دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم و پەڕلەمان بۆچی هەبن؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2022-11-01     599

سەرەتای بابەتەكە بەم شێوەیە دەست پێ دەكەم :
یەكەم : چەند ساڵێك لەمەوبەر سەرۆكی كوڕەواتیا  كە ئافرەتێك بوو بۆ ئەوەی خەرجی حكومەت كەم بكاتەوەو توشی پارەقەرزكردن  نەبێت ،  هەنگاوی یەكەم بڕیاریدا  تەیارەی تایبەتی  سەرۆكایەتی كۆمار بفرۆشێت و بە ڕاستیش  ئەو كارەی كردوو تەیارەكەی فرۆشت .
دووەم:  سەرۆكی وڵاتێكی ئەفەریقا پەڕلەمانی وڵاتەكەی حەل كرد . پرسیاریان لێكرد  كە بۆچی ئەوكارەی كردوە ؟. لەوەڵاما وتی : ئەو پارەیەی لە پەڕلەمانێكی ئاوا  بێكەڵك و بێخێر و هیچ كارەدا خەرج دەكرێت باشتر نییە  ویسگەیەكی بەرهەم هێنانی  كارەبای پێ دروست بكرێت و هاوڵاتیان سودی لێ ببینن ؟. 
دەتوانین ئەم دوو نمونەیە بكەینە دەروازەیەك و بۆچونە ناو باسكەوەو بیر بكەینەوە ئایا بارودۆخی هەرێمی كوردستانی ئێمەش دەتوانێت هاوشێوەی ئەو وڵاتانە كارێك بكات  بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكانی حكومەت .  لە هەرێمی كوردستان بەناو پەڕلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتیش هەیە . بەڵام لە ڕاستیدا تا ئیستا ئەم دامەزراوانە  هەر وەكو ناو هەن و لە بواری كرداریدا ئەركی خۆیان بەجێ نەگەیاندوە . 
تا مەسعود بارزانی خۆی سەرۆكی هەرێم بوو پۆستی سەرۆكی هەرێم گرنگ بوو چونكە هەموو دەسەڵاتەكانی بریاردان لە دەستی خۆیدابوو . خۆشی لە سەرۆی یاساوە دەبینی . كاتێك لە ژێر فشاری هاوپەیمانان  دەستبەرداری پۆستەكەی بوو، بەناچاری نێچیری برازای كردە سەرۆكی هەرێم . بەڵام  ئێستا لە پشتی پەردەوە هەر خۆی ڕۆڵی سەرۆكی هەرێم دەبینیت و سەرۆكایەتی ئێستای هەرێم  نە هێچ  بڕیارێكی بەدەستەو نە هیچ گرنگییەكی ماوە . بۆیە  نەبونی باشترە لە بونی چونكە ستافەكەی سەرۆكی هەرێم خەرجییەكی قورس دەخەنە سەر بودجەو قوتی هاوڵاتیان  بێ ئەوەی بەرهەمێكیان هەبێت .  لەو لاشەوە مەسعود بارزانی هەمان ستافی پێشوی خۆی ماوە كە سەرۆكی هەرێم بوەو لەشكرێك  موچەخۆری لایە بەناوی ڕاوێژكار و فەرمانبەری بێكاری  مشەخۆرەوە . ئەویش بۆتە بارێكی قورس بەسەر بودجەی گشتی هاوڵاتیانەوە . 
ڵێرەدا كە باسی  سەرۆكایەتی هەرێم دەكەم و نێچیر بارزانی سەرۆكی هەرێمە ، مەبەستی من كەمكردنەوەی ڕۆڵی نێچیر بارزانی نییە لە  پڕۆسەی سیاسیداو ئەوە بە بەرنامە ڕۆلی كەمكراوەتەوە . ئەگەر لەمن بپرسی سەبارەت بە نێچیر بارزانی وێڕای ئەوەی كەم و كورتی زۆری هەیەو گەندەڵیشی كردوە ، بەڵام لە سەروی هەموو ئەوانەوە  بە شیاوترین كەسایەتی  ناو پارتی و بنەماڵەی بارزانی ناو دەبرێت  بۆ ئەوەی  خاوەن دەسەڵات بێت چونكە چاوەڕوانی ئەوەی لێدەكرێت كە ئاشتەوایی گشتی  لەسەر دەستی ئەو ئەنجام بدرێت  چونكە ئەوبە میانڕەوترێن پیاوی ناو بنەماڵەی بارزانی دەناسڕێت . بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە : ئایا ڕۆڵی پێ دەدرێت ئەو كارە بكات ؟. 
