لەمە زیاتر چیتان گەرەکە لە جەنەڕاڵی کوردان، خوێن ڕشتن یان ئاشتی ومانەوەی کوردان؟

نەوزادی موهەندیس
  2026-08-26     36

  ڕێکەوتی ٢٥/ئابی ٢٠٢٦ لە دیمەشقی پایتەختی دەوڵەتی سوریا،ڕێکەوتنی کۆتایی لە نێوان دەوڵەتی سوریا و جەنەڕاڵی کوردان ((مەزڵوم عەبدی)) و سەرکردایەتی ھەسەدە واژۆکرا،کە ماوەی زیاد لە ساڵێکە بە ئاشکراو نھێنی بە ڕاستەوخۆ و بەنێوەندگیری بەردەوامە. خۆشبەختانە توانرا بگەنە ئەو ڕێکەوتنە ((ناڵێین مێژووییە یان بۆش و بەتاڵیشە)).بەڵام لەم قۆناغەدا و لە جەرگەی ئەو ھەموو ململانێ ناوچەیی و زلھێزانەی دونیادا و لەدوای  ١٥ ساڵ لە شەڕ و کاولکاری و خوێنڕشتن لەھەموو لایەکی نەتەوە و مەزھەب و ئاین و پێکھاتەکانەوە.. لەناو ئەو ھەموو فشار و گوشارانەی زلھێزە ناوچەیی و دونیاییەکانیشەوە لەسەر جەنەڕاڵ و ھەسەدە،ھەرئەوەندە دەتوانرێت بکرێت.. ھەموومان ئاگاداری فشارەکانی تورکیاین و ھەرواش ئەمریکای زلھێز کە چۆن لەڕێگەی تۆم باراکەوە لە کۆبونەوە شومەکەی سەری ڕەش و بە ئامادەبوونی بارزانیەکان کەچۆن دەموچاویان تێکچووبوو،ئەمری واقعیی سەپاند بەسەر ھەمواندا.پێش کەمتر لە مانگێکیش و لە کۆتا سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێمیش بەشێکی گەورەی گفتوگۆکان لە سوریا ھەر بۆ ئەو مەبەستە بوو کە جەنەڕاڵ و شەرع ڕێکبکەون و کۆتایی بەو ململانێ و خوێنڕشتن و نائارامیە بھێنرێت،کەواتە سەرکردایەتی کورد بەھەردوو  لاکەیەوە لە سەوز و زەرد ئاگاداری وردەکاریەکان بوون! ئیدی ئەم ھەڵا  و ڕەخنە و تەشەردانی ڕاگەیاندنانە لەپای چی؟
   پرسیارێکی ڕوون و ئاشکرا،ئایا جەنەڕڵ دەیتوانی چی زیاتر بەدەستبێنێت؟لەمەی ئێستا کە ڕێکەوتنی لەسەر کراوە.
  ئاشکرایە لەساڵی ٢٠١١وە لەکاتی سەرھەڵدانی شۆڕش و ڕاپەڕینی ڕۆژئاواوە ھیچ کات ھەسەدە ڕاینەگەیاندوە کە لە سوریا جیادەبێتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی ڕادەگەیەنێت،ئەو لەوپەڕی توانا و ھێزی خۆیدا داوای کۆنفیدڕاڵی یان فیدڕاڵی ھاوشێوەی باشوری کوردستانی دەکرد.چونکە باش دەیزانی ھەرئەوەندە لە توانادایە و ناوچەکە و دونیاش لەمە زیاتر ڕەوا نابینن بە کوردان.
جەنەڕاڵ و ھەسەدە لەماوەی ١٥ساڵی ڕابووردوودا توانیویان کە:
•    بەرگریەکی بێ وێنە لەسەر ئاستی سوریا و ناوچەکە و دونیاش لە جوگرافیای ڕۆژئاوا و بەشێکی سوریاش بکەن و داعش تێکبشکێنن.
•    شەڕڤانانی کوڕ و کچی کورد و نەتەوەکانی تریش ببونە سیمبول و ڕەمزی بەرخۆدان و مقاوەمەت لە دونیادا و جێگەی شانازی ھەموو کوردانیش و دونیاش بوون و بەھێندەی ھەموو شۆڕشەکانی کوردانی تر مەسەلەی کورد و کوردیان بە دونیا ناساند.
•    مۆدێلێکی نوێی خۆسەری و بەڕێوەبردنیان لەسوریادا داھێنا کە ئێستا کەمینەکانی تر و عەرەبەکانیش ئاواتی بۆ دەخوازن.
•    ھێزێکی ژنانی ئازا و شۆڕشگێڕیان دامەزراند کە بونە ڕەمزی بەرخۆدان و گیانفیدایی و لە ئێستادا بونەتە ئەمری واقیع و بەناچاری دەوڵەتی سوریا ڕازی بوە کە ببنە بەشێک لە ھێزە ئەمنیەکانی دەوڵەت.
•    جەنەڕاڵ و ھەسەدە لەماوەی ١٥ساڵی ڕابووردوودا،دەیان پیلانی کوردان و سەرکردەکانی کورد و دوژمن و داگیرکەرانیان تێکشکاند و پوچەڵ کردوە بۆ لەناوبردنیان و ھەڵایسانی جەنگی ناوخۆیی کوردان.(بەدەست و پاڵپشتی ھێزێکی باشوور و بەناوی ھێزی ڕۆژ و مانگانە مووچەی ٨ھەزار چەکداریان دەخوارد).ئەی بۆ ناپرسن ئەوانە چیانکرد و ئێستا پێگە و قورساییان چەندە؟و لەکوێن؟
•    بەداخەوە ھەموو ئەو دەسکەوتانەی ھەسەدە بە خوێنی ئاڵی زیاد لە ٢٠ھەزار کوڕ و کچی کورد و نەتەوەکانی تریش نەخشێنران.ئیدی چیتان لەوە زیاتر گەرەکە لە جەنەڕاڵی بێ پشتوپەنا؟
    ھەربۆیە جەنەڕاڵی کوردان،باش ھەڵسەنگاندنی بۆ  بەڵانسی ھێز و دۆخی ناوخۆیی سوریا و کەمینە و پێکھاتەکانی تر و گۆڕانکاریە ناوچەیی و نێودەوڵەتەکانیش کردوە و باشترین ھەڵبژاردەی پەسەندکردوە کە کۆتایی ھێنانە بە شەڕ و خوێنڕشتن و کاولکاری و درێژکردنی دەستی ئاشتی و بونیادنان و ئاوەدانیە بۆ سوریا و ڕۆژئاوش.بەدڵنیایی خۆیان خاوەنی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی ڕۆژئاوان و قوربانی زۆریان داوە، ھەربۆیەش بەتەنھا خۆیان لە دۆخی سەر زەمین و دیفاکتۆی ڕۆژئاوا تێدەگەن و بەرپرسیاریشن بەرامبەر گەل و مێژوو بۆ ئەم بڕیارەیان.
   پرسیارێکی دی،جەنەڕاڵ چی بکردایە؟خۆکوشتنی ھەسەدە و گەلی ڕۆژئاوا و ئاوارەبوون بۆ دەرەوەی سوریا و باشوور و باکوور؟ ئایا ئاشبەتاڵێکی خوێناوی بەوێنەی شۆڕشی ئەیلولی ساڵی١٩٧٥ ی ئەنجامبدایە؟  
   ئاشکرایە شۆڕشی ١٤ ساڵەی ئەیلولی کوردانی باشوور ،لەماوەی ئەو ساڵانەدا چەندین گەڕی گفتوگۆی کردوە بۆ گەیشتن بەڕێکەوتن و ڕزگاربوون و بەدەستھێنانی دەسکەوت بۆ گەلەکەمان و چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی لەساڵانی ١٩٦٤ و ١٩٦٦ و ١٩٦٨،ئەوەبوو لەساڵی ١٩٧٠ و لە ١١ی ئازاردا بەناو ڕێکەوتنێکی مێژوویی کرا و بە ئێستاشەوە یادی دەکەینەوە و بەدەسکەوتێکی گرنگی دادەنێین و دەوترێت ئەو ڕێکەوتنە بوو کە بۆیەکەم جار کوردی لە عێراقدا ناساند و مافەکانی دەستەبەرکرد.بەڵام لە ڕاستیدا دوای ٤ ساڵ و بەشەڕ و شکستێکی خوێناوی ئەو ڕێکەوتنە ھەڵوەشایەوە و ھیچی لێ سەوز نەبوو. کەچی بە ئێستاشەوە لایەنێکی سیاسی ھەر بەشان و باڵویدا ھەڵدەدات.دوای بڕیاری ١١ی ئازار جارێکی تر شۆڕش سەریھەڵدایەوە تا ساڵی ١٩٩١ و لەدوای ١٦ساڵ خوێنڕشتن و کاولکاری و ئەنفال و کیمیاویباران و جینۆساید و...ھتد.لە ئێستادا ھەرئەوەندەمان پێکرا کە فیدڕاڵیەکی نەبەکام و ناتەواو بسەپێنین و ساڵ بەساڵیش لەکەمیدایە.
   بۆیە گەر ئەو کاتیش و بەیانی ١١ی ئازار لەلایەن ھەردوولاوە وەکو خۆی جێبەجێبکرایە،ئەو ھەموو کوشتن و خوێنڕشتنەی کوردان ڕوویاننەدەدا و ڕەنگە دۆخی کوردان زۆر لە ئێشستا ھەڵکشاوتر بوایە.بۆیە ھەق نیە کەس گلەیی و ڕەخنە و ناڕەزایی بەرامبەر بەم ڕێکەوتنەی ڕۆژئاوا دەرببڕێت.
  ئایا جەنەڕاڵ و ھەسەدە چ پشتیوانیەکی بەھێزیان ھەبوو؟ لە وڵاتانی ناوچەکە و لە کوردان و لە زلھێزەکانیش؟
   کورت و کرمانجی ،نەخێر، ھیچ پشتیوانیەکی ڕاستەقینەی بەھێزیان نەبوو،نەلای کوردانەوە کەتەنھا توانیمان لەوپەڕی نەھامەتیدا خۆپیشاندانی جەماوەری و ھاوکاری مرۆییان پێشکەشبکەین،ڕاستە کاریگەریان ھەبوو بەڵام نەتوانرا بەرگری چەکداری و مقاوەتیان لەگەڵدا بکەین چونکە لەتوانادا نەبوو،وڵاتانی ناوچەکە ھەموانیان دژی داواکاریەکانی کورد و ھەسەدە بوون لە سوریای نوێی سونە مەزھەبدا.ئەمریکا و فەڕەنسا وھەموو ئەوروپاش تیرۆریستێکی تاوانباریان ھەڵبژارد لەبەرامبەر جەنەڕاڵێکی کوردانی شۆڕشگێڕدا.بۆیە ئیتر جەنەڕاڵ چی تر لەتوانایدا بوە بیکات و نەیکردوە؟
   ئایا ئەم ڕێکەوتنە شکست و ئاشبەتاڵە؟ ئایا کۆتایی خەبات و مقاوەمەتە؟یان دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە دەسکەوت و خۆناساندن وئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانی؟
   ھەموان دەزانین کە ماوەی ١٥ساڵی ڕابووردوو سوریا ببوە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی زلھێزە ناوچەیی و دونیاییەکان، و تەنھا گەل و خاکی سوریا زیانی گەورەیان پێگەیشت، ئەوەتا ڕوسیا و چین و ئێران و وڵاتانی عەرەبی،ھەموانیان شکستیانخوادر ولەسوریا وەدەرنران،کەسیش پێیان ناڵێن دۆڕاو و شکستخواردوو. کە توانای سەربازی و ئەمنی و سیاسی و ئابوریان بە ھەزاران جاران لەھەسەدە بەھێزتر بوون و لانی کەم ئەوان خاوەن دەوڵەتی خۆیان بون و کاریگەری گەورەیان لەناوچەکەدا ھەبوو بۆ ماوەی زیاد لە ١٠٠ساڵ، ئیدی بۆ گلەیی لە ھەسەدە بکەین؟ھەربۆیە ئەم ڕێکەوتنە نە شکستە و نە ئاشبەتاڵە وەکو ھەندێک زوڕناژەن و لایەنی سیاسی حەزدەکەن وا ناشیرینی بکەن و تانە و تەشەری لێبدەن.ئەوان لەسەر خاک و ئاوی خۆیان مانەوە،چەکەکانیان دانەنا و نەیانفرۆشتن و تەسلیمی دوژمنیان نەکرد وەکو شۆڕشی ئەیلول.ئەوان شۆڕش و ھێزەکەیان کە ٧٥ ھەزار بوون بە شەڕڤانان و ئاسایشەوە دەربەدەر و ئاوارە و ماڵوێران نەکرد وەکو شۆڕشی ئەیلول.ئەوان سەروەت و سامان و ئیدارەکەیان ھەڵنەوەشانەوە و ھەڵنەھاتن و دەستیان بەسەردانەگرت بۆ قازانجی خۆیان.ئەوان ئیدارەیەکی تۆکمە و سیستەمێکی حوکمڕانیان سەپاندوە و بەردەوامیش دەبێت.ئەوان توانیویانە زمانی کوردی و ڕەگەزنامەی کورد بسێنن،ئەوان ھێزەکانی ژنان و شەڕڤانیان ڕێکخستوە لەچوارچێوەی سوپای سوریادا و تایبەتمەندی ڕۆژئاوایان پاراستوە(( وەکو ھەرێمی کوردستان)).ھەربۆیە ئەم ڕێکەوتنە نەشکستە و نە ئاشبەتاڵ.ھەرکەسێکیش ئاوھا بیربکاتەوە با پەندێک لە شۆڕشی ئەیلول و ئاشبەتاڵەکەی وەربگرێت و وەبیری خۆی بھێنێتەوە و بەتوانجەوە نەڵێن (( دەھۆڵ دڕا و ئیدی دەنگی بڕا)).
