یەكێتی‌و پارتی كامیان زۆرتر سزای زونی سەوز دەدەن؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2023-04-01     387

ئەنجومەنی شارەوانی لە كوێی جێبەجێكردنی ئەركەكانیدایە؟

               بەشی چوارەم

 

لە بەشی سێیەمی ئەم زنجیرە باسەدا بە درێژی باسی پێكهاتەو ئەركەكانی ئەنجومەنی شارەوانیم كرد . ئەنجومەنی شارەوانی پێك هاتوە لە بەرپس و نوێنەری 13 فەرمانگەو لایەنی شاری سلێمانی . ئەمانە بە كۆمەڵ بەرپرسیارن لەبەرامبەر ڕێكخستن و بەدواجاچونی كارو باری خەڵك و پاراستنی بەرژەوەندیەكانی هاوڵاتیان و پاراستنی موڵك و ماڵی حكومەت لە بەهەدەردان و بە تاڵان بردن . بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ئاگاداربن و لەوەی ئەنجومەنی لەكوێی جێبەجێكردنی ئەركەكانیدایەوچ خزمەت گوزارییەكی بۆ هاوڵاتیان ئەنجامداوە و چۆن موڵك و مالێ گشتی لە فەوتان پاراستوە ، تەنها سەرنجی ئەم نمونانەی خوارەوە بدەن و خۆتان سەربەستن لە بڕیارداندا :

1-ئەنجومەنی شارەوانی بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریان داوە كە دووباڵەخانەی  نیشتە جێبونی 25 نهۆمی  لە شوێنی مەسڵەحەی كۆن دروست بكرێن ڕێك لەبەردەم بارەگای مەڵەبەند . ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەوشوێنە بە پێی سایت پلانی شار دەبێ بكرێتە باخچەو سەوزایی بۆ گەڕەكەكە. لە ڕوی یاسایشەوە تەنها ڕێگا پێدراوە خانوی 3 نهۆمی لەناوگەڕەكی نیشتەجێبوندا دروست بكرێن بۆ ئەوەی ئازادی دانیشتوان پارێزراو بێت و خەڵك هەراسان نەكرێت .

هەرچەندە دانیشتوانی گەڕەكەكە ناڕەزایەتیان نیشانداوە لە بەرامبەربڕیارەكەی ئەنجومەنی شارەوانی ،  بەڵام شارەوانی هیچ گوێی بە داواكانیان نەداو باڵەخانەكان  هەر دروست كران . بەڵام ئەو كەسەی كە خانوی حەمەی فەرەجی كڕیوە لە پشتی مەڵبەند لەگەڵ چەند كەسێكی تر چەند خانویەكیان لەو ڕیزە كڕیوە بە نیازی ئەوەی بیكەنە باڵەخانەی نیشتە جێبون . بەڵام مەڵبەند ڕێكای نەداوە گوایە هەراسان دەبن و ئاسایشی مەڵبەند  دەكەوێتە بەرمەترسییەوە . ئەمە بانێكەو زۆر هەوا . من چیتر قسە لەسەر ئەمە ناكەم خۆتان لێكدانەوەی بۆبكەن .

2-تەرمیناڵی گواستنەوەی هاوڵاتیان  بۆ دەرەوەی شار وەكو قیتارو پاس و تەكسی دەبێ لە ناوەندی شار بێت  بۆ ئەوەی هەموان بە ئاسانی پێی بگەن .  لە هەرێمی كوردستان هەر تەرمینالێ تەكسی هەیە بۆ گواستنەوەی خەڵك بۆشارەكانی هەرێمی  كوردستان و خواروی عێراق. ئەو تەرمینالە لە سڵێمانی لە ناوچەی پێشەسازی بوو ، كە ئەویش دوور بوو لە ناوەندی شارەوە .

 بەڵام لەم دوایەدا  هەربە بریارێكی سەرپێی و بێ بیر كردنەوە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان ، تەرمیناڵەكەیان لە ناوچەی پیشەسازییەوە گواستەوە بۆ تاسڵوجە . ئەمەش بۆ بەرژەوەندی تەنها دوو كەس . شوێنی گەراجەكەی بەغدا دراوە بە كەسێك بیكاتە پڕۆژەی بازرگانی  بەناوی وەبەر هێنانەوەو لەسەر حسابی گشتی  . هەنگاوی یەكەم لە ڕێوەو بە بەلاش ئەم كەسەیان كردە ملیۆنێرلەسەر حسابی موڵكی حكومەت  . كەسی دووەم كە خاوەنی گەراجە لە تاسڵوجە ئەویش بۆ خۆی نانی كەوتە ڕۆنەوەو لێرە بەدواوە خاوەنكەی دەبێتە خاوەنی مەكانەت و ناو ناو بانگ وخاوەن سفرە لەسەر حسابی گشتی . هاوڵاتی ئازیزئێستا باش سەرنج بدەو بزانە لە پێناوی تەنها دوو كەسدا لە ساڵێكدا  چەند ملیۆن دینار زیان بە گیرفانی خەڵك دەگات .

