.بەشی پێنجەم وكۆتایی
من لە دەستپێكی شۆڕشی ئایلولی ساڵی 1961 بەشداری كاری سیاسیم كردوە . بەڵام تا دوای ئاشبەتاڵ و دەست پێكردنەوەی شؤرشی نوێ بە ڕابەرایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و تا ئەم كاتەی ئێستا تێیدام ، تازە سەرم لەهەندێك لەو بابەتانە دەردەچێت كە لە پشتی پەردەو دەرگاداخراوەكانی سیاسەتدا ، كوزەراون و بەردەوام دەگوزەرێن . بە هۆكاری ئەوەی من هەمیشە وەكو ئەندامێكی حیزب بە دڵسۆزی كارم كردوەو هەرگیز بیرم لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆم نەكردۆتەوەوبە دوای پلەو پۆستەوە نەبوم و ململانێم لە گەڵ هیچ كەسێك نەكردوە .
بەڵام ئیستا و دوای ئەو هەموو ساڵانە لە خەباتی سیاسی زۆرتێ گەیشتنی جیاواز وجۆراو جۆرم هەیە بۆ سەركردەكانی كورد ، كە پێشتر دەركم پێنەكردوە .من و زۆری وەكو منیش پیشتر سەركردەكانمان بە فریشتە دەزانی ، پێمان وابوو هەرچی ئەوان بیڵێن هەر ئەوە ڕاستەو ئەوان لە هەمومان زاناتر و شارەزاترو دڵسۆزترن و شایانی ئەوەن خۆمان بكەینە قوربانبان .
ئەو سەركردانە ئەوەندە لای ئێمە گەورەوخۆشەویست بون ، ئێمە خۆمان نەدەبینی و زۆر بەكەم سەیری خۆمان دەكرد ، بەڵام ئێستا تێ دەگەم كە ئەو سەكردانە دڵسۆزی خەڵكیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بكار هێناوەو فێڵیان لە خەڵكە دلسۆزەكە كردوە لە پێناوی مانەوەی خۆیان لەدەسەەڵاتدا . بەڵام لە ئیستادا بەرچاوم زیاتر ڕون بۆتەوەو دەتوانم خوێندنەوە بۆ ڕابوردوی سەركردەكانی كورد بكەم .
لە مەلا مستەفاوە تا ئەم كاتەی كە ئیستا تێیدا دەژین هەموو سەركردەی حیزبە كوردیەكان بێ جیاوازی لە یەك خەسڵەتدا هاوبەش بوون ، ئەویش ئەوەیە هەر كەسێك بوبیتە سەرۆكی حیزبێكی سیاسی حەزی كردوە كە كورد بە مافەكانی خۆی بگات ، بەڵام بەمەرجێك لەسەر دەستی ئەوو بەناوی ئەوەوەبێت . بۆنمونە :كاتێك كتێبی ( موساد لە عێراق و ووڵاتانی دراوسێ) م خوێندەوە لە نوسینی (شڵۆمۆ نكدیمۆن) نوسەری كتێبەكە دەڵێت : ئەو كاتەی ئیسڕائیل پەیوەندی بە شۆڕشی كوردەوە هەبوو . دەڵێت : مەلامستەفا لە هەموو چاوپێكەوتنەكاندا لە گەڵ بەرپرسانی ئیسڕائیلی بەردەوامداوای پارەی كردوە .
لەدرێژەی قسەكانیدا دەڵێت : زۆریش باسی سەربەخۆیی كوردستانی دەكرد ، بەڵام ئەوەشی نەدەشاردەوە كە دەیویست ئەوسەربەخۆییە لە سەردەمی خۆی و لەسەر دەستی ئەو بەدیبێت ، بۆیە هەرگیز ڕازی نەدەبوو كەسێكیتر هەبێت و بڵیت منیش بۆ سەربەخۆیی كورد كاردەكەم . ئەمە تەنها یەك نمونەیەو هەموو سەركردەكانی تریش هەمان حەزوو ئارەزویان هەبووە .
