کەرتی تایبەت لە پەڕاوێزی قسەکانی سەرۆکی حکومەتدا 

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2022-07-08     528

سەرۆکی حکومەت لەو کۆبونەوەیەی کە لە گەڵ ھەندی لە میدیا کاران ئەنجامی دا لە میانەی قسەکانی باسی کەرتی تایبەتی کرد بەم شێوەیە : سەرۆکی حکومەت وتی دەرچوانی زانکۆکان و پەیمانگاکان و خەڵکانی  بێ کار گلەیی ئەوەمان لێ دەکەن کە کاریان بۆ نادۆزینەوە  یان  دایان نامەزرێنین . لە درێژەی قسەکانیدا وتی :  ئێمە ناتوانین  کار بۆ ھەموو بیکارەکان بدۆزێتەوە  و ئەوە ئەرکی کەرتی تایبەتە ھەلی کار بۆ بیکارەکان بدۆزێتەوە . 
لێرەدا من سەد لە سەد لەگەڵ  قسەکانی سەرۆکی حکومەتم و ڕاستە لە وڵاتە سەرمایەدارە پێشکەوتوەکانیش  حکومەت ناتوانێت کار بۆ ھەموان دابین بکات . گومانی تێدا نییە بێکارەکانیش حەقیانە گلەیی بکەن و دەبی َگلەیش لە حکومەت بکەن و  حکومەتیش بە پیر داواکەیانەوە بچێت .  ئەوەی لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی بۆ بکەم و پرسیاری لە بارەوە بکەم ئەوەیە : کەرتی تایبەت چۆن دروست دەبێت و گەشە دەکات بۆ ئەوەی ئەرکی دامەزراندن  لە کۆڵ حکومەت بکاتەوە ، وڵاتانی پیشکەوتوی جیھان چۆن لە ڕێگای کەرتی تایبەتەوە   
توانیوبانە کێشەی بیکاری چارەسەر بکەن . 
سەرەتا دەبێت  بزانین کەرتی گشتی چیەو ئەرکی چییە . ھەر وەھا کەرتی تایبەتیش چییەو ئەرکی چییە ؟.  کەرتی تایبەت بە مانا گشتییەکەی  ھەموو ئەوکارو چالاکی و پڕۆژەو کۆمپانیانەن  کەھی حکومەت نین و لە لایەن کەسانی سەربەخۆوە  بەڕێوە دەچن .  کەرتی  گشتیش  واتە ھەموو ئەو پرۆژەو کۆمپانیانەن کە حکومەت خاوەنیانە و لە ڕێگای دام و دازگاکانیەوە  سەرپەرشتیان دەکات و  باجی کەرتی تایبەت و داھاتەکانی تری ناوخۆش  کۆدەکاتەوەو ڕێکیان  دەخات و دابەشی دەکات بەسەر ھەموو سێکتەرەکانی  ناو کۆمەڵگادا بە یەکسانی . 
وڵاتە سەرمایەدارە پێشکەوتوەکانی دنیا ھاتون گرنگی زۆریان بە کەرتی تایبەت داوە . لە ھەموو ڕویەکەوە  ئاسانکاریان بۆ خاوەن کار و خاوەن کۆمپانیاکان  کردوە . زەوییان پێداون  بۆ بنیاتنانی کۆمپانیای وەبەرھێنان .  قەرزیان پێداون  ،بازاڕیان دۆزیوەتەوە بۆ ساغ کردنەوەی بەرھەمە کانیان .  بە جۆرێک حکومەت ھاوکاریان دەکات  بۆ ئەوەی بتوانن بەرھەمەکانیان لەبەرھەمی وڵاتانی تر ھەرزانتر بێت  بۆ ئەوەی کڕیاری ھەبێت . 
 حکومەتە پێشکەوتوەکانی جیھان بەردەوامیش خەریکن و ھەوڵ دەدەن کۆمپانیاکانیان بە کەرتی تایبەت بفرۆشن جگە لەو بوارانەی پەیوەندیان بە خزمەتگوزاری وەکو بواری پەروەردەو تەندروستی و  پاراستنی وڵاتەوە ھەیە . کەرتی تایبەتی وڵاتاتە پێشکەوتوەکان ئەوەندە گەشەیان کردوە ، توانای کڕێنی کۆمپانیای زۆر گەورەی  وڵاتانی یەکترییان ھەیە .
  حکومەت تەکان خۆیان کۆمیانیا گەورەکانی وڵاتەکەی خۆیان بە کەرتی تایبەتی وڵاتانی تر دەفرۆشن . لای ئەوان گرنگ نییە ئەم کۆمپانیانە لە لایەن کێ و چ کەسێک  و چ لایەنێک و چ دەوڵەتێک خاوەن دارێتی دەکرێت ، گرنگ ئەوەیە کە زەمینە خۆش بکرێت  پڕۆژەی زۆر و کۆمپانیای وەبەرھێنانی زۆر لە ولاڵاَتدا ھەبن و ئەوان باجی خۆیان وەرگرن .