 جاران لە گەراجی بەغداوە هاوڵاتییەك  بە 4 هەزار دینار دەگەیشتە چەمچەماڵ و بە 4 هەزاری دەگەڕایەوە و هەموی دەیكردە 8 هەزار دینار . ئەگەر كەسێك لە لای خەستەخانەی شۆڕشەوە  بیەوێ بچێت بۆ چەمچماڵ ،  دەبێ 6 هەزار بدات بە تەكسی بۆ تاسڵوجە . كە لە چەمچەماڵیش گەڕایەو 6 هەزاری تری دەوێت بۆ ئەوەی بگاتەوە ماڵەوە  . كەواتە ئێستا سەفەرەكەی بۆ چەمچەماڵ  لە بری 8 هەزار دەكەوێتە 20 هەزار . كەواتە بە تێكڕا هەموو ئەوانەی لە گەراجەكەی ئێستای تاسڵوجەوە كە سەفەر دەكەن بۆ شارەكانی تر دەبێ 10 هەزار دیناری زیادە بدەن .

 ئەمە حساب بكە بۆ هەموئەوانەی لە ساڵێكدا لە سڵێمانیەوە  سەفەری شارەكانی تر دەكەن و بزانن دەكاتە چەند . هەموو ئەم زیانانەی بە هاوڵاتیان دەگات  لە پێناوی دوو كەسدایە كە گومانی تێدا نییە ئەوە حیزبە پشتیوانی ئەمانە دەكات  . ئایا  ئەنجومەنی شارەوانی ئاگای لەمە نێێە ؟. ئەگەر ئاگای لەم تاوانەیە بۆچی بێدەنگ بوو ، بۆچی نەهاتە دەنگ.ئەمە گەورەترین  سزای دانیشتوانی سلێمانییە.  پرسیار ئەمەیە:

 ئایا  ئەوە پارتییە سزای دانیشتوانی زونی سەوز دەدات ، یان ئەو لایەنەیە كە خۆی بە خاوەن و كوێخای زونی سەوز دەزانێت .   پرسیارێكی ترم ئەوەیە لە هەموو خەڵكی سلێمانی  بە ڕۆشنبیرو هاوڵاتیانەوە . لە كوێی دنیادا هەیە فڕۆكە خانە لە ناوەندی شار بێت و تەرمیناڵی گواستنەوەی خەڵكیش لە دەرەوەی شار . لێرەوە  پرسیار لە خۆت بكەو خۆشت وەڵامەكەی بدەرەوە و بزانە  سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانیەكەت لە خزمەتی كێدایە ؟.

3-لەناو شاری سلێمانیدا زیاتر لە 200 كۆڵان هەیە كە لەلایەن بەرپرسانی حیزبی یان كەسانی سەر بە حیزبەوە گیراون . جارێ هەر باسكردنی ئەمە عەیبەو حەیاچۆنێكی زۆر گەورەیە  یەكەم بۆ سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی دووەم بۆ هەموو بەرپرسانی تری حیزبی و حكومی هەموو شارەكە . لە هەمویان زیاتر حەیاچونەكە ڕوبەروی خەڵكی شار دەبێتەوە . شاڕێك خەڵكەكەی ئەوەندە دەستەمۆ كرابون ئاوا سوكایەتیان پێ بكرێت و نقەیان لێوە نەیەت ، بەڕاستی هەر بۆ ئەوە باشن وەكو ئێستایان پێ بكرێت .

یەكێك لەو كۆڵانانەی كە گیراوە چەند مەترێك لە پشتی  بینای شارەوانیەوەیە . كۆڵانێكی تر  لە بەرامبەر مزگەوتی شێخ سەعیدی پیران ، ڕێك لە بەرامبەر ئەو پردەی بۆ پەڕینەوەی پیادەڕەوی  لەسەر شەقامەكەی خوار مزگەوتەكەوە دروستكراوە  . كۆتایی كۆڵانەكە  گیراوەو كراوە بە بەنزینخانە. سەرەوەی بیناكەش كراوەبە هۆتێل . شتی لەمجۆرە لە دنیادا نیە و سەیر لەوەدایە چۆن خاوەنی ئەم شوێنە توانی كۆڵانەكە داخات و بەشی پیشەوەیشی بكاتە بەنزینخانە . دەپرسم بون و نەبونی سەرۆكی شارەوانی و ئەم ئەنجومەنی شارەوانیە  لە كوێدایە ؟. بەلانی كەمەوە نزیكەی 10 بەنزینخانە لە شاری سلێمانی هەن كە بەبێ مۆڵەت  لە لایەن بەرپرسانی حیزبەوە دروست كراون و هاوڵاتیانیش ناڕەزاییان نیشان داوەو شكاتیان كردوە كە ئەو شوێنە شیاوی بەنزینخانە نییە ، بەڵام حسابی تەڕە تورێك نە بۆ فەرمانگەی بەرپرسیاری حكومی  كراوە و نە بۆ هاوڵاتیانی ئەو شوێنانە .