لە شۆڕشی ئایلولەوە تا ئێستا هیچ سەركردەیەكی كوردم نەبینیوە لە كاتی كاركردنیدا هەوڵی دابێ كەسێك یان كەسانێك پەروەردەو ئامادە بكات ئەگەر خۆی نەما ، ئەوانە جێگەی بگرنەوەو بەرنامەكەی تەواو بكەن . سەركردەكان لەو ڕوەوە دوور بین نەبون ، یان نەیان ویستوە ئەوە بكەن . ئەو سەركردانە بیركردنەوەیان وابوە كە لە سەردەمی سەرۆكایەتی ئەواندا هەموو ئامانجەكان دێنە دی و ئەوە ش دەبێتە سەركەوتن بۆخۆیان .
سەركردەكان نەك بۆ دوای خۆیان كەسیان ئامادە نەكردوە وەكو جێگرەوە ، بەڵكو ئەگەر زانیبێتیان كەسێكی بەتوانا هەیەوخۆشەویستی ناو حیزبەو بە دووریش نازانرێت جێگەی پێ ڵێژبكات ، بێ سێودوو كەوتونە دژایەتی كردن و ڕاونانی و تەنانەت تیرۆركردنیشی . ئەنانیەتی ئەو سەركردانە گەیشتۆتە ئاستێك بە لایانەوە گرنگ نەبوە ئەگەر ئەوان خۆیان بە هەر هۆكارێك بێت نەمان و شۆڕش توشی شكست بوو، دوای خۆیان خەڵك بڵێت : سەیركەن فڵان سەركردە نەما ئەوەتا شۆڕشیش نەما .
بەو هۆیەوە هەركەسێك بوبێتە سەركردەی حیزبێك ، ئامادە نەبوە دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت بۆ كەسێكی تر ئەگەر تەمەنیشی چوبێتە سەرەوە یان توشی نەخۆشی بوبێت ، یان كەسانی بەتوانتر لەو باشتر هەبوبن ، تا خۆی نەمردبێت . بەڵام ئەو سەركردانە پیش وەخت كاریان بۆ ئەوە كردوە كە كەسێكی تر لە خانەوەدەكەی خۆیان ئەویش دوای نەمانی خۆی جێیان بگرنەوە . دێموكراتیەت تەنها ناو بوە لەناو حیزبی كوردیدا . كەواتە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە حیزبی كوردی بەردەوام لە بازنەیەكی داخراودا ماوەتەوەو گەشەی نەكردوەو خەڵكانی سیاسی شارەزاو لێزان دەركەون و حیزب بە هێز بكن و یخەنە سەر ڕێگا ڕاستەكەی بۆ ئەوەی لەو ڕیگایەوە بتوانرێت كورد مافەكانی خۆی وەرگرێت .
سەیری ئەم نمونانەی خوارەوە بكەن :
تا مەلا مستەفا خۆی لە ژیاندا بوو هەر خۆی خاوەن بڕیار بوو . لەبەر ئەوەی ترسی لە بنەماڵەی فاخیر مێرگە سوری هەبوكە خزمیشی خۆشی بوون . هەمویانی لەناوبرد . دوای خۆی كە مەسعود بارزانی كوڕی جێگەی گرتەوە ، ئەوەتا بەچاوی خۆتان دەبینن لە سەر دەستی ئەو چ كارەساتێك بەسەر هەرێمی كوردستاندا هاتوە ، بەڵام هەر خۆی بە كەسی یەكەم دەزانێت و ئەگەر بۆی بكرێت ڕیگا نادات كەس هەبێت لە دەرەوەی بنەمألەكەی خۆی و ڕابەرایەتی خەباتی كوردایەتی بكات .
