حوكمڕانی سەركەوتو چۆنەو بە كێ دەكرێت؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2020-07-11     808

بەشی دوەم

دو ئیدارەیی و لێكەوتەو زیانەكانی

لە بەشی یەكەمی ئەم باسەمدا بەدرێژی باسی ئەوەم كردوە حكومەتی سەركەوتو چۆنەو بە كێ دەكرێت. باسەكەی ئێمە لێرەدا تایبەتە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لەڕاستیدا دو ئیدارەی تەواو جیاوازبون لە یەكتری، بەڵام لە ژێر ناوی حكومەتدا بۆ خەڵەتاندن و گەوجاندنی هاوڵاتیان و تاڵانكردن و دزینی سامانی نیشتمانی.

واتە حكومەت هەر ناو بوە. بەهەمان شێوەش پەڕلەمانەكەش پەڕلەمانێكی كارتونی بوەو لەبری ئەوەی ئەندامانی پەڕلە

ئەوكاتە حكومەت و پەڕلەمان بون بە دو دەزگای كارتۆنی و گاڵتینە كە پێشنیاردەكرا مام جەلال و مەسعود بارزانی یەكێكیان ببێتە سەرۆكی پەڕلەمان و ئەوی تریان بە سەرۆكی حكومەت.كۆیلەكانی بنەماڵەی بارزانی خۆیان توڕە دەكردو دەیانگوت، بە چ حەقێك دەتانەوێت سوكایەتی بە سەرۆك بكەن و بچوكی بكەنەوەو قسەی لە قسەدا بكەن و ڕەخنەشی لێبگرن؟ لێرەوە بیربكەرەوە هەر لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمەوە چۆن بیر لە حوكمڕانی كراوەتەوە. سەركردەیەك خۆی لەسەروی یاساو دەستورو هەمو هاوڵاتیان بزانێت، چۆن دەتوانرێت بەشێوەیەكی عادیلانە وڵات بەڕێوەببرێت. بۆیە ئەگەر حكومەتیش هەبێت، تەنها هەر بۆ ناو دەبێت و بڕیارە چارەنوسسازەكان هەمیشە لە دەرەوەی حكومەت و پەڕلەمانەوە دەدرێن. ئەوەی ئەم بۆچونەی سەرەوە دەسەلەمێنێت، زۆر بەكورتی لەم چەند خاڵانانەی خوارەوەدا ڕونی دەكەمەوە:

1. حكومەتێك لە ماوەی 29 ساڵی حوكمڕانیدا نەیتوانیبێت هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیس و هێزەكانی تر لە ژێر یەك فەرماندەدا یەكبخات و هێزێكی نیشتمانی یەكگرتوی مەشقپێكراو ئامادەبكات بۆ بەرگری لە هەرێمی كوردستان، ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە حكومەت بونی نییە. ئەو هێزە چەكدارانەش كە هەن دەچنە خانەی میلیشیای حیزبییەوە.

2.لەگەڵ ئەوەی بەناو ماوەی 29 ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، ئێستاش سنوری دەسەڵاتی ئەو دو حیزبە لە بازگەی دێگەڵە تێپەڕ ناكات و لە ئێستاشدا زینوی وەرتێشی هاتۆتەسەر. كە بەرەو هەولێر سەفەردەكەیت و دەگەیتە بازگەی دێگەڵە بە جۆرێك هەڵسوكەوتت لەگەڵ دەكرێت، وادەزانی دەچیتە وڵاتێكی تر.

3.لە ماوەی 29 ساڵی حوكمڕانیدا نەتوانرابێت داهاتی گومرگەكان و باجەكانی ناوخۆ بەپێی یاسا ڕێكبخەن و هەمو داهاتەكەی بگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و هەر بەشبەشێنەی حیزبی بێت و بە تاڵان ببرێت، ئەوە پێی ناگوترێت حكومەت.

