بۆچی تا ئێستا گەلی كورد نەیتوانیوە بەمافەكانی خۆی بگات؟ بەشی چوارەم

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2024-03-13     349

دوای كیمیاباران و ئەنفالەكانی ساڵی 1988 هەمو حیزبەكان و هێزی پێشمەرگەو ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان پاشەكشەیان كرد بۆ ناو ئێران . ماڵی پێشمەرگەكان و هاوڵاتیان چونە ناوئێرانەوەو پێشمەرگەش لەسەر سنوورەكان مانەوە . تەنها ژمارەیەكی كەم لە ناوەوە مابونەوە ئەوانەش لە لایەن ڕێكخستەنەكانی ناو شارەكانەوە هاوكاری دەكران . مانەوەی ئەوانەش  بۆ ئەوە نەبون شەڕ لەگەڵ حكومەتی عێراقی بكەن ، بەڵكو تەنها بۆ ئەوە بوو كە بیسەلمێنن شۆڕش هەر بەردەوامەو وەكو ساڵی 1975 بڕیاری ئاشبەتاڵ نەدراوە .

لە ڕاستیدا بێ ئومێدییەكی زۆر گەورە باڵی كێشابوو بەسەر هەموو سەركردەو هێزی پێشمەرگەو هاوڵاتیاندا چونكە زۆر قورس بوو ئەو بارودۆخەی بەسەر شۆڕشدا هاتبوو بە ئاسایی وەرگیرێت . سەرەڕای ئەم شكستە گەورەیەش پارەیەكی ئەوتۆ لەبەر دەستدا نەبوو كە بتوانرێت هاوكاری هێزی پێشمەرگەی پێ بكرێت . بۆیە سەركردایەتی یەكێتی زۆر بەڕاشكاوی وتیان هەر كەسێك كە دەتوانێت بڕوات  بۆ دەرەوەی وڵات لەسەر حسابی خۆی ، ئێمە پێمان چاكە و ڕێگرنابین لەچونە دەرەوەی هیچ كەسێك  

بەڵام خۆش بەختانە .زۆری نەبردو لە 2/8/1990  سەدام هێرشی كردە سەر وڵاتی كوەیت و گرتی .  دوای ئەوە  هاوپەیمانان  هێزیان كۆكردەوەو سوپای عێراقیان تێك شكاندو لە 4/3/1991 عێراق لە ژێر خێمەكەی سەفوان تەسلیم بوو  . لەو كاتەوە كە عێراق  كوەیتی داگیر كرد تا كاتی تەسلیم بونی نزیكەی 7 مانگی خایاند . لەو ماوەیەدا ڕاپەڕین  لە خواروی عێراق ڕوی دا دژی سەدام ، بەڵام هێزی هاو پەیمانان ئەو ڕاپەڕینەیان پێ خۆش نەبوو چونكە ترسی ئەوەیان هەبوو ئێران دەست بەسەر بارودۆخەكەدا بگرێت بۆیە هاوكاری ڕاپەڕینەكەیان نەكردو سەدام سەركوتی كردن .  لەو ماوەیەدا لە لایەن سەركردایەتی كوردەوە بیرلە  ڕاپەڕین كرایەوە و  كاك نەوشیروان یەكەم كەس بووە كە خەڵكی بە جیهازەوە  ناردۆتە ناو شارەكان وڕێكخستەنەكانیان ئامادەكردوەوە و  پەیوەندیان بە جاشەكانەوە كردوە .

 هەر لەبەر ئەوەیە كە كاك نەوشیروان بە ئەندازیاری ڕاپەڕین ناسراوە . جێی ئاماژەیە كە هەموان بیزانن كە هیچ كەسێك لەناو پارتی بیری لە ڕاپەڕین نەكربۆوە پێش هەولەكانی كاك نەوشیروان ، تەنانەت كە كاك نەوشیروان نامەی بۆ مەسعود بارزانی ناردوە لەو بارەیەوە ، هەر گاڵتەشی پی نەهاتوە . بەڵام بە قودرەتی قادر دوای ڕاپەڕین  مەسعود بارزانی و حیزبەكەی بونە پاڵەوان و خاوەنی هەموو شتێك .  