حکومەتە پێشکەوتوە کان بەم کارەیان توانیویانە ئەرکی حکومەت تەواو کەم بکەنەوەو بودجەی سەرەکی حکومەت لە ڕێگای کەرتی تایبەتەوە دابین بکەن . ئەو  کات ئەرکی حکومەت زۆر ئاسانتر دەبێت و لەوەدا خۆی دەبینێتەوە  چۆن ئەو داھاتەی لە ڕێگای کەرتی تایبەتەوە  دەستی دەکەوێت  ڕێکی بخات و دابەشی بکات بەسەر ھەموو سێکتەرەکانی ناوکۆمەڵگا بۆ گەیاندنی خزمەت گوزاری  بە شێوەیەکی یەکسان بۆ گشت ھاوڵاتیان بی َجیاوازی . 
ھەمو ئەوانەی کاری تایبەتی خۆیان ھەیە یان کارگەی گەورەیان ھەیەو ژمارەیەکی زۆر کرێکار و فەرمانبەریان ھەیە ، ساڵانە لەو قازانجەی دەیکەن دەبێ  ئەو ڕێژەی باجە بدەن کە حکومەت دیاریکردوە .  جگە لەوەش  بڕێک پارەی تریش دەدەن بە حکومەت  حەقی ئەوەی کرێکاری  بۆ پەیدا کردون .
 ھەموو ئەو کرێکارنەی کە لەوکارگەیە کار دەکەن ،بەھەمان شێوە دەبێ  ئەو ڕێژەی  باجە بدەن کە حکومەت دیاریکردوە .  کرێکارەکان تەئمینی تەندروستی و ڕوداوی  لەناکاو دەکرێن . پارەی خانە نشینییان لێ دەبرێت و حکومەت کۆمپانیایەکی تایبەتی ھەیە  پارەی خانە نشینی ھەموو موچەخۆرەکان دەخاتە کاسبیەوەو دوا رۆِژ پارەی خانە نشینی  خانە نشینان لە ڕێگای سندۆقی خانە نشینی و کۆمپانیای  وەبەرھێنانی  پارەی خانەنشینان دابیندەکات . 
بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت ئەو باجەی دیاریکردوە لەسەر تاکی کۆمەڵگاو کۆمپانیاکانی وەبەرھێنان بە شێوەیەکی ڕێک وپێک وەریگرێت ،  ڕێگاو شوێنی زۆر توند گیراوەتە  بەر . سزای زۆر قورسی ھەیە بەرامبەر بەوانەی فێل دەکەن و خۆیان دەدزنەوە لە پێدانی باج .
 جاری واھەیە دوای چەندین ساڵ فرتو فێڵی کۆمپانیایەک  ئاشکرادەبێت  کە فێلی کردوەو ئەوکات لە ڕێگای دادگاوە سزای قورس دەدرێت .ئەوەی لێرەدا دەمەوێت سەرنجی خوێنەرانی بەڕێزی بۆ ِراکێشم ئەوەیە کە : لەگەلڕَ ئەوەی زوربەی سێکتەرەکانی وەبەرھێنان  لە وڵاتانی سەرمایە داری لە دەستی کەرتی تایبەت دایە ، بەڵام تا ئێستا کەرتی تەندروستی و کەرتی پەروەردەو خوێندن بە ھەموو قۆناغەکانیەوە لە دەستی حکومەت دایە لەبەر ئەم ھۆکارانە: یەکەم : کەرتی تەندروستی بەرپرسیارە لە پاراستنی  تەندروستی ھاوڵاتیان . تەندروستی ھاوڵاتیانیش لەو وڵاتانە ئەوەڵیاتی کارەکانی حکومەتە .ئەگەر خەڵکی تەندروست نەبن ، کاریان بۆ ناکرێت . کە کاریان بۆ نەکرا جگە لەوەی  دەستی کار کەم دەبێتەوە  بەرھەمیش کەم دەبێتەوە .
 جگە لەوەش دەبێ   حکومەت خۆی  موچەی ئەوانە بدات کە نەخۆش دەکەون و خاوەن کار پارەی نەخۆش تا یەک ھەفتە دەدات . ئێستا کە خەستەخانە بۆ ھەموان خۆڕاییە ، ئەگەر کەرتی تەندروستی بکەوێتە ژێردەستی  کەرتی تایبەت  زوربەی نەخۆشەکان ناتوانن چارەسەری خۆیان بکەن چونکە چارەسەر لەکەرتی تایبەتدا زۆر گران دەوەستێت و دواجار حکومەت خۆی توشی کێشەی زۆر گەورە دەبێت.
