چۆن ئەندامانی حیزبەكان و بەشێك لە كۆمەڵگا بە كۆیلە كراون؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2023-11-09     297

سەرەتا دەمەوێت پێناسەیەكی زۆر كورتی حیزب بكەم . حیزب بریتییە لەو كۆمەڵە خەڵكەی كە لە دەوری بەرنامەیەك كۆدەبنەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی گۆڕانكارییەك  لەناو كۆمەڵگادا . هەموو حیزبێكیش دەبی سەرۆكێك و سەركردایەتییەكی هەبێت كە لە لایەن ئەندامانی حیزبەوە  موتمانەیان پێ بدرێت  . سەرۆكی حیزب پێویستە خاوەنی كۆمەڵێك تایبەتمەندی جیاوازبێت لە ئەوانیتر. سەرۆكی حیزب دەبێ كەسێكی ڕۆشنبیرو بە ئاگابێت و  وشیاری سیاسی هەبێت   .  خاوەنی كەسایەتییەكی ناسراوی ناو كۆمەڵگا بێت . كار بكات بۆ سەركەوتنی حیزبەكەی نەك بۆ خۆی . دەبێ بە یەك چاو سەیری هەموان بكات لە پێدانی بەرپرسیاریەتیدا ، دەبێ ڕەچاوی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو بكات ، نەك لەسەر بنەمای مەحسوبیت و مەنسوبیەت، بەرپرسیاریەتیەكان دابەش بكات .

ئەندامی  حیزب بەو كەسە دەگوترێت كە بە فەڕمی پەیوەندی بە حیزبەكەوە كردوەو ناوی تۆمار كراوەو پەیمانی داوە بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكانی حیزب  . كادیری حیزب بەو كەسە دەگوترێت كە لە باقی ئەندامانی حیزبەكە بە ئاگاتر و ڕۆشنبیرتر و ناسراوتر و بە تواناترە  لەڕوی سیاسی و كۆمەڵایەتی و توانای باشی هەیە لە ناسەاندنی بەرنامەی حیزبەكەی  بە كۆمەڵانی خەڵك و بەو هۆیەوە دۆست و لایەنگری زۆرلە دەوری حیزبەكەی كۆبكاتەوە  .

 كادری حیزبی ئەگەرئاستێكی ڕۆشنبیری و سیاسی باشی هەبێت و خاوەنی كەسایەتییەكی  ناسراوی ناو كۆمەڵگا  بێت ، دەتوانێت ڕۆڵێكی زۆر گرنگ و بەرچاو ببینێت و جەماوەرێكی زۆر بۆ حیزبەكەی كۆبكاتەوە . كادری حیزبی باش ئەو كەسەیە  كە هەموو هێزو تواناو هەوڵەكانی  بۆ حیزب تەرخان دەكات و هەمیشە لە بیری بەرژەوەندڕی  حیزبەكەیی و میللەتەكەیدا نەك بەرژەوەندی تایبەتی خۆی .

كادیری حیزب كۆڵەكەی ڕاستەقینەی حیزبە و دەبێ سەرۆكی حیزب و سەركردایەتی حیزب هەمیشە ئەوانەیان لە بیر بێت و گرنگیان پێ بدەن و هەوڵ بدەن لەناو ئەوانەدا كەسانێك وا پەروەردە بكەن كە ببنە سەركردەی دوا ڕۆژی حیزبەكە . ئەو حیزبانە گەشەی باش و خێرا دەكەن و دەبنە جێی موتمانەی خەڵك كە سەرۆكی حیزب و سەركردەكانی حیزب نایانەوێت و بیر لەوە ناكەنەوە كە تا دەمرن هەر خۆیان سەركردەو بڕیار بەدەست بن و هەمیشە لە بیری ئەوەدان سەركردەی گەنج و لێهات و  بۆ حیزبەكەیان ئامادە بكەن بۆ دوای خۆیان . بەڵام سەد مەخابن من كە لە ساڵی 1961  چومە ناو خەباتی سیاسی وكوردایەتییەوە وبەشداری خەباتی كوردایەتیم كردوە تا ئەمڕۆ، لە هیچ قۆناغێكی خەباتداو لەناو هیچ حیزبێكی سیاسیدا نە هیچ سەركردەیەك و نە سەركردایەتییەكم  بینی كە ئەو مەرجانەیان تێدا بێت كە پێویستە  هەیان بێت . ئەو دوو بەرەكیەی لە ساڵی 1964 لە نێوان مەلا مستەفاو باڵی مەكتەبی سیاسی دروست بوو كە دواجار ئەم دوو بەرەكیە بو بە دومەڵێكی سەرەتانی لە جەستەی ئەم میللەتەدا .

لەو كاتەوە  لە لایەك حیزبەكان خەرێكی سڕینەوەو لەناوبردنی یەكتری بون ولە لایەكی تریشەوە لەناوهەر حیزبێكیشدا بە جیا  بەردەوام  سەرۆك و سەركردەكان وكادیرە پیشكەوتوەكان خەرێكی  شەڕی یەكتری بون لە پێناوی بەدەستهێنانی پلەو پۆست و بەرژەوەندی ماددیدا . دواجار ئەم ڕەفتارە خرپانە بونە هۆی ئەوەی ڕیزەكانی كورد بە گشتی  توشی پەرتەوازەیی ببن و خۆشەویستی و ئینتیمای نیشتمانی لای تاكی كورد لاواز ببێت و هیوایان بە ئایندە نەمێنێت .

ئەگەر ئێستا بە نمونە وەرگرین سەڕەڕای ئەوەی كە گەلی كورد چەندین دەرفەتی مێژویی بۆ هەڵكەوت كە دەسكەوتی گەورە بەدەست بهێنێت ، بەڵام بە هۆی دژایەتی حیزبەكان بۆ یەكتری لە لایەك و كێشەو ناكۆكی ناوحیزبەكان خۆیان لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندی تایبەتی ، ئەوەتا بە چاوی خۆتان دەبینن كە كورد لە هەرێمی كوردستان  لە خرابترین دۆخی سیاسی و دارایی و كۆمەڵایەتیدایە .

 

شۆڕشی كورد لە سالێ 1961-1992

لە ساڵی 1961 كە شؤرشی چەكداری كورد دەستی پێكردوە ئەگەر سەرنج بدەین خەڵك لە قۆناغەكانی سەرەتای شۆڕشەوە دڵسۆزانە ترو چالاكانەتروبێ ئەوەی بیر لە بەرژەوەندی شەخسی بكەنەوە خەباتیانكردوە بێ بەرامبەر . سەركردەكانی ئەوكاتیش ژیانێكی سادەیان هەبوەو زۆرجیاوازتر نەبوە لە ژیانی پێشمەرگەیەكی ئاسایی. لە زوربەی قۆناغەكانی شؤڕشدا  هەر بارەگای حەوانەوە نەبوەو خەڵك لەسەر حسابی هاوڵاتیانی گوندەكان ژیاوەو سەركردەكانیش بە هەمان شێوە وەكو پێشمەرگەی ئاسایی نانی ماڵانیان خواردوە .

 ئەگەر بەراوردی ژیانی سەركردەو كادیرە ئەساسیەكانی ئێستای حیزبەكان بكەین و كەمێك بەراوردیان بكەین بە ژیانی ڕؤژانی سەرەتایی دەگەینە ئەوەی ئەگەر ئەو كات سەركردەكان و كادیرەكانی حیزب بیریان لە گەندەڵی و خۆ دەولةمەند كردنی خۆیان نەكردبێتەوە ، لەبەر ئەوە نەبوە كە زۆر دەست پاك بوبن و زۆر لە خەمی پیشمەرگەو داهاتوی میللەتدابوبن بەڵكو بۆیان نەكراوەو بۆیان نەلواوە كە ئەو كارە بكەن . كەواتە ئەو قسە زێڕینانەی كە لەم بارەیەوە گوترەوە ڕێك پڕ بە پێستی خۆیانن بۆ ئێستا . وتراوە : بەكەس مەڵێ پیاوی دەست پاك تا ئەو كاتەی پارەی زۆری لە بەر دەستدا نەبێت. كەواتە ئەوكادیرو سەركردانەی ئێستا بونە خاوەنی ملیۆنان دۆلار لە سەر حسابی گشتی ، هەر هەمان سەركردەو كادیری ساڵانی پێش ڕاپەڕین نین كە ئەو كات لە ئاوی حەیات پاكتر بون ؟. هەر ئەوانە نەبون بە پێڵاوی  لاستیك و جلو بەرگی دڕاوەوەو گەڕانەوە  . كەواتە ئەوانە ئەو كاتیش غەریزەی دزیی و تاڵانیان لە گەرم و گوڕیدا بوە ، بەڵام هیچیان لە بەر دەستدا نەبوە كە بیدزن و بەو هۆیەوە بە كەسانی دەست پاك ناسرابون .