لە 5/3/ 1991 بۆ یەكەم جار لە ڕانیە ڕاپەڕین دەستی پێكردو دوایی زۆرینەی ناوچە كوردیەكان لە سوپای بەعس پاك كرانەوە. دوای ئەوە حكومەتی عێراقی هێرشی پێچەوانەی دەست پێكردەوەو كۆڕەوی ملیۆنی كورد دەستی پێكرد بۆ ئێران و توركیا . دوای ئەوە نەتەوە یەكگرتوەكان هاتنە سەرخەت و بڕیاری 688 دەركرد لە بەرژەوەندی كوردو ئاوارەكان گەڕانەوە .

 دواجار حكومەتی بەعس ڕوخاو  حكومەتی نوێی عێراق پێك هێنراو كورد بوو بە خاوەنی  نیمچە سەربەخۆیی خۆیی بە هاوكاری هاوپەیمانان  . لەو كاتەوە كورد بوو بە خاوەنی  پێگەیەكی  زۆر بەهێز لەناو عێراق  بە هۆی هاوكاری پشتیوانی هاوپەیمانان .هێزی پیشمەرگە ڕۆڵێكی باشی بینیوە  لە شەڕی داعشداو بەو هۆیەوە بەردەوام پشتیوانی كراوە لە لایەن هاوپەیمانانەوە و بە گرنگیەوە سەیری حكومەتی كوردی كراوە  .

 گومانی تێدا نییە دەست پێكردنی ڕاپەڕین و دوای ئەوە كۆڕەوی یەك ملیۆنی و هاوكاری هاوپەیمانان  بۆكوردو ڕوخانی حكومەتی بەعس  و پێك هێنانی حكومەتی نوێی عێراق و بەشداری كورد لەو حكومەتداو دروستبونی داعش و دواجار شەڕی داعش و لەناو بردنیان و ڕۆلێ پێشمەرگە لەو شەڕەدا ،  ئەگەر بە هەموو وردەكاریە كانیەوە باسی بكەین چەندین كتێبی دەوێت لەسەری بنوسرێت . خۆشبەختانە زۆرینەی ئەوانەی ئێستا لەژیاندان  ئاگاداری هەموو ڕوداوەكانی ڕاپڕین و دوای ڕاپەڕینن . ئەوەی لێرەدا زۆر بەلامەوە گرنگەو زۆریش بە پێویستی دەزانم جەختی لەسەر بكەمەوە ئەوەیە كە  كورد ساڵەهای ساڵە خەبات دەكات و خوێن دەڕێژێت لە پێناوی بەدەستهێنانی مافەكانیدا . پرسیاری من لێرەدا ئەمەیە :   دوای ڕاپەڕین و ڕوخانی حكومەتی بەعس سەركردایەتی كورد هەلێكی زێڕینی بۆ هاتە كایەوە. ئایا سەرانی  كورد توانیان سود لەم هەلە زێڕینە وەرگرن بۆ بەرژەوەندی میللەتەكەیان  ؟.

ئەگەر خۆم وەڵامی  پرسیارەكەی خۆم بدەمەوە دەڵێم : سەركردایەتی كورد بە هیچ شێوەیەك نەیتوانی ئەم هەلە زێڕینە بۆ خزمەتی میللەتەكەی خۆی بقۆزێتەوەو سودی لێ وەرگرێت . نەك هەر نەیتوانی سودی لێ وەرگرن ، میللەتیشیان  تا ساڵانێكی زۆر بێ ئومید كرد . لێرەدا هەوڵ دەدەم زۆر بەكورتی باسی ئەو هەمو كەم و كورتیانەی سەركردایەتی كورد بكەم دوای ڕاپەڕین و ڕوخانی حكومەتی بەعس و دروستبونی هەرێمی كوردستان و بەشداری كورد  لە حكومەتی مەركەزیدا[D1]   لە دروستبونیەوە تا ئێستا :