دووەم : کەرتی پەروەردەو خوێندن و بەدەستھێنانی زانست  لە ھەموو قۆناغەکانی خوێندن  دا سەرچاوەو ھۆکاری سەرەکی ھەموو پێشکەوتنەکانن لە جیھاندا لە ھەموو بوارەکاندا . ئەگەر ئەم کەرتە بکەوێتە دەستی کەرتی تایبەت و  خوێندن ببێت بە پارە و خوێندن بۆ ھەموان وەکو یەک نەبێت ، ئەو کات جیاوازی چینایەتی  دروست دەبێـت و ھەموان شانسی ئەوەیان نابێت  خوێندنی  قۆناغە باڵاکان تەواو بکەن و تەنھا مناڵی دەوڵەمەندەکان  شانسیان دەبێت  . 
لەوەش خرابتر ئەوەیە زۆر لەمناڵی فەقیرەکان کە بەھرەمەندن ، ئەوکات  بەھرەکەیان دەمرێنرێت چونکە شانسی بەردەوامی خوێندنیان نابێت . بەڵام ئێستا ھەموو  خوێندکاران بێ جیاوازی  شانسی خوێندنیان ھەیەو  ھەموو  کەسە خاوەن بەھرەکانیش  دەردەکەون و دەناسرێن و ئەو کات  گرنگی تایبەتیان  پی َدەدرێت و ھاوکاری تەواو دەکرێن  بۆ ئەوەی بتوانن داھێنانی تازە ئەنجام بدەن .  لە وڵاتە پێشکەوتوەکان  خوێندن بە خۆڕاییە تا قۆناغی ئامادەیی تەواو دەکات . بەڵام لەقۆناغی زانکۆدا بە خۆڕایی نییەو  بە پێی سیستەمی ئەو وڵاتە  خوێندکار بۆی ھەیە پارە لە بانق قەرز بکات و دوایی کە کاری دەست پێ کرد ، قەرزەکانی لە ڕێگای بڕینی  بەشێک لە موچەکەی دەداتەوە . 
ھۆکاری ئەوەی کە خوێندن لە زانکۆ کراوەتە پارە  زیاتر بۆ ئەوەیە ھەموو کەس  نەچێتە زانکۆ و تەنھا ئەو نوخبە زیرەکە بچنە زانکۆ کەزیرەکن و خاوەن بەھرەن و دوایی دەتوانن داھێنان بکەن . باشە ئەگەر ھەموان بچنە زانکۆ ئەی کێ پاس لێخوڕێـت و کێ ڕێگاو بان پاک بکاتەوەو  کێ خزمەتی پیرەکان بکات و کێ ببێتە کرێکاری کارگەکان و کێ لە بواری ھۆتێل و  ڕیستۆرانت و گەش و گوزاردا کار بکات . خۆ وەکو لای ئێمە نییە لەبەر ئەوەی زانکۆی تەواو کردوە  دەبێ لە پشتی مێزەوە دانیشێت و پێی عەیب بێ کرێگاری بکات  وەکو ئێستا دەبینین  بەدەیان ھەزار دەرچوی زانکۆ ھەیە و بێکارن و لە بەنگلادێش و ھیندستانەوە خەڵک ھاتون و لای ئێمە کار دەکەن  .
ئەی کەرتی تایبەت لا ھەرێمی کوردستان لە چ ئاستێک و بارودۆخێکدایە ؟. 
بۆ ئەوەی  وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوەم بدەمەوە، دەبێ باسی سیاسەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین بۆ ئەوەی بزانین چییان کردوە بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت گەشە بکات و ھەلی کار بۆ بیکارەکان زۆر ببێت .  ئەگەر باش سەرنج بدەین  ھەر کە کۆبونەوەکەی سەرۆکی حکومەت و میدیاکاران دەستی پێکرد و یەکەم کەس محمد ڕەئوف  بەرپرسی سایتی درەو میدیا دەستی بە قسەکردن کردوو وتی : کە لە سلێمانیەوە بەڕێکەوتین بۆ ھەوڵێر و گەیشتینە بازگەی نێوان  یەکێتی  پارتی و ئەو ڕێگا خراپەی کە دیمان ، ڕێک وەکو ئەوە وایە لە وڵاتێکەوە بچیتە ناو وڵاتێکی تر . 
ئەم قسەی محمد ڕەئوف  ھێمایەیەکی ڕونە بۆ دوو ئیدارەیی . ھێمایەکە بۆ ئەوەی کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان تەنھا ناوەو ھیچی تر . ھەرێمی کوردستان  حکومەتێکی سەربەخۆی خاوەن سنووری دان پێدانراو نییە . دەتوانین بڵێین  ناوچەیەکە حوکمی زاتی ھەیە لەناو دەوڵەتی  عێراقاداو خاوەنی دام و دەزگای سەربەخۆی خۆیەتی . بەڵام ئەم حکومەتەی ھەرێمێیش ئێستا دابەشکراوە لە نێوان یەکێتی و پارتیدا . تەنانەت لە دانانی بودجەشدا جیاوازی ھەیە .
