پێنج شه‌ممه‌, 22 ی ئایار , 2025

لەمەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە

عەبدولرەزاق شەریف
  2025-05-08     276

- ٢٥ -

 

لەوەڵامی چەند پرسیارێکدا!

لەدوابەشی بڵاوکراوەی ئەم زنجیرەیەدا، هەوڵ ئەدەم وەڵامی چەند پرسیارێک بدەمەوە کەدیارە نیگەرانیی هەندێک هاوڕێ و دۆستی لێکەوتۆتەوە!

 

یەکەم :

بەندە لەسەرەتای تەمەن و لەقۆناغی ئامادەییەوە تێکەڵاوی کاری سیاسی، رێکخراوەیی، حیزبی و پێشمەرگایەتی بوم. لەو رێگەیەدا، خۆم و خانەوادەکەم ئازاری زیندان و شەڕوشۆڕی پێشمەرگایەتی و برینداریی و ئاوارەییمان چەشتوە، مادی و مەعنەوی هاوکاری و پشتیوانی (شۆڕش و ی ن ک) مان کردوە!

لەدوای راپەڕین و سەرەتای پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتەکانی بەرەی کوردستانی، من وەک رەخنەگرێکی جدی چ لەناو کۆبونەوەکاندا یانەخۆ بەنوسین لەشێوازی حوکمڕانی و رەفتار و کرداری سەرکردەکان، نارازیبوم و بێدەنگ نەبوم و دەیان بەڵگەی نوسراوم بۆ ئەم قسانەم هەیە.

هەمیشە نەوشیروان مستەفا دەیوت (گرنگ نیە لەکوێ دەنوسی و لەکوێ دەڵێیت، گرنگ ئەوەیە چی دەنوسی و چی دەڵێیت)!

 

دووەم :

لەناو بزوتنەوەی گۆڕان و سەروەختی نەخۆشکەوتن و مەرگ و دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا، راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بەنوسین و لێدوان و گفتوگۆی میدیا، رەخنەم لەهاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا و شێوازی کاری سیاسی ئەوان گرتوە، هەندێک لەوان ئەوسا و ئێستاش پشتیوانی خۆم و بۆچونەکانم بون. هەرکات من دەستەواژەی "هاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا" م وەک خیانەتکاری ئەمانەت و فکیر و مێژووی ئەو زاتە بەکار هێنابێت کە (بۆ حەوت ساڵ و زیاترە بەکاری دەهێنم) و باسوخواسم لەسەرکردون، دیار و ئاشکرایە روو لەکێ بوە و زۆرجاریش ناوم هێناون.

نەوشیروان مستەفا، هاوڕێی خەبات و تەمەنی لەکەسانی پاک و تێکۆشەر لەناو (ی ن ک و ب گ)دا، زۆربون، هەندێکیان لەقۆناغە جیا جیاکاندا، رەخنەیان لێگرتوە، بەپرۆژەی جدی و گرنگ کۆمەکیانکردوە لێ لەبەر هەرهۆیەک بوبێت، ناوبراو بەحورمەتەوە رەتی کردونەتەوە و یەکتریان جێهێشتوە، هەندێکیشیان بەلاشەڕ و نیوەشەڕ رەوتەکەیان کێشا بەڵام لەهیچ قۆناغێکدا، ئەوان دەسەڵاتداری ناو یەکێتی و ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان نەبون بۆیە دەستەواژەی ( غەدر و لادان و خیانەتی هاوڕێکانی ) تەنیا مەبەست لەدەسەڵاتدارانی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانە، هەرگیز مەبەست لەو کەسانە نیە کەهەم پشتیوانی ئێمە بون هەمیش وەک مامۆستا رێنماییان کردوین و لێیانەوە فێربوین. ئەوان گەلێ ناوی زۆرن، نامەوێ ریزیان بکەم بەڵام "عوسمانی حاجی مەحمود" یەک لەناوە دیارەکانی ئەو مێژووەیە. کاتێک پلەوپۆستی ئەندامی خانەی راپەڕاندنیشی وەرگرت چەند مانگێکی کەم و پێش ئێمەومانان و لەهەژدەی مانگی سێ و لەکۆبونەوەی جڤات دەستی لەکار کێشایەوە، لەمانگی پێنجی هەمان ساڵدا، بەنوسین هۆکارەکەی رونکردەوە بەڵام خۆی وتەنی لەبەر حورمەتی مردنی کاک نەوشیروان هەتا ساڵانەی تێنەپەڕی، راینەگەیاند.

 

سێیەم :

پێشتر ولەسەرەتای دورکەوتنەوەم لەبزوتنەوەی گۆڕان، لەزنجیرە وتارێکدا بەناونیشانی "ئیتر قسە ئەکەم" سێ تەوەری گرنگم وەک ئامانجی نوسینەکە دیار و ئاشکرا کردبو کەئەوانیش ( لادان لەمێژوو، بیر و بەرنامەی نەوشیروان مستەفا، لادان لەپرەنسیپەکانی کاری حیزبی و رێکخراوەیی لەگەڵ فەسادی مالی و ئیداری ...)، ئەوسەروەختە و پێش حەوت ساڵ کەم کەس هەبوو بەو دوعایانە بڵێت ئامین، زۆر کەس و هاوڕێی دێرین بڕوایان بەو راستیانە نەدەهێنا، وەڵام و تەشهیر و هەڕەشەی توندیشم روبەڕوو بۆوە، بۆ نمونە هەڵدانەوەی فایلی دزیی تاقانە وەزیرەکەی گۆڕان لەبەغدا و پەردەپۆشکردن و سوڵح و مامەڵەی دەنگدانی گۆڕان بەپڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی بەرامبەری دیزە بەدەرخۆنەکردنی فایلی وەزیرەکە لەلایەن هەرسێ موعەلیم "سەید عومەر و جەلال و جەمال"، ئاخر ئێمەی دەسەڵاتداری هاوڕێی ئەوان دوای ساڵێک زیاتر و لەکۆبونەوەیەکی جڤاتی نیشتیمانیا بەئیعتیرافی سەید عومەر زانیمان کەئەو سوڵحە لەبەر شاردنەوەی فایلی دزینی پارە بوە کە خۆی و ئاواتی شێخ جەناب خەریک و شەریکی بوون. بەڵام خوا هەڵناگرێت سەید لەئیعتیرافەکەیدا وتی :

- ئێوە هەر دەڵێن پارە نیە و داوای پارە دەکەن ئەوەتا برادەرێکیشمان لەبەغدا مانگانە پارەی بۆ هێناوین لێتانکردوە بەهەڵا و نایبڕنەوە!

کەدەستەواژەی هاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا وەک تەعن و لێدانێک بەرامبەری فەساد و گەندەڵی کەسانێک لەژێر باڵی رێبەرێک و بزوتنەوەیەکی ریفۆرمخواز و مێژویەکی شۆڕشگێڕیدا بەکاردەهێنم، ئاشکرایە گشتگیرنیە و لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەی کەلەقۆتاغێکی خەبات هاوکاری بون یان بێ بەرپرسیارێتی و دەسەڵات هەڵسوڕاوی بزوتنەوەکە بون کۆناکرێتەوە.

(من ئاوها بزوتنەوەکە بەڕێوە ئەبەم، دوای من خۆتان چی ئەکەن و چۆنی بەڕێوە ئەبەن! بیکەن)

هەتا لەژیانا مابو زۆرکەسمان گوهداری ئەم قسەیەی نەوشیروان مستەفا بوین!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×