یەكەم : بە درێژایی مێژوو سەركردەی شؤرشەكان نەیان توانیوە پێش ڕوداوەكان  بكەون و پێشبینی ئەوە بكەن لە داهاتودا چی ڕودەدات بۆ  ئەوەی  نەخشە و پلانی پێویست ئامادە بكەن بۆ ئەوەی لە كاتی پێویستدا سودی لێ وەرگرن . ئەو كاتەی  هەرێمی كوردستان كەوتە ژێر دەستی كوردەوە ، لە بری ئەوەی پارێزگاری لەو دەسكەوتانە بكەن و مومتەلەكاتی حكومەت كە دواجار دەبێتە موڵكی گشتی بپارێزن ، تاڵان كران . یەكێتی و پارتی شەڕیان بوو لەسەر ئەوەی كامیان زۆرترین بیناو مومتەلەكاتی حكومەت بۆخۆیان داگیر بكەن .

دووەم :  پێش ڕاپەرین ژمارەی هێزی پیشمەرگەی هەموولایەنەكان لە 10 هەزار پیشمەرگە تێپەڕی نەكردوە ، ئەمە لە كاتێكدایە ئەو كوردانەی كە چەكیان بۆ حكومەتی بەعس هەڵگرتبو كە بەجاش ناودەبران و دژی هێزی پێشمەرگە شەڕیان دەكرد نزیكەی 150 هەزار جاش دەبون . كاتێك ڕاپەڕین كرا ئەم جاشانە هەموو هاتنە ناو خەڵكە ڕأپەڕیوەكەوە . ئەوەش لە پیاوەتی خۆیانەوە نەبوەو لەترسی خۆیان بوە . ڕاستە هەندێك لەو سەرۆك جاش و جاشانە پێش ڕاپەڕینیش پەیوەندیان بە هێزی پێشمەرگەوە هەبوەو یارمەتی پێشمەرگەشیان داوە و هەندێكی تریشیان ڕۆڵی باشیان بینیوە لە كاتی ڕاپەڕیندا ، بەڵام ئەمانە ژمارەەیكی زۆر كەمبون ئەگەر بەراوردیان بكەی  بە كۆی ژمارەی جاشەكان . سەدانیان تێدا بوە كە خیانەتی زۆر گەورەیان كردوە ، چەندین تێكۆشەری كوردیان بە گرتن و ئیعدامكردن داوە و دەستیان سوور بوە بە خوێنی دەیان  پیشمەرگەی قاڕەمان  . هیچ بەرنامەیەكی پێش وەختە نەبوە ئەگەر ڕاپەڕین  سەری گرت چ بڕیارێك بدەن بەرامبەر بەو جاشانە . یەكێتی بڕیاریدا كە ئەم جاشانە بە پێی یاسا دادگایی بكرێن ، بەڵام پارتی لەولاوە فەرمانی لێخۆشبونی بۆ دەركردن .

 كێشە گەورەكە لێرەدا ئەوەیە كە یەكێتی لە دەستپێكردنەوەی شۆڕشی نوێوە لە ساڵی  1976 كێشەی لەگەڵ ئەم جاشانە هەبوە چونكە تەنها یەكێتی لەگۆڕەپانی خەباتدابوەو بەردەوام ڕوبەڕوی یەكتر بونەوە .  پارتی لە ساڵی 1986 هاتوتەوە بۆ سنووری گەرمیان و هیچ كێشەی پێشینەیان لەگەڵ جاشەكان نەبوە . كاتی خۆشی پارتی فەرمانی كردبوو بە ئەندامەكانیان  لە سنووری گەرمیان كە ببنە جاش و شەڕی یەكێتی بكەن . قالە فەرەج و تەحسین شاوەیش باشترین نمونەن . دواجار قاڕەمانێكی وەكو ڕیشە كە ڕەمزی خەبات و تێكۆشانی پێشمەرگە بوو ، بەدەستی تەحسین شاوەیس شەهید كرا .