هەمومان دەزانین ماجەلال وكاك نەوشیروان چەند لە یەكەوە نزیك بون و هاوڕێی دێرینی خەبات بون . بەڵام كە بوو بەسەرۆك كۆمار ئامادە نەبوو پۆستی سكرتێری یەكێتی ڕادەستی كاك نەوشیروان بكات و بەو هۆیەوە یەكێتی توشی شكستی زۆر گەورە بوو . كاتێك كاك نەوشیروان بوو بە خاوەنی بزوتنەوەی گۆڕان و دوایی نەخۆش كەوت و دەشی زانی كە دەمرێت ، بەڵام بە جۆرێك كاری كرد كە دوای نەمانی خۆی كوڕەكانی جێگەی بگرنەوە .
بە چاوی خۆمان دیمان چۆن كوڕەكانی مامجەلال ئامۆزاكانی خۆیان لە دەسەڵات دوور خستنەوە ، ئەمە لە كاتێكدا بوو ئەوان لە ئەنجامی هەڵبەژاردن سەركەوتنیان بەدەست هێنابوو ، نەك بە كودەتا . بە دڵنیاییەوە ڕۆژێك دێت كوڕەكانی مامجەلالیش دژ بە یەكتری دەوەستەنەوە . خۆ زۆر دوور نییە كە حەمەی حاجی محمود ، براكەی لە حیزب دوورخستەوە . هەموتان ئەوەش دەزانن كە ئەوحیزبە ئیسلامیانەی ئیستای هەرێمی كوردستانیش هەر لە ئەنجامی لێكترازان دروست بون .
چەند سەرنجێكی زۆر گرنگ كە شایانی گرینگی پێ دانە :
بۆ ئەوەی سەركردەی حیزبەكان هەتا دەمرن هەر خۆیان بن و كەس جێگەیان نەگرێتەوە ، هەرگیزهەوڵیان نەداوە كەسانێكی شارەزاو ڵێزان و بەتوانا لە دەوری خۆیان كۆبكەنەوەو بەردەوام پرس وڕایان پێ بكەن و كەسانێك بن كە بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوە نەبن و هەمیشە سەركردەكان لەڕاستییەكان ئاگادار بكەنەوە ، ئەگەرمەترسیداریش بن . هیچ سەركردەیەك ، جا سەرۆكی وڵات ، یان سەرۆكی حكومەت ، یان بەرپرسی دەزگایەكی گەورە یان سەرۆكی حیزبێك بێت ، توانای ئەوەی نییە هەموو شتێك بزانێت و دەبێ ئەوانە هەموو ڕاویژكاری شارەزاو لێزانیان هەبێت بۆ هەموو بوارەكان .
ئەوەی كە زۆر گرنگە باسی بكەم سەركردەی حیزبە كوردیەكان نەك ڕاوێژكاریان هەیەو گوێی بۆ دەگرن ، بەڵكو هەر بە نەنگی دەزانن ڕاوێژكاریان هەبێت و ئەوان ئەوە بە سوكایەتی دەزانن چونكە خۆیان لە هەمو كەس بە زاناتر و شارەزاتر دەزانن و پێیان وایە پرس و ڕاكرن یان گوێگرتن لە كەسانیتر ، لە كەسایەتیان كەم دەكاتەوە . باشترین نمونە : بۆ یەكەم جار كە لە هەرێمی كوردستان هەلبژاردن ئەنجامدراو حكومەت پێك هێنرا ، پێشنیار كرا كە مام جەلال و مەسعود بارزانی هەردوو پۆستی پەڕلەمان و حكومەت وەرگرن بۆ ئەوەی بڕیارەكان لە دەرەوەی حكومەت نەدرێن و حیزب نەبێتە حوكمڕان .
