بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان کاردانەوە؟!

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2019-12-07     1623

به‌شی‌ یه‌كه‌م

سەرەتا:
من (ساڵح محەمەد قادر) کە ناسراوم بە مامۆستا ساڵح ژاژڵەیی، ساڵی ١٩٤٥لە دایکبوم و لە ساڵی ١٩٦١ بەشداری شۆڕشی ئەیلولم کردوە، لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا کارم کردوە. لە ساڵی ١٩٧٦وە پەیوەندیم کردوە بە ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، لەو حیزبەدا دەستم بەکاری سیاسی کردوە، هەر لەوپێناوەشدا کوڕێکم شەهید بووە و خێزانەکەشم کەم ئەندام بووە، دواتر لە دروستبونی گۆڕانەوە بەشداری کارای ئەو بزوتنەوە جەماوەرییەم کرد، من هیچ  مةبةست و مەرامێکی کەسیم لەو بزوتنەوەیەدا نەبوو، تاکە ئامانج بۆ خەونی گۆڕانکاری و خۆشگوزەرانی  میللەتەکەم بوو، بەداخەوە ئەوکاتەی هیچ ئاسۆییەک لەو بزوتنەوەیەدا نەما من و سەدان هاوڕێ بەجێمانهێشت بۆ کەسانێک کە بةشيكى زؤريان هەرگیز هەڵگری گۆڕانکاری نەبون و نین، هەمو ئەو ئەو روداو و باسانەی لەم نوسینەدا کە نوسیومە لە ١٢ بەشدا، کۆی ئەو راستییانەیە کە خەڵکانی ئاسایی و دەنگدەرانی پێشوی گۆڕان نەیانبیستوە.

كاك نه‌وشیروان مسته‌فا پێی وابوو قۆناغی‌ دوای‌ راپه‌ڕین له‌گه‌ڵ قۆناغی‌ خه‌باتی‌ شاخ زۆر جیاوازه‌و هه‌رگیز ئه‌وه‌شی‌ نه‌ده‌شارده‌وه،‌ كه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌ شاخدا سه‌ركه‌وتوبون، له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كارو باری‌ حكومه‌تیشدا سه‌ركه‌وتوبن. چونكه‌ دوو بواری‌ جیاوازن. هه‌میشه‌ وا وتراوه‌ كه‌سی‌ شیاو بۆ شوێنی‌ شیاو. به‌ڵام وه‌كو ده‌ركه‌وت دوای‌ دامه‌زراندنی‌ دام و ده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت. سه‌ركرده‌كانی‌ شاخ ده‌ستیان گرت به‌ سه‌ر هه‌مو جومگه‌ ئه‌ساسیه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتداو به‌رژه‌وه‌ندی‌ مادی‌ زۆر وایلێكردن. كه‌ چاره‌نوسی‌ مان و نه‌مانی‌  خۆیان به‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ببه‌ستنه‌وه‌ كه‌ قۆرغیان كردوه‌.

دوای‌ ساڵانی‌ دوو هه‌زار ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ناو یه‌كێتێدا زۆرتر ره‌نگی‌ دایه‌وه‌و تێوه‌گلان و به‌ره‌و گه‌نده‌ڵی‌ چون و بێباكی‌ له‌ لێپرسینه‌وه‌، بوو به‌ دیارده‌یه‌كی‌ زه‌ق و ئاشكرا. له‌ ئه‌نجامدا  زه‌مینه‌ خۆشبو بۆ بۆچون و ئاڕاستەی چاکسازی و پاشان له‌ دایكبونی‌ باڵی‌ ریفۆرم له‌ناو یه‌كێتیدا. دواجار داوا له‌ كاك نه‌وشیروان ده‌كرێت كه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ریفۆرم بكات بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ ناوخۆیی چاره‌نوسساز به‌ ئومێدی‌ رێگری‌ كردن له‌ گه‌نده‌ڵی‌ و سه‌رله‌نوێ‌ ته‌یاركردنه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ به‌ فۆڕمێكی‌ جیاواز له‌پێشوتر.

به‌ قسه‌ی‌ خودى ره‌وانشاد‌ ئه‌وانه‌ی‌ كە  سه‌رپه‌رشتی‌ باڵی‌ ریفۆرمیان كردبو دڵنیایان كردبۆوه‌ كه‌ له‌ سه‌دا نه‌وه‌دی‌ مه‌ڵبه‌نده‌كان ئه‌به‌نه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ ده‌رچوو، ئه‌وه‌بوو باڵی‌ ریفۆرم تۆشی‌ شكستی‌ گه‌وره‌بوو. ئه‌مه‌ش وای‌ له‌ به‌ڕێزیان كرد كه‌ بێ ئومێدبێت له‌ یه‌كێتی‌ و له‌و كه‌سانه‌ش كه‌ به‌ناوی‌ ریفۆرمه‌وه‌ كاریان ئه‌كرد. هه‌ر دوای‌ ئه‌و شكسته‌ كاك نه‌وشیروان وازی‌ له‌ یه‌كێتی‌ هێناو لای‌ دۆسته‌كانیشی‌ هۆكاری‌ وازهێنانه‌كه‌ی‌ ده‌گێڕایه‌وه‌ بۆ:

