هۆكاری كەمی كارەبا بەگشتی‌و دەڤەری سلێمانی بەتایبەتی كاریگەرییە نەرێنیەكانی ئەمە لەسەر ئایندەی یەكێتی نیشتمانی

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2023-03-05     423

هۆكاری كەمی كارەبا بە گشتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ڕێژەی بەرهەم هێنانی كارەبا كەمترە لە خواستی هاوڵاتیان لەسەر كارەبا  .  كەواتە هاوڵاتیان بەردەوام كێشەی نەبونی كارەبایان هەیە . بەڵام جگە لە كەمی بەرهەم هێنانی كارەبا چەندین هۆكاری تریش هەن كە كاریگەریان هەیە لەسەر ئەوەی هاوڵاتیان وەكو پێویست كارەبایان نەبێت  لەوانە :

یەكەم : هاوڵاتیان خۆیان هۆكارێكن  بۆئەوەی كارەبای پێویستیان نەبێت  چونكە  وەكو پێویست دەست بەكارەباوە ناگرن و كاتێك كارەبای نیشتمانی دێتەوە هەرچی ئامێری گەرمكردنەوە یان سارد كردنەوە هەیە هەموی  بەكاری دێنن بە حسابی خۆیان تۆڵە لە حكومەت دەكەنەوەو نازانن بەو هۆیەوە زیان بە خۆیان دەگەیەنن و دواجارخۆیان بێ كارەبا دەبن  . خۆ ئەگەر هاوڵاتیان دەست بەكارەباوە بگرن و بۆ زۆر پێویستی نەبێ بەكاری نەهێنن ، ئەو كات بەشی ژمارەیەكی زۆرتری بەكار هێنەران دەكات و بۆ ماوەیەكی زۆرتریش .

دووەم : كارەبا بە شێوەیەكی عادیلانەو یەكسان لە نێوان زونی سەوز و زونی  زەردا  دابەش نەكراوەو ڕەچاوی زۆری دانیشتوان و فراوانی ناوچەكانی هەردوو زون و ژمارەی بەكارهێنەران نەكراوە  دوایی ئەم خالە زیاتر ڕون دەكەمەوە .

سێیەم: لە دابەشكردنی كارەبادا  لە سنووری زونی سەوز جۆرێك لە جیاوازی هەیە لە دابەشكردنی كارەبادا . كۆی ئەمانە هەموی بۆتە هۆكاری ئەوەی لە لایەك كارەبا كەم بێت و لە لایەكی تریش جیاوازی لە نێوان هاوڵاتیاندا بكڕێت لە پێدانی كارەبادا . لە ئەنجامدا چینێك لە هاوڵاتیان دەبنە قوربانی و زەرەر مەندی یەكەم و نە لە  زستاندا بە تەواوی گەرم دەبنەوەو نە لە گەرمای هاوینیشدا، فێنك دەبنەوە.

 

چۆنیەتی دابەشكردنی كارەبا لە نێوان هەردوو زوندا

ئەو كارەبایەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت ڕێژەی لە سەدا 47 دەدرێتە پارێز گای هەولێر و لە سەد 23 دەدرێتە پارێزگای دهۆك و لە سەدا 27 دەدرێت پارێزگای سلێمانی بەڵام لە سەدا 3 كەمێك زیاتر بە جیا دەدرێتی ناوچەی كەلارو كفری .

 كەواتە بەشی زونی سەوز دەگاتە لە سەدا 30 كارەبا . ئەمە لە كاتێكدایە كە زونی سەوز سنوورەكەی زۆر فراوانترو گەورەترە لە  پاڕێزگای  هەوڵێر و پاڕێزگای هەڵەبەجەش بە جیا حساب نەكراوەوهەر لەسەر زونی سەوزە . ژمارەی بەكار هێنەرانی كارەبا  لە زونی سەوز زۆر زیاترە  وەك لە هەولێر. لە هەموشی گرنگتر ڕێژەی وەبەرهێنانی كارەباش لە سڵێمانی زۆر زیاترە لە هەولێر كەواتە با بپرسین بۆچی ئەم جیاكاری و غەدرلێكردنە  لە دابەشكردنی كارەبادا ؟.    جێگری سەرۆكیی حكومەت كە سەر بە یەكێتیەو  و نوێنەری ئەم زونەیە  ، ئایا خۆی بەم دابەشكردنە ڕازی بوە ، یان فێڵیان لێكردوە ، یان هۆكارێكی تی لە پشتەوەیە ؟.  هەموتان دەزانن كە هەمیشە بەشێكی موچە خۆرانی سنووری سەوز موچەكانیان دوادەكەوێت و یەكێتی گلەیی لە پارتی دەكات كە جیاوازی لە نێوان سلێمانی و هەولێر دەكات و چونكە پارەی نەوت لە ژێر دەستی ئەواندایە بەشی بودجەی سلێمانی وەكو خۆی نانێرن .