وەكوباس دەكەن مامجەلال وتویەتی با كاك مەسعود سەرپشك بێت كام پۆستی دەوێت . بەڵام فەڕەنسۆ حەریری وتویەتی چۆن دەبێت كاك مەسعود بچوك بكرێتەوەو خەڵك بتوانێت موناقەشەی لەگەڵ بكات و قسەی لە قسەدا بكات . دواجار ئەوە سەری نەگرت و حیزب جێگەی حكومەتی گرتەوەو هەرێمی كوردستانیان گەیاندە لێواری مەرگ . سەركردەكانی كورد ئاوا بیر دەكەنەوە ، بۆیە كورد نەیتوانیوە مافەكانی خۆی بەدەست بهێنێت . دەپرسم سەركردەیەك خۆی بە گەورەتر بزانێت لەوەی ببێتە سەرۆكی حكومەت یان پەڕلەمان ، بیر بكەنەوە دەبێ ئەو كەسە خۆی بەچی بزانێت ؟. لەبری ئەوەی دوای قۆناغی سەركەوتنی شؤرش هەوڵ بدەن سیستەمێكی حوكمڕانی باش دامەزرێنن وەكو چۆن هەیە ، لە بری ئەوە حیزبە بوو بەجێگرەەوەی سیستەمی حوكمڕانی . حیزبێش ئەمەی بەرهەم هێنا : پەڕلەمان بوو بە شاگردی حكومەت ، حكومەت بوو بە شاگردی حیزب ، حیزبیش بوو بە دوكانی بنەماڵە . بنەماڵەش بوو بە غولامی بێگانە .
سەركردەی حیزبەكان لە بری ئەوەی كەسانی شارەزاو پسپۆڕ و لێزان بكەنە ڕاویژكاری خۆیان ، كەسانی ماستاو چی و بەرژەوەند پەرست لەدەوری خۆیان كۆدەكەنەوە كە دەوری كۆیلایەتی دەبینن ئەوان هەموو كارە خراپ و گەندەڵیەكانیان بۆ دەشارنەوەو لێدوانە بێ ماناكانیان بۆ مكیاج دەكەن .
ئەوانە بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن و لەو پێناوەدا بەردەوام بەشان و بالێ سەركردەكانیاندا هەڵ دەدەن و بەرگرییان لێ دەكەن ئەگەر هەڵەش بكەن . سەركردەكانیش حەزیان بەوكەسانەیە كە درۆیان بۆ دەكات ، نەك لە مەترسییەكان ئاگاداریان دەكەنەوە . با بزانین ڕۆلی ئەو كۆیلەو ماستاوچی و كۆیلانە بەناو ڕۆشنبیرانە چ كاریگەریەكی خراپ دادەنێن لە سەر بڕیاری بەرپرسە باڵاكان و بەرژەوەندیەكانی وڵات چۆن دەكەونە بەمەترسی گەورەوە .
لەو باریەوە لینێن دەڵێت : ڕۆشنبیران بە توانترین خەڵكن بۆ خیانەت ، چونكە بە تواناترینن بۆ پاساو هێنانەوە . لێرەدا من دەمەوێت چەندین نمونەی لێدوانی ئەو كۆیلەوماستاو چیانەتان بۆ بنوسم كە لە بۆنە جیاوازەكاندا ، قسەیان كردوە .
هەروەها نمونەی تریش كە ئەوە دەسەلمێنێت كە سەركردەكان حەزیان بەوە نەكردوە هیچ كەسێك لە حیزبەكەیان هەواڵی ناخۆشی پێ بدات ئەگەر شاردنەوەی ئەوهەواڵانە زیانیشیان بۆ حیزبەكە هەبێت . ئەمە بۆچونێكی زۆر خراپە سەرۆكی حیزب حەز نەكات كێشەو كەم وكورتی حیزبەی بزانێت . دواجاركار دەگاتە ئەوەی لە بری ئەوەی ڕاستییەكان بە سەرۆكی حیزب بگات ، ناڕاستییەكانی پێ ڕادەگەینن ولەو ڕێگایەوە بەرژەوەندی شەخسی دێتە گۆڕێ .
سەیری ئەم نمونانەی خوارەوە بكەن :
یەكەم : برادەرێكم بۆی گێرامەوە كە ئیستا لە ژیاندایە . وتی ئەو كات من لە مەڵبەندی ڕێكمستنی سلێمانی كارم دەكرد و لە گەڵ بەرپرسێكی تر چوین بۆسەردانی مامجەلال لە قەڵاچوالان . وتی مامجەلال هەواڵی ڕێخستنی مەڵبەندی لە بەرپرسەكەی هاوڕێم پرسی كە ئەو كات باروو دۆخی ڕێكخستن زۆر خراپ بوو . دەڵی بەرپرسەكەی هاوڕێم وتی مامجەلال ڕێكخستنێكی بە هێزو بە ژمارە زۆرمان هەیەو تۆ خەمی هیچت نەبێ . دەڵی مامجەلال پارەی زۆری پێداین و سوپاسی زۆری كردین .
یەكەم: برادەرەكەم وتی كە هاتینە دەرێ بە بەرپرسەكەم ووت : باشە خۆ ئێمە خرابترین ڕێكخستنمان هەیە تۆ چۆن ئاوا بە مامجەلال دەڵێی؟. دەڵێت لە وەڵاما پێی وتم تۆ مامجەلال نانسی و ئەگەر پێمان بگوتایە بارودۆخی ڕێكخستن خراپە ، سەرزەنشتی دەكردین و یەك دیناریشی پێ نەدەداین . ئەی ئەمە باشتر نەبوو ؟. جارێكی تریش دوو جەماعەت دەچنە لای مامجەلال وهەر بۆ كارو باری ڕێخستن و پێشمەرگە .
پرسیار لە هەردوك لایان دەكات . كاتێك وەڵام دەدەنەوە ، ئەوەی بە ڕاستی وەڵامی داوەتەوە سزایان دەدات و ئەوانەشی درۆیان بۆ كردوە پاداشتیان دەكات . ئەم جۆرە هەڵس و كەوتانە سەركردایەتی حیزب دەگەیەنێتە ئەو ئاستەی كە هەرگیز ئاگایان لە كێشەو خراپیەكانی ناو حیزبەكانیان نەبن ئەوەش كارەسات بەدوای خۆیدا دینێت .
قوباد تاڵەبانی دەڵێت : یەك ملیۆن و دوو سەد هەزار موچەخۆرمان هەیە . لەو ژمارەیە دوو سەد هەزاری زیادەیەو ناتوانین لایان بەرێن چونكە ئەوزیادانە پاسەوانی باخەكانی بەرپۆسانن . كەواتە بۆیە ئێستا بوینە سواڵكەرو لەسایەی سەركردەی وەكو ئێوەوە ماڵمان ڕەنگینە .
دووەم : مەسعود بارزانی ئێستا سەرۆكی پارتییە . پێشتریش سەرۆكی هەرێم بووە . ئەو خۆی بە سەرۆكی هەموو كورد دەزانێت . كەواتە دەبوایە باشترین و شارەززاترین بە تواناترین كەسانی لەدەور بوایە وەكو ڕاوێژكار بۆ ئەوەی ڕۆژانە لە وردو درشتی ڕۆداوەكان ئاگاداری بكەن . بەڵام هەر خەریكی هەڵگێڕانەوەی كادیرانی یەكێتییە بۆ ئەوەی یەكێتی لاواز ببێت . سەیركەن ئێستا كێ بۆتە ڕاوێژكاری ، ئازاد جوندیانی ، مەسعود حەیدەر ، ڕێباز حەملان و زۆریتر. باشە ئەوانە خێریان بۆ حیزبەكەی خۆیان نەبوبێت جەنابی سەرۆك چاوەڕوانی چی لەمانە دەكات كە ڕۆڵی جاسوسیان بینیوە ؟. باشە ناترسی سبەی جاسوسیش بەسەر تۆوە بكەن ؟.ئەوەی جیڤارا وتویەتی ڕێك پڕ بە بەری ئەم خۆفرۆشانەیە كە دەڵێت : ئەگەر توانێت باوەڕ بە مێشێك بهێنی بەوەی كە گوڵ باشترە لە پیسایی ، ئەوا دەتوانێت باوەڕ بە خۆفرۆشێك بهێنیت كەنیشتمان نرخی زۆر لە پارە زیاترە . یەكێكی تر دەڵێت : ئەگەر هەزار جار خەڵوزبە ئاو بشۆرێت سپی نابێتەوە دڵی هەندێك لە سەركردەكان هەمان شێوەیە .