 حکومەتی ھەرێم کە لە ھەوڵێرەو بەناو حکومەتێکی یەکگرتوە ، بەڵام جیاوازی زۆر لە نێوان زونی سەوزو زەردا دەکرێت و ئەو مامەلانەی لە سلێمانیەوە ئاراستەی وەزارەتەکان دەەکرێن ، زۆر دوایان دەخەن و بەھانەیان بۆ دروست دەکرێن و زوربەی جارەکان ھاوڵاتیان ناچار دەبن بەرتیل بدەن  بۆ ئەوەی لە ھاتوچۆی ھەولێر ڕزگاریان ببێت و ڕێگری و  ڕۆتینیاتی نابەجێیان بۆ دروست نەکەن . ئەوەتا بە چاوی خۆمان دەبینین موچەی فەرمانبەرانی دەڤەری سەوز لە کاتی خۆیدا نادرێت و پارەی لە بانکەکانی سلێمانیدا نامێنێت . 
 ھەموو ئەوانەی لەوەزارەتەکان دانراون لەسەر بنەمای حیزبی و بنەماڵەی دانراون ، نەک لەسەر بنەمای  شارەزایی و پسپۆڕی و لێھاتویی و دڵسۆزی و دەسپاکی  . بەو ھۆیەوە  ھەرچی ھەیە لە سامانی گشتی وەکو موڵک و ماڵی بەناو حکومەت ، داھاتی ناوخۆ و خاڵە سنووریەکان ، بازرگانی بە ھەموو جۆرەکانیەوە لە لایەن ھەردوو بنەماڵەوە ئیدارە دەدرێن و سەرپەرشتی دەکرێن و بەتاڵان دەبرێن . 
ئەم دوو بنەماڵەیە بە جۆرێک دەستیان گرتوە بەسەر کاسبی و بازرگانیدا کە  کەم بواری کاسبی بۆ ھاوڵاتی ئاسایی ماوەتەوەو ئەوان دەستیان بەسەردا نەگرتبێت . ئەوەی کە فریاشی نەکەوتون  بیخنە ژێر دەستی خۆیانەوە و کەسانی تر کاری تێدا دەکەن ، ئەمان بەھانەیان پێدەگرن و دەبنە شەریکیان یان سەرانەیان ڵی وەردەگرن .  زۆرترین داھاتی ئەم ھەرێمە لە ڕێگای وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوەیە کە داھاتی نەوتە . 
ئەم وەزارەتە  تا ئەوکاتەی نێچیر بارزانیش سەرۆکی حکومەت بوە ، بریتی بوە لە ئاشتی ھەورامی  خۆی و جانتاکەی دەستی . بۆیە ھەمیشە گومان لە دۆسیەی نەوت ھەبوەو ئەم وەزارەتی سامانە سروشتییە کە تایبەتە بە بنەماڵەی بارزانی ئیشی ئەوە بوە کە داھاتی نەوت بدزێت و بیشارێتەوە. ئەوەتا لە ئێستا خەریکە دوسیەی نەوتی ھەرێم  سەری ھەموو ھەرێمیش بخوات .
خاڵە سنووریەکانیش لە لایەن ھەردوو بنەماڵەوە  بەڕێوە دەبرێن و بەدەیان کۆمپانیایان  لەو خاڵە سنووریانە کردۆتەوە بۆ ئەوەی باج و سەرانە بە ڕێگای جۆراو جۆر  وەرگرن و خەتی تایبەتی خۆشیان ھەیە بۆ داخڵ کردنی کاڵا  لە  گومرگەکان کە  تەنھا بۆ ھەردوو بنەماڵەیەو زۆر جاریش کاڵای ماوە بەسەر چوش داخڵ دەکەن بە پارەی زۆر .
 دوای ئەوەی کە ئەم دوو بنەماڵەیە دەستیان گرتوە بەسەر زوربەی سەرچاوەکانی داھات و بایی سەدان ملیۆن دۆلار موڵک و ماَل گشتییان داگیر کردوەو فرۆشتۆیانە ، کەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە بەشی موچەش ناکات نەک ئەنجامدانی خزمەت گوزاری . باشە ئەگەر لە سەرۆکی حکومەت بپرسم  ئەوان چۆن بونە خاوەنی لە سەدا  ٤٠  بۆری نەوتی  ناو ھەرێمی کوردسستان ، ئەو پارەیان لە کوێ بوو ، ئایا ساڵانە ھیچ باجێک  لە دەسکەوتی ئەو بەشە قازانجەی  بۆری نەوت و  کۆمپانیای کار بە حکومەت دەدەن ،  کە دەیان و سەدان ملیۆن دۆلارە ؟. 