دەڵێت: بەكەس مەڵێ پیاوی چاك تا ئەوكاتەی دەسەڵاتی ڕەهای نەبێت . سەیركەن و بەراوردی ڕەفتاری زوربەی سەركردەو كادیری دەست ڕۆیشتوی ناو حیزبەكان بكەن لە ڕابوردودا كە وەكو مەڕو مەلائیكە ناسرابون ، لە گەڵ ئێستادا چۆن لە پێناوی بەرژەوەندی حیزبی و تایبەتێدا یەكتری خەڵتانی خوێن دەكەن و یەكتری دەبڕنەوە . كە واتە ئەو سەركردەو كادیرانەی لە ڕابوردو وەكو مەڕ ناسرابون ، لە بنەڕەتدا دڕندەبون و ئەو كات دەسەڵاتیان نەبوە .

 

گۆڕانكاریەكانی ناو حیزبە كوردیەكان دوای پێكهێنانی حكومەتی كوردی

دوای ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان و كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی حیزی بەعس و پێك هێنانی حكومەت و پەڕلەمانی كوردستان بارودۆخەكە بە 180 پلە گۆڕاو كەوتینە دنیایەكی نوێی حوكمڕانی بێ سەرو بەرەوە . هەر لە قۆناغی یەكەمی حوكمڕانی كێشەی گەورە لە نێوان یەكێتی و پارتی  وەكو دوو هێزی سەرەكی و هێزەكانی تر دەستی پێكرد لەسەربەدەستهێنانی زۆرترین پلەو پۆست و پارەو داهات . ئەوەبوو شەڕێكی خوێناوی لە نێوان یەكتی و پارتیدا دەستی پێكردو حیزبەكانی تریش هەر بونە شەریكی ئەو ناكۆكیانە چونكە هەریەكێك لەو حیزبانە بونە لایەنگری لایەنێكی شەڕكەر لە پێناوی دەسكەوتی تایبەتێدا .

بە تێپەڕبونی ڕۆژگار ناكۆكیەكان تەنها  لە نێوان دووحیزبی دژ بە یەك نەمانەوە ، بەڵكوئەو كێشانە چونە ناویەك بە یەكی حیزبەكان خۆشیانەوە  . هەموو ئەوكێشانەش لەسەر بەدەستهێنانی  زۆرترین پۆست و پلەو پایەو دەسەڵات و پارە بوە نەك لەسەر ئەوەی كامیان زۆرترین هەوڵی داوە لە پێناوی بەدەست هێنانی بەرژەوەندیەكانی گەلی كورد . چەندین حیزب دروست بون كە لە دوكانی حیزبی دەچن و لەو ڕێگایەوە لەم حیزب یان لەو حیزب پارە وەردەگرن بەرامبەر بەوەی  دەنگیان بۆ دەدەن . كەواتە لێرەوە حیزبایەتی لە ڕێگا ڕاستەقینەكەی خۆی لایداو حیزبەكان زیاتر ڕۆڵی كۆمپانیای بازرگانی دەبینن .