كاتێك جاشە كان گوێبیستی پەیامەكەی یەكێتی  و پارتی  بون ، ئەوان پارتیان هەڵبژارد و بە پۆل پەیوەندیان بە پارتیەوە كرد.هەر ئەمەش بوو كە بوو بە هۆكاری ئەوەی لە  هەڵبژاردنی یەكمدا پارتی لە یەكێتی زیاتر دەنگی هێنا واتە بەدەنگی جاش و خۆفرۆشەكان بوو بە یەكەم . زۆرن ئەوانەی كە پێشتر پێشمەرگەیان شەهید كردوەو ئیستا موچەی ئەمانە لە موچەی شەهیدەكە زیاترە . بچن بەدواداچون بكەن وبزانن  موچەی تەحسین شاوەیس و  شەهیدانەی مامە ڕیشە چەندە .

 ئەمە یەكێكە لە خرابترین كارەكانی  سەركردایەتی  بەناو شۆڕشەوە خوا دەوامیان نەدات  كە هەر لە سەرەتای ڕاپرینەوە كردیان . بیر بكەنەوە سەركردەیەكی كورد كە چەندین ساڵە  بەناو شۆڕش دەكات و خەبات دەكات بۆ ڕزگاری گەل و نیشتمانەكەی و ئێستاش  ژمارەیەكی زۆری بێ ئاگا شانازی بەڕێبازەكەیەوە دەكەن ، بە ڕەوای ببینێت و ڕازیبێت كە  موچەی جاشێكی خائین و تاوانبار هەر لەبەر ئەوەی چۆتە بەرەی خۆیەوە ، زیاتر بێت لە موچەی شەهیدێكی قارەمان . من لە هەموو ئەوانە دەپرسم كە ئەم نوسینە دەخوێننەوە ، دەبێ ئەو میللەتە چاوەڕوانی چ شتێكی باش بكات لە سە كردەی ئاوا ؟.

 سێیەم  : كورد شۆڕشی كرد بۆ ئەوەی سەركەوتن بەدەست بهێنن و قۆناغی دووەم دەبێ دەوڵەت داری بكەی . بەڵام كاتێك ڕاپەرین كراو سەركەوتن بەدەست هات و هەرێمی كوردستان سەربەخۆ بوو، لە بری ئەوەی  حكومەت و پەڕلەمان و هێزی پێشمەرگەو دام و دەزگای حكومەت دامەزرێنن و بیكەنە ئەوەلیاتی كارەكانیان و یاسا سەروەركەن و عەدالەتی كۆمەڵایەتی دەستەبەر بكەن و هەوڵی دروستكردنی ژێرخانێكی ئابوری بە هێز بدەن بۆ ئەوەی  بتوانین لەسەر قاچی خۆمان بوەستین و خۆمان  بەڕیوەبەرین و دەست لە كەس پان نەكەینەوە ، هاتین حیزبمان كرد بە حوكمڕان و خاوەن بریار، بۆیە تا ئێستاش هەر مێلیشیای حیزبیمان هەیەو نەتوانرا هێزێكی پێشەرگەی یەكگرتوی نیشتمانی دامەزرێنین.

 حوكمڕانی حیزبیش واتە  سەرەتا تەقدیس كردنی سەركردەكان . دەوڵەمەند كردنی سەركردەو كادێری حیزبەكان . بەتاڵان بردنی سامانی نیشتمانی و دواجار لە بری ئەوەی كەسی شیاو لە شوێنی شیاو دانرێت لە فەرمانگەكانی حكومەت ، هاتن دیاردەی خزمخزمێنەو مەحسوبیوت  مەنسوبیەتیان كردە بنەمای  دامەزراندن . بۆیە هەر لەسەرەتاوە سیستەمی حوكمڕانی هەرێم شكستی هێنا .