یه‌كه‌م؛ بونی‌ مام جه‌لال به‌ سه‌رۆك كۆمار و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی‌ مادی‌ و سیاسی‌ و مه‌عنه‌وی‌ زۆر، كه‌ ئه‌توانێت كه‌سانی‌ زۆر له‌ خۆی‌ كۆبكاته‌وه‌و هه‌رچی‌ ئه‌و بیڵێت ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ نه‌بێت ، له‌ ئه‌نجامدا ئه‌ستێره‌ی‌ ئه‌میش به‌ره‌و ئاوابون ئه‌چێ.

دووه‌م؛ بێ ئومێدبونی‌ له‌ توانای‌ براده‌ره‌كانی‌ له‌ ریفۆرم و ئه‌وانی‌ تر كه‌ پشتیوانی‌ بون له‌ ناو یه‌كێتیدا.

 دوای‌ وازهێنانی‌ له‌ یه‌كێتی‌ كۆمه‌ڵێك له‌ براده‌رانی‌ خه‌باتی‌ شاخ و كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی‌ و رۆشنبیری‌ كۆكرده‌وه‌و بۆی‌ باسكردن كه‌ بڕی‌ 10 ملیۆن دۆلاری‌ له‌ مام جه‌لال وه‌رگرتوه‌ له‌گه‌ڵ گردی‌ زه‌رگه‌ته‌و ته‌لاری‌ چاودێری‌ دارایی و وه‌عدی‌ ئیجازه‌ی‌ كۆمپانیای‌ چیمه‌نتۆی‌ وه‌رگرتوه‌ و به‌ نیازه‌ كۆمپانیایه‌كی‌ ئیعلامی‌ دامه‌زرێنێت. بڕیاریش وابوه‌ كۆمپانیاكه‌ له‌ دوو به‌ش پێك بێت. به‌شێكیان بۆ بواری‌ راگەیاندن و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ و به‌شه‌كه‌ی‌ تریش بۆبواری‌ ریكلامی‌ بازرگانی‌.

به‌ڵام هه‌ندێك له‌ ئاماده‌بوان وه‌ك كاك قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌ وتوبویان ده‌توانین شتی‌ له‌وه‌ش گه‌وره‌تر بكه‌ین و سایتی‌ ئه‌لكترۆنی‌ و رادیۆو ته‌له‌فزیۆنیش دامه‌زرێنین. دوای‌ ئه‌وه‌ كاك نه‌وشیروان ئه‌ڵێت: ده‌مویست ئه‌مه‌ له‌ ئێوه‌ ببیستم. دیاره‌ ئه‌و پێشنیاره‌ی‌ زۆر پێ باش بوه‌ و كاری‌ له‌سه‌ر كردوه‌.

دوای‌ ماوه‌یه‌كی‌ كورت ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ كه‌سانی‌ رۆشنبیر و خاوه‌ن كه‌سایه‌تی‌ و مامۆستای‌ زانكۆ و پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین و كه‌سانی‌ نیشتمان په‌روه‌ر پێشنیاری‌ ئه‌وه‌یان كرد، كه‌ ره‌وتێك یان حیزبێكی‌ سیاسی‌ نوێ‌ دروست بكه‌ن به‌و هیوايةى‌ گۆڕانكارییه‌كی‌ سیاسی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا روبدات بۆ به‌رژه‌‌وەندی‌ گشتی‌. له‌ ئه‌نجامدا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دروستبوو. ئه‌وه‌بو به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 25/7/ 2009 كردوو بوو به‌ خاوه‌نی‌ 25 كورسی‌ په‌رله‌مان.

له‌ راستیدا ئه‌مه‌ روداوێكی‌ سیاسی‌ بێ وێنه‌و چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو، چ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆ و چ له‌ سه‌رئاستی‌ ناوچه‌كه‌و وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ گه‌شه‌كردنێكی‌ خێراو زۆر بێ وێنه‌دابوو سه‌رنجی‌ جه‌ماوه‌ری‌ به‌لای‌ خۆیدا راكێشاو بوه‌ جێگه‌ی‌ ئومێد و متمانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ هیوای‌ گۆڕانكاری‌ سیاسی‌ و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و ده‌سته‌به‌ركردنی‌ عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و سه‌روه‌ری‌ یاساو به‌ دامه‌زراوه‌كردنی‌ دام و ده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت و دوور خسته‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ جیزب له‌ناو حكومه‌تدا.