4.لە ماوەی 29 ساڵی حوكمڕانیدا نەتوانرابێت لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بگەنە ئەنجام، بەهۆی ئەوەی كە پارتی دەیەوێت یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەویستی ئەوان بێت.

ئەمەش خۆی لە خۆیدا پرسیارێكی گرنگە. چونكە پارتی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم وەكو میرات بە موڵكی خۆی دەزانێت بۆیە دەیەوێت هەمو یاساكە لە بەرژەوەندی ئەواندا بێت. كەواتە پەڕلەمانیش هەر ناودەبێت و هیچ بایەخێكی نابێت.

5.حكومەت بڕیاریدا سەربەخۆ نەوت دەربهێنێت و بیفرۆشێت. ئەوەش ئەنجامدراو نەوت دەرهێنراو فرۆشرا. ڕێكەوتنی 50 ساڵەی فرۆشتنی نەوت و غاز لەگەڵ توركیا ئیمزا كرا.

هەرێمی كوردستان خرایە ڕەهنی توركیاوە لە ئەنجامی ئەو گریبەستەدا. بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بە ڕوسیا فرۆشرا. هەتا ئەم كاتەی ئەمە دەنوسم پەڕلەمانی كوردستان كەم تا زۆر ئاگای لە هیچ نەبێت. ئاگای لەوە نەبێت، چەند نەوت فرۆشراوە. بەچەند فرۆشراوە، داهاتی نەوت چەند بوە. دوای هەمو ئەم كەین و بەین و مامەڵانە، ئێستا حكومەت ئیفلاسی كردوەو پەنای بردۆتەوە بۆ بەغداو داوی موچەی فەرمانبەران دەكات. جگە لەوەش حكومەت دەڵێت بڕی 27 ملیار دۆلار قەرزدارین. پەڕلەمان ئاگاداری وردەكاری ئەوە نییە بۆچی قەرزكراوە، لە كێ قەرزكراوە.

كەواتە بون و نەبونی پەڕلەمانێكی ئاوا كارتۆنی لەچسدایە؟ تاوانێكی زۆر گەورەیە كە چەندین ساڵە پارەیەكی زۆر بۆ ئەو پەڕلەمانە لە بودجەی گشتی خەرج دەكرێت و دوای 4 ساڵ ئەندامێكی پەڕلەمان بە بڕی زیاتر لە 6 ملیۆن دینار خانەنشین دەكرێت و بایی 6 دینار سودی نەبوبێت. بەكورتی لە هەرێمی كوردستان نە پەڕلەمان و نە حكومەتی ڕاستەقینە نییە.

لە هەرێمی كوردستان دو ئیدارەی جیاواز هەیە كە لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە بەڕێوەدەبرێن بەڵام لەژێر ناوی حكومەتدا. دوای ئەوە دێمە سەر باسی لێكەوتەو زیانەكانی دو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان:

1.بونی دو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان بە مانای درێژەدانە بەو ناكۆكیانەی كە لە ساڵی 1964 دەستی پێكردوەو ئێستا كێشەو ناكۆكییەكان لەنێوان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا درێژەی هەیەو هەر بەهۆی دوژمنایەتی ئەم دو بنەماڵەوەیە، لە ئێستادا كۆی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان لەژێر مەترسی لەناوچوندایە.

2.بە هۆی دو ئیدارەیی و كێشەو ناكۆكی بەردەوام لە نێوان یەكێتی و پارتی، واتە هەردو بنەماڵەكە پشتیوانی نێودەوڵەتیمان لە دەست داوەو جێگەی هیوای هاوپەیمانان نەماوین.

3.بەهۆی دو ئیدارەییەوە بەرەدەوام یەكێتی و پارتی لە هەمو دام ودەزگا كارتۆنیەكانی حكومەتدا، وەكو پەڕلەمانی عێراق و كوردستان، ئەنجومەنی پارێزگاكان، نوێنەرانی یەكێتی و پارتی وەكو دو تیمی جیاواز كاردەكەن و زیاتر بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیان و بە ئاشكرا دژایەتی یەكتری دەكەن.

