جیاوازی خۆرئاوا و باشوور!!

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2026-08-31     26

پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

هیچ دڵخۆش نیم، کە ئێستا سەبارەت بە خۆرئاوا بنووسم، بەڵام بیرهێنانەوە بۆ کەسانی تر کە زۆر بەشان وباڵای سیاسەتی ڕێبەرایەتی خۆسەری خۆرئاوای کوردستان قسەیان دەکرد و دەیاننووسی، پێویستە دوو قسەبکەین!

پار ساڵ لە گوتارێکدا ، کە لەماڵپەڕی ئاوێنە بەردەستە، زۆر بەساکاریی ئەوەم خستە ڕوو کە هیچ پاشەڕۆژێک بۆ سیاسەتی خۆرئاوا نییە و بەردەوام نابێت(١). پاشان لە چەند کەسانێکەوە ئاماژەم بۆ هات، کە وانییە و خۆرئاوا پاشەڕۆژی کورد و کوردستان دیاری دەکات و  هیوای زۆر گەورە  و سەرەکی بەوێ هەیە! بەداخەوە وا دەرنەچوو، کە من حەزم دەکرد هەڵەبوومایەو ئەو "میرنشینە"  بەردەوام بووایە!  لەگوتارێکی تریشدا هەر سەبارەت بە خۆرئاوا چەند قسەیەکم هەبوو(٢)، کە هەر ڕاست دەرچوو .

ئێستا کەسانێک هەن نازانم بەزانایی، یان نەزانی بەراورد لەنێوان باشوور و خۆرئاوای کوردستان دەکەن و ئەترسن کە باشووریش بەدەردی خۆرئاوا بچێت! ترسەکەیان لەخۆڕانییە، ئەگەر یەکێتی و پارتی ئاوا بکەن بارودۆخەکە خراپ دەبێت و لەوانەیە خراپتریش ببێت، بەڵام پێگەی جوگرافی و باری سیاسی و خەڵکی باشوور، بەبڕاوی من زۆر جیاوازن لەگەڵ خۆرئاوا، ئێستا هەرسێکیان ڕوون دەکەمەوە، بەڵام ئەوەمان لە یاد بێت، ئەوەی هەردوو حیزب دەیکەن خەریکە بە ڕاستی دەگاتە ئەوەی، کە کارتی سووریان بۆ دەربکەین (٣)!

پێگەی جوگرافی باشوور، کە پشتی بە شاخەکانی زاگرۆسەوەیە، واتە هەر لە شاخەکانی شنروێ و بەمۆ وە تا دەگاتە قەندیل شوێنێکی ستراتیجی و پاڵپشتی بەهێزی کوردانی باشوورن. ئەمە بە شێوەیەکی سەرەکی، ئەگینا هەر لە ناوەوەی سنووری باشووردا دەیان شاخی، وەک پیرەمەگروون هەن کە دەکرێت لێوەی شۆڕش و یاخیبوون ساز بکرێت، نەک خۆبشاردرێتەوە.

هەرچی باری سیاسییە، ئەوە هەر زۆر جیاوازە لە خۆرئاوا، بیرکردنەوەی کوردانی باشوور هەر لە زووەوە سەرچاوەکەی سەربەخۆبوون بووە و دواتریش تامی سەربەخۆییان کردووە، کاتی شێخ مەحموودی حەفید و ئیتر بیری سەربەخۆبوون چەکەرەی کردوو گەشەی کردووە( بۆ نموونە؛ حیزبی هیوا و کاژیک و پاسۆک ، هتد). تەنانەت هەردوو حیزبی یەکێتی و پارتی ، ئەگەر لە سەر کاغەز نەیان نووسیبێت، ئەوا بیری ڕزگاریی و سەربەخۆبوون هەرگیز لە مێشکی پێشمەرگەکان دەرنەچووە و بەدڵنیاییەوە شەهیدان  بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە گیانیان بەختکردووە. لەکاتێکدا ئەوە نزیکەی یازدە ساڵە سیاسەتمەدارانی خۆرئاوا هەرگیز ئەوەیان نەخستۆتە بەرباس، کە بیری سەربەخۆبوونە، هەرچەندە ئەوان خۆبەڕێوبەرایەتییەکەیان بەوناوەوەیە! هەمیشە دووپاتیانکردۆتەوە کە بەشێکن لە وڵاتی سوریا، واتە خەڵکیان بە بیری سەربەخۆیی پڕ نەکرد بەڵکو وابەستەیی بە پەکەکە و خۆ بە دواکەوتووانی ڕێبەرەکەیان بیری سەربەخۆیی تەسک کردبووەوە! بەبڕوای من ئەمە بۆ باکووریش هەر ڕاستە و چاوەڕێی دواڕۆژێکی کوردانە ناکەم!  بەبڕوای من شۆڕش لە خۆرهەڵاتی کوردستان هەنگاوێک زیاتر چوونەتە پێش و ئەوانیش تامی کۆماری کوردستانیان لە مهاباد کردووە، بۆیە دەزانن ئەوە دەبێت ببێتە ئامانجی هەر شۆڕشێک!