ئەگەر یەكێتی بە نمونە وەرگرین . یەكێتی ئەو كاتەی لە شاخیش بوو، كێشەی ناوخۆیی بۆ دروست بوو . مەلا بەختیار ئاڵای شۆڕشی دروست كرد ئەوەش تەنها بۆ ئەوەبوو خۆی وەكو سەركردەیەكی گەورەو بەناوبانگ دەركەوێت . مامجەلال لەگەڵ ئەوەی  لە ساڵی 1961 هاوڕێی نزیكی  كاك نەوشیروان بوو ، بەڵام كاتێك بوو بە سەرۆك كۆمار ئامادە نەبوو ددەست بەرداری پۆستی سكرتێری یەكێتی ببێت بۆ كاك نەوشیروان . خۆ ئەگەر ئەو كارەی بكردبایە  نە بزوتنەوەی گۆڕان دروست دەبوو ، نە یەكێتی  توشی ئەو شكستە سیاسیە گەورانە دەبوو ، نە پارتیش وەكو ئێستا باڵا دەست دەبوو . كاتێكیش كاك نەوشیروان بزوتنەوەی گۆرانی دروست كرد كارێكی وای نەكرد دوای خۆی بزوتنەوەكە  هەر بە بەهێزی بمێنێتەوەو بەرنامەكەی بەو جۆرە بوو كە كوڕەكانی ببنە خاوەنی بزوتنەوەكەو جێگرەوەی خۆی . سەیركەن ئێستا بزوتنەوەی گؤڕان لە چ بارو دۆخێكی خرابدایە . هەموشتان ئاگاداری ئەوەن دوای كۆچی مامجەلال ڕیزەكانی  یەكێتی لە بەر یەك هەڵتەكین و زۆرینەی سەركردەكۆنەكانی یەكێتی ئەوانەی لە دەست پێكردنەوەی شۆڕشی نوێدا بەشدار بون پەڕاوێز خران و كەسانێك بونە جێگرەوەیان كە ڕۆژێك عارەقیان بۆ كورد نەكردوە .

ئەگەرچی پارتی لە ئێستادا تۆكمەترین حیزبە بەراورد بە حیزبەكانی تر ، بەڵام لە ناوەوە وانیەو كێشەی زۆریان هەیە . هەموو ئەمانەش هەر لەسەر پلەو پۆست و پارەیە .  باسەكەی ئێمە زیاتر لەسەر كۆیلەی حیزبی و بە كۆیلەكردنی كۆمەڵگایە .  لە سەرەتادا ئاماژەم بەوە كردوە كە كادیری حیزبی كە ڕۆلی سەرەكی دەبینن لەناو هەر حیزبێكدا دوای سەرۆكی حیزب و سەركردایەتی حیزب ، ئەوانەن كە ئاستی ڕۆشنبیرییان بەرزەو زۆر دڵسۆزن بۆ حیزب و بەردەوام بیر لە بەرژەوەندی گشتی دەكەنەوەوجەماوەر هان دەدەن بۆ پشتیوانی كردنی حیزب . واتە كادیری حیزبی ڕاستە قینە كۆڵەكەو پایەكانی حیزبن .

 

بە كێ دەڵێن كۆیلەی حیزب، كاریان چییە ، كێ ئەمانەی دروست كردوە و لە پێناوی چیدا ؟.

ئەگەر بە وردی سەرنج بەدەین لە دەست پێكردنی شۆڕشی ئایلولەوە هەتا ئەم ساتەی ئێستا تێیداین هیچ سەركردەیەی حیزبێكمان نەدی كە تا ئەو كاتەی سەركردەیەو لە ژیاندایە لە بیری ئەوەدابێ و كار بۆ ئەوە بكات كەسانێك لە ناو حیزبەكەی باش پەروەردەبكات و ئامادەیان بكات  بۆ ئەوەی دوای نەمانی یان دەست بەردار بونی لە پۆستەكەی جێگای بگرنەوەوحیزبەكەی توشی كێشەی گەورە نەبێت . سەد مەخابن نەك ئەوەیان نەكردوە بەڵكو هەمیشە لە بیری ئەوەدابون و بە وردی سەرنجی ئەوەیان داوە ئەگەرزانیبێتیان كەسێك هەیەو خاوەن توانایە ئەمان لێی ترساون و هەوڵی پەراوێزخستنیان داوە ، زۆرجار بیریان لەناو بردنیشی كردۆتەوە . كەواتە زوربەی سەركردەكانی كورد حەزیان بەوە نەكردوە كەسانی بەتواناو لێهاتوو خاوەن ناوبانگ لە دەوریان هەبن چونكە بە مەترسییان زانیون بۆ سەر دەسەڵاتیان .

