لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە بەھاری ١٩٩١ ئەم ھەرێمە دەرگیری کۆمەڵێ قەیران بۆتەوە.
ھەر لەسەرەتاوە قەیرانی کارگێڕی، بە ھۆی ئەو بۆشاییەی کە بەعس بە مەبەست دروستی کرد، تا ئەو خواستەی کورد ئاواتی بۆ دەخواست، ھەوێن وەرنەگرێت، توشی شپرزەیی کارگێڕی ببێت و ئاوات بە گەڕانەوەی ڕژێم بخوازرێت. تا ڕادەیەک ویستەکەی بەمەبەست گەیشت، چونکە ھێزە سیاسیەکانی گۆڕەپانی ئەسا کە خۆیان لە بەرەی کودستانیدا ئەبینیەوە، وەک پێویستی قۆناغەکە نەیانتوانی لە ڕوی کارگێڕیەوە، نمونەیەکی نەک باشتر بگرە وەک ڕژێمی پێشووش پێشکەش بکەن، بۆیە لەئەنجامی ئەم خراپ بەکارھێنانە لە ڕوی کارگێڕیەوە، ناڕەزایی خەڵک دروستبوو، لەو ناڕەزایەتیانەدەا دروشمێکیان بەرزکردەوە دەیان وت:(ماست و پەنیر و کەرە، بەعس باشترە لە بەرە)دیارە بەرە بەمانای بەرەی کوردستانی دێت.
ھەر لەئەنجامی خراپی کارگێڕی و دارایی و مامەڵەی خراپی لایەنەکان بە داھات و ئامێر و کەلوپەلی پێویست، فرۆشتن و ئاودیوکردنیان بۆ دەرەوەی ھەرێم، ئەو کاتە دەرکەوت ئەمانە جگە لە خەمی خۆیان و گیرفانیان ھیچ خەمێکی دییان نیە.
ئەو خراپ بەکارھێنان و مامەڵە پێوەکردنە نادروستەی کرا، کۆمەڵێ دەرھاویشتەی لێھاتە پێش، لەو کاتانەدا موچە نەئەدرا بە مامۆستایان. وتەیەکیان داھێنا کە پێ ئەچێ لە بەر دڵسۆزی و پێویستی ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی مامۆستایان خۆیان بوبن دایانھێنابێت، کە دەیانوت: (مامۆستایان سەری بەرزیان بۆ موجە نەوی ناکەن).
ھەر لەبەر خراپی بواری کارگێڕی و مامەڵەی خراپی ھێزە سیاسیەکان و بێسەرەوبەرەیی
لە کۆکردنەوەی داھات، چاوی برسی ھەندێ بەرپرس و حیزب، شەڕی ناوخۆیان بەرپا کرد.
دوای بەکوشتدانی سەدان ڕۆڵەی خەڵک، ساڵ دوای ساڵ دۆخی باری ژیانی خەڵک سەختتر بوو.
ھەرچەند ھەڵدانەوەی ئەو لاپەڕە ڕەشانەی ئەو کات وساتە خەمھێن و ناخۆشە، بەڵام دەکرێ وەک وانە سودی لێببینرێت.
ئەو گەڕانەوەیە بۆ ئەوەبوو بزانین چۆن دەستمان پێکرد و بەچی گەیشتین؟
ئینجا با بێینە سەر بابەتەکە کە ناسین و ئاشنا بوونی قەیرانە.
قەیران بریتییە لە تێکچوون و خراپ ئاراستە کردن و ناڕێکی ونەمانی ھاوسەنگی لە سیستمی کارگێڕی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، یان دەروونی، کە پێویستە بە پەلە کار و پلانی ھەمە جۆری بۆ دابنرێت. کە وەڵامدانەوەی دۆخە ئاڵۆزەکە بێت، لەپێناوی زاڵبوون بەسەر ئەو سەختیانەدا، کە پشتگوێخستنی دەبێتە ھۆکاری شپرزەیی زیاتری دۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕامیاری تەندروستی ...ھتد.
بۆ ئەوەی قەیران و دەرەنجامەکانی خراپتر نەبن، دەکرێت قەیران وەک خاڵی وەرچەرخانێکی گرینگ لە دۆخێکی تاڕادەیەک جێگیردا ڕابگیرێت و نەھێڵرێت زیاترتەشەنە بکات، یان سنوردار بکرێت و نەبێتە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی کۆمەڵگە، بەپێی سنوردارکردنی و دیاریکردنی کات و پلان و پڕۆژەی چارەسەر و ڕوبەڕوبونەوەی ئەو ھەڕەشەیە.