 كەواتە ئەگەر ڕێژەی بەرهەم هێنانی كارەباش  لە سلێمانی زیاتر بێت و بە غازی سنووری سلێمانی كار بكەن ، بۆچی دەبێت ڕێژەی كارەبا لە سلێمانی ئەوەندە كەم بێت بەو هەموو كارگانەی لە سنووری سەوزدا هەن؟. كەواتە ئەمانە لاوازی و بێ توانایی تیمی یەكێتی دەسەلمێنێت كە لە حكومەتدا بەشدارن . ئەمەی بەرامبەر سلێمانی دەكرێت بە ئاشكرا غەدرێكی گەورەیە . یەكێتی لە چۆنیەتی داهاتی نەوتیشدا غەدری لێكراوەو خەڵەتێنراوە چونكە یەكێتی لە سەدا 47 هەیەو پارتی لە سەدا 53 . كەواتە ئەمانە هێمای ڕون و ئاشكران بۆ نەبونی حكومەتێكی یەكگرت و، پرسیار ئەمەیە یەكێتی بۆچی ئەمەی قبوڵ كردوەو بەشداری حكومەتێكی لەو شێوەیە دەكات ؟. بەو هۆكارانەی لەسەرەوە باسمكردن زۆری هاوڵاتیان هاتونە سەر ئەو بڕوایەی كە یەكێتی ناتوانێت ئیدارەیزونی سەوز بدات و بە هۆی ناكۆكیە بەردەوامەكانیان  لەگەڵ پارتی ئەم زونی سەوزە لە هەمو ڕویەكەوە لە پاشەكشەدایەو یەكێتی ناتوانێت پێداویستیەكانی جەماوەر دابین بكات و خەڵك پێی باشە ئەم دوو ئیدارەییە بە لایەكدا بكەوێت .

 

چۆنیەتی دابەشكردنی كارەبا  لە دەڤەری سەوزدا :

یەكەم :  فاروقی مەلا مستەفا یەكەم كەس بوو كە كارگەیەكی وەبەرهێنانی چیمەنتۆی لە سلێمانی دروست كرد لەگەڵ میسریەكان . داوای لە حكومەت كرد . واتە حكومەتی ئەو كاتی سلێمانی . ئەگەر مۆڵەتی دروستكردنی كارگەكەی پێ بدەن  ئامادەیە خۆی كارەبا بۆ كارگەكە دابین بكات  چونكە ئەو كاتیش كارەبا ی نیشتمانی زۆر كەم بوو . حكومەت مۆڵەتی پێداو خۆشی كارەبای بۆ كارپێكردنی كارگەكە دابین كرد  بەڵام دوای یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەكە  ئەحمەد ئیسماعیلی سەرمایەداریش  هەر لە بازیان مۆڵەتی دروستكردنی كارگەیەكی گەورەتریشی وەرگرت و دروستی كرد .

 بەڵام لەبەر ئەوەی بەرپرسێكی گەورەی یەكێتی لە گەڵ ئەحمەد ئیسماعیل شەریك بوو ، كارەبای نیشتمانییان پێدا . دوایی فاروقی مەلا مستەفاش داوای كارەبای نیشتمانی كردو  وتی بۆچی بۆ ئەوان هەیەو بۆمن نییە . ناچار بون بە ئەویشی بدەن و حەقی خۆشی بوو داوای بكات خۆ بانێك نیەو دوو هەوا . دوای ئەوە چەند كارگەیەكی تری وەبەرهێنانی چیمەنتۆی تریش دروستكران و بە هەمان شێوە كارەبا بە ئەوانیش درا . نەك هەر كارگەكانی وەبەرهێنانی چیمەنتۆ بە ڵكو بوو بە نەریت و كارەبای نیشتمانی درا بە هەموو كارگە جۆراو جۆرەكانی تری ناوچەكەش .

وەكو پرسیارم كردوە لە سەرچاوەیەكی باوەڕ پێكراوەوە كۆی كارەبای نیشتمانی كەدراوەتە كارگەكان دەگاتە 200 میگاوات واتە  یەك تەقسیم چواری كارەبای زونی سەوز . چێگەی خۆیەتی هەموو كارگەكانی وەبەرهێنان  كارەبای نیشتمانیان پێ بدرێت .بەڵام  لە كاتێكدا  كەمترین ڕێژەی كارەبا  بۆ هاوڵاتی هەبێت  باشترە  خاوەن كارگەكان خۆیان كارەبای خۆیان دابین بكەن و دەشتوانن  زۆر بە ئاسانی ئەوە بكەن .  كەواتە ئەمەش جۆرێكی ترە لە ناعەدالەتی كە لە هاوڵاتیانی  سنووری سڵێمانی دەكرێت و  لە ئێستادا كەمترین ڕێژەی كارەبای نیشتمانیان هەیە.