4.ئەو كاتەی مامجەلال سەرۆكی كۆمار بو، لەبری ئەوەی مەسعود بارزانی پشتیوانی لێ بكات و هاوكاری بێت، بەردەوام دژی ئەو كاری دەكرد، لێدوانی خراپی بەمەبەست دەدا بۆ ئەوەی پێگەی مامجەلال لاواز ببێت و ئیحراجی بكات لەبەردەم بەرپرسانی عێراقدا، بەتایبەتی لەو سەردەمەی مالیكی سەرۆكی حكومەت بو. تەنانەت هۆكاری نەخۆشكەوتنی مامجەلالیش بۆ ناكۆكیەكانی نێوان مەسعود بارزانی و مالیكی دەگێڕنەوە كە ئەو شەوەی مامجەلال توشی جەڵتەكە بوە تا بەیانی نەخەوتوەو هەر خەریكی نیوەندگیری بوە لە نێوان مالیكی و بارزانیدا.

5.ناكۆكیەكانی نێوان هەردولا سەری كێشا بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و لەدەستدانی نیوەی زیاتری خاكی كوردستان.

6.سوربونی پارتی لەسەر دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی بە بەهانەی ئەوەی ئابوری هەرێم سەربەخۆ دەكات، بەبێ ئەوەی ڕاوبۆچونی لایەنەكانی تر وەرگرێت، هەرێمی كوردستانی توشی ئیفلاسبونی تەواو كرد. توشی قەرزداری گەورەیان كرد. لەناچاریدا ئەوەتا حكومەت تەسلیم بە بەغدا بۆتەوە.

7.پارتی سەربەخۆ گرێبەستی پەنجا ساڵەی لەگەڵ توركیا مۆر كردوەو بەوهۆیەوە هەرێمی كوردستانیان بە جۆرێك بەستۆتەوە بە توركیا، وەكو ئەوە وایە هەرێمی كوردستان لە ڕەهنی توركیادا بێت.

8.بە هۆكاری ئەوەی پارتی بۆتە ژێردەستەو كۆیلەی توركیا ئەوەتا زۆرینەی ناوچەكانی بادینان كەوتۆتە ژێردەستی توركیاوەو هەمو میدیاكانی جیهان و ناوچەكە باسی ئەو داگیركاریەی توركیا دەكەن، بەڵام حكومەتی هەرێم نقەی لێوە نایەت و مێشیشی میوان نییە. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دو هۆكار :

یەكەم: پارتی زەمینەی خۆش كردوەو هەرێمی كوردستان بۆتە مۆڵگەی هێزی سەربازی تورك و میتی توركی ناتوانن و ناشوێرن هیچ قسەیەك بكەن.

دوەم: بەدوریش نازانرێت پارتی هەر خۆی زەمینەی خۆشكردبێت سوپای تورك بەو ژمارە زۆرە بێتە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بیانپارێزن لە كاتی ڕودانی خۆپیشانداندا. دەبوایە زو بزانین بردنی هێز بۆ زینۆی وەرتێ ئەم داگیركاریەی توركی بەدواوە دەبێت.

9.یەكێك لە هۆكارەكانی رێكنەكەوتنی بەغداو هەرێم لەسەر دۆسییەی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ ڕازینەبونی توركیا. چونكە لە ئێستا وەكو ئەوە وایە حكومەتی توركیا خاوەنی نەوتی كوردستان بێت. بۆیە حكومەتەكەی پارتی دەڵێت: ئێمە داهاتی نەوت تەسلیم بە بەغدا دەكەین نەك دۆسیەی نەوت، چونكە توركیا ڕازی نابێت.

