پێشنیارێك بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكانی حكومەت

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2020-04-25     1135

هەرچەندە هەرێمی كوردستان زۆر لە مێژە ڕوبەڕوی  قەیرانی دارایی بۆتەوە، بەڵام  دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كرَونا  قەیرانەكەی گەیاندە لوتكەو لە ئیفلاسبون نزێك بۆتەوە. لەماوەی 27 ساڵی حوكمڕانی كوردا هەلی زۆرباشمان بۆ ڕەخساو ئەگەر خاوەنی بەرنامەو پلان و ستراتێجی باش بوینایە، ئێستا هەرێمی كوردستان خاوەنی ژێرخانێكی ئابوری بەهێز دەبو.

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی كە خاوەنی دەسەڵات و  بڕیاری تەواو بوو، نەیتوانی پێگەی هەرێمی كوردستان لە بواری ئابوریدا بەهێز بكات.  لە هەموو ئەمانەش خراپتر بڕیاری ڕیفراندۆمی داو نیوەی خاكی كوردستانمان لە دەستداو پێگەی كوردیشی لە بەغدا لاواز كرد.

ئێستا كە ڤایرۆسی  كۆڕۆنا بڵاوبۆتەوەو بۆتە كێشەیەكی جێهانی و بەوهۆیەشەوە نرخی نەوت بۆ ئاستێكی زۆر نزم دابەزیوە، زۆرینەی ئەو وڵاتانەی پشتیان بە داهاتی نەوت بەستوە، توشی كێشەی دارایی بونەوە. كەواتە دەبێ هەمو ئەو وڵاتانە بیر لە سەرچاوەیەكی تری داهات بكەنەوە بۆ ژیانی هاوڵاتیان. لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان توشی قەیرانی دارایی بۆتەوە، نەك هیچ پاشەكەوتێكی نییە، چەندەها ملیار دۆلار قەرزدارە. ژێرخانی ئابوری سفرە. لەگەڵ بەغدا نێوانی باش نییە. خۆ ناشكرێت  حكومەت دەستەوەستان دانیشێت و خەڵك لەبرسا بمرێت. ئێستاش ئەگەر حكومەت  بەڕاستی بێتە مەیدانەوەو دوور لە بەرژەوەندی بنەماڵەیی و حیزبی و شەخشی بەرنامە دانێت، دەتوانێت داهاتێكی باش بەدەستبهێنێت. ئێستاش زۆر درەنگ نییە ئەگەر بە خۆیاندا بچنەوە.

بۆ كەمكردنەی قەیرانی دارایی هەرێم چەندپێشنیارێكم هەیە:

پێشنیاری یەكەم: بچوككردنەوەی حكومەت

هەرێمی كوردستان خاوەنی حكومەتێكی گەورەی زیاد لە قەبارەی خۆیەتی. ئەم هەرێمە دەتوانرێت بە كەمتر لە 10 وەزارەت بەڕێوەببرێت. زۆر وەزارەت هەن وەكو: روشنبیری، ئەوقاف، كاروباری كۆمەڵایەتی و هی تریش هەر لاببرێن و بە بەڕیوەبەرایەتییەك بەڕێوەدەبرێن. دەتوانرێت دوو وەزارەت لە یەك وەزارەتدا كۆبكەنەوە .

ئەم وەزارەتانە حەشاماتێكی زۆر فەرمانبەری تێدا كۆكراوەتەوەو زوربەشی هەر لە بنەڕەتەوە پێویست نەبوەو بۆ ڕازیكردنی ئەم حیزب و ئەم و ئەو دانراون و بونەتە بارێكی قورس بەسەر بودجەی حكومەتەوە. دیارە لە پەڕلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و بارەگای بارزانیش هەمان دیاردە هەیە. بەسەدان كەس ڕاوێژكارەو بۆ یەك جاریش ڕاوێژی پێ نەكراوە .

ئەو هەمو وەزیرو جێگروەزیرو بەڕێوەببەری گشتی و ڕاوێژكارو زۆر پۆستی تری داتاشراو بە ملیار دینار خەرجیان هەیە بۆ كرێی خانو و تەئسیسی ناوماڵ، كڕینی  سەیارە خەرجی سەیارەو دابینكردنی پاسەوان و گرتنی خانو بۆیان، نەسریەی زۆر. ئەگەر لە 20 ساڵی رابوردوەوە پارەی ئەم فەرمانبەرە زیادانە بۆ سێكتەری كشتوكاڵ خەرج بكرایە، ئێستا لەزۆر بواردا پێویستمان بە بەرهەمی وڵاتان نەدەبو.