دووەم :  گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان خاوەنی كۆمپانیایەكی وەبەرهێنانی كارەبای خۆیانن و بە عێراقیشی دەفرۆشن و لەو كارەبایەی خۆیان كارەبایان بۆ هەموو كۆمەڵگاكانی نیشتە جێبونی خۆیان دابین كردوە  كە نزیكەی 20-30 میگاوات دەبێ و بە هۆی ئەوەی كە خەتی كارەبای پاشا ستیش  لە گەڵ خەتی كارەبای كۆمەڵگایەكی نیشتەجێبونی قەیوان تێكەڵاوەو  جیا ناكرێتەوە ، كارەبای نیشتمانی بە پاشا ستیش دراوە . لە ڕاستیدا ئەمە جگە لەوەی غەدرە لە هاوڵاتیانی فەقیرو هەژار ، جۆرێكیشە لە سوكایەتی كردن بە هاوڵاتیان . پرسیار ئەمەیە یەكێتی چۆن ئەم جیاكاریە قبوڵ دەكات ؟. سەیری ئەم وڵاتە بكەن پارتی نەوت بە هی خۆی دەزانێت و یەكێتی گومرگ بە هی خۆی دەزانێت و قەیوان كارەبا  بە هی خۆی دەزانێت و ئەم چ جۆرە پاشا گەردانییەكە .  

دیارە خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان كە خاوەنی كارەبالای خۆیەتی ، ئەمە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكار دێنێت و بەو هۆیەوە هاوڵاتیان زیاترشوقەو ڤێلاكانی ئەوان دەكڕن . وەكو پرسیارم كردوە  تەنها ئەو كارەبایەی بە كۆمپانیاكانی گروپی قەیوان دراوە دەگاتە نزیكە20- 30 میگاوات . جگە لەوانەی لەسەرەوە باسمكردن  كارەبای نیشتمانی  24سەعانی دەدرێتە زۆر شوێنی تریش وەكو خەستەخانە حكومیەكان كە ئەوە زۆر پێویستەو دام و دەزگای حكومی پێویست . جگە لەمانەش دام و دەزگای حیزبی و بەرپرسی باڵای حیزب.

 ئەگەر ئەو 200 میگاواتەی دەدرێتە كارگەكەن و  ئەم كارەبا 24 سەعاتیەی كە دەدرێتە ئەو شوێنانەی كە باسمكردن  ببڕدرێت و بە شێوەیەكی عادیلانە بە سەر هەموو بەشداربواندا بەش بكرێت ، هاوڵاتیان دەتوانن  6 سەعات زیاتر كارەبای نیشتمانی وەربگرن . ئاخر چ مانایەكی هەیە  لە هەولێر لە شەو ڕۆژێكدا 14 سەعات كارەبا هەبێت و لە سلێمانی  8 سەعات و ڕێژەی وەبەرهێنانی كارەباش لە سڵێمانی زیاتر بێت.

سێیەم: شتێكی تر هەیە كە زۆر گرنگە باسی بكەم و زوربەی هاوڵاتیان ئەوە نازانن .  بۆنمونە : هاوڵاتیانی قەزای پێنجوێن خۆپیشاندانیان كردو داوای كارەبای 24 سەعاتیان كرد . گومانی تێدا نییە حەقی خۆیان بوو . لە كاتێكدا حكومەت نەتوانێت نەوتیان بۆ دابین بكات و كارەباشیان نەبێت و بەفریش دەوریان بگرێت خۆنابێ بمرن . بە هەر حاڵ لە كۆتاییدا كارەبایان بۆ دابین كرا .

 دوای ئەوانیش  دانیشتوانی دەربەندیخان داوای كارەبابان كرد  . ئەوانیش لەسەر حەق بون و كەمێك كارەبایان بۆ زیاد كرا بەڵام  كەمتر لە دانیشتوانی پێتجوێن. ئەوەی كە زۆر گرنگە هەمومان بزانین كاتێك وەزیر بڕیار دەدات كارەبا بۆ ئەو شوێنانە زیاد بكرێت  خۆ لە هولێرو دهۆكی نابڕن و بیدەن بەو شوێنانە ، بەڵكو لە دانیشتوانی شاری سلێمانی دەبڕن و دەیدەن بە ئەوان .