 له‌ هه‌مووی‌ گرنگتر ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ بوو به‌ هۆی‌ نیگه‌رانی‌ و مه‌ترسی‌ بۆ سه‌ر هه‌ردوو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار. دیاره‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ لایه‌ن یه‌كێتی‌ و پارتییه‌وه‌ هه‌موو هاوڵاتیانی‌ نیگه‌ران و بێ ئومێد كردبوو. به‌رده‌وام ره‌خنه‌و گله‌یی له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گیرا. دواجار ئه‌م ره‌خنه‌و گله‌یانه‌ زه‌مینه‌ی‌ خۆشكرد بۆ به‌ ئه‌نجامدانی‌ خۆپیشاندان له‌ هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانی‌ كوردستان و روداوه‌كانی‌ 17ی شوباتيش شایه‌تی‌ ئه‌وه‌ن. له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 21/9/2013 بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بوو به‌ خاوه‌نی‌ 24 كورسی‌. هه‌رچه‌نده‌ یه‌ك كورسی‌ كه‌م كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌شمان له‌ یاد نه‌چێت یه‌كێتی‌ ته‌نها 18 كورسی‌ هێنا. گومانی‌ تێدا نییه‌ دیارده‌ی‌ ته‌زویر و ساخته‌كاریش ده‌بێ له‌به‌ر چاو بگیرێت و ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی‌ شه‌فاف و بێگه‌رد بكرایة. بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان زۆر له‌و ژماریه‌ زیاتر كورسی‌ ئه‌هێنا.

سه‌د مه‌خابن دوای‌ وه‌فاتی‌ كاك نه‌وشیروان بزوتنه‌وه‌كه‌ توشی‌ شكستی‌ گه‌وره‌ هات، رۆژ له‌ دوای‌ رۆژ گۆڕان خوازان و دۆست و لایه‌نگرانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ بێ ئومێد‌بن و واز له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ ئه‌هێنن. باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 30/9/2018 بوو كه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان توشی‌ شكستێكی‌ زۆر گه‌وره‌ بوو.

 واته‌ نیوه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ له‌ ده‌ستدا. گومانی‌ تێدا نییه‌ له‌ ده‌ستدانی‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ كارێزمای‌ وه‌كو كاك نه‌وشیروان فاكته‌رێكی‌ گرنگی‌ پاشه‌كشه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ بو له‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسیدا چونكه‌ بۆشاییه‌كی‌ ئێجگار گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌م و جێگره‌كه‌ی‌  له‌روی‌ هۆشیاری‌ و دنیابینی‌ و روناكبیریی‌ و كاریزماییه‌وه‌. به‌ڵام زۆر هۆكاری‌ تریش هه‌یه‌ كه‌ كاریگه‌ری‌ زۆر خراپیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر پاشه‌كشه‌و شكستی‌ بزوتنه‌وه‌ گۆڕان و له‌ به‌شه‌كانی‌ تری‌ ئه‌م نوسینه‌دا رونی‌ ئه‌كه‌ینه‌وه‌.

دوای‌ ئه‌م شكسته‌ گه‌وره‌یه‌ش سه‌ركردایه‌تی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بڕیاریدا به‌شداری‌ له‌ حكومه‌تدا بكات. له‌كاتێكدا زۆرینه‌ی‌ گۆڕانخوازان (جگه‌ له‌وانه‌ی‌ كه‌ به‌ته‌مای‌ پۆستبون) دژی‌ به‌شداریكردنی‌ حكومه‌ت بون. ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ رۆژگارێك مایەی ترسی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ بوو. جێگه‌ی‌ متمانه‌ی‌ جه‌ماوه‌ربوو. به‌ڵام ئێستا نه‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ ترسیان له‌ گۆڕان ماوه‌و نه‌ جه‌ماوه‌ریش متمانه‌ی‌ به‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ ماوه‌. جگه‌ له‌ ئه‌مانه‌ش له‌ئێستادا بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ناو خۆیدا ده‌ناڵێنێت، به‌ده‌ست نا سیستماتێكی‌ و باڵ باڵێن و دوو جه‌مسه‌ری‌ له‌ بڕیارداندا و ناعه‌داله‌تی‌ له‌ دابه‌شكردنی‌ پۆسته‌ حكومی‌ و حزبییه‌كاندا و ده‌ست به‌سه‌راگرتنی‌ رێكخه‌ر و هه‌ندی‌ كه‌سیتر له‌ ده‌ورو به‌ری‌ به‌سه‌ر هه‌موو بڕیاره‌كاندا. به‌ڕه‌زامه‌ندی‌ و بريارى ‌ كوڕه‌كانی‌ كاك نه‌وشیروان.

