هاوبیران دڵخۆشم، کە ئاڵا کوردی یەکخست

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2026-02-04     197

پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

خۆپیشاندان و ڕێپێوانەکانی دونیا بۆ پشتگیری لە خۆرئاوای کوردستان، سەرەڕای ئەوەی کە ئاگادارکردنەوەیەکی بەهێزی ئەم جیهانە جەنگڵستانە بوو، دیاردەیەکی زۆر دڵخۆشکەری تری پیشانی ئەم گێتییە دا ئەویش هەڵکردن و شەکاندنەوەی ئاڵای کوردستان بوو.

 

بێگومانم زۆر لە هاوڕێیان دەربارەی ئەم یەکخستنە و کۆکردنەوەی گەلی کورد لە ژێر سایەی ئەم ئاڵا جوانەی کوردستان نووسیویانە و گرنگیان پێداوە و دڵخۆشبوون، بەڵام بۆ هاوبیرانی ڕێگەی نەتەوایەتی و سەربەخۆیی کوردستان خۆشییەکە دووهێندە بوو کاتێک بینیمان ئەوئاڵایەی سەردەمانێک لەلایەن هەندێک لایەنەوە ڕێگەپێدراو نەبوو ئێستا چۆن بێ گوێدانە هیچ لایەنێکی سیاسی دەشەکێتەوە و هێمای گەل و یەک وڵات دەخاتەڕوو.

تائێستاش کەسانێک هەن هەر گاڵتەیان لەم بابەتەدێت و دەبێژن، کە پارچە پەڕۆیەک نەنان و نە ئاو بۆ خەڵک بهێنێت گرنگ نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێستا ئەوڕۆژەیە کە چۆن هەموو دونیا لەڕێگەی ئەوپارچە پەڕۆیەوە زیاتر کورد و کوردستانی ناسی.

هەر ئەم پارچە پەڕۆیەیە کە ورەو هێزی بەرخۆدانی نوێکردوەوە....

هەر ئەم ئاڵایەیە لاوانی کوردی لەسەرتاسەری گێتییدا یەکخست،کەهیچ پارتێک نەیتوانیوە ئەوەبکات........

هەر ئەم ئاڵایەیە، کە لەگەڵ بەرزکردنەوەیدا ئیتر گوتە و هاوار و خۆسوورکردنەوەی ناوێت، بەڵکو تەنیا ئەوپارچە پەڕۆیە خۆی دێتە گۆو هاواردەکات و هەرچی مێژووی نەتەوەی کوردە دەیخاتە بەردەم وڵاتانی ئەم سەر زەوییە....

هاوڕێیان.. بینیتان ئاڵا چەند بە شکۆیە، چەند کاریگەرە، چەند کۆکەرەوەیە، چەند ورەبەخشە، چەند ڕاستگۆیە، چەند نەرمو نیانە، چەند خۆشەویستە، ئیتر چۆن دڵتان دێت بەلاوەی بنێن و لەبری ئەو، پەڕۆی زەردو سوور وشین و مۆر و سەوز ڕاوەشێنن!

ڕاستگۆبم لەگەڵتان ، ترسم هەیە پاش هێوربوونەوەی بارودۆخەکە دیسانەوە بچینەوە سەر "بای بەڕە کۆن" و جگە لە ئاڵای کوردستان پەڕۆکانی تر بەرزبکەینەوە و هاواری ناساز و بێزارکەر ببیستینەوە!

بەهەرحاڵ.... پیرۆزبایی لە هاوبیرانی ڕێگەی کوردایەتی پاک و  خۆبەخشانی وڵات دەکەم و لەوبڕوایەدام هەموویان دڵخۆشن، کە ڕەنجیان بەخەسار نەچووە و سەری ڕێزیش بۆ شەهیدانی ڕێگەی کوردایەتی دادەنەوێنم...