 دواجار شەڕی ناوخۆ دروست بوو هەرچی دنیایە بە دۆست ودوژمنەوە  بون بە ناوبژیوان بۆ ئاشتكردنەوەی كوردەكان . دواجار ئەم سەركردانە ئابڕوی میللەتیشیان برد . ئەم شەڕی یەكتری كوردان و تۆڵەكردنەوە لە یەكتری ، پێش 104 ساڵ لەمەو بەر  سیاسیە ناودارەكانی باسیان كردوە . ئەم قۆناغە خراپەی ئێستای هەرێمی كوردستانی تێكەوتوە هەموی بەرهەم و ئەنجامی ئەوەیە كە حیزبەكان بون بە حوكمڕان .

چوارەم :  مادەی 140 كە خراوەتە ناودەستورەوەو دەربارەی دیاریكردنی  سنووری هەرێمی كوردستان . بەڵام ئەم مادەیە خۆی لەخۆیدا دژی خواستەكانی كوردە . ئەوزەویانەی ئێستا بە پێی ئەم مادەیە  بونە ناوچە كێشە لە سەرەكان ، كورد خۆی خاوەنیان بوەو حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق هاتون كوردەكانیان دەركردوەو عەرەبیان خستۆتە شوێنیان . ئێستا  كورد جارێكیتر دەستی بەسەردا گرتونەوەو دراونەوە بە خاوەنی خۆیان . كەواتە بۆچی ئەمانە كراون بەناوچەی كێشە لە سەر، لەكاتێكدا بە درێژایی مێژو موڵكی كورد بون .  دەبوایە مادەكە بە شێوەیەك داڕێژرێت ، كە بڵێت دەبێ ئەو زەویانە بە پێی مادەی 140 بە یاسا بخرێنەوە سەرخاوەنە ئەسڵیەكانیان  كە كوردن .

 بەڵام كورد خۆی هاتوە ئەم زەویانەی خستۆتە گومانەوە . واتە وەرن قسە لە بارەی ئەم زەویانە دەكەین بۆ ئەوەی بزانین موڵكی كوردن یان عەرەب ؟. ئەمە نیشانەیكی ڕونە بۆ ئەوەی كە كورد نە لە سیساسەت و یاسا هیچ دەزانێت و نە بەرنامەی پێش وەختەی هەبوە . ئەوەتا كورد سەركەوتنی بەدەست هێناوە و نازانێت چی بكات .     

پێنجەم :  بە بۆچونی من وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی  كۆمار لە لایەن كوردەوە  هەڵەیەكی گەورە بووە . لە بەر ئەوەی ئەو پۆستە پۆستێكی تەشریفاتیە .  ناتوانی بە تایبەتی لەڕێگای ئەم پۆستەوە  بەرگری لە مافەكانی كورد بكرێت ، چونكە سەرۆكی كۆمار لەڕوی یاساییەوە سەرۆكی هەموو وڵاتە .  لە ڕاستیشدا هەموو سەرۆك كۆمارەكانیش بە مامجەلالیشەوە  شەرمنانە هەڵسوكەوتیان كردوەو لە بەر پاراستنی پۆستەكەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان ، هەرگیز بەرگریان لە مافەكانی كورد نەكردوەو بەكوردی پەتی خۆیان خراپ نەكردوە .

