حكومەتی هەرێمی كوردستان یان دێوەخان

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2023-12-03     275

حكومەت برێتییە لەو دامەزراوەیەی كە ممارەسەی دەسەڵات دەكات لەناو كۆمەڵگادا كە یاسا بۆی دیاریكردوە ، لە لایەك بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی هەموو چینەكانی ناوكۆمەڵگاو چۆنیەتی ڕێكخستنی كاروبارەكانیان و پەیوەندیەكانیان و پاراستنی پەیوەندی گشتی لەسەر بنەمای یاسایی و یەكسانی . لە لایەكی تریشەوە ڕێكخستن و پاراستنی پەیوەندی كانی وڵات بە وڵاتانی دەرەوەی خۆی لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی  یەكسانی هەردوو وڵات .

كاری سەرەكی حكومەت لە ناوەوەی وڵات بریتییە لە بەرگریكردن لە مافی هاوڵاتیان و پاراستنی ژیانیان . كاری حكومەت ئەوەیە هەوڵ بدات و كار بكات بۆ دەستەبەركردنی یەكسانی ودادپەروەری ڕێكخستنی پەیوەندی نێوان  تاكەكان . یەكێك لە كارە سەرەكی و گرنگەكانی حكومەت ئەوەیە هەوڵ بدات بۆ ڕێكخستنی بواری ئابوری بەو مەرجەی خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی كۆمەڵگا دابین بكات . هەموو هاوڵاتییەك مافی خۆیەتی ژیانێكی خۆشی هەبێت و ئاسودە بێت ، ئەوەش ئەركی حكومەتە بۆی دەستەبەر بكات .

پێوێستە حكومەت لە بواری كۆمەڵایەتیدا چالاك بێت و بەردەوام هەوڵ بدات یارمەتی هەژاران و لێقەوماوان بدات لە ڕێگای دانانی بودجەیەكی تایبەت لە میزانیەی ساڵانەی حكومەتدا بۆ ئەو مەبەستەو دەستەبەركردنی بیمەی كۆمەڵایەتی و تەندروستی . حكومەت ئەو دەستەیەیە كە خاوەنی هێزی یاساییە بۆسەپاندنی ئاشتی و ئارامی  .

 

جۆرەكانی حكومەت

لە سەرەتادا پێناسەیەكی كورت و گشتیمان بۆ حكومەت كرد ، بەڵام كە ناوی حكومەت دەهێنین ، زۆر جوری هەیە . وەكو حكومەتی پاشایەتی دەستووری ، حكومەتی ڕەها ، حكومەتی دیكتاتۆری ، حكومەتی پاشایەتی ، حكومەتی كۆماری ، حكومتی تاك حیزبی زۆرینە ، حكومەتی هاوپەیمانی ، حكومەتی كار بە ڕێكەر ، حكومەتی هاو پەیمانی و حكومەتی ڕزگاری نیشتمانی ،........هتد.

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان چ جۆرە حكومەتێكە ؟.

پێشەكی دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بكەم كە هەرێمی كوردستان وڵاتێكی سەربەخۆ نییە و بەشێكە لە عێراق . بەڵام دوای نەمانی دەسەڵاتی حیزبی بەعس و بە هاوكاری هاوپەیمانان هەڕێمی كوردستان جۆرێك لە سەربەخۆیی بەدەست هێناو بوو بە خاوەنی پەڕلەمان و حكومەت و دامو دەزگای بەڕێوبردن و هێزی پێشمەرگەو پۆلێسی ناخۆو ئاسایش بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و لە هەموی گرنگتر بوو بە خاوەنی دارایی خۆی .

لە ماوەی 32 ساڵی ڕابوردوی حوكمڕنی كە بە ڕواڵەت یەكێتی و پارتی بە یەكەوە حوكمڕان بون ، بەڵام بەردەوام پارتی باڵادەست بوەوخاوەن بڕیاربووە . واتە یەكێتی شەریكی دەسەڵات نەبوە ، بەڵكو بەشدار بووە . كە واتە هۆكاری سەرەكی كە بۆتە هۆی ئەوەی تا ئێستا نەتوانراوە حوكمڕانییەكی دروست ئەنجام بدرێت ئەوە بوە كە پارتی خاوەن بڕاری یەكەم بوە .