بە ھەمان شێوە چۆن پارتی لە سنووری خۆی ھیچ باجێک  لە قازانجی کۆمپانیاکانی خۆی  بە حکومەت نادات ، یەکێتیش لە زونی خۆی ھەمان شت دەکات و ھیچ باجێکیش نادات بایی سەدان ملیۆن دۆلار ھەر موڵکی گشتییان داگیر کردوە . ئەوانەی کە پارێزگاری لە کۆمپانیاکانی پاراستنی نەوت و غاز دەکەن ، موچەیەکی زۆریان ھەیە . بەڵام ھەردوو بنەماڵە ھەموو ئەو پارەیە نادەن بە پاسەوانەکانی کۆمپانیاکان و بەشێکی کەمیان پی َدەدەن و ئەوی تر بۆخۆیان دەبەن . ئەگەر  ئێمە خاوەنی حکومەتێکی نیشتمانی بین  دەتوانین ئەو کۆمپانیانە بە ھێزی پێشمەرگە بپارێزین و مانگانە ملیۆنان  دۆلار بۆ خەزێنەی حکومەت بگێرێنەوە .
لە کاتێکدا بەردەوام حکومەت کێشەی کەمی پارەی ھەیەو موچەی لە کاتی خۆیدا پێ نادرێت ، بەڵام لەولاوە بە سەدان ملیاردێرو ملیۆنێر لەسەر  حسابی موڵکی گشتی پەیدا بون . ئەمانە بەزۆری لە ڕێگای وەرگرتنی زەوی بەخۆڕایی  بەناوی کەرتی تایبەتەوە بۆ دروستکردنی تاوەری نیشتەجێبون و ئاسانکاری بۆ ئوەی بازگانی گەورە بکەن دەوڵەمەن بون و  ئەم بازرگانە ملیار دێرو ملیۆنێرانە بە ھۆکاری ئەوەی  شەریکن لەگەَل ھەردوو بنەماڵەو بەرپرسانی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و بەو ھۆیەشەوە لە ھەموو باجێک بەخشراون . 
کۆمیانیاکانی ھێنانی دەرمان  ھەمووی موڵکی بەرپرسانی حیزبین یان شەریکن لەگەڵیان . بۆیە جگە لەوەی باج نادەن ، ئەوەتا ڕۆژ بە ڕۆژ خەبەری ناخۆش بڵاو دەبێتەوە  دەربارەی ھاوردەکردنی دەەرمانی کوالێتی خراپ و ماوە بەسەر چوو .   ئێستا کە سەرانی ھەردوو  بنەماڵە سەیردەکەن کەسانی زۆر بونە خاوەنی سەرمایەی زۆر لە سەر حسابی گشتی ،ئەوەتا وردە وردە ھەڕەشەیان لی َدەکەن و داوای سەرانەیان لێدەکەن .
 بەو ھۆیەوە سەرمایەدارە ھەڵتۆقیوەکان لەسەر حسابی گشتی ترسیان لێ نیشتوە و لەبەر ئەوە  بە دزیەوە خەریکن پارەکانیان دەبەنە دەرەوەی ھەرێم .  جەنابی سەرۆکی حکومەت ھەموو خەڵک بە گەمژە دەزانێت کە دەڵێت : حکومەت پارەی نییە بۆ دامەزراندنی خەڵک ئەوە ئەرکی کەرتی تایبەتە  ھەلی کار بۆ خەڵک بدۆزێتەوەو ئێمە ڕونمان کردەوە کە شتێک نییە لەکوردستان بەناوی کەرتی تایبەتەوە  ھەبێت .
 بەڵام جەنابیان  کە سەرۆکی حکومەتەو وەزارەتی پێشمەرگە یەکێکە لە وەزارەتە گرنگەکانی حکومەتەکەی.  ئەوەمان زانی دوو ئیدارەییە و ئەوەشمان زانی کە ھێزی پێشمەرگە تا ئێستا ھێزێکی نیشتمانی یەکگرتوو نییەو  ھێزەکانی حەفتاو ھەشتا تا ئێستا وەکو  دوو مێلیشیای  سەر بە دوو جیزبی ھەردوو بنەماڵکەن . لە کاتێکدا  بەردەوام ھێزەکانی ھاو پەیمانان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ھێزەی پێشمەرگە یەک بخەن .ئەمەشیان خاتری جەنابیان  . ئەی باشە پێمان ناڵێن  بۆ چ مەبەستێک فەوجێک  پێشمەرگە بۆ عەبدوڵای کوێخا موبارەک  دروست دەکەن ؟. ئەگەر ئەمە بۆ دژایەتی یەکێتی نییە ، ئەی بۆ چ مەبەستێکی ترە ؟. 
 ئەی باشە حکومەت ھێزی پێشمەرگەی نییەو  یەکێتیش بەشدار نیە لەو حکومەتەی جەنابتان سەرۆکنی و وەزیری پێمەرگەش لەسەر پشکی یەکێتی نیە ؟. کەواتە ئەم حکومەتە چ مانایەکی دەمێنێت ، کە حیزبەکەی سەرۆکی حکومەت ھێز لەناو ھێزی پێشمەرگە دروست بکات بۆ دژایەتی ئەو حیزبەی   شەریکی حوکمڕانیەتی ؟.