 كەواتە ڕێژەی سەعاتەكانی كارەبای هاوڵاتیان  شاری سلێمانی كەم دەبنەوە . بۆیە لە ئێستادا  كارەبای نیشتمانی هاوڵاتیان زۆر كەم بۆتەوەو بە زۆری كارەبای موەلیدەیەو نرخیشیان لەسەر گران كراوە چگە لە مەترسی ئەو هەموو گازە ژەهراویەی بەردەوام لە موەلیدەكانەوە  بڵاو دەبێتەوەو ڕێژەی توشبوانیش بەسەرەتان لە هەڵكشاندایە . كەواتە ئەمەش نا عەدالەتییەكی ترو فێڵیكی ترە كە لە دانیشتوانی سلێمانی دەكرێت و لەسەر حسابی ئەوان كارەبای شوێنەكانی تر زیاد دەكرێت . باشە لەگەرمای هاوینداو لە مانگی تەموزدا ، هاوڵاتی چۆن ئیدارە دەكات بە كارەبای موەلیدە كە هیچ ئامێرێكی فێنك كەرەوە ناخاتە كار؟. ئەی نابێت كەسانێك هەبن لە خەمی خەڵكدابن و مشوریان بخۆن؟.

كاریگەری نەرێنی ئەوەی لە سەرەوە باسمكرد  لە سەر ئایندەی یەكێتی لەم ڕۆژانەدا لەكەنالێ تەلەفزیۆنی 24ی مەسرور بارزانیەوە  بینیم لەناو شاری سلێمانی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ هەندێك كەسی سەر بەخۆیان ئەنجام دەداو بەم شێوەیە قسەیان دەكرد .  سلێمانی شارێكی بێ خاوەنەو بەرەو وێرانی دەڕوات . كارەبای نیشتمانی هەر نەماوە . تا ئێستا حكومەت  دوو جار پارەی بۆ شەقامی 100 مەتری دابین كردوەو خوراوە . ئەوەتا جارێكی تریش حكومەت  پارەی تری بۆ دابین كردوە .

یەكێتی بە هۆی كێشەكانی ناوخۆیەوە نە ئاگای لەوە هەیە چۆن لایەنەكانی تر كارلەسەر لاوازبونیان دەكەن و نە  ئاگای لە حاڵ وگوزەرانی  هاوڵاتیان هەیەو  بێ ئاگایە لەوەی  هاوڵاتیان چەند  نیگەرانن لێیان.  لە ئێستادا یەكێتی نیشتمانی خاوەنی سەركردایەتییەكی بێ ئەزمون و مەكتەب سیاسیەكی خاوەن بڕیار نییەو هیچ بەرنامەو بەدواداچونیان نییە بۆ بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی و بێ ئاگان  لە نیگەرانیەكانی  خەڵك بەرامبەریان و هەرچی بڕیار هەیە لە دەستی سەرۆكی یەكێتیدایە ، بۆیە ئایندەی یەكێتی لەبەردەم مەترسی لاوازبون و لەناوچوندایە .   

 ئەوەتا جێگری سەرۆكی حكومەتیش  ناچێتە ئەنجومەنی وەزیران و تیمی وەزاری یەكێتیش بەشداری  كۆبونەوەكانی حكومەت ناكات . بەو هۆیەوە تانەیان لێ دەدەن و پێیان دەڵێن : بەشداری كۆبونەوەكانی حكومەت ناكەن بەڵام هەر لە شوێنی خۆیانن و ئیمتیازاتی خۆیان وەردەگرن .  ئەو قسەیەی سەرۆكی یەكێتیش لە كۆبونەوەكەی هەولێر وتی : چەندین مانگە  جێگریسەرۆكی حكومەت نەچۆتە ئەنجومەنی وەزیران و كەسێك تەلەفۆنی بۆ نەكردوە ، ئەوەندەی تر گرنگی  بەشەداربونی یەكێتی لە حكومەت بێ بایەخ كرد .

بۆیە ئەگەر یەكێتی زۆر بە خێرایی بە خۆیدا نەچێتەوە و ڕێگایەك نەگرێتە بەر بۆ ئاشت كردنەوەی جەماوەرەكەیی ، دەبێ چاوەڕوانی شكستێكی وەكو  شكستەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بكات . وەكو دەریش دەكەوێت نە هاوپەیمانان و نە ئەمەرێكاو نە نەتەوە یەككرتوەكان ، هیواو و ئومێدیان بە یەكێتی  و پارتی نەماوەو بەدوای بەدیلدا دەگەڕێن . 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×