 لێرەدا نامەوێت باسی ئەوە بكەم لەماوەی 30ساڵی حوكمڕانیدا ئەم دوو حیزبە هەرێمی كوردستانیان توشی چ كارەساتێك كردوەو چۆن ئەم هەرێمەیان خستۆتە بەردەم مەترسی لە ناوچونەوەو چۆن هەمومانیان ناچار كرد ئاڵای سپی هەڵكەین و بەرەو بەغدا بچینەوەو كڕنۆش بەرین و بپاڕێینەوە تەنها بۆ موچە. سەیركەن چەندین ساڵ نەوتیان فرۆشت لە بری ئەوەی ژێڕخانی ئابوری هەرێمی پێ بنیات بنێن، 30 ملیارقەرزیان خستە سەر شانی هاوڵاتیان و چەندین مانگ  موچەی موچەخۆرانیان نەدا . تا ئێستا هێزی پێشمەرگە یەكی نەگرتۆتەوە . هەرچی حیزب و بەرپرسانی حیزب هەیە خاوەنی كەنالی تەلەفزیۆنین  بەڵام حكومەت هیچ كەنالێكی خۆی نییە . لە بری ئەوەی حكومەت خاوەنی بۆری نەوت بێت حیزب بۆتە خاوەنی وبۆریەكەش بە پارەی میللەت بنیات نراوە . پەڕلەمان هەیە بەڵام دەسەڵاتای پرسینەوەی لە حكومەت نییە .  لەو كاتەوە حكومەت هەیە بودجەی ساڵانەیان نەناردوە بۆ پەڕلەمان چونكە پەڕلەمانەكە كارتۆنییە . هەموو هەڵبەژاردنەكان  بە فرت و فێڵ و تەزویر ئەنجام دراون . بە بڕیاری تاكە كەسێك ڕیفراندۆم ئەنجام دراو بە و هۆیەوە نیوەی خاكی كوردستانمان لە دەستدا ، بەڵام پرس بە پەڕلەمان و بە میللەت نەكرا . كاتێك ڕیكەوتنی ستراتیجی نەوت و غاز بۆ ماوەی 50 ساڵ لە لایەن نێچیر بارزانیەوە لە گەڵ توركیا ئیمزا كرا ، نێچیر بارزانی هیچ پۆستێكی حكومەتی نەبوو . لە بری ئەوەی داهاتی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتەوە بە یەكسانی و بە پێی پێویستی ناوچەكان دابەش بكرێت ، تا ئێستاش بە ڕێژەی  لە سەدا 57 بۆ پارتی و لە سەدا 43 بۆ یەكێتی دابەش دەكرێت .

 خەستەخانەی مناڵان هەیە لە لایەن وڵاتانی ترەوە وەكو یارمەتی دروست كراوە حیزب دەستی بەسەردا گرتوە . لە بری ئەوەی گرنگی بە خەستەخانە حكومەیەكان بدەن و پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكەن بۆ خزمەتی هاوڵاتیان ، هەموو پشت گوێ خراون و دەرمانیان تێدا نییەو لە جێی ئەمانە دەیان خەستەخانەی ئەهلی كراونەوە كە بەرپرسانی حیزبی شەریكن تێیاندا . لە بری ئەوەی گرنگی بەخوێندنگاو زانكۆكانی حكومەت بدەن ، لە جێی ئەمانە دەیان خوێندنگاو زانكۆی ئەهلی كوڕە بەرپرسەكان  كراونەوە .ئێستای هەرێمی كوردستان ڕێك لە دیوەخان دەچێت .

 

با بزانین دیوەخان چییەو بە چ دەڵێن دیوەخان ؟.