به‌م حاڵه‌ته‌وه‌ به‌شداری‌ كردن له‌ حكومه‌تدا. واته‌ خۆكوشتن و زیاتر خۆبچوككردنه‌وه‌. كه‌س بڕوای‌ به‌وه‌ نییه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ بتوانێت به‌رنامه‌كانی‌ له‌ناو ئه‌م حكومه‌تدا نةك به باشى‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت بەڵکو هەر گوێشی لیبگرێت. په‌ندێكی‌ پێشینانیش هه‌یه‌ ده‌ڵێت (مانگه‌شه‌و سه‌ر له‌ئێواره‌وه‌ دیاره‌) ئه‌وه‌تا حكومه‌ته‌كه‌ی‌ كاك مه‌سروریش له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی‌ موژده‌ی‌ خۆشی‌ لێناكرێت بۆ گۆڕانخوازان و به‌ چاوی‌ خۆمان ئه‌بینین حكومه‌تی‌ سێبه‌ری‌ دروستكردوه‌ بۆ لێدان و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ وه‌زیره‌كان و بچوككردنه‌وه‌یان. ته‌نانه‌ت بچوكترین راگه‌یاندنی‌ وه‌زیریكی‌ گۆران له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ ده‌مكوت ئه‌كرێت.

ئه‌وه‌ی‌ لێره‌دا زۆر گرنگه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی‌ له‌سه‌ر بكه‌ین‌ باری‌ دارايي حکومه‌تی‌ هه‌ريم له‌ ئاستێكی‌ زۆر خراپدایه‌. جگه‌ له‌ قه‌رزی‌ كه‌ڵه‌كه‌بوی‌ زۆری‌ كۆمپانیاكان. حکومه‌تى قه‌رزداری‌ موچه‌خۆران و بازرگانه‌كانیشه‌. كه‌واته‌ حكومه‌ت ناتوانێت بودجةيةكى ‌ باش بخاته‌ به‌رده‌ستی‌ وه‌زیره‌كان و پڕۆژه‌و خزمه‌تگوزارى‌ پێ ئه‌نجام بده‌ن. ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تێك میزانیه‌ی‌ باشی‌ بۆ دانرێت مانای‌ وایه‌ بۆ وه‌زیریش ئه‌بێته‌ ده‌سكه‌وت و ئه‌توانێت بڵێ‌ له‌ سه‌رده‌می‌ مندا ئه‌مه‌ كراوه‌. ئێستا جیاوازی‌ نه‌ماوه‌ له‌نێوان وه‌زیره‌كانداو هه‌مویان له‌ ئاست سه‌رۆك وه‌زیراندا کزو لاوازو بێده‌سه‌ڵاتن.

ئەگەر حكومه‌تی‌ عێراق ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ببڕێت كه‌ ئێستا بۆ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ ئه‌نێرێت. ئه‌و كاته‌ كێشه‌ی‌ موچه‌ش ده‌ست پێ ئه‌كاته‌وه‌ و ئه‌وه‌ پڕۆژه‌و ئه‌نجامدانی‌ خزمه‌تگوزاری‌ هه‌ر باسی‌ ناكرێت. كه‌واته‌ وه‌زیر ته‌نها موچه‌ وه‌رئه‌گرێت و هیچی‌ له‌ ده‌ست نایه‌ت ئه‌نجامی‌ بدات. ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ بڵێین وه‌زیره‌كان بێتوانان، به‌ڵكو میزانیه‌یان بۆ دانه‌نراوه‌. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ زۆرینه‌ی‌ گۆڕانخوازان به‌ باشیان نه‌زانی‌ به‌شداری‌ حكومه‌ت بكه‌ین، چونكه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌رك به‌ ئه‌وه‌ كراوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ بچوكبونه‌وه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ ئێستادا خه‌می‌ سه‌ركردایه‌تی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ نییه‌و به‌ به‌رده‌وامی‌ كه‌سانی‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ی‌ باڵاو رۆشنبیر و كه‌سایه‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ واز له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ ئه‌هێنن و له‌ ئاینده‌ی‌ بزوتنه‌كه‌ ته‌واو بێئومێد ئه‌بن. به‌ڵام نه‌كه‌س له‌ خه‌می‌ ئه‌واندایه‌و نه‌ كه‌سیش له‌ هۆكاری‌ واز هێنانه‌كه‌یان ده‌پرسێته‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وانه‌ زیاده‌بن و خوا خوایان بێـت له‌ كۆڵیان ببنه‌وه‌. ئێستا بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌ره‌و چۆڕه‌بڕبون ئه‌چێت له‌ خه‌لكانی‌ ئه‌کادیمی‌ و مامۆستایانی‌ زانكۆ و كه‌سایه‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و بڕه‌ رۆشنبیره‌ی‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ كوڵ و دڵ له‌گەڵ گۆران بون ئێستا ره‌خنه‌ی‌ توند ئاراسته‌ی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ ئه‌كه‌ن و ئه‌یخه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×