هەمومان دەزانین مامجەلال لە هەموو سەرۆك كۆمارەكانی تر بە هێزتر بوەو خاوەنی كەسایەتییەكی  تایبەت بوەو لەسەر ئاستی ناوەو دەرەوەو بەرو دراوسێ ناسراوە .بەڵام ئەوەندەی هەوڵی داوە لایەنە عێراقیەكان ڕازی بكات ،  نیوەی ئەوە بەرگری لە مافەكانی كورد نەكردوە . مامجەلال لەپۆڵ بریمەری حاكمی مدەنی ئەمریكی لە عێراق توڕەبوو لەبەر ئەوەی لەسەرەتاوە ڕازی نەبوو ببێتە سەرۆكی كۆمار . بەڵام ئەو دەبوو لە سەر ئەوە لێی توڕەبێت ، كە كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان ناگێڕێتەوە بۆ كورد . دەبوو ئەگەر داواشی لێ بكەن پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت ، ئەو وەری نەگرێت  چونكە كە ئەو پۆستەی وەرگرت دەستی دەبەسترێت و ناتوانێت داوای مافەكانی كورد بكات .  مامجەلال سەردانی كەركوكی كرد . لە بری ئەوەی بڵیت : ڕاستە كەركوك شارێكی كوردستانییە ، بەڵام  شارێكی پێكەوە ژیانی كەمایەتیە نەتەوەیی و ئاینیە كانیشە  . بەڵام ئەو هات كوردی خستە ئاستی توركمانەوە . چونكە وتی دەبێ پۆستەكان  وەكو یەك لە نێوان عەرەب و توركمان وكورد دابەش بكەن . ئەمەی  كرد بۆ ڕازیكردنی توركمانەكان لەبەر توركیا . من خۆم چەندین جارگوێم لێبوە كە  مامجەلال شانازی بەوەوە دەكرد  كە هەوڵ دەدات سۆپایەكی نوێ بۆ عێراق دروست بكەن . بێ ئاگا لەوەی كە دواجارهەر ئەم سوپایە  هەرێمی  كوردستان داگیر دەكاتەوە .

وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن مامجەلالەوە  زیانی زۆر گەورەشی بە پڕۆسەی سیاسی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و خودی حیزبەی خۆی گەیاند .  مام جەلال بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك كۆمار دەبوو مەرایی بۆ مەسعود بارزانی بكات و ئەو ڕازی بێت . ئەویش لە خوای دەویست مام جەلال داوای ئەو پۆستە بكات چونكە ئەوە مانای تەسلیم كردنی هەرێمی كوردستانە بە مەسعود بارزانی . لەو كاتەوە هاوسەنگی هێزلە نێوان یەكێتی و پارتی تێك چوو ، پارتی بو بە هێزی یەكەم و خاوەن بڕیار لە هەرێمی كوردستان .

 هەڵەی دووەمی مامجەلال ئەوە بووكاتێك بوو بە سەرۆكی كۆمار ،  نەهات لە جێگەی خۆی كاك نەوشیروان بكاتە سكرتێری گشتی . ئەگەر كاك نەوشیروانی بكردایە بە سكرتێری یەكێتی ، نە بزوتنەوەی گۆڕان دروست دەبوو ، نە مسعود بارزانی دەبوو بە بڕیاردەری یەكەم لە هەرێمی كوردستان ، نە گەندەڵی لەناو یەكێتێدا دەگەیشتە لوتكەو نەلە كۆنگرەی  یەكێتێدا هەموو سەركردە كۆنەكان  ئاوت دەكران و نە بارودۆخی یەكێتیش  دەگەیشتە ئەم ئاستەی ئێستا .

شەشەم  :  وەكو مەزندە دەكرێت و قسەی لە بارەوە دەكرێت .كورد لە بەغدا نزیكەی 600 پۆستی باڵای هەبوە . وەكو سەرۆكی كۆمار جێگری سەرۆكی حكومەت ، جێگری سەرۆكی پەڕلەمان ، دەیان ئەندام پەڕلەمان ، وەزیرو جێگر وەزیر ، بەڕیوەبەری گشتی و چەندین پۆستی تر . دوای چەندین ساڵ مێژوو بۆی سەلماندین بەشداری كورد لە بەغدا بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی نەبوە بەڵكو تەنها بۆ بەرژەوەندی حیزبەكان بوە كە هەمیشە هەوڵیان داوە  ئەندامەكانی خۆیان دامەزرێنن ، نەك گەڕان بەدوای ئەوەی كەسی شیاو بخەنە شوێنی شیاو بۆ ئەوەی بتوانن مافەكانی كورد بەدەست بهێنن  . فڕاكسیۆنە كوردیەكان لە بەغدا كە بەناو نوێنەری كوردن ، كەم كات هەبوە ئەمانە هەمویان لەناو خۆیاندا كۆك بن و بە یەكەوە بەرگری لە مافەكانی كورد بكەن . یەكێتی و پارتی كە دوو هێزی سەرەكی بون ، بەردەوام كێشەو ناكۆكیان هەبوە لەسەرئەوەی كامیان زۆرترین پۆست وەرگرێت .

