پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
هەرکەسێک ئەلفوبێی سیاسەت و کاری حیزبایەتی بزانێت وشیار و ئاگادارە، کە ئامانجی هەر حیزب و ڕێکخراو کۆمەڵەیەکی سیاسی دابینکردنی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانییە بۆ هاووڵاتیان و سەربەخۆیی خاکی ئەو هاووڵاتیانەیە، ئیتر ئەم هاووڵاتیانە بە میللەت، یان نەتەوە ، یان گەل ناوببەیت هیچ لەدۆخەکە ناگۆڕێت. بڕوا ناکەم کەس گلەیی، یان ڕەخنەی لەم ئامانجەهەبێت و زۆرێک لە حیزبەکانی سەر ئەم گۆی زەوییە لەڕێگەی گرتنەبەری ئەم ئامانجانەوە وڵاتەکەیان گەیاندۆتە کەناری ئارام و خۆشگوزەرانییان بۆ هاوونیشتمانیان دابینکردووە.
لەباشووری کوردستان و بگرە لە هەموو کوردستانیش ڕێک بە پێچەوانەوەیە، هەموو کارێک و ڕێگەیەک دەگیرێتە بەر لەپێناو مانەوە و گەورەترکردنی حیزب و ڕێکخراو و کۆمەڵە سیاسییەکان، بێ گوێدانە ئامانجە سەرکییەکە! ئەم قسەیە بۆ هەموویان دروستە و لەم کارەدا دەڵێی کۆپی یەکترن، یان لەوانەشە لەجیناتی کورددا ئەم جینە لاوازە هەبێت بۆیە لە هەموویاندا دەردەکەوێت! ئەگەر وانییە و ئەم لایەنانە وابیرناکەنەوە، دەکرێت یەکێک بۆمان ڕوون بکاتەوە لەکاتێکی ئاوادا، کە ناوچەکە بووە بە ئاگر و تەنانەت نەک پریشک بەڵکو خۆمان کەوتووینەتە ناو ئاگرەکەوە، لەکاتێکدا دەکرێت زۆر هەلی زێڕین لەپێشمان بێت، کەچی یەکێتی و پارتی لەبری ئەوەی کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و کاراکردنەوەی پەڕلەمان زیاتر بکەن و خەمی گەورەتریان ئەوە بێت، کەچی هەریەکەی لەئاوازێک و لەلایەک دەخوێنێت وەک ئەوەی ئەمە زۆر ئاسایی بێت!
ئەمڕۆ سی وپێنج ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی کوردانی باشووری کوردستان تێپەڕدەبێت و بارودۆخی سیاسی وەک ساڵی ١٩٦٤ دێتە پێش چاو! نابێت سەیری ئەو چەند باڵەخانەو چەند شەقامە بکەین و بڵێین هیچ ترسی نییە و بارودۆخ شامی شەریفە، ئەوەی وابیر بکاتەوە زۆر گەمژەیە. من لەم سیاسەتە تێناگەم و لەوانەیە ئەم دوو حیزبە زۆر پێشکەوتووبن و ئێمە نەتوانین بیانخوێنینەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەین، بەڵام زۆر ئاساییە بێن و بۆمان ڕوونبکەنەوە، کە چی دەگوزەرێت و بۆچی وادەکەن و بۆچی وابێخەمن؟
ئێستا کوردانی باشوور هیچیان لەم دوو دەسەڵاتە ناوێت، جگە لەوەنەبێت کە دانیشن و پێکەوە پەڕلەمان و حکومەتێکی یەکگرتوو دروست بکەن و بەشێوەیەکی فەرمی بۆ ناوچەکەو بۆ جیهان بسەلمێنن، کە ئەم خاکەی باشووری کوردستان جێگیرەو دەکرێت بەڕوونی و کراوەیی دەسەڵاتدارێتی تێدا پیادەبکرێت و پاشەڕۆژی هەبێت! ئاخر ئەگەر وانەکەن و ئەم ڕووە گەندەڵ و ناشرینەی ئێستای دەسەڵات لە باشوور پیشانبدەن و بەردەوامبن، ئەوا کارەکە زۆر خراپ دەبێت و ئەم ناوچە ئازادە دەکەوێتە دۆخێکی هاوشێوەی میرنشینی بابان و ئەوانی تریش! ئاخر بۆچی؟ خۆ ئێوە دەڵێن ئێمە خزمەتکاری خەڵکین و لەپێناو سوودی هاووڵاتیاندا گیانفیدایی دەکەین! ئێ خۆ ئەمە گیانفیدایی نییە و بەڵکو زیاتر مانەوەی خۆتانەو هەرهیچ نەبێت زیاتر لەلای خەڵک باشتر دەردەکەون و لەلای بێیانەکانیش وەک دەوڵەتمەدار دەردەکەون! خۆ من دڵنیام ئەم دوودەسەڵاتە لەخۆبایبووە هەرگیز گوێ بۆ ئەم جۆرە لە گوتاری ئێمەومانان ناگرن و بگرە فشەشیان پێی دێت، چونکە ئەوە عەقڵیەتی سیاسیانەی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانە و نازانم کەی دەگۆڕێن؟ هەربۆیەش کوردان چەند دڵسۆز و ئازا و گیانفیدا و لەخۆبوردوو بن، بەڵام دەکرێت سەرکردایەتییەکی لەخۆبایی ڕەنجی خەڵکی بەبادا بدات؟
بەڕاستی و بەڕوونی دەرتان خست، کە هەریەکەتان هۆش وخەیاڵی لای دەستکەوتی زیاترە بۆ حیزب و بۆ لانگرەکانی خۆی و بەداخێکی زۆرەوە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەوپلەیەی کە وڵاتتان پێ دروستبکرێت، چونکە وڵات ئاوا دروستنابێت و هەربۆیەش بێ وڵاتین! نازانم ئێوە مێژوو دەخوێننەوە، ئێ خۆ هەرنەبێت هەرلایەکتان چەندین دەزگای بەناو فیکری و ڕۆشنبیری هەیە، کە دەکرێت لەوانەوە ڕێنمایی بکرێن، بەڵام ئەوەندەی من لە عەقڵییەتی ئەم کەسانە تێبگەم خۆیان لەهەموو کەس ژیرتر و پێ باشترەو هیچ حسابێک بۆ ڕێنمایی و ڕاوێژ ناکەن! هەر ئەم سیاسەتە هەڵەیەی ئەم دوولایەنە بوو، کە ئەوخاکە جوانەی شاری کەرکوکیان لەم پارچەیەی کوردستان دابڕی و برینێکی وا قووڵیان کردۆتە جەستەی باشوورەوە کە نازانم چۆن ساڕێژ دەبێت!
دڵتان خۆشە، کە سەرۆکی وڵاتێک تەلەفۆنی بۆ سەرۆکی هەردوولاتان کردووە و شانازی پێوەدەکەن، کەبەداخەوە دەبوو تەلەفۆنی بۆ یەک کەس بکردایە ئەویش سەرۆکی هەرێم بووایە نەک ئێوە! دەکرێت تا کات ماوە بیربکەنەوە و خەمی گەلی کورد لەباشووری کوردستان بکەنە ئامانجی سەرەکیتان و واز لەو بیرکردنەوە سوواوەی ساڵانی پێشوو بێنن، ئەگینا دڵنیام، کە ئێوە زیان ناکەن، بەڵام کوردان دیسانەوە جەرگیان دەسووتێت و ڕەنجیان بەخەسار دەچێت!