10.ئەگەر سەرنجی هەمو ئەوانەی سەرەوە بدەین دەگەینە ئەو باوەڕەی كە قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستانیش لەبەردەم مەترسی گەورەدایە. دەتوانین بڵێین قەوارەكە هەر نەماوەو تەنها ناوی ماوە. هاوڵاتیان هیچ ئومێدێكیان بەم حكومەتە نەماوەو وەكو دو لایەنی تاڵانچی سەیری یەكێتی و پارتی دەكەن و كەس خۆشەویستی بۆ گەل و نیشتمان نەماوە.

بەهۆی ڕیفراندۆمەوە نیوەی خاكی كوردستانمان بە كەركوكیشەوە لە دەستداوە. نیوەی بادینان لە لایەن توركیاوە داگیر كراوە. لەو لاشەوە ئێران خۆی بە خاوەن زۆنی سەوز دەزانێت.

خاوەنی یەك دینار نین و 27 ملیار دۆلاریش قەرزدارین. ئەوەتا تەسلیم بە بەغدا بوینەوە. ئەم دو حیزبە بۆ مانەوەی خۆیان هەمو خەڵكی كوردستانیان كردۆتە موچەخۆر و ئەوەتا موچەشیان پێنادرێت. ئەگەر لەگەڵ بەغداش ڕیكبكەون و بڕی 600 ملیار دیناریش بدەن بە هەرێم، ئەو بڕە پارەیە بەشی موچەخۆران ناكات. هەمو چاكسازییەكەی حكومەتیش لە كەمكردنەوەو دواخستنی موچەدا خۆی دەبینێتەوە.

كورد پەندێكی هەیەو دەڵێت: مانگە شەو سەر لە ئێوارەوە دیارە. چاكسازییەكەی مەسروربارزانیش لە هەنگاوی یەكەمدا توشی شكست هات. چاكسازی ڕاستە قینە بە كەمكردنەوەو دواخستنی موچە ناكرێت. لەوە دەچێت مەسرور بارزانی نەوێرێت، یان نەتوانێت، یان نەیەوێت دەست بۆ ڕێكارە سەرەكییەكانی چارەسەری چاكسازی ببات و بە ڕاستی كار بۆ ئەوە بكات.

لێدوانەكەی ئومێد خۆشناو سەبارەت بە بڕینی موچەی بندیوارەكان، ئێجگار مەترسیدار بو. ئەوە نیشانەی شكستی چاكسازییەكەی مەسرور بارزانییە. ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، پڕۆسەی چاكسازی تەنها خۆڵكردنە چاوی جەماوەرەو مانایەكی تر نابەخشێت.

ئومێد خۆشناو دەڵێت: ئەگەر كادیرەكانی حیزب زەرەرمەند بون، حیزب بۆیان تەعویزدەكاتەوە. پرسیارە گرنگەكە لێرەدایە: حیزب لە چ سەرچاوەیەكەوە پارە بۆ ئەوانە دێنێت؟ پارە دزراوەكان دەهێننەوە، یان دەبێ هەرچی پارەی گومرگ و باجی ناوخۆ هەیە ببێتە موڵكی حیزب. دیارە یەكێتیش دەبێ هەمان كار بكات. ئەگەر قسەكەی ئومێد خۆشناو ڕاست بێت، مانای وایە پڕۆسەی چاكسازی هەر لە بنەڕەتەوە بۆ خەڵەتاندنی هاوڵاتیانە. موچەی موستەحەقەكان  كەم دەكەنەوەو لەبری مانگانە موچە دەبێتە وەرزی و لەولاشەوە لە سامانی دزراوی ئەم هەرێمە، موچەی كادیرانی حیزبی دەدەن. ئاخر ئەمە چ جۆرە چاكسازییەكەو سەری خەڵكیان پێوە مەشغوڵ كردوە.