لە بەرامبەر ئەوەی كە گرینگی بە كەسایەتیە دەركەوتوەكان بدەن ، هاتون ئەوانیان پەڕاویز خستوەو كەسانی بێ تواناو بێزراویان هێناوەتە پێشەوە و گرنگیان پێداون  بۆئەوەی هەرچی ئەمان بیڵین ، جێبەجێی بكەن و هەر لە سەرەتاشەوە وا گۆشیان بكەن ئەگەر خۆیان لە دەسەڵاتا نەمان یان مردن ،  ئەم كۆیلانە پشتیوانی لە كوڕەكانیان یان كەسە نزیكەكانی خۆیان بكەن بۆ ئەوەی  جێگەیان بگرنەوە . كەواتە لێرەوە سەرەتای كۆیلایەتی لە ناو حیزبدا چەكەرە دەكات . ئەو كۆیلانە  دەبنە مۆرانەی ناو حیزب و ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕیزەكانی ناو حیزب تێك دەچن و كەس بڕوای بە كەس نامێنێت و دواجار نە ئینتیما بۆ حیزب و نە بۆ نیشتمان نامێنێت چونكە بە بەرنامەو هێواش هێواش هەرچی ئەندام و كادیری دلسۆزی حیزب هەیە پەڕاویز دەخرێن و كۆیلەكانی حیزب جێگەیان دەگرنەوە . ئەگەر سەرنج بدەن ئێستا دوو حیزبی سەرەكی واتە پارتی و یەكێتی دەسەڵاتی  هەرێمی كوردستانیان لە دەستدایە . ئەم دوو حیزبە هەر بەناو حیزبن لە ڕاستیدا  دوو بنەماڵەن كە ئەم هەرێمە بەڕێوە دەبەن ودەستیان گرتوە بەسەر كۆی سامانی ئەم نیشتمانەدا. هەر بە هۆی ئەم سامانەوە كە كەوتۆتە ژێردەستیان بەردەوام خەرێكی بە كۆیلەكردنی كۆمەڵگان .

 هەمومان دەزانین كە ماوەیەكی زۆرە یەكێتی و پارتی كێشەیان هەیە ، هەر یەكەیان دەستیان گرتوە بەسەر بەشێكی[D1]  هەرێمی كوردستاندا ، حكومەت تا ئێستا دوو ئیدارەییە . لە ئەنجامی ئەوەدا هەرێمی كوردستان توشی ئیفلاسبون بوو ، بەناچاری پەنایان بردەوە بۆ بەغداو ئێستا ئایندەی هەرێم لە مەترسیدایە . دوای ماوەیەكی زۆر  لەناكۆكی نێوانیان تەنها دوو ڕؤژ لەمەو بەر وەڤدی یەكێتی و پارتی لە پیرمام كۆبونەوە .
وەڤدەكەی هەردوو لا چەند كەس بن ، ئەوە لەلایەن پارتییەوە هەر نێچیر بارزانی و مەسرور بارزانی  خاوەن بڕیارن و لە لایەن یەكێتێشەوە هەر كوڕانی تاڵەبانی  خاوەن بڕیاڕ دەبنن .   مەسرورو نێچیرو بافڵ و قوباد بە جیا لە باقی ئەندامەكانی هەردوو وەڤدەكە لە ژورێكدا كۆبونەوەو گومانی تێدا نییە  دوا بیارو قسەی كۆتایی لای ئەوانەیە بە تەنها .

هاوڵاتاتی ئازیز ، خوێنەرانی خۆشەویست لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە كۆی سەركردەو كادیرو ئەندامانی حیزبەكان بەكۆیلە كراون و خاوەنی هیچ تێڕوانین و بۆچون و پێشنیارێك نەماون وتەنها كاریان ئەوەیە كە فەرمانی سەروی خۆیان جێ بە جێ بكەن . لە لایەكی تریشەوە بە هۆی ئەوەی كۆی داهات و سامانی ئەم هەرێمە لە ژێر دەستی ئەم دوو بنەماڵەیەدایە ، هەوڵیان داوە كە كۆی كۆمەڵگا ، واتە ئەوانەی دەكەونە دەرەوەی حیزبەكانیان ئەوانیش بكەنە كۆیلەو گوێ ڕایەڵی خۆیان لە ڕێگای پێدانی پۆست و پلەو پایە ، لە ڕێگای پێدانی بەرژوەندی مادی بە خەڵكانی ناسراوی ناو كۆمەڵگا یان كەسە نزیكەكانە حیزب .بۆ نمونە پێدانی مۆڵەتی بازرگانی تایبەت بۆ هەندێ كاڵا. پێدانی زەوی بۆ ئەوەی شوقەی پێ دروست بكەن و لە ماوەیكی كەمدا ببنە مڵیۆنێر .