ئەم ڕێکەوتنە بۆ ئاشتی و پێکەوەیی و بونیادنانەوە،ھەموان تیایدا سەرکەوتون بە دەوڵەتی سوریا و ھەسەدەشەوە،بەڵام لەشەڕدا ھەموان زەرەرەمەند دەبن. ئایا دەمانەوێت تا کۆتایی ژیان ھەر کورد لەشەڕ و ماڵوێرانی و جەرگسوتاندا بێت و ڕۆژێکی خۆش نەبینێت؟ ئەوانەی کە ئێستا ڕەخنە لە ھەسەدە دەگرن لەوپەڕی گەرمەی جەنگ و بەرگریکردنیاندا تۆمەتی پەکەکەبوون و دیکتاتر و خۆسەپێنیان دەخستنە پاڵ و دەیانگوت خەتای پەکەکەیە کە لێناگەڕێت شەڕ ڕابوەستێت؟ کەچی لەئێستادا پەکەکە و ھەسەدە تۆمەتبار دەکەن بە خیانەت و ئاشبەتاڵ لەبەرئەوەی ئاشتیان ھەڵبژاردوە لە جیاتی جەنگ و خوێنڕشتنی کوردان. ((نەفرەت لەدووڕوویی و بێ شەرمی))!
   (( دەمێکە وتراوە ئەوەی دەستی لە ئاگردایە وەکو ئەو کەسە نیە دەستی لە ئاودایە)).بۆیە ڕەخەنگرتن و قسەی باقوبریق لەدوورەوە و لەبەر سێبەر ناچێتە گیرفانەوە و بائەوەی پێماندەکرێت بۆ قۆناغی ئایندەش ھاوکار و یارمەتیدەر بین نەک ڕێگر و ئاگرخۆشکەر و تانەلێدەر.
   ئاشکرایە ڕءژئاوا بە بچوکی جواگرافیاکەی و کەمی ژمارەی دانیشتوانەکەی و ھەڵکەوتەی جیۆسیاسیەکەی و بێ تواناییە ئابوری و ئەمنیەکەیەوە،ھیچ کات نەیدەتوانی تاسەر پارێزگاری لەبوون و مانەوەی خۆی بکات لەبەرامبەر تورکیا و سوریادا و بەو بێ پشتیوانیەی کە ھەیبوو.ھەربۆیە باشترین بڕیارێکیان داوە کەوەک دەوترێت زەرەر لەنیوەی بگەڕێتەوە باشترە.تاکو قۆناغێکی تر.بەدڵنیاییەوە ئەم ناوچەیە ھەروا بە ھێوری و ئارامی  و دوور لە جەنگ و ململانێ گوزەر ناکات و ڕەنگە لە ئایندەدا  دۆخێکی باشتر بۆ کوردان  بێتە ئاراوە کە دەسکەوتی گەورەتر وەدەستبێنێت و ئەمەش کۆتایی شۆڕش و خەبات و کۆڵنەدان نیە و سەرەتایەکە بۆ خۆگونجاندن و دوورخستنەوەی گەل و نیشتیمانی ڕۆژئاوا لەنەھامەتی زیاتر و ڕۆژئاواییەکانی برامان خۆیان بەرژەوەندی خۆیان باشتردەزانن((اھل المکە ادری بشعابھا)).

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×