆژێک کاتی تەنگانە نابێت و هەڵوێست دروستنابێت.

 د.لەتیف تۆ چەند ڕۆژێکی تر لە پۆستەکەشتان نامێنن و جارێکی تر چاوت پێی ناکەوێتەوە! ئیتر لەچی دەترسیت و ناجووڵێیت؟

 د.بەرهەم ترست لەوەیە لەپۆستەکەت دووربخرێیتەوە و مووچەکەت لەدەست بدەیت! بەدڵنیاییەوە هێندەت هەیە تا مردن بەشتان دەکات، مووچەت بۆچییە کە پەڵەی ڕەش لەناوچەوانت بێت و شەرمەزاری میللەت بیت!

تکایە بجووڵێن و مەترسێن ، هەڵوێستی ئێوە زۆر جیاوازە لەهەڵوێستی تاکەتاکەی میللەتی کورد و شوێنی خۆی دەگرێت و خەڵکانی بەرپرس و وڵاتان گوێی بۆ دەگرن.. دواییی کەکار لەکارترازا وەک کابرا ڕووڕەشیتان بۆ دەمێنێتەوە!

ئیتر خۆتان و ویژدانتان..

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×