 ئێستا  چەند خەبەرێکیش لە فەیس بوک بڵاوبۆتەوەو نازانم تا چەند ڕاستە گوایە پارتی فەوجێکی ٤٠٠ کەسی بۆ سەمەد بێتواتەیی دروست کردوە کە لای یەکێتییەوە چۆتە ناو پارتی . باسی ئەوەش دەکرێت کە پارتی بڕیاری داوە  سەیارەی دوامۆدێل بۆ ھەموو فەرماندەکان و جێگری فەرماندەکانی  ھێزەکانی ٨٠ بکڕێت  . ئەگەر ئەم خەبەرەش ڕاست بێ ئابروچونێکی ترە بۆئەم بەناو حکومەتەی ھەرێمی کوردستان و نازانم جەنابی سەرۆکی حکومەت  چ وەڵامێکی بۆ ئەمانەدەبێت ؟. 
باشە  ٦٠٠٠ ھەزار ئاوارەی سوری بۆچی و لە پێناوی چیدا چەکدار دەکەن بە ناوی پێشمەرگەوە کە لە ڕاستیدا ئەمانە پێشمەرگە نین چونکە بۆ دژایەتی کوردانی سوریا دروست کراون ؟ .  ئەو پارەیەی لەبەکرێگرتنی  خەڵکدا خەرج دەکرێت  بە مەبەستی ئاژاوە نانەوەو تێکدانی ناو ماڵی کورد ، باشتر نییە دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانی  پێ دامەزرێنرێت ، یان  ئەوانەی پێدامەزرێنن کە چەندین ساڵە بە خۆبەخش لە خستەخانەو  بواری پەروەردەدا کاردەکەن ؟. بەڕێزم ئێمەکە کە ڕەخنە دەگرین ، دڵمان ژان دەکات و ھیچمان دوژمنی دەسەڵاتی کوردی نین ، بەڵام ئێوەن کە بونە ھۆی تێکدانی ناوماڵی کوردو دروستکردنی دوژمنایەتی و دوو بەرەکی بەردەوام و دروستکردنی مەترسی بۆسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان .
  من باسی ئەوەم کرد کە دەوڵەتەسەرمایە  دارەکانی  جیھان ڕێگایانداوە کەرتی تایبەت ببێتە خاوەنی ھەموو شتێک لە وڵاتدا ، بەڵام تا ئێستا  کەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو  بواری تەندروستی  ھەر لەژێر دەسەڵاتی حکومەت خۆیاندایە چونکە ئەم دوو کەرتە گرنگترین کەرتن لەناو کۆمەڵگادا . ئێوە بەوە تێرتان نەخوارد ھەموو شتێکتان بۆخۆتان داگیر کرد ، ئەوەتا کەرتی تەندروستی و پەروەردەو خوێندنیشتان وێران کرد. 
خەستەخانەکانی حکومەت لە ئاستێکی زۆر خرابدان و   لە ناچاریدا  نەبێـت کەس ڕویان تێ ناکات  چونکە ھیچ گرنگی بە ھاوڵاتیان نادرێت و تەنانەت دەرمانیشیان تێدا نەماوە  .  خەستەخانەی زۆری  سەر بە بەرپرسانی  ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و دەست وپێوەندەکانیان کراونەوەو بەردەوام گیرفانی خەڵک بەتاڵ دەکەنەوە . ھیچ بایەخێکتان بۆ خوێندن نەھێشتۆتوەو بەدەیان زانکۆ و خوێندنگای ئەھلی کراونەوەو جیاوازییەکی چینایەتی بێ مانا بەرھەم ھاتوە  .
 سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی کۆمار خاوەنی زانکۆی خۆیانن . سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی ھەرێم خاوەنی دوو کەناڵی تەلەفزیۆنی خۆیانن کە خەرجیەکانیان ساڵانە وملیۆنان دۆلارە  لەسەر بودجەی گشتی .  بەڵام حکومەت خۆی ھیچ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی نییە . پێم بڵێن ئەمە لەکوێی دنیادا ھەیە ؟.
  کۆتایی بە باسەکەم دەھێنم لەڕێگای ئەم دوو نمونەی خوارەوەو کە  ئەمانە نمونەی ڕاستەقینەی شێوازی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستانن . لە ھەموو دام و دەزگاکانی حکومەت  کارو باری خەڵک  بەم شێوازە   بەڕێوە دەچێت و  ڕوتینیات و وەرگرتنی بەرتیل بۆتە سیمای دیاری ئەم حکومەتە :  
١-کەسێک لە سلێمانی خاوەنی کارگەیەکی بەرھەمھێنانی  شەربەتە . شەربەتەکەی  تا بڵێی باشە . ئێستا خەریکە شەربەتی مێوژەکەی بۆ ئەڵمانیا دەنێرێت و خواستی زۆری لەسەرە . ئەم کارگەیە بۆ دروستکردنی شەربەتی پرتەقاڵ و ھەندێک شەربەتی تر پێویستی بەھێنانی شەربەتی پرتەقاڵە بە خەست کراوەیی  لە ئێران چونکە لە عێراق نییە . ئەو شەربەتەش دەبێ لە ڕێگای سەیارەی ساردکەرەوەدا بگوازرێتەوە  بۆ سلێمانی ، چونکە ئەگەر وانەبێت خراپ دەبێت . 
