پێش ئەوەی بچمە ناوەرۆكی باسەكەوە داوا لە بەڕێزان پارێزگاری سلێكمانی و بەڕێوەبەری كاروباری ئەوقافی سلێمانی و بەڕیوەبەری هاتوچۆی سلێمانی و قایمقامی سلێمانی و هەموو لایەنەكانی بەرپرس لە شاری سلێمانی دەكەم كە بیر لەچارە سەركردنی كێشەی هات و چۆ لەناو شاری سلێمانی بكەنەوە . هەمومان دەزانین كە بەردەوام شارەكان لە گەورەبوندان لە لایەك بە هۆی زۆربونی بەردەوامی دانیشتوانەوەو لە لایەكی تریش بە هۆی كۆچی زۆرینەی گوند نشینەكان بۆ ناو شارەكان . لەم حاڵەتەدا پێویست بە بونی كۆمپانیای گەورەی گواستنەوە دەكات لە بابەتی قیتارو پاسی گەورە بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان لەناو شارەكان و بۆ دەرەوەی شارو شارۆچكەكانی تر بۆ ئەوەی ژمارەی ئوتومبێل كەم ببنەوە .
بەڵام بە هۆی نەبونی ئەمانەوە خەڵك ناچارە كە بە هەرشێوەیەك بێت ئوتومبێل بكڕێت چونكە هەبونی ئوتومبێل بۆتە پێداویستییەكی زۆر زەرور . بەو هۆیەوە ژمارەی ئوتومبێل بە جۆرێك زۆر بوە لە باسكردن نایەت . زۆر بونی ژمارەی ئوتومبێلیش ئەم زیانانەی خوارەوەی هەیە : پیسكردنی ژینگە بە هۆی زۆركردنی گازی ژەهراییەوە كە ئێستا دەركەوتوە ئەوە هۆكارێ سەرەەكییە بۆ زۆر بونی نەخۆشی شێرپەنجە . زیادكردنی مەترسی بۆسەر ژیانی خەڵك بەهۆی زۆربونی ڕوداوی هاتوچۆوە . بە هۆكاری زۆری ژمارەی ئوتومبێل وخراپی شەقامەكانی ناو شارو ، كێشەی زۆر بۆ هاتوچۆ دروست بوەو زۆر بە زەحمەت لە شوێنیكەوە دەگەیتە شوێنێكیتر بە تایبەتی بەیانیان كاتی دەست پێكردنی دەوامی فەرمانبەران و ئێواران لە كاتی كۆتایی هاتنی دەوام. لای هەموانیش ڕونە پرسە لە مزگەوتەكان لە پاش نیوەڕۆیاندا دادەنرێت كە دەكەوێتە جەنگەی قەڵەباڵغی لەسەر شەقامەكان .
لە بەر ئەوەی هەندێك لە مزگەوتەكان دەكەونە سەر چەقی شەقامەكان لە كاتی پرسەداناندا بە هۆی ڕاگرتنی ژمارەیەكی زۆر لە ئوتومبێل لە دەوری ئەومزگەوتانە ، بەتەواوی كێشە بۆ هاتو چۆ دروست دەبێت و زۆر بە زەحمەت دەتوانرێت هاتوچۆ بكرێت . ئەگەر چی زۆر مزگەوت هەن كە دەكەونە سەرشەقامەكان و كێشە بۆ هاتو چۆ دروست دەبێت ، بەڵام هیچ مزگەوتێك بەقەدەر مزگەوتی حاجی ئەحمەد بەرامبەر تەلاری هونەر كێشە بۆ هات و چۆ دروست ناكەن . ئەگەرسەرنجیش بدەی زوربەی ڕۆژەكان پرسەی تێدایە . بۆ ئەوەی كێشەی هات و چۆ كەمێك باشتر بكرێت و هات و چۆ ئاسانتر و خێراتر بكرێت ، من پێشنیارێكم هەیە بۆ ئەو بەڕێزانەی لە سەرەتادا ناوم هێناون .
لە گەڕەكی ئیبڕاهیم ئەحمەدو ڕاپەڕین و هەواری شارو خوارەوەی شار واتە دەورو بەری چوار چرا ، پارچە زەوی گەورە تەرخان بكەن بۆ دروستكردنی هۆڵی پرسە بۆ پیاوان و ژنانیش لەگەڵ دیاریكردنی شوێنی زۆر بۆ ڕاوەستانی ئوتومبێل . ئەم هۆڵانە بە شێوەیەكی گەورە دروست بكرێن كە جێگای ژمارەیەكی زۆر خەڵكی تێدا ببێتەوە .
پێوێستە ئەو هۆڵانە لە هەمان كاتیشدا مزگەت بن . ئەگەر مزگەوتی وا دروست بكرێن كە لە هەمان كاتیشدا هۆڵی تایبەتیشبن بۆ پرسە ، هیچ نەبێ كەمێك كێشەی هات و چۆ چارەسەر دەكات. بۆ دابین كردنی پارەش بۆ ئەم مزگەت و هۆڵانە دەكرێت بانگەوازێك بكرێت و بۆ خەڵكانی خێر خواز كە بەشداری بكەن لە دابین كردنی پارەی پێویست بۆ دروست كردنی ئەو مزگەوتانە بە هۆڵی پرسەوە . دڵنیاشم خەڵكی خێرخواز زۆرن كە ئامادەن هاوكاری بكەن . دروستكردنی ئەم جۆرە مزگەوتانە بە هۆڵی پرسەدانانیشەوە، یەكەم ئاسانكاری بۆ هات و چۆ دەستەبەر دەكات و لە هەمان كاتیشدا خێرێكی زۆر بەر ئەوانە دەكەوێت كە هاوكار دەبن لە دروستكردنیاندا . . ڕاستە ئەمە چارەسەری هەموو كێشەكانی پرسەدانان ناكات ، بەڵام ئەو كات دەكرێت پرسەدانان لەو مزگەوتانەدا قەدەغە بكرێن كە دەكەونە سەر شەقامەكان و كێشەی گەورە بۆ هات و چۆ دروست دەكەن .
ئێمە هەمومان دەزانین بەرژەوەندی گشتی لە پێش بەرژەوەندی تایبەتیدایە . ئەگەر بەرپرسانی شاری سلێمانی توانیان چەند مزگەوتێكی گەورە بە هۆڵی پرسەدانانی تایبەتەوە لە گەڕەكە جیاجیاكانی ناو شار دروست بكەن ئەو كات بەرپرسانی شار دەتوانن بریاڕیش بدەن كە پرسە دانان لەو مزگەوتانە قەدەغە بكەن كە ئاستەنگی زۆر بۆ هاتوچۆدروست دەبێت . بەڵام هەتا ئەگەر بەرپرسانی شاری سلێمانیش نەتوانن ئەو هۆڵانەی كە باسمكردن دروست بكەن ، هەر دەتوانن پرسە دانان لەو مزگەوتانە قەدەغە بكەن كە كێشەی زۆر بۆ هات وچۆ دروست دەكەن لەبەرئەوەی لە بەرژەوەندی گشتیدادەبێت و كەس ناتوانێت ناڕەزایی دەربڕێت ، دەبێ بەرپرسانی شار پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان بكەنە ئەوەلیاتی كارەكانیان ، نەك پرسەدانان لە مزگەوتەكان بكەنە ئەوەلیات . ئەمە پیچەوانەی شەرعیش نییەو زۆر جار دیومانە بۆ فراون كردنی شەقامێك مزگەوتیان ڕوخاندوە .
لە كۆتاییدا دەمەوێت بە تایبەتی باسی مزگەوتی حاجی ئەحمەد بكەم كە چۆن گەورەترین ئاستەنگی بۆ هاتو چۆ دروست كردوە . ئەم مزگەوتە دەكەوێتە شوێنێكەوە كە لە لایەك هەموو ئەو ئوتومبێلانەی لە سەرچنارەوە دێن بۆ سەرشەقامی 60 مەتری و بەرەو دوڕیانی سەرچنار، بەلای ئەو مزگەوتەدا تێپەڕن . ئەوانەی لەسەر شەقامی 60 مەتری لا ئەدەن بۆ لای شوقەكانی زەكەریا ، دەبێ بە بەردەم ئەو مزگەوتەدا گوزەر بكەن . ئەو ئوتومبێلانەی لە لای شوقەكانی زەكەریاوە دەچنە سەر شەقامی 60 مەتری دەبی بە بەردەم ئەم مزگەوتەدا گوزەر بكەن .
خەڵكیش وا تێگەیشتون چونكە بۆ پرسە دەچن ئەگەر لە ناوەڕاستی شەقامەكەش سەیارەكەیان ڕاگرن ئەوە حەقی خۆیانە . لەوەش خرابتر ڕۆژانی پرسە بەری شەقامەكەی ئەوبەر واتە لای تەلاری هونەر خەڵك لە سەر شەقامی 60 مەتریەكە بە ڕێز سەیارە ڕادەگرن و دەبنە ڕێگری هاتوچۆ . شەقامی 60 مەتری ناوشاری سلێمانی تاكە شەقامی فراوانەو دەكرێت وەكو ئۆتۆبان و ڕێگای خێرا حسابی بۆ بكرێت . ئاخر چۆن دەبێت ڕێگا بەخەڵك بدرێت بە ڕیز ئوتومبێل لە قەرەغی شەقامی خێرا ڕاگرن؟. لە هەموو ئەمانە سەیرتر ئەوەیە خێرخوازێك پردێكی زۆر جوانی مۆدێرنی دروست كردوە ڕێك لە بەری تەلاری هۆنەرەوە دێتە بەردەمی مزگەوتەكە . ئەسانسۆری هەیە ، كارەبای هەیە و بێ مەترسی دەتوانی لەمبەرەوە بچیتە ئەو بەر .
تەمەنا دەكەم لە ڕۆژانی پرسەدا كامیرە مانێك بچێتە ئەوێ وێنەی ئەو خەڵكانە بگرن كە لەو جەنجاڵی سەرشەقامی 60 مەتریەكە دەیانەوێت بەناوئەو هەموو سەیارانەدا ئەمبەرو ئەو بەر بكەن و كێشەبۆ هاتوچۆ دروست بكەن ، بەڵام ناچن بەسەرپردەكەدا بپەڕنەوە هەم لەپێناوی سەلامەتی خۆیان و هەم بۆ ئەوەی نەبنە ڕێگری هاتوچۆ ، لە كاتێكدا ئەمانە هاتون بۆ ئەوەی خێریان دەست كەوێت ، بەڵام دەبنە مایەی شەڕ بۆ خەڵك . لەهەموو ئەمانە خرابترو سەرنج ڕاكێشترئەمەیە : زوربەی خەڵك هەیە هەربۆ ناو پرسەكەی لەو مزگەوتە دادەنێت ، لە كاتێكدا ماڵی زۆریش دوورە لە وێ . یان پرسەی بەرپرسە باڵاكانی حكومەت .
زۆر جاریش كە بەرپرسەكان دەچن بۆ پرسە ، هەر یەكەیان چەندین سەیارەو چەندین پاسەوانیان لە گەڵدایە جگە لەوەی دیمەنێكی زۆر ناشیرین دەخەنە پێش چاوی خەڵك ، لە هەمان كاتیشدا كێشەی تایبەت بۆ هاتوچۆ دروست دەكەن و كەسیش ناتوانێت قسە بكات .
لە هەموو ئەمانە گرنگتر ئەوەیە كە مزگەت دروست دەكرێت بۆ نوێژو جومعەو جەماعەت دروست دەكرێت ، بەڵام ئەم مزگەوتە دەكەوێتە سەرشەقامی گشتی و خەڵكی نوێژكەر زۆر كەمە لەو ناوە. لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە لە نزیك ئەو ناوە مزگەوتی تر هەیە كە دەكەوێتە ناو جەرگەی ماڵەكانەوە . كەواتە ئەو مزگەوتە هەر زیادەیە لەو ناوەو هەر داخستنی بە تەواویش هیچ كێشە بۆ نوێژكەرەكان دروست ناكات چونكە ئەوەندە مزگەوت زۆرە لەم شارە ، پێ ناچێت لە وڵاتی سعودیەش ئەوەندە مزگەوت هەبن .
لە كۆتاییەدا دەڵێم دروستكردنی ئەو مزگەوتە لەو شوێنە وەكو ئەوە وایە بە مەبەستی ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروست كرابێ . هیوادارم بەرپرسانی ئەم شارە بڕیا ڕ بدەن پرسە دان لەم مزگەوتە قەدەغە بكەن ، لە پێناوی سەلامەتی و بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان ئاسانكاری بۆ هاتوچۆ . پرسیاری كۆتاییم ئەمەیە : ئەرێ بەڕاست ئەو هەموو بەرپرسانەی ئەم شارە تا ئێستا سەرنجی ئەمەیان نەداوەو بیریان لێ نەكردۆتەوە ، بە تایبەتی بەرپرسی كاروباری ئەوقاف و لە سەروی هەموشیانەوە بەرپرسی هاتوچۆی شاری سلێمانی ؟. هێوادارم بەرپرسانی لایەنی بەرپرسیار بەم باسەوە بە تایبەت لە ڕۆژانی پرسەدا سەردانی ئەو ناوە بكەن و وێنەی ئەو دەورو بەرە بگرن و بە دیقەتەوە بیری لێ بكەنەوە ، یان ئەگەر خۆشیان ناچن لە ڕۆژانی پرسەدا خەڵك بنێرن وێنەی ئەو دەوروبەرەیان بۆ بگرێت و دوایی بە هەمویان بیرێكی لێ بكەنەوە بەو هیوایەی بە هەموان بگەنە بڕیارێك .