4-ئەگەر سەرنج بدەن ئەوساحەی یاری تۆپی پێیەی دەكەوێتە نێوان بەنزینخانەی ئاشتی و چێشتخانەی شكار لە نزیك مزگەوتی حاجی عەلی ، بەشە كەوانیەكەی لای سەرەوەی  بە لەوح  لە ساحەكە جیاكراوەتەوەو قەرار وابوە بكرێتە بەنزینخانەودوكان . هەواڵێكی وا هەیە گوایە ڕێگا نادەن ئەوكارە بكرێت ، بەڵام سەیر لەوەدایە  كە ئەم شارە ڕوبەروی چ تاڵانیەك و چ پاشا گەردانیەك بۆتەوە .  هەموو دنیا برەو بە گەشەی یاری تۆپی  پێ دەدەن و بۆ ئەوەش دەبی گۆڕەپانی باشی بۆ ئامادەبكرێت . بەڵام لای ئێمە ئەوساحانەشی كە هەن داگیر دەكرێن .

5-ساڵی 2009 پارێزگاری سلێمانی داوای لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سڵێمانی كردوە كە بڕی 140 دۆنم زەوییان بۆ دابین بكەن بۆ ئەوەی بیكەن بە یاریگای تۆپێی پیی نێو دەوڵەتی . فەرمانگەی كشتوكاڵیش  زەویەكەی بۆ كۆژاندونەوە لە كشتوكاڵیەوە ، بۆیارێگا . بە چاوی خۆتان نەتان دی چۆن بەرپرسانی حیزبی  شۆفڵ و گرێدەریان خستە سەرو پارچە پارچەیان كردوبە بەرچاوی پارێزگارەوە كە پێشتر خۆیان داوای ئەو زەویەیان كردبوو فرۆشتیان . وەكو بیستومە دەڵێن ئەوەش هەڵوەشێنراوەتەوە . قسەكەی من لەسەر ئەوە نییە هەڵوەشێنراوەتەوە یان هەڵ نەوەشێنراوەتەوە . قسەكەی من لەسەر ئەوەیە : بەڕاست ئەمەی كراوە  پارتی بەرامبەر بە شاری سلێمانی كردویەتی ؟ . یان یەكێتی ئەم ڕەفتارانەی بەرامبەر بە دانێشتوانی سلێمانی بە سزادان نازانوێت .

6- ماوەی 6 مانگێك لەمەو بەر كۆمەڵێك خەڵكی چاوبرسی و دژ بە شاری سلێمانی پڕۆژەیەكیان بردوە بۆ شارەوانی سلێمانی و داوایان كردوە كە ڕێگایان پێ بدرێت  باخی گشتی بكەن بە ناوچەیەكی بازرگانی . بە پێی زانیاریەكان لە بەشی هۆنەری  شارەوانی كەمێك كاریشیان لەسەر پڕۆژەكە كردوە  بەڵام جێگەی داخە درەومیدیا زوو ئەو باسەی بڵاو كردەوەوئاشكرای كرد.

و  كە زانرا ئەوە ڕێگە پێدراو نییەو دەنگی ناڕەزایی لێ بەرزبۆتەوە ، خێرا شاردیانەوەو وەكو بیستمان سەرنجی ئەوانەی بەشی هۆنەریش ڕاكێشراوە . بە هەر حاڵ ئەوانەی خەریكی ئەو تاوانە بون ، ناسراون . سەیركەن سلێمانی بە مزگەوتی گەوەو باخی گشتییەوە ناسراوەو دوو شوێنی زۆر موقەدەسن بۆ خەڵكی سڵێمانی . بەرەڵایی لەم زونەدا گەیشتبێتە ئەم ئاستە دەبێ خەڵك چ ئومێدێكی بە حیزب  و حكومەتی ئەم زونی سەوزە خۆشبێت.تا ماوەی 2 ساڵیش ناو بەناو قسە لەسەر فرۆشتنی خەستەخانە كۆنەكەی سلێمانی دەكرا. بەڵام كە ئەوانەی خەریكی ئەو مامەلەیە بون گوێبیستی ئەوە دەبون  كە خەڵك ناڕازییە بێدەنگەی لێ دەكراو دیزە بەدەرخۆنەیان كرد  .

تەنانەت هەندێك لە دكتۆرەكانیشیان ڕازیكردبوو كە ئەوانیش بڵێن فرۆشتنی زۆر باشە . بەڕاستی ئەگەر بەرەڵایی ئەم زونی سەوزە نەگەیشتبێتە ئاستێكی ئاوا مەترسیدار ، هەرگیز كەسێك  جورئەتی ئەوەی نەدەكرد باسی داگیركردنی باخی گشتی و فرۆشتنی خەستەخانەی كۆنی سلێمانی بكەن . كەواتە ئایندەی  زونی سەوز لە ژێر فەرمان ڕەوایی یەكێتیدا ، لە ژێر مەترسی گەورەدایە .

لە بەشی پینجەمی ئەم باسەشدا درێژە بە باسی زیادەڕەویەكان دەكەین بۆ سەرموڵك و ماڵی گشتی .  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×