تەنها جارێك خۆتان تاقی بكەنەوەو لەبەغدا بكشێنەوە خۆ دنیا وێران نابێت

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2024-02-02     212

لە دروستبونی حكومەتی عێڕاقی دوای نەمانی سەدامەوە  كورد بەشدارە لە كابینە یەك لە دوای یەكەكانی حوكمڕانی عێراقدا تا ئیستا . لە كاتێكدا كورد خاوەنی پێگەیەكی قایم و پشتیوانیەكی بە هێزی نێودەوڵەتی بوەو زۆرپۆستی باڵای وەكوسەرۆكی كۆمارو وەزیرو چێگر وەزیرو چەندین ئەندام پەڕلەمان و دەیان پۆستی باڵای تر بوە ، بەڵام نەیتوانیوە لانی كەمی  مافەكانی كورد بە دەست بهێنێت و مادەی 140 كە لەدەستورا گێگێر كراوە  جێ بە جێ بكات . بەڵام وەكو دەركەوتوە هەموو ئەو پۆستانە بۆ وەرگرتنی موچەو ئیمتیازاتی شەخسی بووە لەسەر پشك پشكێنەی حیزبی . ئەوەندەی یەكێتی و پارتی كێشەیان  لە سەر وەرگرتنی پۆست هەبوە ،  نیوەی ئەوە پێداگریان لەسەر مافەكانی گەلی كورد  نەكردوە  .

یەكێتی و پارتی لە بری ئەوەی بەدەست هێنانی مافەكانی كورد بكەنە ئەوەلیاتی كارەكانیان  لە بەغدا ،  بەردەوام پلەو پۆست و بەرژەوەندی حیزبیان كردۆتە  ئەوەلیات . ئەوەندەی لە سەر وەرگرتنی پلەو پۆست  كێشەیان بوە ، نیوەی ئەوە بەرگرییان لە مافەكانی كورد نەكردوە . لە سەروی هەموو ئەمانەشەوە بەردەوام گلەییان لەبەغدا كردوە كە مافەكانی كورد دەستەبەر ناكەن .

سەیركەن لە كاتێكدا كورد بودجەیەكی باشی لە بەغدا وەردەگرت كە بە شی موچەو خەرجی و ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستانی دەكرد، ئەوان هاتن بە ناوی ئابوری سەربە خۆوە نەوتیان دەرهێناو فرۆشتیان بێ ڕەزامەندی بەغدا ، دواجار نە توانیان هەرێمی كوردستان ئاوەدان بكەنەوە نە توانیان لەكاتی خۆیدا موچە بدەن و سەرباری ئەوەش نزیكەی 30 ملیار دۆلاریان قەرزیان خستە سەر شانی خەڵك . داداگای پاریسیش  مافی فرۆشتنی نەوتی لە هەرێم وەرگرتەوەو  ئەو مافە درایەوە بە حكومەتی ناوەند . ئێستا نە هەرێم موچەی خەلكی پێ دابین دەكرێت و نە بەغداش بەشە بودجەی هەرێم دەنێڕیت . حكومەتی بەغدا  بە جۆرێك سوكایەتی و دەستی دەستی بە كورد دەكات  تا بە نیوە ناچڵ  بەشێكی موچەی موچە خۆران دەنێرێت ، لە میژودا وینەی نییەو  نە سوكایەتی ئاوا بە كەس كراوەو نە كەسیش قیوڵی كردوە . سەرەڕای هەموو ئەو سوكایەتیەی بە هاوڵاتیان وموچەخۆرانی كورد دەكرێت ، هەموو ئەوانەی پلەو پۆستیان لە بەغدا هەیە هەر لە سەرۆكی كۆمارەوە تا خواری خوارەوە ، هەمویان لە شوێنی خۆیانن و موچەو ئیمتیازاتی خۆیان ووردەگرن و مێشیش میوانیان نییە .

 لێرەدا پرسیاری من ئەوەیە باشە چی دەبوو ئەگەرجارێك لە سەر جێ بە جێ نەكردنی مادەی 140 یان دەركردنی كوردەكانی كەركوك لەسەر مڵك و ماڵ و زێدی خۆیان یان لەسەر ئەم دەستی دەستییەی ئیستا بە كوردی دەكەن بۆ نە ناردنی موچەی فەرمانبەران هەر ڕۆژە  بە دۆزینەوەی بەهانەیەك بۆ دواخستن و پێنەدانی موچە ، هەموو ئەوانەی لە بەغدان پۆستەكانیان بەجێ بهێڵن و بگەڕێنەوە كوردستان .

 بە بۆچونی من ئێستا باشترین هەلە بۆ كارێكی لەوجۆرە  سەیركەن ئەمەریكا زۆر توڕەیە لە بەغدا و ئەوەتا وەڤدێكی گەورە هاتۆتە هەولیرو كۆبونەوە لە گەڵ كورد دەكەن و داوادكەن هێزەكانی پێشمەرگە یەك بخەنەوە . ئەمەریكا زیاتر پێگەی خۆی لە سوریا قایم كردوە و ئەوەتا هەڕەشە لە ئێران دەكات . ئەگەر ئەمەریكا دڵنیابێت كە كورد یەكن و جێگەی ئومێدن  ، ئەوان لەعێراق ناچنە دەرەوەو یەكەم  دۆستیان كورد دەبێت و ئەوانیش دەبنە پشتیوای گەورە بۆمان .

 ئەگەرسەرنج بدەین و گوێ بیستی لێدوانەكانی هاوڵاتیان بین  لە هەموو كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە ، هەموان گەیشتونەئەو بڕوایەی كە حكومەتی بەغدا بەردەوام هەوڵی دروست كردنی كێشە دەكات لە نێوان حیزبە كوردستانیەكان بە تایبەتی یەكێتی و پارتی بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە بە تەواوی قەوارەی هەرێم لەناو بەرن . باشە كە هاوڵاتیان  لەم نیازەی حكومەتی بەغدا گەیشتبن ، ئەی خێرە سەركردایەتی كورد  تا ئێستا لە مەمە نەگەیشتوە ؟. خۆ ئەگەر ئەوانیش ئەمە بزانن و گوێی خۆیان كەڕ بكەن  بۆ ئەوەی هەر لەبەغدا  بمێننەوە لە پێناوی  موچەی باشدا ئەوە كارەساتە. خۆ ئەگەر سەركردایەتی كورد لە خەمی ئایندەی  هەرێمی  كوردستانەو دڵنیاشن  كەحكومەتی بەغدا مافەكانی كورد نادات  سوكایەتیش بە كورد دەكات ، باشە ناكرێت  سەركردایەتی كورد بۆ جارێك خۆی تاقی بكاتەوەو بڕیاری كشانەوە لە حكومەتی بەغدا بدات و فەرمان دەركا هەموو فەرمانبەرانی كورد لە بەغدا بە سەرۆكی كۆماریشەوە  بەغدا بە جێ بهێڵن و  بزانن كاردانەوەی بەغداوهاوپەیمانان چۆن دەبێت . دڵنیابن ئەنجامێكی باشی دەبێت .      

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×