لە ڕابوردوادا كە وەكو ئێستا دنیا پێشكەوتو نەبووەو شارەكان بچوك بون و زوربەی خەڵك بە كشتوكاڵ و ئاژەڵ داریەوە خەریك بون و كۆمەڵگاش لە سەربنەمای عەشیرەت و تیرەو بنەماڵە پێك هاتبو و هەر یەكێكیش لە عەشیرەت و تیرەو بنەماڵە كان خاوەنی سەرۆكێك بون و ئەو سەرۆكەش بەردەوام میوانی هەبوەو هەرچی كێشەكان هەبون بەرەوڕوی ئەمان كراونەوەوە لەبەر ئەوە پێویستیان بە شوێنێكی گەورەتروتایبەت تر هەبوە لەو خانوەی بۆ خێزانەكەیان بەكاریان هێناوە . بەم شوێنە وتراوە دیوەخان .

 دیارە دیوەخانەكانیش هەمویان وەكو یەك نەبون وبە پێی گەورەیی و بچوكی عەشیرەت و تیرەو بنەماڵەكان جیاوازیان هەبوە . بۆ بەڕێوەبردنی ئەەم دیوەخانانە  پێویستیان  بە چەندین كەس هەبوە بۆ خزمەت كردن و پێشوازی لە میوان بەوكەسانە وتراوە خزمەتكار. جگە لەوەش ئەم سەرۆكانە خاوەنی كۆمەڵێك چەكداریش بون لە كاتی هەر ڕوبەڕوبونەوەەیكدا بەرامبەر نەیارەكانیان بەكاریان هێناون .دواجاربۆبەڕیوەبردنی ئەم دیوەخانانە پێویستیان بە پارە هەبوە بۆ خەرجی و ئەو خەرجیانەش لە ڕەعیتەكە وەرگیراوە .

ئەوەی زۆر بە گرنگی دەزانم ئاماژەی بۆ بكەم ئەوەیە كە سەرۆكی عەشیرەت یان تیرە یان بنەماڵە هەمیشە لە سەری سەرەوە دانیشتوەو خاوەن قسەی یەكەم و كۆتایی بوەو كەس نەبوە قسەی  ئەوانە ڕەت بكاتەوە . سەرۆكایەتیش وەكو میرات بۆنەوەكانی سەرۆك ماوەتەوە . كارەسات لێرەدا ئەوەیە  كە سەرۆكی عەشیرەت  خاوەنی عەقڵێكی باش نەبێت و لە هەمان كاتیشدا هەموو بڕیارێكیشی بەدەست بێت و كەسیش نەتوانێت دەست بهێنێتە ڕێگای و قسەی لە قسەدا بكات . هەرچی قسەیەكی كردبێت ئامادەبوان وتویانە : بەڵێ قوربان وایە ، بەڵی قوربان فەرمایشتی جەنابتە . بەڵی قوربان هەرچی جەنابت بڵێی ئەوە ڕاستە .

لە ئەنجامی ئەوەدا بەردەوام كێشەو شەڕو ئاژاوەو دوژمنایەتی و كوشتن لە نێوان عەشیرەت و تیرەو بنەماڵەكاندا واتە خاوەن دیوەخانەكاندا هەبوە  چونكە نەیانتوانیوە لە یەكتری بگەن . خاوەن دیوە خان خۆی بە خاوەنی هەموو ڕەعیەتەكە دەزانی و بەلاشیەوە گرنگ نەبووە تێربن یان برسی  . ئەوەی بەلایانەوە گرنگ بوو ئەوان خۆیان تێربن و خاوەن قسەو بڕێاربن و خەڵك لە خزمەتیان دابێت و ئەمانیش ئاغاوكوێخا .