پەڕلەمانی كوردستانیش لە دروستبونیەوە  هەر بە ئیفلیجی و ناتەواوی  لە دایك بوە و تازە ئومێدێكیش نەماوە بۆ چاك بونەوەی . پەرلەمانی كوردستان  نمونەی پەڕلەمانە خراپەكانی دنیایە . بۆتە شوێنی ململانێی  حیزبەكان و بەردەوام  ئەندام پەڕلەمانەكان  وەكو قاز بەرامبەر یەكتری دەقیڕێنن و داوای حەسیر مەیدانی ئەندامانی پەڕلەمان  دەكرێت و سەرۆكی پەڕلەمانی تێدا شار بەدەر دەكرێت و ئەندامانی پەڕلەمان ڕاودەنرێن و ڕێگایان پی نادرێـت بچنەوە  ناو هۆڵی پەڕلەمان وڕێگا بە ئەندام پەڕلەمانەكانیش نادرێت قسەی خۆیان بە تەواوی بكەن . لەو نمونانە : دكتۆر یوسف و سۆران عومەر و دكتۆر كازم . 
پەرلەمانی كوردستان لەسەر بنەمای زۆرێنە  كار دەكات و پارتیش  زۆرینەی ژمارەی  ئەندام پەرلەمانی هەیەو لەسەرۆكایەتی پەڕلەمانیش هەر زۆرینەیەو بۆیە هەر پڕۆژە یاسایەك  بە دلێ ئەوان و لە بەرژەوەندی ئەوان نەبێت ، ناخرێتە بەرنامەی كاری پەڕلەمانەوە . پەڕلەمانێك لە ماوەی 30سالێ تەمەنیدا نەیتوانیبێت  دەستۆرێك بۆ ئەم هەرێمە بنوسێتەوەو نەتوانێت  بودجەی هەرێم بهێنێتە  پەرلەمان و وردبینی ـێدا بكات و نەیتوانیبێت  وەزێرێك سزابدات و موتمانەی لێ وەرگرێتەوە لەگەڵ بونی ئەوهەموو گەندەڵیانەی كە هەیە و حكومەت حسابی فلسە سورەیەك  بۆ ئەو پەرلەمانە بكات ، پێم ناڵێن ئەوە چۆن پەڕلەمانێكە ؟. هەر بۆ ئەوە باشە بخرێتە زبڵدانی مێژوەوەو چونكە وێنەی نییە لە جیهاندا. 
پەرلەمانێك نەتوانێت بەدوادا چون بۆ ئەو هەموو گەندەڵیانە بكات كە بەردەوام لە بواری نەوتدا دەكرێن و پەرلەمانێك  لە پرسێكی گەورەو هەستیاری وەكو   ڕیفراندۆم پرسی پێ نەكەن  بۆ بەشداری حكومەتیش لە بەغدا هیچ پرسێكی پێ نەكرێت و پەڕلەمانێك لە ماوەی 30 سالی تەمەنیدا نەیتوانیبێت  هێزێكی پێشمەرگەی نیشتمانی یەكگرتو بۆ پارێزگاری لە هەرێم  پێك بهێنێت  یاسا سەروەر بكات و مافی هاولاـیان بپارێزێت و ڕێگری لە دیاردەی ژن كوشتن  بگڕیت ، ئەم پەرلەمانە  سودی چییەو بۆچی هەبێت و تڕۆنەكرێت .
  ئەندامی پەڕلەمان هەبێت و بە ئاشكرا وبڵێت  ئێمەش ماڵ و مناڵمان هەیەو پێویستمان بە پارەیە بۆیە دەنگمان بە درێژكردنەوەی  پەرلەمان داوە . بەڕاستی ئەمە  سوكایەتییە  لە بەرامبەر خوێنی ئەو هەموو شەهیدانەی لە ڕێگای ئەم نیشتمانەدا  خۆیان بەختكرد . ئەندام پەڕلەمانی وامان هەیە بۆ شوانی حوشتریش دەست نادات و لەسەر حسابی خوێنی شەهیدان لاف و گەزاف لێ دەدات . 
ئەگەرئەوانەی ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن بەڕاستی نیشتمانەكەی خۆیان خۆش دەوێت و لە خەمی خەڵك و ئایندەی نەوەكانیانن با چاو لە سەرۆكی كوڕەواتیا بكەن و چاو لە وسەرۆكەی ئەفریقا بكەن  كە پەرلەمانەكەی حەل كردولە ئێستا بەدواوە چیتردامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان  مانەوەیان پێویست نییەو بەبێ بونی ئەوانەش  هەرێم هەر بەڕێوە دەچێت و ئەو پارە زۆرەی لەم دوو دامەزراوە مردوەدا خەرج دەكرێت  باشتروایە ڕێگاو بانەكانی پێ چاك بكرێت بۆپاراستنی  گیانی خەڵك .  
 لە كۆتاییدا ئەوەی ماوە بیڵێم دڵنیاتان دەكەمەوە تا مەسعود بارزانی لە ژیاندا مابێت  پەڕلەمان  نابێتە پەڕلەمانی ڕاستی و چاوتان بە نوسینەوەی دەستوریش ناكەوێت و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتیش  دەستەبەرناكرێت و ئەو سەرینە بخەنە ژێر سەرتان و پالی لێ بدەنەوەو چیتر خەمی لێ مەخۆن و لە كوێ پسا لەوێ گرێی بدەنەوە چونكە ئەو خۆی لە سەروی دەستور و یاساو كۆی كۆمەڵگا دەبیننێتەوە.  

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×