سێیەم: حەیدەرعەبادی دەڵێت: ساڵی 2018 ساڵێك پێش ڕیفراندۆم بە چاودێری ئەمەریكا بارزانی ئیمزای كشانەوەی هێزی پێشمەرگەی لە كەركوك كرد . لە بەرامبەردا بڕی 400 ملیۆن دۆلاری لە ئێمە وەرگرت . كەواتە سەرۆك بارزانی كە پێش بڕیاردان لە ڕیفڕاندۆم بڕیاری كشانەوەی هێزی پێشمەرگەی لەكەركوك دابێت ، مانای ئەوەیە پێش وەخت كەركوكی بەپارە فرۆشتوە . كەواتە بڕێاری ڕیفراندۆم بۆچی ؟. ئەی چۆن 16ی ئۆكتۆبەر بە خیانەت دەزانی لە كاتێكدا تۆ پێشتر دەست بەرداری كەركوبوی لە پێناوی پارەدا . باشە پارەكە چۆتەخەزێنەی حكومەتەوە یان خەزێنەی سەری ڕەشەوە .
چوارەم : نێچیر بارزانی لە 18/5/2018 دەڵێت : بەغدا بە ئێمەیان دەگوت نەوت خەیارو تەماتە نییە بیفرۆشی . بەڵام ئێمە نەگەڕأینەوە دواوەو فرۆشتمان . بەخوا تەڕتان فرۆشت . باشە كە نەوتتان فرۆشت ئەی 30 ملیار قەرز كە هاتۆتە سەر هەرێم مانای چییە ؟. باشە ئێوە نەوت و فرۆشت یان كڕیتان ؟.
پێنجەم : سەرنجی لێدوانی بەرپرسانی پارتی بكەن و ئەو كات خۆتان بڕیار بدەن چۆن ئەوسەركردانە دەتوانن مافەكانی كورد بەدەست بێنن ، لە كاتێكدا گوێ لە قسەی ئەمانە بگرن و هەرچی درۆیە بۆیان بكەن و هەموو ڕاستییەكانیان لێ بشارنەوە . ڕێبین سەلام مامۆستای زانكۆ دەڵێت : بەغدا فەشەلی هێناوە لە حوكمڕانی ودەیەوێت بەو كارانە حوكمڕانی هەرێمیش فەشەل بێنێت . بۆیە ناكرێت ئەم حوكمڕانیە سەركەوتوەی هەرێم ڕادەستی بەغدا بكەین. هەر پیرۆزی خۆتان بێت نەكەن تەسلیمی كەسی بكەن . دوو بارە ڕێبین سەلام لە كاتی ئەتك كردن و سەرتاشینی پێشمەرگەیەكدا ئەم پاساوە دێنێتەوە : ڕوداوی سەرتاشین لە هەموو دنیادا ڕودەدات . جارێ من دەڵێم سەرتاشین ڕوداو نییە . سەرتاشین ئاساییە بەڵام بۆ ئەتك كردن ، ئاسایی نییە . سەیركەن چۆن مامۆستایەكی زانكۆ خۆی كردۆتە كۆیلەو پاساوهێنانەوە بۆ كردەوە قێزەونەكانی سەرانی حیزبەكەی دێنێتەوە . كەمال كەركوكی دەڵێت : لە كۆتاییەدا بەغدا ملكەچی داخوازیەكانمان بوو بە هۆی ژیری و بوێری سەرۆك بارزانیەوە . دەترسم سەرۆك بارزانیش بەو قسەیە باڵ بگرێت . باشە بەغدا ملكەچی داواكانی هەرێم بوو ، یان بە هۆی ژیری و بوێری سەرۆك بارزانیەوە بوینە سوالكەری ڕاستەقینە . ئەو كاتەی كەمال كەركۆكی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی دەكرد .هەموو ڕۆژێك چەند پاسێكی پڕ لە خەڵكی دەهێناو وێنەی دەگرتن و لە میدیاكان بڵاوی دەكردەوە ئەوەتا یەكێتییەكان پۆل پۆل دێنە ناو پارتییەوە .