كەواتە ئەگەر حكومەت لێرەوە هەنگاو بنێت و دەستبكات بە بچوككردنەوەی حكومەت و كەمكردنەوەی ژمارەی فەرمانبەرو بەرپرسی ناپێویست لەهەمو دامەزراوەكانی حكومەتدا پارەیەكی زۆر پاشەكەوت دەكات. دەتوانێت ژمارەیەكی زۆر سەیارە وەرگرێتەوەو بیانفرۆشێت جگە لەوەی پارەیەكی باشی دەست دەكەوێت، لە خەرجی سەیارەكانیش ڕزگاری دەبێت.
پێشنیاری دوەم: پلاندانان بۆ جێبەجێكردنی ئەمانەی خوارەوە:

1.كاتی خۆی بایۆمەتری كرا بەو هیوایەی هەمو ئەوانە بدۆزنەوە كە موچەی ناشەرعی وەردەگرن، بەڵام ئەنجامەكەی ئاشكرانەكرا. چونكە دەركەوت هەمو ئەوانەی موچەی ناشەرعی یان دو موچە وەردەگرن ئەندامی حیزبەكان خۆیانن. ئێستا دەتوانن جارێكتر پێداچونەوە بكەن و هەمو ئەوانەی بەناشەرعی موچە وەردەرگرن یان بەنایاسایی خانەنشین كراون، چیتر موچەیان نەدەنێ و بڕیاری سزادانیش دەربكەن بۆ ئەوانەی بەنایاسایی پارەیان وەرگرتوە .

2.پڕۆسەی چاكسازی كە سەرۆكی حكومەت لە سەرەتاوە بڕیاری دا بەتایبەتی بۆ كەمكردنەوەی موچەی پلەباڵاكان و ئەندام پەڕلەمان و چۆنیەتی خانەنشینیان، بەزویی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە. لەبەغدا ئەندام پەڕلەمان تا تەمەنی نەبێتە 50 ساڵ خانەنشین ناكرێت. بۆچی لێرەش بەو شێوەیە نەبێت. خۆ باری دارایی ئێمە لە هی ئەوان باشتر نییە .
خەڵك هەیە خۆی هیچ نەبوە بە بڕیاری بەرپرسێك  بەدەر لە ڕینماییەكان خانەنشین كراوە بە 3 ملیۆن دینار. ئەوە نابێت شمولی موچە كەمكردنەوە بكات، بەڵكو لە بنەڕەتەوە هەڵبوەشێرێتەوە چونكە نایاساییە.

3.تا ئێستا دیار نییە داهاتی گومرگەكان چەندە. دەیان كۆمپانیای وەهمی لەو مەرزانە پارە وەردەگرن بۆخۆیان. باشە بۆچی ئەمە بۆ حكومەت نەبێ و حیزب و بەرپرسانی حیزب پارە وەرگرن بۆ خۆیان. حیزبەكان خۆیان خەریكی كاری قاچاخن و پارەی گومرگیش نادەن. ئەگەر سەرۆكی حكومەت دەیەوێت پارە پاشەكەوت بكات، با وەزیری دارایی ڕاسپێرێت كە ڕاستەوخۆ ئیدارەی هەمو گومرگەكان بكات و ستافی تازەیان بۆ دانێت و دەستی پارتی و یەكێتی لەو گومرگانە دوربخاتەوە. سەدان نمونەمان هەیە كە بەشێكی ئەو پارەیە ئەو دو حیزبە بۆخۆیانی دەبەن. با سەرۆكی حكومەت وەزیری دارایی ڕاسپێرێت كە بەپێی یاسا باج لە كۆمپانیا گەورەكان وەرگرێت كە هەمویان موڵكی پارتی و یەكێتین. چاكسازی لێرەدا دەكرێت ئەگەر بتانەوێت. هەوڵ بدرێت باج بەشێوەیەكی عادیلانە لە هەمو كەسێك وەرگیرێت و كەس نەبەخشن لە پێدانی باج. زۆر وڵات نێوەی داهاتیان هەر باجە .

4.ئەو پارەیە وەرگرنەوە كە بەقەرز دراوە بە كۆمپانیاكان .

5.ئەرزێكی زۆر بەناوی وەبەرهێنانەوە دەدرێتە ئەم و ئەو یان بەرپرسانی حیزب داگیری دەكەن و نمونەمان زۆرە. باشتر وایە ئەو ئەرزانە بفرۆشرێن بۆ خەرجی حكومەت نەك خەڵكیان پێ َدەوڵەمەند بكەن .

6.زیاتر لە 6 هەزار كەس لە ئاوارەی سوری بەناوی هێزی ڕۆژەوە كراونە پێشمەرگە. ئەوانە بۆ دژایەتی شۆڕگێرەكانی سوریا دروستكران چونكە نەهاتنە ژێر هەژمونی پارتییەوە. تا ئێستا بڕی 300 ملیار دیناریان بۆ خەرج كراوە. خەرجی مانگانەیان نزیكەی سێ ملیارو نیوەو موچەیان لە 500 هەزارەوە دەست پێدەكات . دەڵی: ماڵ لە خۆیا نەبو میوانیش ڕوی تێدەكرد. ئێستا موچە بۆ كارمەندانی تەندروستی نییە. زیاتر لە 200 هەزار دەرچوی زانكۆو پەیمانگامان هەیەو دانەمەزراوان. چ ویژدانێكە مانگانە ئەو بڕەپارە زۆرە بدرێت بەم هێزە كە پێویستمان پێیان نییە. حەق وایە موچەكانیان ببرڕن و با بچنەوە ئۆردوگا، یان بچنەوە سوریا خۆ لەویش خەبات هەیە .