كەواتە نەوت پارە نەكات و داهاتی ناوخۆ و پارەی گومرگەكانیش بۆ بندیوارەكان و كادیرانی حیزب بێت، چی دەمێنێتەوە بۆ باقی هاوڵاتیان؟

ئەگەر مەسرور بارزانی بەڕاستی بیەوێت چاكسازی بكات و خۆڵ نەكاتە چاوی خەڵك دەبێ ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بنێت :

1.پێش هەمو شتێك حكومەت بچوك بكاتەوە بۆ كەمتر لە 10 وەزارەت و ئەو لەشكرە لە وەزیرو جێگر وەزیرو گوزیرو بەڕیوەبەری گشتی و ڕاوێژكاری درۆینەو سەرۆكی دەستەو لەشكرێك لە فەرمانبەری بندیواری بێكار دوربخاتەوە. لەو ڕێگایەوە داهاتێكی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت.

2.چاكسازی ڕاستە قینە ناكرێت بەبێ ئەوەی دەست ببرێت بۆ بڕینی موچەی بندیوارو ئەوانەی دیوەخانانە وەردەگرن. مەسرور بارزانی دەبێت ڕاستگۆیانەو عادیلانە ئەمە جێبەجێ‌ بكات. ناتوانێت بندیوارەكانی یەكێتی لابەرێت، بێ ئەوەی دەستبەرێت بۆ بندیوارەكانی پارتیش.

راستە پارتی لە سەرەتاوە فێڵی كردوەو بندیوارەكانی خۆی خستۆتە سەر دامودەزگاكانی حكومەت و كاری حیزبی دەكەن، بەڵام ئەوانە هەر بندیوارن و دەبێ موچەكەیان ببڕێت.

3.ئەگەر مەسرور بارزانی بەڕاستی دەیەوێت چاكسازی بكات، هەنگاوی یەكەم دەبێ داهاتی گومرگەكانی سنوری پارتی بە تەواوی بگێڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت. ڕێگا لە قاچاخچیەتی نەوت و هەمو شتێكی سنوری پارتی بگرێت، ئەوكاتە زۆر ئاسان دەبێـت سنوری یەكێتیش كۆنتڕۆڵ بكرێت.

4.زۆربەی كۆمپانیا گەورەكان موڵكی پارتی و یەكێتین. كاسبییان بۆ كەس نەهێشتۆتەوە. باجیش نادەن. كەواتە دەبێ مەسرور بارزانی بەپێی یاسا باجی تەواو لەو كۆمپانیا حیزبیانە وەرگرێت.

ئەو بارودۆخەی ئێستا هەرێمی كوردستانی تێكەوتوەو قەوارەكەی لە بەر مەترسی لەناوچوندایە، لە ڕوی داراییەوە ئیفلاسی كردوە، بە هۆی ڕیفراندۆمەوە نیوەی زیاتر خاكی كوردستانمان لە دەست داوە، نیوەی بادینان لە لایەن توركیاوە داگیر كراوە. هیچ پشتیوانییەكی نێودەوڵەتیمان نەماوە.

هەمو ئەمانە بەرهەمی ناكۆكیەكانی پارتی و یەكێتین، واتە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، كە لە ساڵی 1964و ماوەی 29 ساڵی حوكمڕانییاندا بەردەوامن و لە ئێستاشدا لە خراپترین ئاستدایە. لە بارودۆخێكی ئاوا سەختدا چاكسازی كارێكی زۆر  قورسەو بڕیاری بوێرانەی دەوێت. بە بۆچونی خۆم چاكسازی بەم كەسانە ناكرێت چونكە چاكسازی پیاوی خۆی دەوێت.

مەسرور بارزانی چۆن دەتوانێت چاكسازی بكات، لە كاتێكدا خۆی یەكێكە لەوانەی هەرێمی كوردستانی گەیاندۆتە ئاستی ئیفلاسبون و تەسلیمبونەوە بە بەغداو ئەو خۆی لە ژینگەیەكی ئیستیخباراتی گەورەدا پەروەردە بوەو پیاوی دەوڵەتداری نییە. بۆیە قسەكردن لەسەر چاكسازی وەكو كوتانی ئاسنی سارد وایەو بێ ئەنجام دەبێت.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×