قەیرانی ئابوری کاریگەرییەکی قووڵ و فرەڕەھەندی لەسەر پەروەردە دەبێت، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە ئابورییان خراپ و سیستەمی پەروەردەییان بەھێز نییە. ئەم کاریگەرییانە دەتوانرێت لەم ڕەھەندانەدا ببینرێن و دەربکەون:
١- کەمبوونەوەی بودجەی پەروەردە بەگشتی ئەم کێشانەی لێدەبێتەوە:
ا-حکومەتەکان لە کاتی قەیرانی ئابوریدا زۆرجار کەمکردنەوەی بودجە ئەنجام دەدەن، کە یەکەم کاریگەری لەسەر پەروەردە وبەشەکانی دەبێت.
ب - کەمبوونەوەی بودجە دەبێتە ھۆی نەبوونی سەرچاوەی پێویست وەک کتێب، ھۆکارەکانی فێربون وتەکنەلۆژیا، و پێداویستییەکانی خوێندن
ج – دابەزاندنی ئاستی زانستی و کوالێتی فێربوون
د- لەبەر کەمدەرامەتی ھەژارەکان مناڵەکانیان لە خوێندن دەھێننەدەرو بێبەش دەبن لە پرۆسەی فێربون
ھە- لەو ووڵاتانەدا کێشەی بێکاری دەبیتە ھۆی بەکارھێنانی مناڵان لە بازار و کاری دەستگێڕیدا
و-خراپی بژێوی مامۆستایان، کاریگەری نەرێنی دروست دەکات بۆ پرۆسەی پەروەردە، شێواوی دەرونی وگرفت و ئاڵۆزی تەندروستی دەبنەوە.
ز- بەھۆی دانەمەزراندنی مامۆستایان پرۆسەی پەروەردە توشی چەقبەستن دەبێت
ح- قوتابخانەکان و خوێندنگەکان بەو ھۆکارە ڕەنگە بەشە وانەکان و کاتژمیرەکانی خوێندن کەم بکەنەوە
ئەوەی ڕون و ئاشکرایە و گومان ھەڵناگرێت، ڕەنگدانەوەی قەیرانی ئابورییە لەسەر کۆی سێکتەر و بەشەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەت لەسەر پرۆسەی پەروەردە، ناکرێ دوای سێ دەیە و نیو لە بەردەوام بونی قەیرانی ئابوری ئەم ھەرێمەی کە وەک پێویست بەدامەزراوەیی نەکراوە وبە خواست و ویستی حیزبەکان بەڕیوە دەچێت، ئەوانیش ھیچ پلان و پڕۆژەیەکیان نەبێ بۆ باشترکردن و ئارستەی چارەسەری قەیرانی ئابوری.
قەیرانی ئابوری تەنھا کاریگەری کاتی نییە، بەڵکو دەتوانێت کاریگەری درێژخایەنی لەسەر نەوەکانی داھاتوو ھەبێت، بەھۆی دابەزاندنی ئاستی پەروەردە و کەمکردنەوەی دەرفەتی کاری باش لە داھاتوودا. بۆیە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە پێویستی بە پلانێکی دروست و پڕۆژە و بانگێشتکردنی کەسانی شارەزا و دڵسۆز و بە ئەزمون ھەیە تا یارمەتیدەر و پشتیوان بن بۆ چارەسەری ئەم گرفتە سەختەی ڕوبەڕوی کۆمەڵگەکەمان بۆتەوە.
ھەرچەندە زۆر وتراوە و باسکراوە، داواکراوە، تکایە بفەرمون ھەنگاو بنێن بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو دوژمنەی کە بۆتە پەتای وێران بوون، کە ئەویش گەندەڵی و جارەسەر نەکردنی قەیرانی ئابورییە.
وتارەکەم بە وتەیەکی (مالکۆم ئێکس) دەھێنم کە دەڵێت:( یەکەم ھەنگاو بۆ سەرکەوتن، ڕەتکردنەوەی تەسلیم بوونە بە بارودۆخەکان).

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات