لەمەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە

عەبدولرەزاق شەریف
  2025-02-17     367

- ١٦ -

هەمو هەفتەیەک و نیوەڕوانی هەینی لەماڵی خۆیدا، میوانداری تێکەڵەیەک لەچین و توێژەکانی سلێمانی و ناوچەکانیتری کوردستانی دەکرد . بەعورفی خێزانە کۆنەکانی شار، ئەو رۆژەی "قەل و قوبڵی" خوانی نیوەڕوانەکەی ئەبو،

ئامانج، کەلەگەڵ گلەیی و نابەدڵی ئەو بۆ دەستیاوی خواردنەکانی راهاتبو، بەردەوام لەهەوڵی رازیکردنیا بو! هەرخۆی بەیانیان پێی دەوت بۆ نیوەڕۆ ئەمە و ئەوە ئەخۆم، دواتریش دەیوتەوە، ئەم خواردنە چیە و بۆ نایزانی ژەمێ خواردن دروستبکەیت.! لەراستیا ئامانجی زۆر خۆشدەویست، ئەوەندەی ئەیویست سەربکاتە سەری و موجامەلەی بکات ئەوەندە لەخەمی خواردنا نەبو، ئەو تەدارەکی مێز و سفرەی خواردنی هەفتانەش، زیاتر بۆ میوانداری بو، دەنا زۆر خولیای چۆنیەتی تێرکردنی سکی خۆی نەبو. خۆشترین خوانی ئەو یاپراخی سڵق، گڵامێو و پەراسو بو، هەندێکجاریش خواردنە کۆنەکانی سلێمانی لەکفتە،گیپە و ئەوانیتر...

لەسەر نانخواردن و لەگەڵ میوانەکانیدا، پێچەوانەی مقەڕ و کۆبونەوە حیزبی و سیاسیەکانی، زۆر لەسەرخۆ و بەماریفەت بو، میوانی تازەی لەتەنیشت خۆی دائەنا، چاوی لەمێزی دورەدەست بو، زۆرجار خۆی بەردەستی خواردنەکەی ئەکرد. کەمترین قسەی ئەکرد، سەرە داوی مەسەلە و بابەتێکی رادەکێشا، ئیتر گوێی بۆ رای ئەوانە دەگرت کەلەوێ دانیشتبون، زۆر مەبەستی بو ئەهلی بازاڕ و کاسبکارەکان بدوێنێت.

"رێبین هەردی" ش یەکێک لەمیوانە هەمیشەییەکان بو، هەمیشە لەگفتوگۆی نێوانیاندا، رێبین داوای میانڕەوی، پێکهاتن و مساوەمەی بزوتنەوەکەی دەکرد ئەویش لەشۆخیا بەردەوام بەهاوبیرە کۆنەکانی پاسۆکی دەوت :

- ئەمانە چونکە لەحیزبی بچوکا بون بەداوای کەم و مساوەمەی زۆر راهاتون .

یەکەمجار لەماڵەکەی ئەودا "شاسوار عەبدولواحید"م ناسی، ئەو میوانێکی هەمیشەیی رۆژانی هەینی و مەجلیسەکانی "نەوشیروان مستەفا" بو. ئێمە لەهاوڕێ کۆنەکانی کۆمەڵە و یەکێتی، بەخوڵکی جارانمان نەقسەمان لەقسەیدا ئەکرد، نەقسەیمان رەتدەکردەوە بەڵام هەندێک لەو گەنجانە، شاسوار لەناویاندا، بەردەوام گفتوگۆی جدی و توند، جار ناجارێکیش ئەگەیشتە توڕەبون، ئەویش بۆئەوەی بەرگی سیاسەت و حیزبایەتی لەمەجلیسەکە داماڵێ، لەسێبەری بێدەنگیەکا، روی لەکەسێکماندەکرد و دەیهێنایەوە سەر باسی کۆمەڵایەتی و خواردنە کوردەواریەکان.

یەکێ لەوجارانە پرسیاری ماڵە خەزورانی منی کرد و وتی :

- لەماڵی "حەمە پۆلیس" دا، کفتەیەکم خواردوە لەبیرم ناچێتەوە، ئەگەر خەسوت ماوە پێی بڵێ هەفتەی ئایندە کفتەمان بۆ دروستبکات.

هەروامکرد ... ئیتر زۆرجار کەحەزی دەچو سەر خواردنێکی تایبەت. ئەوەندەی ئاگاداربم، ماڵی ئێمە یانەخۆ ماڵی شاسواری رادەسپارد.

ئەو تێکەڵاوی، هاموشۆیەی نەوشیروان مستەفا و گەنجێکی سەرمایەدار، زۆرجار وەک رەخنە و گلەیی روبەروی دەبۆوە! "شوان محەمەد" وتارێکی رەخنەیی لەسەر ئەو هاوڕێیەتیە نوسیبوو! جارێک بەمەبەست ئەو وتارەم بیرخستەوە، لەوەڵامدا وتی :

- کەناڵی " ئێن ئاڕ تی " وەک هی خۆمان سەیر بکەن، هەرچیەکت بۆ میدیای گۆڕان پێویست بو لەشاسواری داوا بکە.

دوای مەرگیشی، لەکۆتایی ساڵی دوهەزاروهەڤدە، لەژێر فشاری پارتی و بۆ دڵڕازیکردنی مەسعود بارزانی، سەرکردەکانی گۆڕان، بەئاگا و بێئاگا بەحوکمی پاشخانی ئەو شەڕە توندەی لەکاردانەوەی (فەرمانی دادگای هەولێر بۆ زیندانیکردنی نەوشیروان مستەفا) بەرامبەر بارزانی هەڵمانگیرساندبو! داوای لابردنی من و داخستنی "تەلەفزیۆنی ک ن ن" یاندەکرد، ژێربەژێر هاموشۆ و پەیوەندیان لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی دروستکردبو، دەیانزانی کەداخستنی تەلەفزیۆنەکە دەرگای رێکەوتن، پێکەوەیی و بەشداریکردنی گۆڕان لەحکومەتدا، دەکاتەوە. هەمو بیانوەکەشیان بێپارەیی و بێتوانایی خەرجی کۆمپانیای پەخشە ئاسمانیەکە بو کەساڵانە زیاتر لەدوسەدهەزار دۆلار بو.

لەکۆبونەوەیەکی "گروپی راوێژ" دا، وتم :

+ گەر خۆمان ئەو پارەیە دابینبکەین ئێوە بەهێشتنەوەی تەلەفزیۆنەکە رازی ئەبن؟

هەموان رازی بون ... تەنیا مەرجیان ئەوەبو (گەر قەرز بێت ناتوانن بیدەنەوە).

رۆژی دواتر پەیوەندیم بەشاسوار عەبدولواحیدەوە کرد، قسەکەی نەوشیروان مستەفام بیرخستەوە و بۆ بەردەوامی کاری میدیای گۆڕان، داوای هاوکاری و پشتیوانیم لێکرد. بەتایبەت داوای پارەی ساڵێکی ئیشتراکی پەخشی ئاسمانی تەلەفزیۆنەکەمان.

( پارەی دوو ساڵی پەخشەکەتان بۆ ئەدەم، من دەستگیرۆیی بزوتنەوەکەم زۆر کردوە، ناشمەوێت بۆ ناوبانگ و ناوی خۆم بەکاری بهێنم ... بۆیە مەرجم ئەوەیە جگە لەخۆت هیچ کەسێکیتر نەزانێت کەشاسوار ئەو پارەیەی داوە، کەی هەتانبو بمدەنەوە گەر نەبو گەردنتان ئازا بێت).

ئەم قسەیەی زۆر دڵخۆشیکردم، بزوتنەوەکە و میدیاکەی قەرزارباری لوتف و پیاوەتی خۆیکرد، نەمدەزانی چ وەڵامێک بۆ ئەو جوامێریەی بدەمەوە زۆربە پەلە وتم :

+ لەبەر چاودێری دارایی، ناکرێ ونابێت کەس نەزانێت، بۆ رەزامەندی، تاک و تەنیا بە "عومەری سەید عەلی" دەڵێم .

هەر ئەو رۆژە و بەپەلە ئاخاوتن و پەیام و پشتیوانی و مەرجەکەی شاسوار عەبدولواحیدم بەسەید عومەر گەیاند، بەسەرسوڕمانەوە وتی :

- بۆچی ئەو پارە زۆرەمان بۆ ئەدا؟

پێش ئەوەی هیچ وەڵامێک لەمن وەربگرێت بەدوایدا، وتی:

- باشە بەناوی هەمومانەوە سوپاسی بکە و پێی بڵێ بەیانی سەعات نۆ سەردانم بکات.

رۆژی دواتر، پێشوازی و سەردانەکە رویدا، لەبەر پابەند بونم بەمەرجەکەوە، بۆئەوەی هیچ کەس نەزانێت بۆ کاروباری میدیا هاتوە! من لەوێ ئامادە نەبوم .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×