سەرنج بدەن لە دروستبونی حكومەتی نوێی عێراقەوە كورد بەشدارە لە بەغدا و تا ئێستا مادەی 140  هیچی لێ جێ بەجێ نەكراوە ، بەڵام ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەم سەركردایەتی كوردە بیریان لەوە نەكردەوە هەڕەشەی كشانەوە لە حكومەتی مەركەزی بكەن و ئەگەر حكومەتی بەغدا وەڵامیان نەداتەوە .  تەنها بۆ  جارێك  خۆیان تاقی بكەنەوەو بەغدا بەجێ بهێڵن . ئەمە مانای ئەوەیە كە سەركردایەتی  كورد پێش وەخت بەرنامەی نەبووە كە چی بكات لە بەغدا و بەشداریان لە حكومەتی بەغدا تەنها بۆ وەرگرتنی پلەو پۆست و پایەو دەسكەوتی حیزبی و شەخسی بوەو هیچیتر .

حەوتەم  : سەرەتا باسی ئەوەم كرد كە مامجەلال لە پێناوی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماردا بنەماڵەی  بارزانی كرد بە حاكمی یەكەمی هەرێمی كوردستان . ئەوانیش بەناوی ئابوری سەربەخۆوە  دەستیان كرد بە دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی .دواجار حكومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی بڕی . بنەماڵەی بارزانیش بە جۆرێك گرێبەستە نەوتیەكانیان كردوە  كە زۆرینەی داهاتی بۆ كۆمپانیاكانەو بەشێكی كەمی بۆ هەرێم دەگەڕێتەوە . ئەنجامەكەی بوو بە هۆی ئەوەی نەتوانرێت موچەی فەرمانبەران بدرێت و 30 ملیار دۆلاریش قەرز بخەنە سەر هاوڵاتیان . دواجار دادگای فیدڕالێ عێراق بڕێاریدا كە هەرێم نەتوانێت نەوت بفرۆشێت و ئێستا ئێمە بوینە سواڵكەر لە بەغدا .

 هەشتەمم:  ئەمەریكا گەورەترین دۆست و پاڵپشتی كورد بوە لە قۆناغی ڕاپەڕین و دوای ڕاپەرین . بەڵام كاتێك مەسعود بارزانی بڕیاریدا ڕیفراندۆم بكات ئەمەریكا  وەزیری خاریجیەكەی  ڕاسپارد كە داوا لە مەسعود بارزانی بكات ڕیفراندۆم ئەنجام نەدات  چونكە كاتەكەی باش نییەو دوابخرێت بۆ كاتێكی تر . وەزیری خارجیەی ئەمەریكاش نامەیەكی 700 ووشەیی بۆ مەسعود بارزانی ناردو داوای لێكرد ڕیفراندۆم نەكات و دوای بخات .  بەڵام لە بری ئەوەی بەقسەی ئەمەریكا بكات ،  پەنجەی بەرز كردەوەو وتی مادام  ئێوە پیتان ناخۆشە ڕیفراندۆم بكەم ،  ئەوا من بڕیاری ڕیفراندۆمم دا  . بەڵێ ڕیفراندۆمی كرد و بەو هۆیەوە نیوەی زیاتری خاكی كوردستانی لە دەستدا . پێشینان چاكیان وتوە  كە وتویانە : بەردێك[D2]  نەزان بیخاتە گۆمێك ئاوەوەو ، بە هەزار زانا دەرنایەتەوە . جا وەرن بیر بكەنەوە چەندین ساڵ كورد شۆڕش بكات و دەریایەك خوێن بڕێژێت و دوایی هەلێكی زێڕینت بۆ هەڵكەوێت و ئەوەش بیركردنەوەی سەرۆكی گەورەترین حیزبی كوردی بێت ، دەبێ هاوڵاتیانی كورد چاوەڕوانی چ دوا ڕۆژێك بكەن لە سایەی ئەو سەركردانەوە ؟.