 ئەگەر بە وردی لێكدانەوەیەكی ورد بۆ ئەم حكومەتەی هەرێمی كوردستان بكەین و لە چۆنیەتی بڕێاردان و بەڕێوەبردنی دام و دەزگاكانی حكومەت بكۆڵینەوەوبچینە بنجو بناوان ، دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە بلێین ئەمەی ئێستا ناویان ناوە حكومەت ڕێك لە دیوەخان دەچێت ، بۆچی ؟. لەبەر ئەوەی ئەوانەی لە ماوەی 32 ساڵی حوكمڕانیدا خاوەن بڕیاربون لە دیوەخانەوە پەروەردەو ئامادەكراون بۆیە ئێستاش حكومەت وەكو دیوەخان دەبینن . ئەم وەزارەتانەی ئێمە هەمانن وەكو حاشیەی خاوەن دیوەخان وان . هیچ كارێكیان نییە ، یەك دیناریان لەبەردەست نییە بۆ خزمەت گوزاری بەكاری بهێنن . سەیركەن خرابترین كابینەی حكومەتی هەرێم تا ئێستا لەم كابینەیە خرابتر نەبوە. بە ناوچاكسازی زۆر كراوەو موچەی پلەباڵاكان كەم كراوەتەوەو ئەوانەی دوو موچەو سێ موچەیان هەبوە موچەیەكیان بڕیوە . ئێستا لە بری ئەوەی خەرجی كەم ببێتەوە ، زیادی كردووە .  بەڵام هیچ وەزیرێك دەستی لە پۆستەكەی خۆی نەكشاندۆتەوە ؟.  بە بۆچونی من ئێستا حكومەتی بەناوهەرێم پێك هاتوە لە مەسرور بارزانی و ئومید سەباح وەك  سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران .

 ئەم سكرتێرە نەسریەی مانگانەی  یەك ملیار دینارە كە ڕەقابەی مالییش بۆی نییە داوای چۆنیەتی خەرج كردنی لێ بكات . باشە بچن پرسیار بكەن بزانن هەموو نەسریەی وەزارەتەكان چەندە ؟.  زوربەی كات سەرۆكی حكومەت هەر لە ڕێگای سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە  ئاگاداری بۆ وەزیرو وەزارەتەكان دەنێرێت . ئەگەر ناچار نەبێت بە ساڵێك دوو كۆبونەوە لە گەڵ وەزیرەكان ناكات چونكە ئەو زۆر خۆی بە گەورەتر دەزانێت لەوەی لەگەڵ ئەمانە دانیشێت .

 ئەو وەكو نوێنەری سەرۆكی عەشیرەتێكی زۆر گەورە  وێنا دەكات و ڕازی نابێت كەس قسەی لە قسەدا بكات . بڕواش ناكەم تا ئێستا یەك وەزیر توانیبێتی ڕەخنەی لێ بگڕرێت ، بۆچی ؟. چونكە ئەمە نابێ ڕەخنەی ڵی بگیرێت چونكە لە دیوەخانەوە پەروەردەكراوەو ئامادە كراوە . سەرۆكی تیرەش نابێ قسەی لە قسەدا بكرێت  چونكە مەعسومە لە هەڵەو كەم و كورتی و هەرچی بیكات هەڵەش بێت هەر ئەو ڕاستە .

باشە ڕیفراندۆم كرا پرس بە كەس كرا ؟. ئەنجامەكەی ماڵ وێرانكەر بوو ، كەس توانی لێ پێچینەوە بكات ؟. ئاخر چ مانایەكی هەیە تۆ خاوەنی حكومەت و پەڕلەمان بیت و پرس بە كەس نەكرێت و كەسێك لە دیوەخانەوە بچێت ڕێكەوتنی 50 ساڵەی نەوت و غاز لە گەڵ توركیا مۆر بكات و ئەو كارەساتە  بەسەر  ئەم وڵاتەدا بهێنێت و كەسیش نەتوانێت بڵی لەل . باشە ئەمە ڕێك یاسای دیوەخان و دارستان نییە ؟.