کاتێک شەربەتەکە دەگاتە مەرزی باشماخ فەحس دەکرێت . ئەگەر یاسا ھەبێت  بە پێی یاسا ئەگەر لە فەحس دەرنەچوو ، یەکسەر دەگەڕێنرێتەوە و داخڵی ھەرێم ناکرێت .بەڵام ئەگەر لە  فەحس دەرچوو دەبێ  داخڵی ھەرێم بکرێـت و نابێ ڕێگری لێ بکرێت . ئێستا سەیرکەن و ببین ئەگەر شەربەتەکەش لە فەحس دەرچو دەبێ خاوەن شەربەت چی بکات ؟. 
لە مەرزی باشماخ کیتابی بۆ دەکرێت  بۆ خەستەخانەی شیرەەکەی سلێمانی ، لە خەستەخانەی شیرەکەش  کیتابی بۆ دەکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی  گشتی تەندروستی سلێمانی . ئەوانیش کیتابی بۆ دەکەن بۆ وەزارەتی تەندروستی لە ھەولێر. کە کیتابەکە دەبەنە وەزارەتی تەندروستی  بە کۆمەڵێک ڕۆتینیاتدا تێدەپەڕێت . واتە بۆ وردبینی و  ئیمزاکردن لەسەر کیتابەکە . ئەم ژوور تەواو دەکات و ژووری دووەم بەرپرسەکەی تەعزیەی ھەیەو لەوێ نییە . دەبێ بەیانی بچێتەوە . بەیانی دەچێتەوەو  بەرپرسێکی تر کۆبونەوەی گرنگی ھەیەو لەوێ نییە . ھەندێکیش ھەر لەبەر ئەوەی لە سلێمانییەوە  ناردویانە بە ئارەزو دوای دەخەن و کارەکە بەڕی َ ناکەن . سەیرەکە لەوەدایە نمونەی شەربەت بۆ ھەوڵیر نەھاتوە تەنھا کیتابەکەی مەرزی باشماخە ئەم ھەموو دەستاو دەستەی پی َدەکرێت . باشە ئەگەر نمونەی شەربەتەکەشی لەگەَلڕ بێت ، دەبێ بە چەند مانگ وەڵامەکەی دەست کەوێت .
کورت و کرمانجی تا وەڵامی کیتابەکە  وەر دەگیرێتەوەو  دەبرێتەوە  سلێمانی  و مەرزی باشماخ لانی کەم  ھەفتەیەکی دەوێت ئەگەر زیاتر نەبێت . خاوەن کارگەکە دەڵێت  :  یان دەبی َھەفتەیەک  لە ھەوڵیربم و پارەی ھۆتیل بدەم  ، یان ھەموو ڕرۆژێک بەیانی لە سلێمانییەوە بچم بۆ ھەوڵیر و بگەڕێمەوە  . قیروسیا لە مەسرەفی بەنزین  ئەی ماندوبون و مەترسی ڕێگای مەرگی نێ,ان سلێمانی و ھەوڵیر .  بۆیە ناچار بوم موحامی بگرم بۆ ئەی ھەموو جارێک مامەلەکەم  بۆ جێ بە جێ بکات . لە مەرزی باشماخیش دەبێ  پارەی ھەموو ڕۆژێکی وەستانی سەیارەی ساردکەرەوەکە بدەم کە  شەوی لە ١٥٠ دۆلار کەمتر نییە . 
ھەر وەھا خاوەن کارگەی شەربەتەکش دەڵێت :جاری واھەیە  مەوادەکەمان لە کارگە نەماوەو بەوھۆیەوە کارگەکەش لە کار دەکەوێت . ھاوڵاتیانی خۆشەویست  ئەم ھەموو مامەلەو بێنەو بەرەیە ھەموی لە زیادەیەو  بۆ زەحمەت دانی خەڵکە چونکە شەربەتەکەی لەفەحس دەرچوە . ئەمە بۆچی دەکەن ؟. بۆ ئەوەی  کەس ھیچ بەرھەم نەھێنێـت و ھەموی لە دەرەوەی وڵات ھاوردە بکەن لە پێ،اوی وەرگرتنی باجدا . 
بەڵام  بۆ ئەوانەی کە لە مەرزی ئیبڕاھیم خەلیلەوە ھەمان مەواد دەھێنن و بۆ سنووری پارتی ، پێویست ناکات  سەردانی ھەوڵیر بکەن و ھەر لە دھۆک کارەکانیان بۆ ڕاھی دەکەن . ئەمەش نیشانەیەکی دیاری  ئەو سوکایەتی و جیاوازیەی بە خەڵکی سلێمانی دەکەن .  خۆ ئەگەر ڕاستت دەوێت ئەوەی ئیبَراھیم خەلیلیش  ئەگەر لە گومرگ لە فەحس دەرچوو ، نابێ پێویست  بەسەردانی دھۆکیش بکرێت  نەک ھەولێر  . 