دیسانەوە دەبێت ئاماژە بەوە بکەم، ئەگەر شۆڕش بۆ ڕزگاریی و سەربەخۆیی لە داگیرکەر نەبێت، بۆ چییە؟

کوردانی باشوور ئەوە زیاتر لە سێ دەیەیە تامی سەربەخۆیی دەکەن، ئیتر بە هەموو کەموکوڕییەکانیەوە کە پارتی و یەکیتی لێی بەرپرسن، بۆیە بەئاسانی ناخرێنە قەفەزەوە و دەستەمۆ ناکرێن! بنواڕن تەنانەت خۆفرۆشانی زەمانی پێشوو شانازیان بە جلی کوردییەوە دەکرد و هەوڵیان دەدا خۆیان بەدوور بگرن لە جلی سەربازیی ئەوکاتە، هەوڵیان دەدا ناوچەکەی خۆیان بپارێزن! ئەمە شتێکی ساکارە بەڵام بیری سەربەخۆیی، کە بەڕاستی لەسێ کاتدا دەکرا باش بچەسپێت ( ساڵی ١٩٩١ و ساڵی ٢٠٠٣ و ساڵی ٢٠١٧) بەڵام بەداخەوە هەردوو حیزب بەهەرهۆکارێک بێت لەدەستیان دا، کە ئەوە تا قیامەت پەڵەی ڕەشە بەسیاسەتی هەردوو حیزبەوە و هیچ شەرمێکی تێدا نییە ئەگەر دانی پێدابنێن و نازانم چۆن قەرەبووی دەکەنەوە(٤)! بگەڕێینەوە سەر کوردانی باشوور، ئەگەر ڕژێمێکی عەرەبی عێراقی بیەوێت بگەڕێتەوە باشووری کوردستان ئەوە وەک جاران پێشمەرگایەتی دەست پێدەکاتەوە. لەوانەیە کەسانێک زۆر کەیفیان بەم قسانەنەیەت و گاڵتەیان پێ بێت، بەڵام  من دڵنیام ئەوەندەمان لەگەنجان بەباشی و کوردانە پەروەردە کردووە کە ئەوکارە ئەنجام بدەن و دەبێت بیکەن.

لەگەڵ ئەوەی کە جەنەراڵی شەڕەکان ڕازی بووە بە وەرگرتنی پۆستی ڕاوێژکار بۆ سەرۆکی چەتەکان  و سۆز دانی دەوڵەت کە هەندێک لەبنەما سەرەکییەکانی مرۆڤ بوون بۆ کوردان گوایە دابیندەکرێت، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لە خەونی کوردی نەما و وەک داخستنی سەری سندوقێک دۆخەکە لە خۆرئاوا پێچرایەوە! 

 

پەراوێزەکان:

١- ئیبراهیم محەمەد جەزا، دواڕۆژی کورد لە سووریای عەرەبی! ماڵپەڕی ئاوێنە،  ١-٤-٢٠٢٥، بنواڕە لینکی:

 https://www.awene.com/article?no=24109&auther=2706

٢- دیسانەوە هاوار! ، ماڵپەڕی ئاوێنە، ١٠-١-٢٠٢٦، بنواڕە لینکی:

https://www.awene.com/article?no=27060&auther=2706

 ٣- ئیبراهیم محەمەد جەزا، کارتی زەرد بۆ یەکێتی و پارتی! ماڵپەڕی ئاوێنە، ٥-٥-٢٠٢٥، بنواڕە لینکی: 

http:// https://www.awene.com/article?no=24199&auther=2706

٤- ئیبراهیم محەمەد جەزا، ئایا دەتوانن قەرەبووی ئەم زیانانە بکەنەوە؟ ماڵپەڕی ئاوێنە، ٤-٧-٢٠٢٤، بنواڕە لینکی: 

http:// https://www.awene.com/article?no=21413&auther=2706

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×