مەراسیمەکەی زانکۆی شەرناخ و تەدارەکی پێشوازیکردن لە"مەسعود بارزانی"، تورکەکانی دڕدۆنگ و کوردەکانی شادمانکرد. "دەوڵەت باخچەلی"، وەک دەم سپی ئەوان، ئاخ و داخەکەی بەتیمی پرۆتۆکۆڵی میوانداریەکە ڕشت، رەخنەیەکی بەجێشی جێھێشت کەھەموان تێگەیشتین. زانیشمان ئەو لەھوتافات و سرود و ناو و ئاڵاکەی سەر شانی پێشمەرگە دەھری ببوو بەڵام لەبەر خوڵکی میوانداری و خاترگرتنی ھەلومەرجی سیاسی و دڵڕاگرتنی لایەنەکانی ناوخۆی تورکیا تەنیا باسی لەتفەنگی لولەداری دەستەی پارێزگاری میوانەکە کرد.
ھەرچەندە وەڵامەکەی "مەسعود بارزانی" بەناوی بارەگا و وتەبێژەوە بوو بەڵام ھیچ گومانی تێدانیە جگە لەخودی "بارزانی" ھیچ کەس لەناو پارتی و خانەوادەی بارزانیدا، ناتوانێ بەو زمانە و بەو دەستەواژە توندانە وەڵامی "باخچەلی" بداتەوە! ھەر خۆیشی پێشتر، بەو ھەڵچون شێوازە توندە لەنوسین، لێدوان و رونکردنەوە، ناسراوە. ئەوەش زانراوە کەلاپەڕەکەی دایە دەست دەستەودایەرەکەی ئیتر کەسێک بۆی نیە فاریزە و خاڵێکی لێبگۆڕێت و وەک خۆی بڵاو دەکرێتەوە.
ساڵانی پێشوو، جارێک بۆ راستکردنەوەی زمانەوانی و ناحاڵیبونی مەسەلەیەک لای بەرپرسی کەناڵێکی راگەیاندنی پارتی رەخنەم لەپەیام و رونکردنەوەیەک گرت و پێم وت :
ناکرێت بەو زمانە و ئەو ھەموو ھەڵە و پەڵەیەوە بەناوی نوسینگەی سەرۆکایەتی ھەرێمەوە رونکردنەوە بنوسرێت و بڵاو بکرێتەوە ! لەوەڵامدا وتی :
- بەخودێ منیش دەزانم بەڵام سەرۆک خۆی نوسیویەتی و رێنماییەکان بۆ ئێمەیش وایە کەھیچ کەس ناتوانێ دەستکاری یەک وشەی نوسینەکانی سەرۆک بکات.
ئێستا، کێشەکەمان ئەوەنیە "مەسعود بارزانی" توڕەیە یان راوێژکار و ھەڵەچنی بۆ نوسینەکانی نیە.
قەیرانێکی جدی دروستکراوە! کاریگەری لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەبێت. چرای ئەو ئومێدەی کوردەکان بەدیداری (بارزانی و ئاپۆ) ھەیانبوو، کوژایەوە، کای کۆنە قینێک لای تورکەکان ئاگری گرتوە، تەنیا بەپۆزشێکی "بارزانی" دائەمرکێتەوە.
ئەویش ھەرگیز ناینوسێت و نایڵێت ..!