٢-ئەگەر لە مەرزی ئیبڕاھیم خەلیلەوە ھەمان شەربەتی خەستکراوە داخڵ بکەی  ھەندێک جار ئەوانە بە کارتۆنن و لە قتوی بچوکدان و ھەر کارتۆنەی بایی ٥٠٠-٦٠٠ دۆلارە . کاتێک  داخڵی ھەرێم دەبێت دەبی َبچی ئەو مادەیە فەحس بکەی . دیارە فەحسکردنی مادەیەکی شل پێویستی بە چەند سی سییەک  یان پڕبە سرنجێک  یان ئەو پەڕی قتویەک لەو مادەیە ھەیە  . بەڵام ئەوان کارتۆنێک دەبەن بۆ فەحس . دوکانێک لە نزیکیان ھەی دیارە ھەر ھی خۆیانە  یان کەسێکی ناسیاو یان بە شەرێکی لەگەَل کەسێکیتر . 
کارتۆنە شەربەتەکە  بۆ نمونە دەدەنە دوکاندەرەکە بە ٢٠٠ دۆلار . ئەویش لە جێوە دەیفرۆشێتەوە  بە ٢٥٠ دۆلار . ئەم خاوەن شەربەتانەش  ئەو حیکایەتە دەزانن دوایی دەچن شەر بەتەکەی  خۆیان لەو دوکانە دەکڕنەوە و ھیچ نەبێ  لە ٦٠٠ دۆلارەکە نێوەیان دەست کەوتۆتەوە . ئەمە ڕێک وەکو ئەوە وایە بچیتە لای دکتۆر ئەویش بۆت بنوسێت  بۆ فەحسی خوێن.
 خاوەن  موختەبریش لە جیاتی چەند سی سییەک خوێن یەک بوتڵ خوێنت لێ وەرگرن و دوایی بیفرۆشێتەوە  .  زۆر داوای لێبوردنیشتان  لی َدەکەم  ئەم نمونەیەم ھێنایەوە دوایی بیرم کەوتەوەو تازە ناردبوم بۆ بڵا کردنەوە ، چونکە ترسی ئەوەم ھەیە لەمەولا خاوەن موختەبەرەکان فێری کاسبی خوێن فرۆشتنیش ببن و  چونکە ھیچ شتێک لەم وڵاتە غەریب نییەو زۆر جار بەرازیش ھێلکە دەکات . 
لەو کاتەوە کە نرخی نەوت بەرز بۆتەوە  داھاتی حکومەتی عێراق بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردوەو یەدەگی پارەو ئاڵتونیشیان ھەر زۆر زیادی کردوە . قەرزدەدەن بە کەم دەرامەتەکان بۆ دروستکردنی خانوو. لە جەژنەکاانی ڕەمەزان و قورباندا بڕی ١٠٠ ھەزار دینار وەکو جەژنانە دەدەن بەو کەسانەی کە موچەکانیان کەمە . 
لە کاتێکدا  کە کابینەکەی مەسرور بارزانی ناوی کابینەی چاکسازییە و بە حساب پارەیەکی زۆر گەڕاوەتەوە  بۆ خەزێنەی حکومەت  لە ڕێگای کەم کردنەوەی موچەی پلەباڵاکان و  برینی موچەی ئەوانەی دوو موچەیان بە نایاسایی ھەیەو ئەوانەشی بە نایاسایی موچەیان بۆ بەستراوە . لە لایەکی تریشەوە ساڵانە نزیکەی ٦ ھەزار کەس خانە نشین دەکرێن و موچەکانیان دەبێتە نیوەو ماوەی چەندین ساڵیشە کەس دانامەزرێنرێت و بە سەدان پرۆِژەش کارەکانیان وەستێنراوە  و خزمەت گوزاریش لە ئاستی پێویستدا نییەو ئەوەتا موچەش بە باشی لە کاتی خۆیدا دابەش ناکرێت و  نەک ھیچ قەرزێک نەدراوەتەوە بەڵکو بەردەوام  قەرزەکانی سەر حکومەت زیاد دەکات . سەرە ڕای ھەموو ئەمانە ئێستا  ٣٥ ملیار دینار خەرجی موچە زیادی کردوە .  ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم :  تا ھەرێمی کوردستان خاوەنی حوکمڕانییەکی لەم شێوەیە بێت و کەسانێک بەڕێوەی  بەرن کە  سنووری عەقَلیەتی  خێڵ و عەشرەت و ڕوحی تۆڵە کردنەوەی بەرامەبەرەکانیان  تێنەپەڕاندبێت  و بەردەوام خەرێکی تاڵانکردنی سامانی نیشتمانبن ، نەکەرتی تایبەت گەشە دەکات و نە کەرتی گشتی و بەردەوام وڵات بەرەو وێرانتر و وێرانتر دەڕوات . 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×