سەیركەن هەرچی خاوەن بڕوانامەو خاوەن پۆستیشە لە دام و دەزگاكانی حكومەتدا بە بەرنامە كراونە لایەنگری حیزبەكان . سەیركەن هەرچی حاكم و سەرۆكی[D2]  زانكۆ و خاوەن پلە باڵاكانن لە لایەن حیزبەكانەوە دانراون . هەر چەندە لە دەرەوەی ئەمانەش خەڵكانی خاوەن هەڵوێست و دڵسۆز ماون و نەبونە كۆیلەی حیزبە كان ، بەڵام لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی بڕیاردانن و هیچ پلەو پۆستی باڵایان نییە ، كەس بە قسەیان ناكات . كار گەیشتۆتە ئەوەی ئەگەر ئەو حیزبانە خیانەتیش بكەن ، لە بری ئەوەی كۆیلەكانیان بێنەدەنگ و ڕەخنە بگرن و ناڕەزایی نیشان بدەن ، بەرگرییان ڵێ دەكەن و ئامادەن شەڕیشیان بۆ بكەن . كاتێك ڕیفراندۆم ئەنجام دراو بە هۆیەوە نیوەی زیاتری خاكی كوردستانمان لە دەستدا ، كەس لەناو پارتی هاتە دەنگ و ناڕەزایەتی نیشان بدات ؟. لە بری ئەوە شانازیان پێوە دەكردو دەستخۆشیان لە سەرۆك دەكردو ساڵانەش یادی دەكەنەوە نەك لەبەر ئەوەی كورد سەركەوتنی بەدەست هێناوە ، بەڵكو لەبەر ئەوەی سەرۆك ئەوبڕیارەی داوە .

لەكۆتاییەدا ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە : لە كاتێكدا  ئەم بەناوحكومەتە موچەی چەندین مانگی موچە خۆرانیان خواردوە ، هیچ خزمەت گوزارییەك  بۆ هاوڵاتیان ئەنجام نادرێت ، شارەكان بونە زبڵخانە ، چەندین ساڵە كەس دانامەزرێت و پلەی كەس بەرزناكرێتەوە ، ئەوەتا لە زونی سەوز مامۆستایان بایكۆتی دەوامیان كردوە تا ئیستا دەرگای خوێندنگاكان نەكراونەوە و داوای موچەكانیان دەكەن ، بەڵام دەسەڵات خۆی گێل كردوەو وەڵام ناداتەوە  گوایە بەغدا پارە نانێرێت ، بەڵام لەو كاتەوە هەناردەی نەوت ڕاگیراوە بەردەوام نەوت بە تانكەرو بە قاچاخ دەفرۆشڕێت .

 داهاتی خاڵە سنوریەكان  ئێجگار زۆرە ، داهاتەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان  لە هەموو پارێزگاكانی عێراق زیاترە .پارە نییە بۆ موچەی هاوڵاتیان بە ڵام  ئەو پارانەی تەنها كە دراوە بە سەیارەی گرانبەها بۆ كۆیلەكانی حیزب و خزمەتكارەەكانیان ، بەشی موچەی دوو مانگی هەموو موچە خۆرانی هەرێم دەكات . كاتێك دەچیتە پرسەیەك وبەرپرسێكی حیزبیس دێتە پرسەكە ، سەیركەو ببینە چەند حیمایەو  سەیارەیان بەدواوەیە ، هەموو ئەمە لەسەر حسابی خەڵكی فەقیرو هەژارە . ئەم خاوەن دەسەڵاتانە هاتون داهاتی خەڵكیان بەكار هێناوە بۆ بە كۆیلە كردنی ئەندامانی حیزبەكان و زۆرینەی كۆمەڵگاو بێدەنگیان كردون ، بەو هۆیەشەوە بڕیاردەرەكان هەلیان بۆ ڕەخساوەو  دەستیان ئاواڵەبوەو بە ئارەزوی خۆیان سامانی ئەم وڵاتە بە تاڵان دەبەن و كەسیش ناتوانێت ڕێگریان لێ بكات . 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×