یەكێك لەوانەی لەو پاسەدابوو كاندی پارتی خۆی بوو لە موسڵ . دواجار پارتی دوو كورسی هێنا . ئەگەر سەركردەكانی كورد حەزیان بەوە نەبێت خەڵك لە بری ڕاستییەكان درۆیان بۆ بكەن ،دەبوو سزای قورسی كەمال كەركوكی بدەن . لە جەریدەی هەولێری پارتیدا هاتبوو :لە ساڵی 2014 فرۆشتنی نەوتی هەرێم یاساییەوهیچ وڵاتێكیش گوێ لە داواكانی بەغدا ناگرێت . بەخوا تەڕ وادەرنەچوو . ڕێكەوتنی هەولێرو بەغدا لە سەر فرۆشتنی نەوت سەركەوتنێكی دیكەی سیاسی حكومەتی هەرێمی بوو .
باشە پێمان بڵین كام سەركەوتنە .؟. دكتۆر نەزاكەت بەناو مامۆستای زانكۆ دەڵێت : ئەم بەهێزیەی ئێستای هەرێمی كوردستان بۆ بونی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە . باشە خانم نەزاكەت پێمان ناڵێی مەبەستت كام سەركەوتنەیە ؟. لەوە دەچی هەموو ڕۆژێك چونی وەڤد بۆ بە غدا بۆ پاڕانەوەی پارە بە بەهێزی بزانێت . بەخوا ئاوا لە زانكۆ وانە بڵێیتەوە قوڕ دەكەی بەسەری خوێندكارەكاندا . قوڕ بەسەر ئەو وڵاتەی مامۆستای زانكۆی وەكو توی هەبێت . ئومید خۆشناو دەڵێت : هەر كەسێك هەرێمی كوردستانی بەدڵ نییە ، دەتوانێت هەرێمی كوردستان بەجێ بهێڵیت .ئەوە حوكمی ئێمەیە لە ئێستاوداهاتودا. كەواتە با ئاگامان لە دەممان بێت ، ئەگینا ئومێد خۆشناو شار بەدەرمان دەكات .
ساڵح عومەر مامۆستای زانكۆ لە كاتی بڕیارەكەی بارزانی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە لەفزی خۆی فەرموی :دوای 14 ڕۆژیتر حكومەتی كوردستان ڕادەگەیەنرێت . ئەوە لێدوانی پڕۆفیسۆرێكی زانكۆیە كە لەو كاتەدا بوو دۆست و دوژمن دەیان گوت ڕیفراندۆم مەكەن چونكە توشی زیانی گەورە دەبن . دەبوایە كەسانی ئاوا بە هەڵەداوان بچونایە بۆلای بارزانی و پێیان بگوتایە ڕیفراندۆم مەكە چونكە كەس پشتیوانیمان لێ ناكات . دیارە بارزانی بە قسەی ئەمانە توشی ئەوهەڵەگەورەیە بوو . هێمن هەورامی دەڵێت : توركیا بۆ لەناو بردنی دوژمنەكانی مافی خۆیەتی بێتە ناو هەرێمی كوردستان . لە كاتی هاتنی كڕۆنادا ئۆكسجین لەخەستەخانەكانی هەولێر نەمابوو ، جەنابی پێشەوا هەورامی فەرموی : هەولێریەكان مردنیان پێ باشترە لەوەی ئۆكسجین لە حیزبێكی تروەرگرن .