نۆیەم  : كورد قسەیەكی باشی هەیە كە دەلیت : چاكی مەكە با خراپ نەبێت . لە بری ئەوەی پارتی و مەسعود بارزانی كارێك بكەن ئەمەریكا ئاشت بكەنەوە ، هاتن هەڵەیەكی گەورەتریان بەرامبەر بە ئەمەریكا كردو زیانێكی گەورەشیان بە هەرێمی كوردستان گەیاند . سەرۆكی حكومەت  و جێگرەكەی  كە هەر یەكەیان بایی قڕانێكی ئێرانی لە بواری نەوت و گرێبەست نازانن ، هەستان چون بۆ ڕوسیاو ئیمتیازی دەرهێنانی نەوت و ڕاكێشانی بۆری نەوتیان دا بە ڕوسیا كە ئەمە دەكاتە دژایەتیكردنی ئەمەریكا

ئەمەریكا دێت پشتیوانی كورد دەكات ، بەڵام ئەمان دەچن دەبن بە دۆستی ڕوسیا كە دەزانن ڕوسیاو ئەمەریكا دوژمنی سەرسەختی یەكترین و بەردەوام تەڵە بۆ یەكتری دەنێنەوە .  ئیستا ئەمەریكا هیچ ئومێدێكی بە كوردی عێراق نەماوەو ئەگەر بە جۆرێك لە جۆرەكانیش هاوكاری كورد بكات ، گومانی تێدا نابێت لە پشتی پەردەوە قازانجو مەبەستی خۆی هەیە نەك لە بەر خاتری چاوی كاڵی كورد بێت . ئەم بێ ئومێدیەی ئەمەریكا لە كورد ، لە نەزانی و خۆ پەرستی بەشێك لە سەركردەكانی كوردەوە سەرچاوە دەگرێت كە تا ئێستا ئەلف و بای سیاسەت نازانن وخۆشیان بەسەركردەی میللەت دەزانن  .

 سەیركەن ئێستا هەرێمی كوردستان خاوەنی هیچ ئابورییەكی خۆی نییە ، ژێرخانی ئابوری داڕماوە ، ئەمەریكای دۆستی نەماوە ، هاوپەیمانان ئیشیان بە كورد نەماوە ، هەرێمی كوردستان خۆی ناتوانێت نەوت بفرۆشێت و 30 ملیار دۆلاریش قەرزدارە . هەموو ئەوەی بەسەر ئەم هەرێمەو ئەم میللەتە هەتوە  لە ئەنجامی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتییە .  واتە هەردوو بنەماڵە . ئەمانە خۆیان بەخاوەن و كوێخای هەرێمی كوردستان دەزانن و بە حەقی خۆشیانی دەزانن لە بری هەموان بڕیار بدەن .

 لە ئەنجامدا هەرێمی كوردستانیان گەیاندۆتە لێواری مەرگ  . ئەم بارودۆخەی ئێسنا ڕڕودەدات   هەمووی لە ئەنجامی ئەوەیە كە سەركردەكانی كورد لە دێر زەمانەوە  ناكوكو نا تەبا بون  لە گەل یەكتری بەردەوام خەرێكی تۆڵەكردنەوە بون لە یەكتری . بەڕێزان ئەوەی بەر لە 104 ساڵ لەمەوبەر سەبارەت بە ناكۆكیەكانی نێوان سەركردەكانی كورد وتراوە ، ئێستا باردۆخەكە زۆر لەو كاتە خرابترەو بازاڕی قسەو باسەكانیش سەبارەت بەوە زۆر گەرم و گوڕترە لەو كاتە . بۆیە تا ماوەیەكی زۆری تریش كەس چاوەڕوانی ئەوە نەكات  میللەتی كورد بە مافەكانی خۆی بگات دەبێ چاوەڕوان بین  تا ئەوكاتەی عەقڵیەتی تاكی كوردی گۆڕانی بەسەردا  دێت و كۆتایی بە حوكمی بنەماڵەكان دینێت .    

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×