7.گومانێكی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی كە زۆری ئەو نەوتەی فرۆشراوە پارەكەی نەگەڕاوەتەوە. واتە دزراوە. ئەگەر پارەی نەوتی فرۆشراو بگەڕایەتەوە، ئێستا قەرزدار نەدەبوین و پارەشمان پاشەكەوت دەبو. ئەوەتا یەك ملیاری لە لوبنان ئاشكرابوەو بەرپرسانیش ناچنە ژێری. بەڕاستی كاتی ئەوەیە ئەو پارانە بگەڕێننەوەو موچەی هاوڵاتیانی پێ بدەن. ئەگەر بڵێن ئەمە بوختانەو شتی وانییە، چۆن بڕوابكەم. هەتا ئەو كاتەی دۆسیەی نەوت وەكو ئێستا شاراوە بێت، هەتا گومرگەكان لەژێردەسەڵاتی حیزبدا بن، هەمو تاكێكی ئەم گەلە بۆی هەیە گەورەترین بەرپرسی ئەم وڵاتە بەدز بزانێت. ئەگەر ڕاست دەكەن و دز نین، بڵێن، فەرمون ئەوە حساب و ئەوە كیتاب. ئەگەر بڕواشمان پێناكەن وەرن خۆتان سەرپەرشتی بكەن.

چەندین ساڵە هاوار دەكرێت و گوێتان بۆ كەس نەگرت تا ئەم میللەتەتان ئاوا توشی قەیران كرد. ئەگەر دەتانەوێت هاوڵاتیان باری قورسی ئەم قەیرانە لەگەڵ ئێوە هەڵگرن  و بە قسەكانتان بڕوا بكەن، دەبێ ئەو پێشنیارانەی من لەبەرچاو بگرن، چونكە خەڵك  ئاگاداری هەمو شتێكەو چیتر بەدرۆی زل فریوناخۆن .

من خۆم بێم لە گومرگی ئیبراهیم خەلیل پارە بدەم و وەسڵم نەدەنێ چۆن بڕوات پێدەكەم بڵێی پارە نییە؟ بەچاوی خۆم ببینم لەمەرزی باشماخ قاچاخچییەتی هێلكەی بەسەرچو بكەیت و پارەی گومرگیش نەدەیت و خەڵكیش نەخۆش بخەیت و دەتەوێ‌ بڕواشت پێبكەم بڵێی پارەی موچەمان نییە؟

ئەوە بزانن بەغدا فرسەتی بۆ هەڵكەوتوە. تۆڵەی خۆیان دەكەنەوە كە دەتانگوت ئابوری خۆمان سەربەخۆ دەكەین و نەوتی خۆمان بۆ خۆمان دەفرۆشین. ئێستا كە دەچن بۆ بەغدا، ئەوەی پار ئامادەبون بماندەنێ‌ ئەمساڵ ناماندەنی. وەكو فەلەستینیەكانتان لێكردین ئەوەی ئیسرائیل ئەمساڵ ئامادەیە بیدا بە فەلەستینیەكان، ساڵێكی تر پێیان نادات .

هیوادارم  باش بیری لێبكەنەوەو هەتا زوە دەستبكەن بە چاكسازی لەو بوارانەدا كە ئاماژەم بۆ كردوە. دڵنیابن بەغدا وا بەئاسانی نایەتە ژێرباری پێدانی بودجەوە. جگە لەوەی خۆشی توشی قەیران بوە، دەیەوێت هەرێمیش بچوكبكاتەوەو بیخاتە قاوغەكەی خۆیەوە. هەموشمان ئەوە دەزانین بەبێ بەغدا موچەتان پێ نادرێ‌. كەواتە دو ڕێگاتان لەبەردەمدایە: یەكەم: هەنگاونان بۆ چاكسازی خێراو هێنانەوەی پارەی نەوت بۆ دەربازبون لەم قەیڕانە. دوەم: یان گەڕانەوەیە بۆ بەغداو ڕازی بون بە هەمو داواكانیان  تا ئاستی تەسلیمبونی تەواو. دڵنیاین خاڵی یەكەم جێبەجێ ناكەن. كەواتە بۆ مانەوەی خۆتان بۆ خاڵی دوەم دەڵێن بەسەر چاو موافیق. هیوادارم من هەڵەبم و وادەرنەچێ‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×