بەدڵنیاییەوە ئەمە سەرەتایە و یەکەم هەنگاوە و کاری زۆر لەپێش لاوانی گەلی کوردە تا پشت ئەستوور بەخۆیان و بەخاکەکەیان بەردەوام بن، تا ئەوڕۆژەی سەربەخۆ دەبین، ئیتر چوار وڵات دەبین یان یەک وڵات، بەڵام نابێت وەک جاران بێیانەکان پێمان بڵێن کەم تەحەموولن و تاکۆتایی بەردەوام نابن (١)، بەڵکو دەبێت وەک خۆمان بین و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بناغەی خانووە کە پتەوتر دابڕێژین (٢).

لەسەروبەندی ئەم خۆپیشاندانانەدا و لەکاتێکدا باشووری کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لەساڵێکە نە پەرلەمان و نەحکومەتێکی پتەوی هەیە، و ناوچەکەش بووە بەئاگر و کەس نازانێت لە کام خولەکدا دەتەقێتەوە، گەنجانی وڵاتەکەم زۆر بێ هیوان لەم دەسەڵاتە! ماف لای ئەوانە و منیش پێم وایە بەم عەقڵیەتەوە ناتوانین بگەینە دوا مەنزڵگە! ئەی چارە؟

بێگومان ئەوە کاری زۆر و قسەی زۆرتریش لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەوەندەی هەستی پێدەکەم و لە گوتار و ڕەفتاری هاووڵاتیانی باشووری کوردستان دەبینرێت ئەوەیە کە دەبێت لایەنێکی سەربەخۆ ( لایەنی سیێەم) ئیتر لەشێوەی پارتدا بێت، یان جووڵانەوە ، یان هەر بزاڤێک بێت خەڵک کۆبکاتەوە و لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە ببێتە جێگرەوە بۆ دەسەڵاتی ئێستا و بەتەواوی ئەم لەتبوونەی باشووری کوردستان نەهێڵێت! ئەمە کەی دەبێت و چۆن دەبێت پێویستی بە کەسانی دڵسۆز و خاوەن مێژووی پاک هەیە! هەرچەندە کەسانیش هەن کە گۆڕانکاریی لە ڕێگەی هەڵبژاردەنەوە بە "خەوی حوشتری" دەزانن و پێیان وایە تەنیا بە چەک ئەم دەسەڵاتە لادەچێت! لەوانەشە وا بێت، بەڵام دەبێت لەسەرەتادا بەهەنگاوی یەکەم دەست پێبکرێت، ئەویش لەڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوەیە! لەبیرتان بێت، کە زیاتر لەملیۆنێک دەنگدەر بەشداری هەڵبژاردنی پێشوویان نەکردووە و ناڕازی بوون لەدەسەڵات، ئێستا ئەوانە چاوەڕێی لایەنێکی دڵسۆزی پاکن تا کۆیانبکاتەوەوە دەنگی پێبدەن، کە ئەمەش سەرەتای گۆڕانکاری گەورە دەبێت!

پرسیارێک هەیە ئایا ئەو هەموو پارت وجووڵانەوانەی ئێستا هەن ناتوانن ئەوەبکەن؟ بەدڵنیاییەوە هەرگیز ناتوانن و  یەک هەنگاو لە کۆکردنەوەی خەڵک نزیک نابنەوە، خەڵک پێویستی بە تازەگەرییە و چاوەڕێی نەوەیەکی نەتەوەیی، پاکی نەترسی  ئاڵا بەدەست دەکات، نەک کەسانی پاشکۆ و ترسنۆک و گەندەڵ. ئەوانەی ئێستا تاقیکراونەتەوەو  جێی گومانی هاووڵاتییانن وچاوەڕێی گۆڕانکاریی گەورەیان لێناکرێت، هەربۆیەش خەڵک دەنگی خۆیانیان پێ نەداون!

 

پەراوێزەکان:

(١) شلۆمۆ نەکدیمۆن، کورد و ئیسرائیل، ٢٠٢٥، وەرگێڕان و ساغکردنەوەی  کارزان غەفور، لەبڵاوکراوەکانی چاپخانەی یادگار، ٥٦٢ل.

(٢) ئیبراهیم محەمەد جەزا، ٢٠٢٤، هەشتاگوتاری سیاسی، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، کوردستان،  ٢٥٥ل.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×