واتە لە سلێمانی . مامۆستایەكی زانكۆ بەڵام پارتی دەڵێت : كابینەی نۆیەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی سەركەوتوو بووە . دیارە لە خەویدا ئەوەی بینێوە . شیپان شیروانی دەڵێت : بە هۆی 31 ئابەوە نەك هەر سلێمانی خەون بە هەوڵێرەوە دەبینێت ، بەڵكو بەغداش خەون بە 31 ئابەوە دەبینێت . ئەم لێدوانە لەلێدوانی فەیلەسوفەەكان دەچێت .
ئومێد خۆشناو دەڵیت : ئەگەر 31 ئاب نەبوایە شتێك نەدەبوو ناوی هەرێمی كوردستان بێت . بەهمەن كاكە عەبدوڵلا لە ڕۆژی 27/4/ 2021 لەكۆبونەوەی پەڕلەماندا دەڵێت : كێ ئەم بارو دۆخەی پێ باش نییە با بڕوات چونكە حكومەت و پەڕلەمان موڵكی پارتی و بارزانیە. باشە قسەلەوە ڕونتر هەیە بۆچی تێناگەن . یان بێدەنگبن ، یان بڕۆن . ساڵح عومەر مامۆستای زانكۆ دەڵێت : پارتی لەهیچ هێزێكی قبوڵ ناكات بێتە ناو هەرێمی كوردستانەوە ، بە توركیاو پەكەكەشەوە . بڕواتان هەبێت قسەی ئەومامۆستایە زۆر دەگمەنە و وێنەی زۆر كەمە .
هێڤیدار ئەحمەد دەڵێت : ساڵی 2021 ئابوری هەرێمی كوردستان ئەوەندە زۆر دەبێت ، دەبێ حكومەتی عێراق بپاڕێتەوە لەكوردستان قەرزی پێ بدەن . خۆزگەی وابویایە بەڵام پێچەوانە بۆتەوەو ئێستا حكومەتەكەی كاكم دەچێت داوای سواڵ لە بەغدا دەكات . دنیا دەوران دەورانە . هێڤیدارئەحمەد لە لێدوانێكی تریدا دەفەرموێت : هەركەسێك بۆ كوردستان كار بكات ،ئێمە بە پارتی هەژماردەكەین . ئەمە قسەی بەعسیەكانە كە دەیانگوت هەمووعێراقیەكی باش بەعسییەكی باشە . دواجار كاك ئاری هەرسین دەبێژێت : پێمان سەیرە خەڵك هەر باسی موچە دەكات ، خۆ ژیان هەر بریتی نییە لە موچە . ئەوە قسەیەكی زۆر ڕاستە و ژیان بریتیشە لە كۆمەڵێك قییەمی ئەخلاقی كەمرۆڤ دەبێت پێیانەوە پابەندبێت. كەواتە ئێمەش بۆمان هەیە بڵێین : بەڕاستی پێمان سەیرە خەڵكانێك هەبن و بتوانن ببنە كۆیلەی ئەوانەی باوكیان كوشتوە . بەڕێزان: هەموو ئەوانەی لێرەدا ناوم هێناون لەگەڵ ڵیدوانەكانیان ، لەكات و ساتی خۆیدا تۆمارم كردبون وهیچ لەو قسانە هەڵبەستراو نین . ئێستا بیر بكەنەوە ئەوە ڕەفتارو گوفتاری سەركردەكانی كورد بوبێت ساڵەهای ساڵەو ئەوجۆرە كەسانەشیان لەدەوری خۆیان كۆكردبێتەوەو لەسەر بنەمای قسەو لێدوانی ئەوانە بڕیاریاندابێت ، بێشك نابێ چاوەڕوانی باشتر بكەین لەوەی ئەمڕۆ بەسەرمان هاتوە .