زۆر جار كێشەو گرفتی زۆریش لەناو خێڵ و عەشیرەتەكان دروست دەبێت لە سەر دەسەڵات. ئەمە بە درێژایی مێژوو هەر هەبوە . ئەگەرسەرنج بدەن ئەگەرچی لە ئێستادا هەموو بڕیارەكانی حكومەت تەنها لە دەستی پارتیدایە . پارتیش بە یاسای عەشیرەت و دیوەخان حوكمڕانی دەكات ، بەڵام ئەگەر سەیربكەین ئەوانیش یەكگرتو نین و بەردەوام كێشەیان هەیە لەسەر ئەوەی كێ خاوەن دەسەڵاتی ڕەها بێت . ئەگەرسەرنجی ئەو كۆڕبەندەی لە دەوحە بەڕێوەچوو لەسەر گۆڕانی كەش و هەواو زوربەی سەرۆكەكانی جیهانی تێدا بەەشدار بوە ، هەرچەندە بە پێی یاسا هەرێمی كوردستان بۆی نییە بەشدار بێت ، بەڵام بە هۆی كۆمەڵێك ئیعتیباراتەوە كە بۆ هەرێمی كوردستان كراوە ، هەرێمیشیان دەعوەت كردوە . لە بری ئەوەی سەرۆكی هەرێم یان سەرۆكی حكومەت بەشداری لە كۆڕبەندەكەدا  بكەن ، كە هەردوكیان سەر بە یەك عەشیرەت و لە یەك دیوەخانەوە پەروەردە كراون ، نێچیر بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی كار بەڕێكەری حكومەت چون بۆ كۆڕبەندەكە . ئەمە ڕون و ئاشكرای ناكۆكیەكانی جوت ئامۆزایە.

لەوەش خرابتر ئەوەیە هەردوكیان لە هەولێرەوە بە دوو تەیارەی جیاواز چون بۆ كۆبونەوەكە . ئەوەی زۆریش بەلامەوە سەرنج ڕاكێش بوو كە سەیری تەلەفزیۆنی ڕوداوی نێچیر بارزانی و كەناڵ 24 مەسرور بارزانیم كرد لە یەك كاتدا ، كەناڵی ڕوداو تەنها باسی چۆنیەتی بەشداریكردنی نێچیر بارزانی دەكرد بێ ئەوەی بە یەك وشەش باسی مەسرور بارزانی بكات . بەهەمان شێوەش كەناڵی 24  تەنها باسی مەسروربارزانی دەكرد بێ ئەوەی بە یەك وشەش باسی نێچیر بارزانی بكات . ڕێك وەكو ئەوەی ئەم دوانە دوژمنی سەرەخۆرەی یەكتری بن .

باسی ئەم دوو كەناڵە سەبارەت بەم دوو سەركردەی كوردە ئەوە بوە  : فڵان سەرۆكیان دی ، تەوقەیان لە گەڵ فڵان سەرۆك كرد . ئاخر دەپرسم چونی ئەمانە بۆئەو كۆبونەوەیە چ سودێك و چ دەسكەوتێكی بۆ كورد هەبوە جگە لەوەی ئەمانە چۆن خۆیان بنوێنن . باشە ئەمانە چی دەزانن لە بارەی ژینگەوە ؟. ئەگەر ژینگە بە لایانەوە ئەوەندە گرنگە  با بپرسین چ هەنگاوێكیان ناوە بۆپاك كردنەوەی ژینگەی كوردستان كە بە هۆی كۆمپانیاكانی خۆیانەوە ڕۆژانە خەڵك توشی سەرەتان دەبن .  ماوەتەوە بڵێم سەرۆكی عەشیرەت و پیاوی دیوەخان و حوكمڕانی كوجا مەرحەبا . ئەمانە كە چون بۆ ئەو كۆڕبەندە ، نەك هیچ سودێكیان بەدەست نەهێنا ، بەڵكو حەیای هەرێمیان بردوهەمومانیان توشی خەجاڵەتی كرد كە ئەوە سەركردەكانی ئێمەن و خۆزگەی هەر نەچونایە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×